په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠٢٦

قەیرانی مالیکی و ترامپ.


ئەرسەلان مەحمود      


دوای ڕوخانی ڕژێم، شەشەمین جارە عیراقییەکان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. شەش جار، چوارچێوەی هەماهەنگی براوەی یەکەم و هەمان ناویش هەڵدەگرێت، بەڵام ئەمجارەیان بۆ نووری مالیکی ئاسمانی سەرۆکایەتی حکومەت تاریکترە. دوو مانگ پێش ناوزەدکردنەکە، جۆشوا هاریس، شاندی جێنشینی ئەمەریکی لە بەغدا، نامەیەکی ئاراستەی بەرپرسانی عیراق کرد: بیرەوەرییەکانمان لەگەڵ سەردەمی مالیکیدا تاڵن.

ناوزەدکردنەکە وەک بەردێک کەوتە ناو ئاوێکی هێمنەوە. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، تەلەفۆنی بۆ سودانی کرد و هۆشداری دژی هەر حکومەتێکی ژێر کۆنترۆڵی ئێران پێدا. ترامپ بە دوایدا وتی: لە سەردەمی مالیکیدا وڵاتەکە خزایە ژێر هێڵی هەژاری و کارەساتەوە، ئەگەر ئێمە هاوکاری عیراق نەکەین، وڵاتەکە داهاتوویەکی ئەوتۆی نییە. کۆنگرێسمان جۆ ویلسن'ـیش قسەی خۆی کرد: میلیشیاکان لە ماوەی شەش تا دوازدە مانگدا دەبێ لە چەکدابماڵرێن و هەڵبووەشێنەوە.

ئەم قەیرانە لە هەموو قەیرانەکانی پێشووتر جیاوازە. لە ٢٠٠٣ەوە، یەکەمجارە هەم ئێران و هەم ئەمەریکا هاوپەیمانی ناو شیعەکانی عیراقیان هەیە. لە لایەکەوە، بەرەیەکی پشتیوانی مالیکی پەیدا بووە: دەوڵەتی یاسا، پارتی، میلیشیاکانی وەک کتائب سەید الشوهەداء و کەسانی وەک ئەبو عەلاء الوەلائی. لە لاکەی ترەوە، سودانی خۆی، عەممار حەکیم، هادی عامری، فالح فەیاذ و موحسن مەندەلاوی. ئەمانە هەر هەموویان هاوپەیمانی تارانن، بەڵام ئەمڕۆ دژی مالیکی وەستاونەتەوە.

ئەمە چۆن ڕوویدا؟ یەکەم: ئێران لاوازتر بووە. کوژرانی نەسراڵڵا، شکستی حەماس، ڕووخانی ئەسەد، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری پاشکشێی شوێنپێیەکانی تاران لە ناوچەکەدا. دووەم: هەڕەشەی ئابووری ئەمەریکا کوشندەیە بۆ وڵاتێک نەوەد لە سەدی بودجەکەی لەسەر نەوتە. داهاتی نەوتی عیراق لە نیویۆرکەوە باندۆرە دەکرێ، نەک لە بەغدا. سێیەم: ترسی فەردی میلیشیاکان. قەیس خەزعەلی و عەسائب خۆیان لە لیستی گەمارۆی ئەمەریکادان. پاراستنی مالیکی واتا هێندەی تر خۆخستنە ژێر باری مەترسییەوە.

هەندێک ئەولاتر دەڕۆن و دەڵێن هەڵوێستی ترامپ دژی مالیکی لەسەر داوای ئەلشرەع بووە. بەڵێ، مالیکی و ئەلشرەع دوژمنی کۆنن. مالیکی لە سەرەتاوە گۆڕانکارییەکانی سوریای بە فیتنە ناوبرد و وتی ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتیان هەیە جاران زیندانی عیراق بوون. ئەلشرەع خۆی ٢٠٠٦ تا ٢٠١١ لە Camp Bucca بەندکرابوو. مالیکی تەنانەت داوای دەستگیرکردنەوەی کرد ئەگەر بێتە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە لەگەڵ ڕاستییەکان ناگونجێ:

فشاری ئەمەریکی لەسەر مالیکی، دوو مانگ پێش ناوزەدکردنەکە دەستیپێکردوە، واتا پێش هەر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ترامپ و ئەلشرەع. هەروەها ئەمەریکا هۆکارە بەهێزەکانی خۆی هەن: ٢٠١٤ ئەوان مالیکییان هەڵوەراند، سیاسەتەکانی بوونە هۆی هاتنی داعش، پەیوەندی نزیکایەتی لەگەڵ ئێران ڕۆڵی هەبوو. هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی میدیایی، نە عەرەبی نە ئینگلیزی، بەڵگەی ئاوا داواکارییەکی ئەلشرەعی نەخستووەتە ڕوو. ئەوەی ڕوونە: هاوئاهەنگی بەرژەوەندییەکانە. ئەمەریکا، تورکیا، سوریای نوێ، سعودییە، قەتەر و تەنانەت هەندێ شیعەی عیراقی هەموویان لە لاوازکردنی ئێران سوود دەبینن. مالیکی نوێنەری کاریگەری ئێرانە، دووژمنایەتی لەگەڵیدا بۆ ئەمریکا سروشتییە، پێویستی بە داواکارییەکی نهێنی نییە.

تەیمەر بەدەوی، شارەزای ڕووسی لە لەندەن، بۆچوونێکی سەرنجڕاکێشی هەیە: ڕەنگە سودانی پێشتر پێشبینی ڕەتکردنەوەی مالیکیی کردبێ، هەر بۆیەش پاشکشێی کرد بۆی. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، سودانی یاریزانێکی زیرەکە. لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مالیکی لە ناو چوارچێوەدا و دۆڕاندنی خۆی، ڕێگەیدا بە مالیکی خۆی بکەوێتە بەر تۆپەکان. ئێستا مالیکی بە تەنیا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمەریکا، بەرپەرچدانەوەی ناوخۆیی و بێتوانایی بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی بووەتەوە.

سیناریۆیەکان کامانەن؟ سودانی کشاوەتەوە. مالیکی و ئاستەنگەکانی. چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێ کەسێکی تر بدۆزێتەوە. لیستێک ٩ ناوی تێدایە: حەمید الشەتری، قاسم الئەعرەجی، یان کەسێکی تر - کەسی سێیەم، نە لە ژێر فشاری ئەمەریکا و نە ڕکابەری ئێران. ئەگەر مالیکی بە تەواوی لاواز بکرێ و چوارچێوەکە نەتوانێ جێگرەوەیەک بدۆزێتەوە، ڕەنگە سودانی بگەڕێتەوە. بەڵام ئەمە پێویستی بە کشانەوەی تەواوەتی مالیکییەکی ٧٥ ساڵە و شێلگیر هەیە، ئەمەش ئاسان نییە.

ئەگەر چوارچێوەکە بڕیار بدات هەڕەشەکانی ترامپ پشتگوێ بخات و مالیکی بکاتە سەرۆک وەزیران، عیراق دەچێتە سەر لێواری کارەسات. ئەمەریکا دەتوانێ دەست بەسەر داهاتی نەوتدا بگرێت، گەمارۆی ئابووری دابنێت، تەنانەت هێرشی سەربازیش بۆ سەر میلیشیاکان بکات. ئەمە سیناریۆیەکی خراپە بۆ هەموولایەنێک، بەڵام ئەمە عیراقە، وڵاتێک لەوەتەی هەیە هەمیشە خراپترین ڕێگەکان هەڵدەبژێرێ.

ئەی دواجار براوەی یارییەکە کێیە؟ وەڵامەکە تاڵە: ئەمەریکا. نەک لەبەر ڕاستبوونی سیاسەتەکانی، بەڵکوو لەبەر هێزە ئابوورییەکەی. داهاتی نەوت لە نیویۆرکە، نەک لە بەغدا. ئەمە و زۆر زیاتریش واقیعێکە عیراقییەکان دەبێت ڕووبەڕووی ببنەوە. بەڵام با لە بیریشمان نەچێت - نیمچەبراوەیەکی تریش هەیە: خەڵکی شیعە. یەکەمجارە دەبینن ناچار نین کوێرانە بڕیار بدەن. عامری و حەکیم، هەردووکیان مێژوویان بە تارانەوە گرێدراوە، ئەمڕۆ دژی مالیکی وەستاون. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ڕەوتی مێژوویی. ئەم قەیرانە، قەیرانی مالیکی و ترامپ، لە ڕاستیدا قەیرانێکی قووڵترە: قەیرانی وڵاتێکە بیست و سێ ساڵ دوای ڕووخانی ڕژێم هێشتا بەندی زنجیرەکانی خۆیەتی.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک