په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٢\٢٠١٥

قەیرانی مووچە و رێگاچارەکەی!

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه 

 

پاش ئەوەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا گەڕایەوە موژدەی نەدانی مووچەی گەیاندە مووچەخۆرانی کوردستان بەو بیانووەی حکومەتی ناوەند لە باری (ئیفلاس) دایە لەو لاشەوە قسەکەرانی حکومەتی ناوەند دەڵێن حکومەت (ئیفلاس)ی نەکردووە بەڵکو بۆ ماوەیەکی کاتیی مووچە دوا دەکەوێ و لە کاتی خۆیدا نادرێ! کامیان راست دەکەن گرنگ نییە ئەوەی کە راستییە قەیرانی مووچە بەردەوامیی ھەیە لە ئاستی عێراق و کوردستان.


نەدانی مووچە رووداوێکی سادە نییە تا بەرەنجامێکی سادەی ھەبێت بە تایبەتی لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا. لە وڵاتێکدا سەرمایەدارەکانی ئاستی دەوەڵەمەندبوونیان لە ئاستی سەرمایەدارەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو دایە. یا ئاستی دەوڵەمەندیی بەرپرسانی گەندەڵکار لە ئاستی دەوڵەمەندیی بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکی وئاسیایی و ئەفریقایی بە دەیان قات پترە. کەچی رێژەی ‌ھەژارییش بە گۆتەی دەسەڵاتداران خۆیان لە ٣٠٪ بێت. ئەگەر ئەم دیاردەی نەدانی مووچەیە بەردەوام بێت ئەم رێژەیە ھەر رۆژە روو لە پتربوون دەکات ئەو کاتە کێشە کۆمەڵایەتیەکان پتر و پتر دەبن. نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لەشفرۆشیی ژنان، مرۆڤ کوشتن، تلیاک فرۆشتن، دروستبوونی گرووپی مافیایی، پەیوەستبوون بە گرووپە تیرۆستەکانەوە، ئەمانە بەرەنجامی ئەو ھەژارییە دەبن کە قەیرانەکانی ئەم سسیتەمە پێکهێنەریەتی.


ئەم قەیرانی نەدانی مووچەیە سەرچاوەکەی لە ناعەدالەتیەوەیە ‌کە درێژکراوەی قەیرانەکانی سیستەمی بازاڕی ئازاد و سەرمایەدارییە، چارەسەری ریشەیی تەنھا بە نابووتکردنی ئەم سیستەمە ناعادلانەیە دەبێ بەڵام دەکرێ چارەسەری کاتی بکرێ، ئەم چارەسەرەش لە دەستی ھێزی بەشمەینەتان دایە واتە لە رێگای ناڕەزایەتیەکان و گوشاری ئەواندا دەکرێ دەسەڵاتداران ناچار بکەن مل بەو چارەسەرانە بدەن. بۆ خامۆشکردنی ناڕەزایەتیەکان ھیچ بیانوویەکی وەک ئەوەی وڵات لە باری شەڕ دایە دەبێ دان بە خۆدا بگری، جێگای قەبولکردن نییە ئەمە ‌ھەمیشە پیشەی دیکتاتۆرەکان بووە ‌لە کاتی شەڕەکاندا بانگەوازی خەڵک دەکەن دان بە خۆدا بگرن ھیچ کاردانەوەیەکیان نەبێ کەچی بۆ یەک چرکەش واز لە ژیانی شایانە و باڵادەستیی خۆیان ناھێنن، ژیانی خەڵکیش لەو‌پەڕی ھەژارییدا رابگرن و لە ئاستی چاوەروانییدا بیانھێڵنەوە. منداڵی خێزانیکی مووچەخۆر بۆ دەبێ بێ بەش بکرێ لە ژیان؟ بۆ دەبێ برسیی بکرێ؟ بۆ دەبێ لە بەر نەخۆشیی و نەبوونی پارەی دکتۆر و دەرمان گیان لە دەست بدات؟


دەبێ ناڕەزاتیەکان بۆ ئەوە بێ دەست ببرێ بۆ ڕیفۆرمێکی ئابووریی بەو واتایە گوڕانکاریەک لە سیستەمی ئەمڕۆ بکرێ بۆ ئەوەی ناعەدالەتی کەم بکرێتەوە و کۆمەلگا بەرەو تەسککردنەوەی نێوانی چینەکان ببات، دەکرێ ئەمرۆ داوای دابەشکردنی ئەو سامانە بکرێ کە لەسەر حسابی ئەو خەڵکە لە لایەن سەرمایەداران و بەر پرسانی دەسەڵاتەوە کۆکراوەتەوە لە رێگای داسەپاندنی ''باجی روو لە سەر''.


دەکرێ مامەڵە بە سامانە سروشتییەکان وەک نەوت لە رێگای بەشداریی راستەوخۆی خەڵکە بەرھەم ھێنەرەکەیەوە بێت ‌ بە تایبەتی لە کاتی فروشتنیدا بڕێک پارەی بە دەستهاتوو دیار بێت و لە دەستی ئەنجومەنەکانی خەلکدا بێت.


دەستوەردانی دەوڵەت لە ئابوورییدا زۆر پێویستە لەم کاتەدا دەبێ پەرلەمان یاسایەک دەربکا بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆی خەلکی بەرھەم ‌ھێن لە کەرتی ئابوورییدا بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن بە سامانی کۆمەڵگا و چۆنیەتی دابەشکردنی، دەبێ یاسایەک ھەبێ بۆ (باجی روو لە سەر) ئەو باجەی کە دەتوانێ لە سامانی بێ شوماری کەمینەی کۆمەڵگا کەم بکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ زۆرینەی خەڵک.


دەبێ یاسایەک ھەبێ مووچە بە پێی ئاستی گرانی و ھەلئاوسان دیاری بکات تا ژیانێکی تێروپڕ دابین بکرێ، دەبێ مووچەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان وئەندام پەرلەمان و بەرێوەبەرەکان یەکسان بێت بە مووچەی مامۆستایەکی خاوەن خزمەت و کرێکارێکی شارەزا.


ئەگەر دەسەڵات ئەم ھەنگاوانە نەنێت ئەوا قەیران وئاکامەکانی بەردەوام دەبێ و ئیتر ھیچ نامێنیتەوە بۆ خەڵک تەنھا ئەوە نەبێ کە ھەموو بێنە مەیدان بڵێن بڕووخێ ئەم دەسەڵاتە.


٢٤\٢\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی سه‌ردار عهبدوڵا حهمه

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک