په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٤

قەیرانی سایکۆلۆژی - کۆمەڵایەتی رووناکبیر لە کوردستان.

جەمالی عەلیالی   


ڕووداوەکانی ئەو یەک مانگە زۆر پرسیاری خستە بەردەمی کۆمەڵگا. وەکوو نووسەر باسی ئەوە ناکەم کە یەکەم وڵام ئەوەیە کە ئێمە لە باشوور جگە لە ڕوانگەی عەشیرەتی نیوە خاو و نیوە پێگەیشتوو، نە خاوەنی سیستەمین، نە خاوەنی حکومەت، باسی ئەوە ناکەم کە داعەش و گشتی هەوڵەکانیتر بۆ خنکاندنی جووڵانەوەی ڕزگاری-دێمۆکراتیخوازی کوردستانیانە، باسی ئەوە نەکەم کە تەنانەت ئێستاش زۆربەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لەو ڕاستییە تێنەگەیشتووە کە جگە لە یێکێتی نەتەوەیی هیچ ئامرازێکیتر نیە بۆ ئەوەی هێمنی و گەشانەوە بۆ کوردستانیان دەستەبەر بکات. بە ڕای نووسەر پێویستە هەڵسەنگاندنێکی بەرفراوان لە سەر "بارودۆخی عەینی و زیهنی" لە ناو بزاوی نەتەوەی کورددا بکرێت. وەکوو نووسەر باسی ئەوە دەکەم کە ئەو هەڵسەنگاندنە پێویستە لە لایەن ڕووناکبیربێتە ورووژاندن. باسی ئەوە دەکەم کە یەکەم ئامرازی پێویست بۆ ئەو ئامانجە "ڕووناکبیر"ە و بەو هۆیەوە پێویستە یەکەم هەنگاو، خۆێندنەوەیەک بێت لە سەر ڕووناکبیر نەک هەر وەکوو زانا و بسپۆر بەڵکوو، بەرپرسیارێتی و دەستپێشخەری زانستییانە و لۆژیک.


ماوەیەک لەمەو بەر کارتێلی "مایکرۆسۆفت" پارەی بە بڕی ٢٠ میلیۆن دۆلار دەبەخشێتەوە، بۆ کێ؟ بۆ ئەو شەریکەیەی کە کێبەرکێی دەگەل دەکرد، بۆ "ئەپڵ"! هێندێک پێیان وابوو کە ئەوە گەوجێتی مایکرۆسۆفتە کە پارەی دابەشی ئەپڵ کرد بۆ ئەوەی کە خۆی تەیار بکات! پارەکە دیاریکراو بوو، واتە ئەپڵ تەنیا مافی هەبوو کە ئەو پارەیە لە بواری لێکۆڵینەوە بۆ گەشە پێدانی کاری تەکنیکی خۆی بەکار بێنێت. مایکرۆسۆفت دەزانێ ئەگەر لایەنێکی بە هێز نەبێت کە کێبەرکێی دەگەڵ بکات، ئەوا خۆی بەرەو قەیرانێک دەچێت کە لەوانەیە نابوودی بکات! مایکرۆسۆفت گەوج نەبوو! بە پێچەوانە هەڵوێستێکی زۆر ژیرانەی هەبوو و بیری لە دووا ڕۆژی خۆی دەکرد.


حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی ئێران ماوەیەک پاش گرتنی کۆنگرەی چاردە، کۆمەڵێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و نزیکی سەرکردایتی خۆی لە حیزبەکەی خۆی وەدەر نا، کۆمەڵێکیتر لە ئەندامان وشیار کرانەوە، کۆمەڵێکیتر لە ئەندامان گوشاریان خرایە سەر کە ئەگەر فززەیەن بێت ئیمکاناتیان لێ دەبڕن! وەکوو نووسەر ئەو کردەوەیە بە تووندی مەحکووم دەکەم و لام وایە کە کردەوەی لەم چشنە ڕەنگە زۆر ناوی پێوە بلکێ بەڵام هەرگیز گوزارە لە دێمۆکراسی ناوحیزبی نادات. کردەوەی لەو چەشنە بە یەک لە میراتە ڕەشەکانی فەرهەنگی داگیرکەر پێناسە دەکەم. سەرەڕای ئەوە، ڕاستییەک ئەوەیە کە ئەوڕۆ لە دۆخی هەنووکەییدا هەر چشنە لاوازکارییەک بۆ سەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان جگە لە خزمەتی ڕاستەوخۆ بۆ داگیرکەران، خزمەتێکیتری لێ هەڵناوەرێ. بەڵام ئەوەش کێشەی ئەو بابەتەی بەرچاوی خۆێنەری بەرێز نیە.


کێشەی نووسەر ئەوەیە کە تا ئێستا چ ڕووناکبیرێک نەهاتووە لە سەر ئەو کردەوە نادیمۆکراتییە تەنانەت شتێک بڵێ! کێشەی نووسەر ئەوەیە کە جارێکیتر مسۆگەر بوو کە بەشی هەرە زۆری ڕووناکبیری کورد لە ژێر کارتێکەری فەرهەنگی داگیرکەر، فرچکی بەوە گرتووە کە تەنیا باسی ڕۆژی کۆماری کوردستان، ڕۆژی پێشمەرگە، ڕۆژی شەهیدان، ڕۆژی ژنان، ڕۆژی کیمیابارانەکان، ئەنفالەکان، شەڕەکەی سنە و ڕۆژانیتری لەو چەشنە بکەن و جار جارییش نەقوورچێک دە لایەنێک کووتن و قسە و قسەڵۆک بکنە بە بنەمایەک بۆ خۆێندنەوەی باروودۆخی سیاسی کۆۆمەڵایەتی کوردستان کە تەنیا کوردستانیان لێی زەرەرمەند دەبن! کێشەی نووسەر ئەوەیە کە بە دوور نیە ڕووناکبیر هەبێ کە بەو کردەوە نادێمۆکراتییانەی سەرکردایتەی کۆمەڵە کەیف خۆش بووبێت کە بەڵێ ئەو کۆمەڵە بەرەو نابوودییە! کێشەی نووسەر ئەوەیە کە ڕۆناکبیری کورد نەیتوانیوە بە پێوەری زانستی وسەردەمییانە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بە جێ بگەیێنێ! ئەو ڕستەی کۆتایی، ڕاستەوخۆ پرسیارێک دەورووژێنێ: ئایا نەتەوەی کورد خاوەنی ڕووناکبیرە؟ وڵامی ئەو پرسیارە هەرچی کە ببێت، پێویستە ڕووناکبیری کورد، هەڵوێستی لە سەر بگرێ. ئاخۆ ڕووناکبیرەکان، یاخود ئەوانەی خۆیان بە ڕووناکبیر دەزانن چ هەڵوێستێکیان لە هەمبەر ئەو پرسیارە وکۆمەڵێک پرسیاری لەو شێوازە هەیە؟


٢٩\٨\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک