٣\٥\٢٠٢٥
قەیرانی ڕەوشتی لە کۆمەڵگەی دەستەمۆدا.

ئەرسەلان مەحمود
ئەوەندەی سەرنجمداوە، ئازادی و ڕەسەنایەتی زۆر خێرا دەکرێ بکرێنە
قوربانی وەهمی سەرکەوتن. دیاردەی چاپلووسی و بەدەمداهاتوویی (ماستاوچییەتی
و کاسەلێسی) ئەگەرچی لە هەموو کۆمەڵگە و یەکە مرۆییە جیاوازەکاندا بە
ڕێژە و ڕەنگی جیا بوونیان هەیە، بەڵام ڕەنگە هەڵەم نەکردبێ ئەگەر بڵێم
پتر زادەی کۆمەڵگەیەکن کە ڕێگەینەداوە یان بواری ئەوەی نە ڕەخساندوە کە
خەڵکەکەی بە تەواوی بیر بکەنەوە، بەڵکو تەنها پەیڕەوی لە ڕواڵەتە
ئامادەکراوەکان کردوە. کە ئەمە پەردەیەکی ترسناکە و لەسەر چاوی حەقیقەت
داندراوە.
مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی سیاسییە، واتا تەنها لە ناو تۆڕی
پەیوەندییە مرۆییەکاندا دەتوانێت ماهیەتی تەواوەتی خۆی دەربخات. بەڵام
کاتێک ئەم پەیوەندییانە دەبنە ئامرازی سوودوەرگرتن و ڕازیکردنی ئەوانی
تر، ئەوا مرۆڤ نەک تەنها حەقیقەتی کەسێتی خۆی، بەڵکو نکۆڵی لە بنەمای "پانتای
گشتی"ش دەکات. کەسانی چاپلووس و بەدەمداهاتوو، بێگومان لە ڕێی
خۆشاردنەوە لە پشت ماسکی پەسندکراوی کۆمەڵایەتییەوە، دەستبەرداری ئەو "فرەیی"یە
دەبن کە بنچینەی هەر کۆمەڵگەیەکی تەندروستە.
بیرتان بێت ئەو کەسانەی لەسەر بنەمای ماستاوچییەتی گەیشتوونەتە
پێگەکانیان، لە ڕاستیدا لە "دۆخی بێ-جیهانی" دەژین. ئەوان نادیاریی
ناسنامەیان قبوڵ کردووە بە بەهای دەستهەڵگرتن لە تواناکانیان بۆ
بیرکردنەوەی سەربەخۆ. ئەم "بێ-بیرکردنەوەیی"یە - ئەم ناتوانایی دیالۆگی
ناوخۆیی - هەمان ئەو هێزەیە کە وای لە چاپلووس یان بەدامداهاتوویەک
کردبێ بێویژدانی خۆی بکوژێتەوە و ببێتە ئامرازێک لە دەستی سیستەمێکی
ترسناکدا.
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، دەبینین ئەو سیستەمانەی پاداشتی
ماستاوچییەتی دەدەن، هەمان میکانیزمی تۆتالیتاریزمن، بەڵام لە فۆرمێکی
نەرمتر و ناسکتردا. لە هەردوو حاڵەتدا، کەسەکان هان دەدرێن پەیوەندی
لەگەڵ حەقیقەت ببڕن و خۆیان لە هەر هەستێکی کەسێتی خۆڕسک بەتاڵ بکەنەوە.
لەم بارەدا، ماستاوچی دەستبەرداری ئەو مافە دەبێت کە من پێی دەڵێم "مافی
دەرکەوتن" - واتا مافی دەرخستنی خودی ڕاستەقینە لە ناو پانتای گشتیدا.
سەیرکەن: کەسانی ماستاوچی نموونەی ئەوەن کە چۆن "دەرکەوتن" لە "بوون"
جیا دەبێتەوە. ئەو وێنە و سێڵفیانەی لەگەڵ کەسانی سەرووی خۆیاندا
دەیانچرکێنن، هەوڵێکی زۆر نائومێدانەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هێشتا
لەخۆدا بوونیان هەیە. ئەمەش دروستکەری دۆخێکی قووڵی "خراپە باوەڕی"یە،
واتا فێڵکردن لە خود، هاوشێوەی ئەوەی سارتەر باسی دەکات. بەڵام زۆر
لەوەش خراپترە، چونکە نەک تەنها فێڵ لە خۆیان دەکەن، بەڵکو بەشداری لە
دروستکردنی سیستەمێکدا دەکەن کە کەسانی دیکەش هان دەدات هەمان کار بکەن.
بەشبەحاڵی خۆم زۆر لە ژیان و تراژیدیاکانییەوە فێر بووم، هەر بۆیە
پێموایە خراپەی هەرە گەورە زۆرجار لە نادیارترین کەسەکانەوە سەرچاوە
دەگرێت - ئەو کەسانەی خاوەنی تایبەتمەندییەکی بێوێنە یان شەیتانی نین،
بەڵکو تەنها ئەو کەسانەن کە خۆیان لە بیرکردنەوە بەتاڵ کردووەتەوە.
ماستاوچییەتی و کاسەلێسی، تەنانەت لە شێوە ئاساییەکەیدا، سەرهەڵدانی
هەمان "ناڕەسەنبوونی خراپە"یە. ئەوەی لێرەدا لەدەستدەچێت، شکۆی مرۆڤ و
توانای مرۆڤە بۆ داهێنانی جیهانێکی مانادار.
ئەگەر بمانەوێ بۆ کۆمەڵگەیەکی باشتر هەنگاو بنێین، دەبێت بە شێوەیەکی
ڕادیکاڵ ماستاوچییەتی ڕەتبکەینەوە. ئەمەش بە پەروەردەکردنی ئەو
کواڵیتیانە دەبێت کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکەنەوە: توانای بیرکردنەوەی
ڕەخنەگرانە، ئازایەتی بۆ وەستانەوەی دژ بەڕەوتی زاڵ و خۆشەویستی بۆ
جیهانێک کە پێکەوە دروستمان کردووە. بیرمان نەچێت: ماستاوچییەتی
دڵخۆشییەکی زۆر کورتە، بەڵام ژیان لە ڕەسەنایەتیدا دەستکەوتی ئازادی
ڕاستەقینەیە.
ڕزگاربوون لە ماستاوچییەتی، پێویستی بە "لەدایکبوونەوەیەکی نوێ" هەیە،
ئەو هەنگاوە گەورەیەی کە لە ڕێگەیەوە کەسەکان دەردەکەون وەک خۆیان،
دەست دەکەن بە قسەکردن بە زمانی خۆیان، و ئیدی لە دوای کەسانی تر
دووبارەکردنەوە ناکەن. ئەمە یەکسانە بە دروستکردنی جیهانێکی نوێ.
جیهانێک کە تیایدا مرۆڤەکان، نەک بە پێی پارە و پێگە، بەڵکو بە پێی
توانای خولقاندن و هێنانەدی پرۆژە مرۆییەکان، هەڵدەسەنگێندرێن. وەک
هانا ئارنێت دەڵێت: "خەباتی مرۆڤایەتی بۆ ئازادی، خەباتی شارەوانی نییە
بۆ گەیشتن بە ئازادی کۆمەڵایەتی، بەڵکو ئەو خەباتە تاکەکەسییەیە بۆ
ڕزگاربوون لە تاریکی خودی خۆی".
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|