١٤\٨\٢٠١٥
قەیرانی ھەرێم و
گرفتی سەرۆکایەتی
و ھەمواری دەستوور.
بەکری میرزا حسەین*
بۆ ئاگادری بنەما
یاساییەکانی گرفتەکە (باکگراوند)، فەرموون
سەیرێکی دەقی یاسا بکەن:
یاسای ژمارە ١٩ ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان.
یاسای درێژکردنەوەی ولایەتی سەرۆکی ھەرێم کوردستان - عێراق.
مادەی یەکەم:
ولایەتی سەرۆکی ھەرێم کە
لە ٢٠\٨\٢٠١٣
تەواو دەبێ. بەردەوام دەبێ و درێژدەکرێتەوە
تا ١٩\٨\٢٠١٥
کە ئێتر بۆ دووەم جار یارای (قابیلی)
درێژکردنەوە نییە.
مادەی دووەم:
لەو ماوەیەدا کە لە مادەی یەکەمی ئەم
یاسایەدا دیاریکراوە، پرۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بە سازان ھەموار
دەکریتەوە.
مادەی سێیەم:
کار بە ھیچ دەقێکی یاسایی یان بریارێک ناکرێ
کە پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە بێ.
مادەی چوارەم:
پێویستە سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجومەنی
وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادەی پێنجەم:
ئەم یاسایە لە بەرواری دەرچوونیەوە
جێبەجێ دەکرێ. لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان)دا
بڵاو دەکرێتەوە.
بەرێزان.. ئەگەرچی کاک مەسعود بارزانی
ساڵانێکی زۆر لەوەپێشیش لەلایەن پارتیەوە ھەر بە سەرۆکی ھەرێم یان
سەرۆکی کوردستان راگەیەندراوە ، بەناوی ئەو پۆستەوە حوکمرانی و
راگەیاندن و پەیوەندەکانی کردوە ، بەڵام دوای روخانی رژێمی سەددام و
ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ و دابەشکردنی پۆستە سیادیەکانی عێراق و ھەرێم ، بە
رێکەوتنی سیاسی و سازان لەساڵی ٢٠٠٥ ە وە ، بە فەرمی کاک مەسعود
ھەڵبژێرراوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم و ساڵی ٢٠٠٩ یش بۆ خولی دوەمیش
ھەر ھەڵبژێررایەوە ، تا ٢٠١٣ ، کە دوو دەورەی پەرلەمانی تەواوکردو
پێویست وابوو کە دواتر سەرۆکێکی تر ھەڵبژێررایەوە ، بەڵام لەسەر داوای
پارتی و رێکەوتننامە لەگەڵ یەکێتی ، بە گوێرەی ئەو یاسای (( ژمارە ١٩
)) ی سەرەوە دوو ساڵی تریش ماوە درێژ کرایەوە بۆکاک مەسعود . بەوەش
ماوەی سەرۆکایەتی کاک مەسعود ھەمووی بوو بە ١٠ سال ، کە ئەوەش لە
١٩-٠٨-٢٠١٥ دا کۆتایی دێت . بە گوێرەی ئەوەش چوار ھێزە سەرەکیەکەی تری
پەرلەمانیش (( یەکێتی و گۆرران و کۆمەلەی ئیسلامی و یەکگرتوو )) بۆ
رێزلێنان و جێبەچی کردنی یاسا . لە ھەوڵی ئەوەدان کە، لەدوای کۆتایی
ماوەی سەرۆکایەتیەکەی کاک مەسعود ، سەرەتای سەدەمێکی نوێ بێت و
ئامادەکاری بکرێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی تر . ھەروەھا چاکسازی و
ھەمواری رەشنوسی دەستوور بکرێت بۆ ئەوەی شێوازی حوکمرانی بەتەواوەتی
وەک پەرلەمانی بچەسپێت ، سەرۆک ئێتر ھەر کەسایەتیەکی کە بێت ، لە
پەرلەماندا ھەڵبژێررێت و دەسەڵاتەکانی کەمکرێتەوەو تەشریفاتی بێت . تا
ئێستاش بە زۆربەی دەنگدانی پەرلەمان ، ئەو ھەموارە ، رێورەسمی یاسایی
تێپەراندوەو و ئامادەیە . و ئێستا کێشەی ھەڵبژاردنی سەرۆک لەبەردەمدایە
. بەڵام کاک مەسعود و پارتی ، ئەو کارە یاساییانە رەت دەکەنەوە و جۆرە
چارەسەرو سازانێکیان لا پەسەندە کە ،کە بەردەوامی بدات بە
سەرۆکایەتیەکەی کاک مەسعود، بە ھەموو دەسەڵاتەکانیەوە، بەلای کەمەوە بۆ
دوو ساڵی تریش،کە بەوە دەبێتە سێ دەورەی پەرلەمانی
((١٢ ساڵ)).
نوێترین کاردانەوە ی سەرکی ھەرێم بەرامبەر بە رۆڵی پەرلەمان ، پەیامی
ئێوارەی ٠٩-٠٨-٢٠١٥ بوو، کە راگەیاندن بوو لە تێگەیشتن و راو بۆچوونی
خۆی بۆ ھەلوو مەرجی ئێستا و ھەڵوێستی خۆیان ، لەوەدا ھێزە سیاسیەکانی
تری پەرلەمانی تاوانبارکرد بە ھەوڵی کودەتاو خۆسەپاندن کە قبوڵ ناکرێت
. ھەرەشەی تێدا بوو ، بە ھەڵبژاردنی پێش وەخت و راستەوخۆ لەلایەن
میللەتەوە . ھەروەھا تاوانباریشی کردن کە نەیارو ناحەزانی ناوخۆمان ،
گرفتی بۆ دروست دەکەن لە ھەوڵەکانیا بۆ ھێنانەدی سەربەخۆیی . کە بە
گوێرەی سەردانی مانگی مایسی ٢٠١٥ دا بۆ ئەوروپاو ئەمریکا روون بینی
یەیدا کردوە بە نزیکبوونەوە لەو ئامانجەو گوایە ئەم قەیرانەی ئێستا ،
مەترسی دەخاتە سەر ئەو پرۆژەیە.
سەرۆکی ھەرێم پێشتریش لەسەر ھەمان گرفت و بارگرژی ، ھەر داوایەک بۆ
چاکسازی لە دەستووردا و بۆ سنوردارکردنی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی و
کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی،بە کارێ دوژمنانەو کودەتا و ئەجەندای
بێگانەو،تا خەیانەت تاوانبار کردوە.
لە نامەیەکی دا لە ١٦ -٠٤-٢٠١٥ دا کە ئاراستەکراوە بۆ ١- سەرۆکایەتی
پەرلەمان ، ٢- سەرۆکی حکومەت ،٣- حیزب و لایەنە سیاسیەکان و ٤-
جەماوەری کوردستان . لەو نامەیەدا ، سەر زەنشت و ھەرەشەی زۆر زیاتری
تێدا ھاتوە:
((جێگەی داخەکە بۆ دژایەتیکردنی گەلی کوردستان شێوازێکی نوێی ناپاکی
دەرکەوتوە کە لە رێگەی جۆراوجۆر و بە لێدوان و نوسین بانگەشە بۆ شەڕی
ناوخۆیی و دوبەرەکی و ھەروەھا زیندوکردنەوەی پەرتەوازەیی و دو ئیدارەیی
دەکەن. ئەمە ئازادی رادەربڕین نییە بەڵکو ئەم جۆرە ھەوڵانە خیانەتە لە
گەل و نیشتمان و پیادەکردنی ئەجیندا و سیاسەتی نەیارانی کوردستانە.
نابێ بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێت ئەم روانگە نانیشتیمانیە لە کوردستاندا
ھەبێت ! داوایش لە جەماوەری سەربەرزی کوردستان دەکەم چیتر دەرفەت نەدەن
ئەم جۆرە خەڵکانە و ئەم رەوتە دژە نیشتیمانیە بەردەوام بن لە
بڵاوکردنەوەی ھزری شەڕانگێزی شەڕی نێوخۆیی و دوبەرەکی )) ئەگەرچی تەنیا
ھێزێک کە ھەرەشەی کردبێت و نمایشی ئامادەکاری بۆ کودەتا کردبێت ، پارتی
خۆی بوە ، ھەروەک بینراون لە زمان و ناوەرۆکی پەیامەکانی سەرۆک بارزانی
و ، نمایشە سەربازیەکانی پارتی لە ناو ھەولێردا دوای پەیامەکەی
٠٩-٠٨-٢٠١٥ . ھەروەھا ھێز جوڵاندن و سەنگەر قایمکردنەکانی سنورەکانی
نێوان ناوچەی سەوزو زەرد . نەک سنورەکانی جەنگ و بەرگری بەرامبەر داعش.
ھەڵوێستی کاک مەسعود و پارتی لەسەر ھەندێ
بناغە و بە پاساوی ئەو ٤ بیانووەی خوارەوەیە:
١- ھەلومەرجی دژواری کوردستان و پەڵامارو
شەری داعش و ا دەخوازێت کە ھەرێم سەرۆکێکی بەھێزو خاوەن دەسەڵاتی زۆری
ھەبێت.
٢- بیانوی ئەوەی کە کوردستان نەکەوێتە ((
فەراغی دەستووری )) . ئەگەر پۆستی سەرۆک چۆڵ بێت . وەک مەترسیەکی وەھمی
کە زۆربەی خەڵک ھەر نازانن ، چیە . وە لەبەر ئەوەش کە تەنیا کاندیدی
ئامادە ھەر کاک مەسعودە ، بۆیە ، بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی
کاک مەسعود بۆ ٢ ساڵی تر . کوردستان لەو بەڵایەش رزگار دەکات.
٣- راگەیاندن و بەدیھێنانی سەربەخۆیی . کاک
مەسعود لە مێژەوە بە تایبەتی لە و ١٠ ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا ،لە کاتە
ھەستیارو بەرز بوونەوەی نارەازیی جەماوەرو داخوازی چاکسازی ، زیرەکانە
بۆ ھێورکردنەوەو کپ کردنی نارەزاییەکان ، ناوبەناو بەڵێنی راگەیاندنی
سەربەخۆیی و دەوڵەتی داوە . ئەو پرۆژەیەش بە ١٠ ساڵی رابوردوو تەواو
نەبوەو . بەڵام گوایە لە سەردانی مایسی ٢٠١٥ دا ، بۆ ئەوروپاو ئەمریکا
، گەشبینی لا دروست بوە ، بە نزیکی لەو ئامانجە . گوایە ئەگەر بەردوام
بێت لە پۆستەکەیدا،ئەو پرۆژەیەش تەواو دەکات.
٤- پاساوی ((رێگرتن لە شەری ناوخۆ )) و
پاراستنی سەقامگیری ئێستای ھەرێم، کە ئەوەش تەنیا،بە ھێشتنەوەی دەسەڵات
و حوکمرانیەکەی کاک مەسعود و پارتی زامن دەکرێت ،ئەگینا ئەگەری دووبارە
بوونەوەی ((شەری ناوخۆ)) و دەست تێوەردانی دەرەکی ھەیە .
ھەندێک شیکردنەوەی کورت دەربارەی ئەو خاڵانەی سەرەوە:
١- ئەوە راست و ئاشکرایە کە کوردستان لەبەردەم ھەرەشەی زۆر دژواردایە .
بەڵام ئەوە زیاتر پاساوە بۆ گۆرینی ئەو دەسەڵاتەی کە تا ئێستا ، لاواز
بوە لەبەرامبەر بە دەستدرێژی و ھەرەشەکان ، ئەوە پاساوە بۆ ئەوەی کە
سیستەمێکی پەرلەمانی بەھێز دامەزرێنین . ئەزموونی سەرکردەی بە ھێز لە
رابوردوەوە تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوە مەگەر ھەر بۆشەری ناوخۆ . وە دوای
ئەو ماوەیەش ، لە ١٠ ساڵی رابوردوەی ھەرێم و تا ئێستاش ، ئەزموونێکی
زۆر فاشیل و شکستخواردوو بوە . لە بەرەنگاری پەلامارەکانی داعشدا ،
لەسەرەتادا ھەڵوێستی ھەرێم راکردن و ماڵوێرانی و ئەنفال بوە لە
شەنگالەوە تا ھەولێرو و مەخمورو جەلەولا . گیانێکمان بە فریاکەوتنی
پێشمەرگەکان و ھێزەکانی دژە تیروری یەکێتی نیشتیمانی،و شۆرشگێرانی
باکورو رۆژئاوا و پارچەکانی تری کوردستان ، لەگەڵ ھەندێ دراوسێ و
تۆپبارانەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و لە سەرو ھەموشیانەوە قەزاوقەدەر
بوە بۆیە ئەو بیانوە پاساوێکی رەواو گونجاو نیە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی
سەرۆکایەتیەکەی کاک مەسعود . بەڵکوو پێچەوانەکەی دروستە.
لە ژێر سایەی سەرۆکی بەھێز و خاوەن دەسەڵاتی
زۆر، لە ھەرێمدا.
- لەشکری دەوڵاتی تورکیامان ، ھێناوەتە سەر سنگمان ، ئێران لە
رابوردودا بە ئارەزوی خۆی بوردومانی کردوە . و ئێستاش تورک کە خۆیان
ھاوکاری داعشن . بوردومان و کومەڵکوژی گوند نشینانمان دەکات ، بە ناوی
شەری دژی تیرۆرەوە.
- داعش ئەنفالی یەزیدیەکانی کرد . بە شایەتی میدیاکان دەیان ھەزار
لەشکرو ھێزمان لە ناوچەکانی یەزیدیەکان، لە ھێڵی بەرگری راکێشرانەوە .
لەسەرەتادا وترا ، بەرپرس و کەمتەرخەمەکان کە رایان کردوە
لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و دواتر وا راگەیەنرا کە (( ئینسیحابیان پێ
کرا ، گوایە ئەوەتەکتیک بوە )) ،لێپرسینەوە لە کەسیش نەکرا.
بەوەدا زۆر ئاشکرایە کە ئەو ھێزوسیستەمی بەرگریەی ئێستامان ، جێ متمانە
و پشت پێ بەستن نیەو پێویستە کە ھیزی پێشمەرگە لە ھێزی حیزبەوە بکرێتە
ھێزێکی نیشتیمانی و تەنیا ئینتیمای بۆ گەل و نیشتیمان بێت و رێزی لێ
بگیرێت . (( ئەگەر ئیسرائیل ھێزێکی بەرگری وای ھەبوایە ، دەمێک بوو
نەمابوو )) ئەوە جگە لە لاوازی ناوەوەی
جەستەی ھەرێم و نەخۆشیەکانی ، لە ھەموو بوارەکانی تری سیاسی و ئابوری و
کۆمەڵایەتی و بێکاری و ئیفلاسی بانکەکان و دەست پێکردنەوەی رەوی گەنجان
بەرەو ھەندەران و جێ ھێشتنی نیشتیمان ... ھتد.
٢- فەراغی دەستووری : مەترسی ئەوەی لە کاتی چۆڵ بوونی کورسیەکەی
سەرۆکدا ، ئەگەر راستەوخۆ ، سەرۆکێک ئامادە نەبێت،ھەرێم بکەوێتە ((
فەراغی دەستووری )) وەک ئەوە ی ، زەمین بقـڵیشـێتەوەو کوردستان قوت
بدات . ئەوە خەڵک ترساندنێکی بێ بناغەیە و ھەرێم ھیچ باری خراپتر نابێت
لە نەبوونی سەروکدا (( خۆی زۆر خراپە، چۆن دەتوانێ لەوە خراپتر بێت ؟
)) . زۆر ئاساییە کە ئەنجومەنی وەزیران ، بە ئەرکەکانی سەرۆک ھەڵسن ،
یان وابزانم لە رەشنوسی دەستووریشدا باس لەوە کراوە کە لە کاتی غیابی
سەرکی ھەرێمدا ، سەرۆکی پەرلەمان ھەڵسێت بە ئەرکەکانی . ھەروەکو
نموونەیەک لە ناوچەکەماندا ، دەوڵەتی لوبنانە . کە ئەوانیش لە بەر
ھۆکاری گرفتی ناکۆکی پێکھاتە ئاینیەکانیان ، وای کردوە کە نەگەنە سازان
و بێ سەروک کۆمارن . (( فەراغی دەستووریش لوبنانی نە گەیاندۆتە رۆژی
قیامەت )) ، ھێزە سیاسی و ئاینیەکانی بەردەوامن لە ھەوڵ بۆ چارەسەرو
سازان.
لوبنان لە ٢٥ مایسی ٢٠١٤ ەوە تاکو ئێستاش سەرۆک کۆماری نیە و ،
حکومەتی لبنانی و سەرک وەزیران (( تەمام سەڵام )) بە ئەرکەکانی سەروک
کۆمار ھەڵدەسن . وە ئەو حاڵەتە لە زۆر ساڵانی رابوردوشدا ، ھەر وابوە.
٣- خاڵی سێھەمیش دەربارەی پرۆژەی دەوڵەتەکەی کاک مەسعود، کە بە گوێرەی
سەردانی مانگی مایسی ٢٠١٥ دا بۆ ئەوروپاو ئەمریکا روون بینی یەیدا
کردوە بە نزیکبوونەوە لەو ئامانجەو گوایە ئەم قەیرانەی ئێستا ، مەترسی
دەخاتە سەر ئەو پرۆژەیە.
بەڵام ھەر لەکات و دوای ئەو سەردانانەدا ، ئەمریکا لەسەر زۆر ئاست
ئەوەی راگەیاند کە ئەوان پابەندن بە سەروەری ویەکێتی عێراق و پارمەتی و
چەکیش کە بو بەرەنگاری داعش پێویستە بۆ پێشمەرگە ، بە ھۆی دەسەڵاتی
ناوەندەوە دەگەیەنن بە ھەرێم )) ، وە لای ئەوان گرنگ ، یەکرێزیە لە
بەرامبەر تیرۆر و داعش ، ھەڵوێستی دەوڵەتان لەسەر بنەمای پەیوەندی
شەخسی نیە و پێوەرو بنەمای تری ھەیەو بریاریش لە وڵاتانە ، لە لایەن
دەسگا تایبەتمەندە سەربازی و ستراتیجی و موخابەراتیەکانەوە، نەخشەی بۆ
دادەرێژرێن نەک بە ھۆکاری موجامەلەی دوو سەرۆک،کە رەنگە باش لە زمانی
یەکتریش تێ نەگەن و بە موترەجیم کۆبونەوەکان بەرێوە بەرن.
کاک مەسعود زۆر زیرەکانە لە ساڵانێکی زوەوە ئەو دروشم و راگەیاندنە ،
بۆ ھێورکردنەوەو کپ کردنی نارەزاییەکان ، وەک دەرزی بەنج بەکار دێنێ و
نەک ھەر خەڵکە ساکارەکە بەڵکوو خەڵکە رۆشنبیرەکەشی پێ بەنج کردوە کە لە
کاتە ھەستیارەکاندا ، باشی بەکاری ھێناوەو کاریگەری خۆی ھەبوە . کە
گرفتەکە تێپەر دەبێت ، بەنجەکە ھەڵدەگێرێتەوە تا ئاڵۆزی و نارەزاییەکی
تر.
زۆر لە سیاسەتزان و رۆشنبیران لە زۆر بابەت و زۆر ساڵاندا ، ئەوەیان
روون کردۆتەوە کە گەیشتن بەو ئامانجە ، ھەر بە دروشمی بریقەدار و
راگەیاندن ناکرێت و بەڵکوو ئەوە پێویستە پرۆژەیەکی نیشتیمانی
ھەمەلایەنەو بە بەرنامەبێت . بۆیە لای من وا راستە ، کە پارتی و کاک
مەسعود واز بھێنن لە بەکار ھێنانی ئەو دروشمە بۆ مەبەستی دەسکەوتی
سیاسی و یاری کردن بە سۆزی ژمارەیەکی زۆر کەسان و ھاووڵاتیانی ساویلکە
(( کە لەبەر دڵسۆزی و ئاواتەخوازی گەیشتن بەو خەونە ، حەز دەکەن و
ئامادیی ئەوەیان تێدایە کە باوەربکەن بەوەی رەنگە کاک مەسعود شتێکی
بنیات نابێت )) . لەوەدا نازانم گلەیی لە کاک مەسعود بکرێت یان لە
راوێژکارانی،کە بەکارھێنایان بۆ ئەو دروشمە،بەو شێوە تاکتیکیەی تا
ئێستا کاری پێ کراوە ، پێچەوانەی ئامانجەکەیە و زۆر زیانی گەیاندوە بە
چانسەکانی بنیاتنانی کیانێکی سەربەخۆ . ئەوبابەتە شیکردنەوەی زۆری
پێویستە ، بە بۆچوونی من تا ئێستا ئەو بانگەوازە ، لەسەر ئاستی دەرەوە
زیاتر دوژمنانی نەتەوەکەمانی یەکخستوەو،لەسەر ئاستی ناویشەوە چونکە
تەنیا بەکار ھێنراوە بۆ موزایەدە و بازرگانی سیاسی و سەپاندنی دەسەڵات
و بەرژەوەندی پارتی . بۆیە زیاتر یەکریزی و یەکێتی ناوەوەی نەتەوەکەی
لاواز کردوەو رەنگە زیاتر خزمەتی یەکخستنی نەخشەو پلانی دوژمنانی کوردی
کردبێت ، دۆژمنی یەکخستوەو یەکھەڵوێستی کوردی شێواندوە . بەداخەوە تا
ئێستا ئەوە ھەر بۆ مەبەستی تاکتیکی بەکار ھێنراوە.
تێبینی ئەوە بکەن کە ھەمان خەون و ئامانج لە مۆدێلی رۆژئاوا دا ، زۆر
بە لۆجیک و عەقلانی و پراگماتی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە . ئەو دروشمە بە
سەرزارەکی رەت کراوەتەوەو نەفی کراوە بەڵام لە بناغەدا و لە راستیدا
وەک پرۆژە کاری بۆ کراوە و سیستەم و کیانێکی تۆکمە دروست کراوە ،
بەردوامیش کار کراوە بۆ ئەوەی بکرێتە دی فاکتۆ . ئەو مۆدێلە بۆتە جێی
رێزو سەرسامی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و ئازادیخوازانی دنیا . بۆیە تورک
شێت بوون ، لە سەرەتادا ئومێدیان بە داعش بوو کە ئەو ھەوڵ و مۆدێلە تێک
بشکێنێت ، کە لەوە بێ ھێوابوون، ئێستا ھیوایان بەوەیە کە
راستەوخۆ،خۆیان و لەژێر چەتری ھاوپەیانی دژ بە تیرۆر و داگیرکردنی
ناوچەیەکی فراوانی نێو دوو کانتۆنە کوردیەکە ، بگەن بەو ئامانجەو ،
لەوەشدا ئەگەرچی کورد زەرە مەند بوەو دوچاری زیان و قوربانی زۆر بوە ،
بەڵام دنیا زۆر گۆرراوە . ھیوادارم کۆتایی سیاسەتی رەگەزپەرست و
فاشیانەی تورکیا دۆرران و ریسوایی بێت . ئەگەر ھەرێم بە دڵسۆزیەوە
پشتیوانی رۆژئاوابێت و دەسەڵاتی ھەرێمیش تۆزێک لەوانەوە فێری سیاسەت
بوونایە ، ئێستا دنیایەکی تر دەبوو ، بەڵام نەچوە بچێت . ئەگەر دڵسۆزی
ھەبێت.
٤- ترساندنی کۆمەڵگە،بە مەترسی ((نوێ بوونەوەی سیناریۆی شەری ناوخۆ)) .
ئەو بیانوە ئەگەرچی لە راستیدا دڵەراوکێ و نیگەرانی زۆر دروست دەکات
لای بەشێکی زۆری کۆمەڵگە و پارتی سودی ((کاتی)) لێ وەردەگیرێت . بەڵام
ئەوە ، لە ھەمان کاتدا، دانپیانانە بە راستیەکی ترسناکدا ، کە لەسەر
مەدای دوور زۆر زیانبەخشە بۆ پارتی و کاک مەسعود . وێنەی وا بدرێت بە
کۆمەڵگە کە . سەقامگیری ھەرێم و کۆمەڵگە ، بەوە وە بەندە کە تێدا پارتی
دەسەڵاتداری سەرەکی ھەرێم بێت و ھەموو دۆسیە چارەنوس سازەکان و
مۆنۆپۆڵی زۆربەی دەسەڵاتە گرنگەکان بیت لە لایەن پارتی و سەرۆک بارزانی
یەوە . وە ئەگەر پارتی بە شێوزەکانی دیموکراتی بۆی نەکرا ، باڵادەستی
خۆی بھێڵێتەوە و پارێزگاری لێ بکات ، ئەو ا ،شێوازی تر و بەکارھێنانی
ھێزو کارتی تریش بەکار بھێنێت . کە ئەوەش ، ھەم وێنەی پارتی و ھەم
وێنەی بنەمالە ی مەلامسەفا و شەخسی کاک مەسعود لەکەدار دەکات و ئەوە
وێنەیەکی باشی پارتی و کاک مەسعود نادات بە کۆمەڵگەو بە دنیای دەرەوە .
وە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەو یان بەکار ھێنانی ھێزو شەر مەرجیش نیە لە
بەرژەوەندی پارتیش کۆتایی بێت و مەرج نیە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی
رابوردوو ، ھەمان ئەنجام بھێنێتە دی جارێکی تر . ئەوە ھەرەشەو
رەفتارانە چ بۆ حیزب یان کەسایەتیەکی سیاسی و سەرکردەیەک زۆر ناراستن و
وەک قوماری (( رۆلێتی )) روسی وان ، زوو بێت یان درەنگ ، متمانەی
کۆمەڵگە دەدۆرێنن . سود وەرگرتن لە ئەزموونی میللەتان و وڵاتانی تر و
دوور بینی کردن زۆر راست ترو باشترە.
لە کۆتاییدا ، من دەستخۆشی دەکەم لە ھەموو ھێزو پارتە سیاسیەکانی
پەرلەمان ، کە سوورن لەسەر بەرنامەو ھەڵوێستی چاکسازی و گۆرران ، بەرە
و دامەزراندنی سیستەمێکی پەرلەمانی دیموکراتی ئازاد . ئەوە چارەسەرێکە
کە ھەموولایەنەکان و میللەتیش تێدا براوە دەبن و لە بەرژەوەندی گەل و
نیشتیمان و لە بەرژەوەندی کاک مەسعود و پارتیشدایە ، ئەگەر ورد ترو
دووربین تر سەیری گرفتەکە بکەن . ھیوادارم وا نەزانن کە تەنیا چارەسەر
بەردەوامیدان بێت بە دەسەڵات و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بنەماڵەی
سەرۆک وکادیرانی پارتی . بەڵکوو ، قبوڵکردن و گونجان لەگەڵ پرۆسەی
دیموکراتی و دەستاو دەستی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات . ماوەیەک لەمەوبەر ،
ھەندێ کادیری پێشکەوتوی پارتیش(( لەوانە کاک رێبوار وەلی )) ، باسیان
کردوە لە پێویستی چاکسازی لەناو پارتیشدا . ئەوە جێێ ئومێدێکی باشە و
ھیوادرین سەرکەوتوووبن ، بۆ ئەوەی پارتی روخسارێکی تری نوێ بەخۆوە
بگرێت و لەباتی تاکرە وی و ھەوڵی خۆ سەپاندن لە مەسەلە
چارەنوسسازەکاندا ، ھاوشان لەگەڵ ھێزەکانی تردا بە ھەماھەنگی و
ھاوھەڵوێستی بۆ بەرژەوەندیە نەتەوایەتیکان خەبات بکەن بۆ بنیاتنانی
ھەرێمێکی دیموکرات و کۆمەڵگەیەکی ئازادو دادپەروەر و خۆشگوزەران .
لەگەڵ چەسپاندنی نەریتی دەستاودەستکردنی ئاشتیخازانەی دەسەڵات . بەوانە
ئەگەر ھەر حیزبێک رێژەشیان کەمتربێت بەڵام ئەوە شێوازێکی ھاوچەرخ و
سەردەمیانە ترە بۆ ھەموو حیزبەکان . ئەوە شێوازە دیموکراتیە سەردەمیانە
زۆرباشترە لە ئەقڵیەتی (( ماکیافیلیانەی )) داگیرکردن و خۆ کردن بە
دەسەڵاتی ئەمری واقیع.
لە دواھەمین روداوی نوێشدا ، ٠٩-٠٨-٢٠١٥ وادیارە چوار پارتەکەی تر جگە
لە ھەمواری دەستوور ، رێک کەوتون لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی نوێ بۆ
سەرۆکی ھەرێم دوای ماوەکەی بەرێز کاک مەسعود . کە ئەویش ، سەرۆکی
پەرلەمانی ئێستا ،(( بەرێز یوسف محەممەدە )) من پیرۆزبایی لە کاک یوسف
دەکەم . من لە پرۆسە دیموکراتیەکەدا و بۆ ئەوەی شەمەندەفەرەکەی ھەرێم ،
بچێتە سەر سکەی راستی دەستاودەستکردنی ئاشتیخوازانە و دیموکراتیانەی
دەسەڵات ، پیرۆز بایی لە ھەر کەسایەتیەک دەکەم . (( بە مەرجێک کارتۆنی
و داشی دامە نەبێت . کە وەک تاکتیک و بۆ نەخشەی کاندیدێکی تر قوت
کرابیتەوە ، خۆی ھیچ بنەما و چانسێکی نەبێت و ھەر ئامرازێک بێت لە
نەخشەیەکی تردا . شتی وا لە رابوردودا روی داوە )) . بەڵام بەرێز کاک
یوسف ، کەسایەتیەکی ناسراوو لێھاتووە . بە ھیوای پرۆسەیەکی پاک و
شەفافی ئازاد ، بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات.
لە کۆتاییشدا ، بە تایبەتی بۆ سەرۆکی داھاتو ، بۆ ھەموو ھێزە سیاسیە
نیشتیمان پەروەرەکانمان و بۆ پەرلەمان و بۆ راوو بۆچوونی ئێوەی بەرێزیش
. ئەم پێشنیارانەی خوارەوە پێشکەش دەکەم.
ھەرێمی کوردستان پێویستی بە سەرۆکی بەھێزو دەسەڵاتی رەھا نیە ((
ئەوەمان تاقی کردۆتەوە))، بەڵکوو پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراتی
بەھێزە . بۆ ئەوەش کە باسەکان ھەر تیوری نەبن و بەرجەستە بن و بتوانرێت
، لێکۆڵینەوەو ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت من سەرنج رادەکێشم بۆ دوو مۆدێلی
واقیعی دوو دەوڵەت کە دەکرێت سوودیان لێ وەرگیرێت:
١- سیستەمێکی پەرلەمانی و دیموکراتی تۆکمەی
وەک ئیسرائیل کە بە بەراورد لەگەڵ ٢٤ ساڵی ئەزموونی ئێستای ھەرێم ،
ئیسرائیل کە سەرۆکی پیرۆزو دەسەڵات رەھای نیە ، وەک مێرولە ھەر
لەسەرەتاوە کاریان کردوە بۆ بنیاتنانی بناغەکانی دەوڵەت و دواتریش لە
٢٥ ساڵی دوای ئاشکرا کردنی دەوڵەتیان ، (( واتە ١٩٤٨ تا ١٩٧٣ )) .
خۆیان کرد بە پێشکەوتوترین ولاتی ناوچەکە لە بوار پیشەسازی ، کشتوکالی
، تکنولۆجیای کۆمپیوتەری و ھێزی سەربازی و نەک ھەر ئەوەندە بەڵکوو بۆ
زامنی بوون وپاشەرۆژیان بۆمبای ((ئەتۆم)) یشیان بەرھەم ھێنا. وە لەو
ماوەیەشدا ، لە ئیمتیحانی ٣ جەنگی سەرتاسەری ((ھەموو سنورەکانیان و
شەری مان و نەمان )) بە سەرکەووتوویی دەرچوون . ئەزموونی ئێمەش تەواو
پێچەوانە بووە و نمونەی نەزانین و ناشێتی بووە
((مەگەر ھەر لە ئەزموونی شەری ئاینی ومەزھەبی عەرەبەکان باشتر
بووبین)). جێی خۆیەتی لێرەدا سود لە
ئەزموونی وڵاتانی تری رۆژئاواش وەرگرین بە رەچاوکردنی شێوازی گونجاو وە
لە چوارچێوەی نەخشەیەکی گشتی عەقلانیدا ، ئەوە کلیلی دەروازەکانی
ئاسۆیەکی پرر ئومێد ترە.
٢- مۆدێلی دووەم
، سیستەمی سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتی سویدە ، کە لە ماوەی ١٠٠ ساڵێکدا
لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی دواکەوتوو گۆرراو گەشەی پێدرا ، بۆ یەکێک لە
نموونە سەرکەوتوەکانی دنیا لە ھەموو بوارێکدا . سیستەمێکی پەرلەمانی و
پاشایەک کە ھیچ دەسەڵاتێکی سیاسی و ئابوری و میدییای نیەو تەنیا رۆڵێکی
رەمزی تەشریفاتی ھەیە . وڵاتێک کە ھەژاری تێدا نەھێڵراو خۆشگوزەرانی
دابین کرا بۆ ھەموو ھاووڵاتیان ، لەو وڵاتەدا یاسا سەروەرە ((بە راستی
نەک ھەر بانگەواز)) کۆمەڵگەیەکی تا راددەیەکی زۆر یەکسان و دادپەروەر
بنیات نراوە ،وەک ئەوەی بوترێ ، بنیاتنانی دنیایەک کە گورگ و مەرر تێدا
پێکەوە بژین بە ئاشتی . ((تێیدا ئازادی بروا و ئاین و داب و نەرێتی
ئاینی بۆ ھەر کەس و ھاوڵاتیەک بە گوێرەی بروای خۆی . لە بەرامبەریشدا ،
دەوڵەت و سیستەم بۆ ھەموو ھاووڵاتیان و زامنی پێکەوەژیانی ئاشتی و
ھارمۆنی.
لە سوید ،جگە لە کۆمەڵگە بنەرەتیە سویدیەکە و بناغە ئاینیە مەسیحیەکەی
، سەدان ھەزار موسوڵمان لە شیعەو سوننە و
کورد و عەرەب و تورک و فارس و فەلەستنی ،
شان بەشانی جولەکە و سیخ و بودی و سەدان رەگەزو ئاین و مەزھەبی جیاواز
. لە ژێر چەتری یەک یاسا و ھەمان ماف و ئەرک و ھەمان مافی بژێوی و پۆست
و پایەیان ھەیە ... ھتد،
بە ھۆی پەیوەندی زۆری ھەردوو کۆمەڵگەی سویدی و کورستانیەوە ،
دەکرێ سوود لەو ئەزموون و شارەزاییانە وەربگیرێت ، بۆ بەرژەوەندیەکانی
کۆمەڵگەکەمان و خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیانمان . (بێگومان ئەوانە لێرەدا
ھەر ئاماژەیەکی کورتن).
__________________________
*
ئەندازیار بەکری میرزا حسەین (بەکرۆکە).
١٢\٨\٢٠١٥
- سوێد
bakrhssain83@gmail.com
|