١٨\٤\٢٠١١
قەیرانی داد و
دادوەریی!

سەلام عەبدوڵا
پاش ههڤدهی
شوبات، ئیمڕۆ بە روونیی گۆڕەپانەکە پیشاندرا:
1-
روونکردنەوەکەی لیژنەی ئەمنی سلیمانیم خوێندەوە و بە کورتی دەڵێم: هیچ
پاساوێک بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و بریندارکردنی زیاتر لە 50کەس،
قبووڵ نییە. تاوانی تەقەکردنی ئیمڕۆ دژ بەو خۆپیشاندەران، دووپاتی
شکستهێنانی خیتابی وەهمی و جاهلی چەندین ساڵەی حکومەت و"ئۆپۆزیتسیون"ی
کرد. چەندین ساڵە هەردوو لایەن باسی"بەهەشتی"دیموکراسی و مافی
مرۆڤ"دەکەن، بەشێوەیەک وەک بڵێی دەسەڵاتە دیموکراتەکان، پەپولەن و
زەبروزەنگ بەکارناهێنن.
بۆ نموونە لە 15/4/2011 پۆلیسی یونانی لەلانی کەمەوە لە گریتا
20خۆپیشاندەر بەبەرچاوی مۆسیقاری جیهانی تیۆدۆراکیس، بریندار کرد...هەر
ئیمڕۆش راپۆرتێک لە بارەی شۆڕشگێر(رۆب ڤیل) بڵاوکرایەوە. رۆب وەک مۆمیا
ئەبو جەمال کەسێکی بێتاوانە و ماوەی9ساڵە لە ژووری سزادانە بە مەرگ لە
تکساس و ئازاد ناکرێ. هەر لەم پەیوەستە پرۆفیسۆر یان تسیگلەر(خاوەن
کتێبی رقوقینەی دژ بە رۆژئاوا) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەل(nzz)ئاماژە
بۆ42هەزار قوربانی و برینداری مەدەنی جەزایەری دەکات کە لە 8ی ئایار
1945لەلایەن فەرەنسای ددیموکراسی کوژران. دیموکراسی ئەو رێوییەیە کە
پاسەوانی مریشک دەکات!. یەکێک وەک(شتیفان هێسلەر) لە تەمەنی 92ساڵیدا
بە نامیلکەی(Empoert euch!- راپەڕن!)لە فەرەنساوە دژ بە ناعەداڵەتی،
سەرمایەی دارایی، رەگەزپەرەستی هاواردەکات.
ئیمڕۆ پۆلیسی سلیمانی وەک پۆلیس ئەڵمانی لە(ماکنرۆد-بەشایەتی دەیان
پەنابەری کوردستانی-)و بەرلین و هامبۆرک بەشێوەی دیموکراتی گاز و کوتەک
دژ بە چالاکوانە ئەنتی فاشیستەکان بەکارهێنا! ئەوە رەشبیرەکانن کە
خۆیان و خەلک بە ئارایشکردنی دیموکراسی پەرلەمانی، دەخەڵەتێنن. لەم
بارەیەوە دەتوانم ئاماژە بۆ دەیان هەزار بەڵگە بکەم!
2- ئاین رسوابوو: مەلایەک بە حەماسەتەوە
وتی: (ئازادی و ئەڵڵاهو ئەکبر....)، جەماوەریش بەدەنگییەوە هاتن و
هاواریان کرد(ئەڵڵاهو ئەکبر...)!
ئەوە گەورەترین سووکایەتی بوو بە ئازادی، چونکە بەبەرچاوی هەموومانەوە
چەندین سەدەیە نە لە سعودیە، نە لە ئەفغانستانی تالەبان، نە لە
ئیمارەتەکەی مەلا کرێکار لە هەورامان، نە لە تاران و نە لە ئەنقەرە
شتێک بەناوی ئازادی هەبووەو هەیە. ئازادی ئیسلامی، کوێلایەتی و
تەحقیرکردنی مرۆڤی لێکەوتۆتەوەو خۆیشم چرکە بە چرکە، بە روح و ئێستقانم
دەزانم و تێگەیشتووم لەوەی ئیسلام کە ئێستا لە دەسەڵات نییە، بەڵام خۆی
لە ژیانم دەقورتێنێ و دۆزەخێکی حەقیقی بۆ من و ملیونان مرۆڤ لە
وڵاتەکەم، دروستکردووە.
بەڵام مەلا باش تێگەیشتووە لەوەی کە ئازادی تاقە وشەی سەربەرز و دڵ
رەفێنە و خاوەن ئەوپەڕی ئۆتۆریتێت و سیحر و بە کاریزمایە لە قامووسی
زمان و ژیانی مرۆڤایەتییە و وای زانی دەتوانێ هەر وا بە ئاسانی لەگەل
ئەڵڵاهو ئەکبەر بلکێنی. رێک وەک لکاندنی ئازادیە بە بازاڕ و
دەڵێن(بازاری ئازاد)کە لە واقعدا مانای بازاڕی کۆیلەیە!. هەر کاتێ
زانایەکی ئاین داوای دامەزراندنی مەملەکەتی خوا لەسەر زەمین وەک
کۆمەڵگەی بێ چین و موڵکایەتی تایبەتی کرد و وازیان لە دژایەتیکردنی
شوعییەت و ئازادی هێنا، ئەو کات قسەی ترمان دەبێت!
3- پۆلیس و دادگا بە غرور و جەربەزەییەوە
زیاتر رووی خۆیان ئاشکرا کرد بەوەی ئیمڕۆ(فاروق رەفیق)یان سزادەدا،
بەڵام هێشتا لەبەرچاوی(هەموو ئەندام مەکتەبە سیاسیەکانی هەردوو حزبی
دەسەڵاتدار و دادوەران و وەزیری داد ز دەیان رێکخراوی مافی مرۆڤ و
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حزبە پێشکەوتنخوازەکان)پاش تێپەڕبوونی
2مانگ لەسەر تاوانی ههڤدهی شوبات، کەسانی
مرۆڤکوژی ناسراویان دەستگیر نەکردووە. ئەمە چ ئابرووچوونێکە بۆ
ئەزموونی هەرێمی کوردستان؟!
بەکارهێنانی چەک و تەقەکردن دۆڕاندنی ئەقڵە و چارەسەر نییە. لە
سبەینێەوە بێدەنگی لە هیچ کەس قبووڵ ناکرێت و دەبێ حکومەت و ئیدارە بۆ
ئیعتباری خۆی، دەست بە دیالۆگی راستەوخۆ و ئاشکراو فەرمی لەگەل
نوێنەرانی دەرگای سەرا بکات. کات بە فیڕۆ نەدرێت لە دەستبەجێ هەنگاونان
بۆ جێبەجێ کردنی داخوازییەکانی شەقام.
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|