په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٧\٢٠٢٠

قەیرانی رەخنەی وێژەیی

لە نێوان نائامادەیی هزر و وەرگێڕانی پێچەوانە.

عەباس جەمیل جێماو  


بەدەر لەوەی ئەدەب فاکتەری پشێویە، جیاواز لە چەمکەکانی تر سەردەکات بەھەموو کون و قوژبنێکی ئەو فەزایەی کە تێیدا ژیان دەکەین، ھاوکات وەکو فاکتێکی کێشەدارلەپرسیار ناکەوێ،چ لەسەر ئاستی تیۆری بێت یان پڕاکتیک،بەمەشەوە ناوەستێت و بەبەردەوامی لە سرووشت و پنتە شاراوەکانی خۆی دەکۆڵێتەوە، واتە ھیچ دەقێک نییە پرسێک نەورووژێنێت و موناقەشەی گرێیەکی کۆمەڵایەتی نەکات.


لێرەوە دەکرێ بڵێن ئەدەب لەواقیعدادیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە بەزمانی فانتازی و خەیاڵی، بەواتای رەنگدانەوەی ئەو فەزایەیە کە ئینسان بکەرێتی، سەرباری ئەوەش وەزیفەیەکی ئەخلاقیە لە ئاستی خۆیدا، لەبەرامبەریشدا ھەر بابەتێکی ئەدەبی ئەگەر بەپێی داتا و لۆژیکی رەخنەیی فلتەر نەکرێت،بەھایەکی ئەوتۆی نابێت لەرووی فکریەوە، متمانە بۆ خوێنەر ناگەڕێنێتەوە.


"سارتەر لە کتێبی (ئەدەب چیە) ئاماژە بەمانای نووسین دەکات، نووسین چیە، بۆ دەنووسین، بۆ کێ دەنووسین"١، پرسیار گەلێک دەوروژێنێت بەئاڕاستەی تەرکیزکردنە سەر رۆڵی خوێنەر لەسەرخستنی پڕۆسەی نووسین و ھەروەھا دیاریکردنی ھەڵویستی نووسەر لەسەردەمەکەی خۆیدا، ئەو نووسەرەی ئەگەر ئیلتیزامی بە پێکھاتەخوازیش نەبێ، لانیکەم ئیتلیزام بەویستی خوێنەرەوە بکات لەستایل دا.


لێرەدا دەپرسین ئەی رەخنەگر بۆ کێ دەنووسێت، رەخنەی ئەدەبیش لە چ پنتێکدا دەتوانێت وەزیفەی خۆی بەرجەستە بکات و جێی گرنگی بێت، لەکاتێکدا ئەرکی سەرەکی رەخنە وردبوونەوە و شیتەڵکاری و راڤەکاریە لە تێکست بەگشتی، لەچوارچێوەی بەراوردکردنیستایل وپێکھاتە و مانا و خەیاڵ..ھتد،دواتر بەھەند وەرگرتنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان وەک پەرژینێکی پتەو بۆ کارە ئەدەبیەکە ھەروەھا خوێنەر..ھتد.


کاتێکیش باس دێتەسەر خوێنەر، بەواتای خوێنەری مولتەزیم (رەخنەگری ئەدەبی) کارێکتەرێک کە دەق ئەناسێ و پەی بە ((کاریگەری، گزی، ئیقتیباس (راستەوخۆ یان زیھنی)، دەقاوێزان (تناص)..ھتد)) دەبات، بۆیە رەخنەگر بە میتۆد نووسەر دادگایی دەکات و دەق فەرامۆش دەکات، خوێنەری دووەمیش بە دوورکەوتنەوە لەو تێکستانە ھاندەدات.


ھاوکات لەبەرامبەردا ئەگەر تێکستەکە لەسەر بنەمای ئەدەبی مولتەزیم و خاوەن شوناس و ئەدرەسی خۆی بێ، بەھۆی ئاستی بەلاغە و ئیستاتیکا و جیھانبینی و وێنە و ئیدیۆم.. ھتد، نموونەی دەقەکانی شاملۆ یان سوپێھری یان چیخۆف یان ماکسیم گۆرگی یان نەجیب مەحفوز یان گۆتە..ھتد، خوێنەری ھەڵسەنگێنەر، خوێنەری دووەم (کڕیار)، ئاڕاستە دەکات بەخوێندنەوەی تێکستەکە، پێی دەڵێ بیخوێنەوە.


"سارتەر لە پێناسەی (ئەدەبی مولتەزیم)دا ئاماژە بە رۆڵی ئەدەب دەکات لە چارەنووسی کۆمەڵگەکان، وابێ ئەدەب بەرپرسیارە لە ئازادی، ھەروەھا لە داگیرکاری و پێشکەوتن و دواکەوتن.


فکری ئەدیبیش زادەی کەش و دەوروبەرەکەیەتی، وتەبێژێتی، تاکە چەکی دەستی وتەکەیەتی، بۆیە لەسەرێتی بەباشی ئامانجەکەی دیاری بکات و بەوردی رووی تێبکات، چونکە نووسەر نێوەندگیرە و ئیلتیزامیشی نێوەندگیرییە"٢.


سەبارەت بە قەیرانی رەخنەش، ئەکرێ بەشێکی تری ئەم تەوەرە گرێبدەین بە قەیرانی ئەدەبەوە، بەو مانایەی نەبوونی ئەدەبی جددی، نەبوونی سەربەخۆیی دەق، کاتێکیش ھەر تێکستێک مەرجی سەربەخۆیی تێدا نەبوو دەچێتە قاڵبی ناپاکی دەقەوە، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، کەوابێ نەبوونی باشترە.

ئارنۆڵد لەپێناسەی رەخنەدا، "پێی وایە رەخنە چالاکیەکی سەربەخۆیی زیھنە لە ھەموو بابەتێکدا کە پێیدا شۆڕدەبێتەوە"٣.


ت.سی.ئەلیوت رائیدی قوتابخانەی رەخنەی نوێ لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم" ئەرکی رەخنە شیکردنەوەی کارە ئەدەبیەکانە، چاککردنەوەو پیاچوونەوەیە بە چێژ، ئامرازەکانی رەخنەگریش بۆ ئەم مەبەستە پشت بە دوو ئەداتی سەرەکی دەبەستێت (شیکاری و بەراوردکاری)"٤.


بۆیەرەخنە رێکار و بنەمای خۆی ھەیە، گەڕانێکە بەدوای کۆدگەلێک کە لەنێو تێکستەکاندا پەرتبوونە، ئیدی لە رووی چالاکی زیھنیەوە بێت یان ئیستاتیکای زمانەوانی یان ستایل یان خەیاڵ..ھتد، ھاوکات پیشەیە پێش ئەوەی زانست بێت،ئەرکی دیراسەکردنی جیاکاری نێوانباش و خراپە، جوانی و ناشرینیەکانیش وەک دوالیزمێک لەیەک کاتدا، بەدوای ئاشکراکردنی داھێنانەوەیە، رەخنەگریش خاوەنی ئەزموونە لەپراکتیک کردنی تیۆر، نەک بازاڕێک بۆ فرۆشتنەوە و دابەشکردنی کڵێشەی نووسین،بۆیە ئەوانەی بەناوی رەخنەوە کڵێشەسازی دەکەن، وەک ناوێکی بەتاڵ لە رۆح و قوڵایی دەقدا ناتوانن مەلە بکەن.


ئەگەر رەخنەگرێک بەمەبەستی بەراوردکاری دەست ببات بۆ ھەر دەقێک، نموونەی رەخنەگرانی رۆژئاوا (لۆکاش، فۆکۆ، رۆڵان بارت، سارتەر)، ھەروەھا لە جیھانی عەرەبی نمونەی.. (ئیحسان عەباس، عەلی جەعفەر ئەلعەلاق، لویس عەوەز..ھتد)، ھەروەھا لە دەیان وڵاتی تر، دەبینین دنیایەک گۆڕانکاری لەبوارەکەدا دێتە ئاراوە، وەک(فەرھەنگی، مەعریفی، فیکری، چینایەتی..ھتد،کاتێکیش ئەڕوانیتە مەحفەلەکانی رۆشنبیری کوردی لەمبارەیەوە،کەسێکت پێش چاو ناکەوێت وەک پێویست قسەی خۆی ھەبێت، بۆیە ئەکرێ بڵێین، لاوازی ھزریی و ئەو ئاماژە کرچانەی کەدەستبەرداری لایەنە فیکری و مەعریفییەکە نابێت، ھۆکارن بۆ خاوبوونەوەی خوێنەر تا ئەو ئاستەی شتەکان ئاسایی دەبینرێت، نووسەریش ببێتە ناوێکی خاڵی لە مەعریفە، لەبەرامبەردا نەخوێنەوار رۆڵی خۆی ببینێت وەک ئەوەی کە لەئێستایا دەبینین، کە چ مەھزەلەیەک لەناو فەزا ئەدەبیەکە سەریھەڵداوە، ھەروەھا ئەو پاشا گەردانییەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەگوزەرێ بەتایبەتی فەیسبووک و ئەنیستا و تیکتۆکو ھتد، کە وەک دەردێکی سەردەم یەخەی بە نەوەی نوێ گرتووە، تەنانەت زۆرێکیش لەنەوەکانی ھەفتاکان و ھەشتاکان و نەوەدەکانیش.


سەرەنجام ئەوەمان بۆ روون ئەبێتەوە کە نووسەری کورد نەیتوانی وەک پێویست سوود لە تیۆرە ئەدەبییەکان وەربگرێ و لەسەردەمی خۆیدا پەی بە تیۆرەکان ببات و سەردەمیانە کار لەسەر ئەم چەمکە بکات، بە ئێستاشەوە، بۆیە ئەکرێ بڵێین ھەر بە پێناسەی رابووردوو مامەڵەی لەتەک چەمکەکانی رەخنەی ئەدەبی کردووە، تەنانەت نەیتوانیوە فریای ئەدەبی بەراوردکاریش بکەوێت، کە لەئێستاشداوەک پێویست کار بەچەمکی (ئەدەبی بەراوردکاری) ناکرێ بە بیانووی ئەوەی گوایە مۆدێکی بەسەرچووە،ئەوانەشی کە ھەن و ئەیانەوێ قسەیان ھەبێت، دیسانەوە پەنجەکانی دەست تێپەڕناکەن و بەھەر ھۆیەک بێت بێدەنگن یان بێدەنگ کراون.


بۆیە بەمەبەستی پێدانی زیاتر لە وەڵامێک بە قەیرانی رەخنەیی، دەتوانین پەنجە لەسەر چەند دەربڕینێک یان تێرمێکی تر دابنێین، وەک ھۆکارگەلێک بۆ قەیرانی رەخنەی ئەدەبی، کەرەھەندی جۆراوجۆری ھەیە، تیایدا زۆرێک پێیان وایە قەیرانی عەقڵی تاکە، چونکە ئەدەب لەسەر بنەمای تاکگەرایی ھەنگاو دەنێت، ھەروەھا ھەندێکی تر پێیان وایە پەروەردەکردنی تاک لەسەر بنەمای گواستنەوەو لەبەرکردن گۆش کراون، بەتایبەتی لەناو سیستمی پەروەردە و خوێندن،بەخوێندنی باڵاشەوە، ھەروەھا بێدەنگی نووسەران و ئەدیبیان لەم رووەوە.


بۆیە لێرەدا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، کە پێویستە گرنگی بە سیستم و رەھەندی سێگۆشەیی بدرێت،کەبتوانن رۆڵی بەرچاوی تێدا بگێڕن، بۆ وەگەڕخستنەوەی ھەستی خوێنەر لەرووی زیھنیەوە، بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو نھێنییانەی کە بە چاوی ئاسایی و بەبێ وشیاری نابینرێن،ئەویش گرنگیدان بە داھێنەر و رەخنەگر و دەزگا رۆشبیریەکانی تایبەتمەند، نموونەی پرۆژە رۆشنبیرییەکانی دونیای عەرەبی، وەک (ناوەندی ئەنمای نەتەوەیی)٥،کە ھەریەک لەکارەکتەرەکانی لەسەر بنەمای مەعریفەی (فکری، فەلسەفی، ئەدەبی..ھتد)، راستگۆییانە دەوری خۆیان دەبینن، بۆ پێشخستنی چەمکی رۆشنبیری، کە لە پرۆسەی وەرگێڕان خۆی دەبینیتەوە، نمونەی کتێبەکانی میشێل فۆکۆ و فۆکۆیاما..ھتد، ھەروەھا بەتایبەتتر وەرگێڕانی پێچەوانە.


پڕوسەی وەرگێڕانی پێچەوانەش لەبارترین دەرفەتە بۆ گەڕانەوە و پێداچوونەوە بە ئەدەبی جدی و مولتەزیم، نمونەی تێکستەکانی (خانی و مەولەوی و شێخ رەزا و نالی و بێکەس..ھتد)، کە خاوەنی ئەدەبی لوتکەبوون لەسەردەمی خۆیان، خاوەن توانای زیاتر لەبەلاغە دروستکردن، توانای زیاتر لە وێنە، زیاتر لە ئیستاتیکایەکی تر، جیھانبینی..تاد.


چونکە وەرگێڕانی پێچەوانە گرنگی دەدات بە دەرگاکردنەوە لەسەر خۆمان و دەربازبوون لەو گۆشەگیرییەی کە رۆشنبیری کوردی قەتیس کردووە لە گۆشەیەکی جوگرافی، ھەروەھا ھەڵماڵین و ئاشکراکردنی ئەو ھەموو ئیقتیباس و گزیانەی کە لە ئەنجامی نەناسینی دەقەکان لەلایەن ئەوانەوە (خەڵکی بیانی، زمانەکانی تر)، چونکە ئەگەر بەزمانی خۆیان شتەکانی ئێمە نەخوێننەوە، لە ھیچی ئێمە ناگەن و نازانن چ کارەساتێکی ئەدەبی و رۆشنبیری روویداوە.


بۆیە دەرگای گفتوگۆ واڵادەکات و نووسەر و ئەدیبان ناچار دەکات ھەڵگژێن بەکاری جدی و تا ئاستێکیش برەو بە رەخنە دەدرێرێت، تاکو ئەو چەمکە لەو قەیرانە دەرباز بکرێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت (رەخنەی ئەدەبی).


بەدەر لەمانە دەمەوێت ھەندێک لەسەر دوورەپەرێزی خوێنەر لە کایەی فکر بوەستم، سەرەکیترین گرفت کە وەک دیاردەیەک یەخەی بەخوێنەری کورد گرتووە، ئەوەیە کە فکر ناخوێننەوە، بۆیە کاتێ باس لە قەیرانی عەقڵی تاک دەکەین، کە نەوە بەدوای نەوەی بەلای خۆیدا راپێچ کردووە، دەکرێ بەشێکی بگەڕێنینەوە بۆ بێ باکی نووسەران، کە بۆ سوێندیش نەیانتوانیوە خوێنەر ئاڕاستەی ئەم کایەیە بکەن، ھەروەھا بەتایبەت سیستمی سیاسی و ئایدۆلۆژیای ئاینی (مەزھەبگەرایی)، بەواتای کاتێ ئاین ورد دەکرێتەوەو دابەش دەبێتە سەر رەوت و مەزھەبی جۆراوجۆر، ئیدی لەبازنەی ئایدۆلۆژیادا قاڵب دەگرێت.. نمونەی (پڕۆتستانت و کاسۆلیک یان شیعە و سونە..ھتد).


سیستمی دەسەڵاتی سیاسی بە درێژایی سەد ساڵی رابووردوو بەدەسەڵاتی سیاسی کوردیشەوە، وەک پێویست نەھاتوونەتە پیری رۆشنبیرانەوە، بگرە رێگریش بوونە لەھەمبەر برەودان بە چەمکی فکری و ئەدەبی، ھەروەھا ئایدیۆلۆژیای مەزھەبی،کە لەرێی زۆرێک لە واعیز و پیاوەکانیەوە، بەبیانووی دوورکەوتنەوە لە گوناح و پەیوەسبوونی دڵەکان بە رێڕەوی خودا پەرستی، کەناکرێت جگە لە تێکست و بابەتە ئاینیەکان ھیچی تر بخوێنرێتەوە، بەتایبەت بابەتە فکری و فەلسەفیەکان، ئەمەش رەھەندێکی مێژوویی ھەیە،کەدەگەرێتەوە بۆ "سەردەمی سەرەتاکانی دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسییەکان، ململانێی نێوان ئەھلی حەدیس و موعتەزیلە"٦، لەکاتێکدا رۆشنبیری عەرەب توانی ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و سود لەو چەمکە فیکریانە ببینێت و ئیشی لەسەر بکات، بەڵام کورد بە ئێستاشەوە لەناو ئەو زەلکاوی جەھلەدا گینگڵ دەدات.


ھەر بۆ ئەم مەبەستە کە خوێنەری کورد بۆچی فیکر ناخوێنێتەوە، لە وتارێکمدا ئاماژەم بەچاوپێکەوتنێکی دکتۆر مارف خەزنەدار کردووە" کە لەشەستەکانی سەدەی رابووردوو دەچێتە روسیا (یەکێتی سۆڤێت) لەوێ یەکێک لە بیرمەندە ئەدەبیەکان پرسیارێکی ئاڕاستە دەکات و ئەڵێ ئێوە فکرتان ناوێ، سەنعەتتان ناوێ، ناتانەوێ بخوێننەوە، خێرە ھەمووتان شاعیرن، لەکاتێکدا بەزمانی خۆتان ئەخوێننەوە، بۆ چی ناتانەوێت بەرووی جیھاندا بکرێنەوە..!؟"٧.
___________________________________________________
سەرچاوەکان:
١- (جان بول سارتر، مالادب،ترجمە وتقدیم و تعلیق د.محمد غنیمی ھلال).
٢- (سارتر، جان بول، الادب الملتزم، ترجمە جورج طرابیشی، منشورات دار الاداب ، بیروت ، ط٢ ، ١٩٦٧ ، ێ: ٤٤- ٤٥، سحر عبد القادر).
٣- (النقد الموضوعی، سمیر سرحان، ص ٢٢).
٤- (النقد الموضوعی، سمیر سرحان، ص ١٠).
٥- (میشیل فوکو، الکلمات والاشیاء، مرکز الانماء القومی، مشروع مطاع الصفدی للینابیع، فریق الترجمە مطاع صفدی.. د. سالم یفوت.. د. بدرالدین عرودکی.. جورج ابی صالح.. کمال اصطفان.. ١٩٨٩- ١٩٩٠).
٦- (عبدالوھاب حمید رشید، (المعتزلە: الصراعات الفکریە فی العصر الاسلامی- الحصیلە والنتائج)،الحوار المتمدن).
٧- وەرگێڕانی پێچەوانە.. جەنگێک لەگەڵ رۆشنبیری ساختەکار، وتار، رۆژنامەی ئەلیکترۆنی رێگای کوردستان.

 

 

abas.jemaw1@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک