٢٠\٦\٢٠٢٠
قەیرانی خوێنەر و
خوێنەری قەیران.

عەباس جەمیل جێماو
بیانوھێنانەوەی زۆرێک لەخوێنەر و نووسەر و ئەوانەی لەسەر رۆشنبیری
حیساب دەکرێن، گوایە سەرقاڵن بەبژێوی ژیان و کێشەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی
و سیاسی..ھتد، بۆیە دوور کەوتوونەتەوە لە خوێندنەوە، بەومانایەی
ھۆکارگەلێکی شەرعییان ھەیە، کە نەپەرژاونەتە سەر خوێندنەوە، ھەروەھا
جۆرێکی دیکەی بیانوو ھەیە، کە لەبری خوێندنەوە ئەو داتایانەی لەنێو
کتێب ھەن بە ئاسانی لەرێی کەناڵە جیاوازەکانی راگەیاندن و تۆڕە
کۆمەڵایەتیەکانەوە دەست دەکەون، ئەمە بۆتە مایەی تێکەڵکردنی قەیرانی
خوێنەر و خوێنەری قەیران.
ھاتنی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردن، بیانوویەکی کۆمێدی دایە دەست ئەوانەی،
کە پێشتر نەیاندەخوێندەوە، ئێستا گوایە مادام لەماڵەوەن، کەواتە کاتی
خوێندنەوەیان لەبەردەستە، ئەمە ئەو نالۆژیکییەیە داتایەکمان پێدەبەخشێت،
کە پێشتر ئەو بەناو رۆشنبیر و نووسەرانە نەیانخوێندۆتەوە و تەنھا
بەجەستە لەسەر کایەی رۆشنبیری حیساب بوون، ئەگەرنا خوێندنەوە پرۆسەیەکی
بەردەوامە و ھیچ بیانوویەکی گەرەک نییە تاکو بەدوای قەیراندا بگەڕێن.
قەیرانی خوێنەر و خوێنەری قەیران دوو کێشەی جودان لەبواری مەعریفیدا،
رەھەندی یەکەم، کە خوێنەری قەیرانە، کۆمەڵگە بەرەو جەھالەت دەبات ئەگەر
ئەم دیاردەیە بەردەوام بێت، چونکە خوێنەری قەیران بە خوێنەواری
موناسەباتی دەوترێت، کە لە ئەنجامی خوڵقاندنی ئەو فەزا تەماویە، یان
ئەو کەشە ئاڵۆزەی لێرەو لەوێ سەرھەڵدەدەن و ناچار دەبن بخوێننەوە،
نمونەی سەردەمەکانی شەڕی ناوخۆ یان کەرەنتینە، یان فیراری زەمەنی بەعس...ھتد.
قەیرانی خوێنەریش بریتیە لە نەبوونی خوێنەری جددی، یان ئەوانەی ئامادە
نیین پارە لە کاغەز سەرف بکەن، بەکۆمەڵێک بڕو بیانوو، کە لەسەرەوە
ئاماژەمان پێ کرد، نموونەی ئێستای بەناو پایتەختی رۆشنبیری، کە خاونی
ئەم رستە نامەعریفییەن، لەکاتێکدا زۆرێک لەخەڵکەکەی شەڕی وەدەستھێنانی
ئەو نازناوەیان دەکرد شارەکە (پایتەختی رۆشنبیری) بێت، جیا لە چەند
دەزگایەک بە ئاماژەی چەند سیاسییەک بەڕێوە دەبرێت بۆ مەبەستی تایبەتی و
بەرژەوەندی تاک و حیزبی، ھەر ئەمەشە وای کردووە ھیچ دەزگایەکی چاپەمەنی
یان رۆشنبیری نەچێتە سەر و لەنیوەی رێ مایەپوچ دەبنەوە.
خۆ ئەگەر بێت و ئەم فەزایە بە سەر شوێنەکانی تردا بگشتێنرێت.. ئەوکات
دەبینین بەھەمان نەغمە گۆرانی بۆ یەکتر ئەڵێن و قەیرانی خوێنەر دەبێتە
ئەمری واقیع.
بۆیە بەشێکی زۆر لە خوێنەری ئاسایی، بەپاڵپشتی ئەوەی قەیرانی بەردەوام
ھەیە، نابینین روو بکەنە کتێبخانەکان بەمەبەستی کڕینی کتێبێک، یان
بەدوای دەقێکەوە بن بۆ ئەوەی بتوانن ھەڵسەنگاندنێک بکەن، یان
بەراوردکاری و جیاوازیەک لەنێوان دەقی رەسەن و دەقی دروستکراو بکەن،
یان جیاوازی لەنێوان ئەو بابەتانە بکەن، کە بەگڵۆپی سەوزی حیزبی دێنە
چاپکردن.
لەقەیراندا ئاساییە خوێنەر دووچاری دوورکەوتنەوە بێ لە خوێندنەوە،
چونکە ئەوکات ئینسان سەرقاڵی خۆ رزگارکردنە لە کێشەکانی رۆژ، بەڵام
لۆژیک نییە خوێنەر بەدوای قەیرانەوە بێت تاکو بخوێنێتەوە، ئامانجی
سەرەکی قسەی ئێمە لەسەر ئەم پنتەیە.
ئەم حاڵەتەش ھۆکاری ھەمە چەشنی ھەیە، ناکرێ قەتیس بکرێ لەچەند خاڵێکدا،
چونکە خوێندنەوە دەرھاویشتەی بەشێکی نەبڕاوەی قەیرانی شارستانیەتە، یان
روونتر بڵێین بۆ خۆی دیاردەیەکی شارستانییە و سەرەتایەک بووە بۆ
وەدەستھێنانی مەعریفە و پێکەوەیی و کەرەستەی رۆژانەی پەیوەست بە گەشەی
کۆمەڵایەتی و ئابووری...تاد.
لایەنێکی دیکەی قەیران ئەوەیە، کە کوردی خوێن و عەرەبی خوێن، بیانووی
ئەوەیان وەرگرتووە، کە دەقەکان بەزمانێکی خراپ نووسراونەتەوە، ماوەیەکی
زۆر بەھۆی بڵاوکراوەکانی بابەتگەلێکی عەرەبی یان ئینگلیزی..ھتد، کە
دەکران بەکوردی، دیارە مەبەست لە نەوەی شەستەکان و ھەفتاکانی سەدەی
رابووردوو، کە ئێستا کتێبێک دەبینن کراوە بەکوردی، دەڵێن لەزەمەنی
خۆیدا بەزمانی عەرەبی خوێندوومانەتەوە، لەراستیدا ئەوان نەیان
خوێندۆتەوە، بەڵکو تەنھا ناو و ناونیشانەکەیان بیستووە، بۆیە ئێستا
ھەرچی زیاترە بەپەلە دەیخوێننەوە.، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی
لەکاتی سەپێندراودا وەکو کاتی کەرەنتینە کردن خوێ درووست دەکاتەوە،
وەڵامی ئەمە بەگومانێک دەستپێدەکات، کە رابردووی ئەو تەرزە خوێنەرە
ھەمان ئێستایە کە دەیبینین.
ماوەیەکە لەناو توێژی نووسەران کۆمەڵە کەسێک پەیدابوونە، کە پێشتر
کتێبیان دەکڕی نەیان دەخوێندەوە، کەچی ئێستا لەم سەردەمی کرۆنایە
مێشکیان بردووین گوایە خەریکی خوێندنەوەن، لەکاتێکدا دێن کتێبی دەستی
دوو دەخوێننەوە، چۆن خوێندنەوەیەک، ئەویش تەنھا گێڕانەوەی حیکایەتی ناو
دەقەکان دەخوێننەوە، یان ھەر کوردی ئەخوێننەوە لەکاتێکدا ئەبێ نووسەر
لە خوێنەری ئاسایی جیابێتەوەو بزانێ بەھای تیوری نووسین چی یە.
بۆ نمونە.. کاتێک مارکیز ئەخوێنینەوە یان کافکا یان سارتەر یان نەجیب
مەحفوز یان ھارۆکی موراکامی، دەبێ جیایان بکەینەوە، چون ھەریەک لەمانە
ستایڵی نوسینیان سەر بە تیۆرێکن، ھەیانە واقیعیە یان خەیاڵیە یان
واقیعی ئەفسانەیی یان پەروەردەییە یان رۆمانی مۆدێرنە...تاد، نموونەش
ئەوەیە کاتێ جەنگیز ئەتیماتۆڤ ئەخوینینەوە دەبێ بزانین بۆچی لەرۆمانی
ماڵئاوا گوڵساری ئەسپ وەکو کارێکتەری سەرەکی لە جێگەی مرۆڤە.
قسەکردن لەبارەی دەقەوە چێژی خۆی ھەیە، ھەروەھا تێڕوانینیش لەکاتی
خۆیدا بۆ نووسەر بەھای خۆی ھەیە، سەربەخۆیش مەرجێکە لەمەرجەکانی
ئایدیای خوێنەر، تاکو بزانێ ئایا چ جێگەوڕێگەیەکی گرووپ بەندی گرتووە،
ئەم خوێنەری قەیرانە ھیچ یەکێک لەو مەرجانەی تیانییە، ئەگەر گرووپ
بەندیش بکات، چونکە ھەم خوێنەر و ھەم نووسەر، دوو کارێکتەرن، کە دەبێ
پەیوەست بن بەئایدیاوە، ئەمە قسەی سارتەرە لە کتێبی ئەدەب چییە.
بەلایەنی کەمەوە بۆ خوێنەر دەبێ بزانێ بۆچی رۆمانێک یان دەقێک زووتر
کاریگەری لەسەر فکری دەکات یان بۆچی نایکات، بۆ نموونە کۆنستانتین
گۆرگیۆ لەرۆمانی کاتژمێر ٢٥ باس لە بەمیکانیک بوونی مرۆڤ دەکات، ئەمە
پێشبینی نووسەرە، ھەروەھا ئەلیۆت لەدەقی شیعری وێرانە خاک دابڕانێکی
لەگەڵ رابردوو درووستکرد، کە کاریگەری لەسەر خوێنەر دانا، کافکا لە
رۆمانی ئەمریکا پێشبینی ئەوەیان کردووە، کە مرۆڤ ئەگاتە ئەو قۆناغەی کە
بوونی زیادە، بۆیە خۆکووشتن باشترین چارەسەرە، ئەمە ئایدیایەکی تایبەتە،
کە خوێنەر بەلای خۆیدا رادەکێشێ، لەکاتێکدا ئەم دەقانە پێش و پاشی شەڕی
سارد نووسراون، کەچی خوێنەری قەیران لەبری ئەوەی چێژی ئەو دەقانە لە
نووسینەکانیاندا رەنگبداتەوە، تازە بەتازە ھاتوون بەزمانی شکاوی کوردی
ئەم تێکستانە دەخوێننەوە، لەکاتێکدا دەبوو خوێندنەوەیان بۆ بکردایە،
کەچی بەپێچەوانەوە وەک بڵێی خاوەنی ئەو دەقانە دوێنێ نووسیبێتیان،
ئەمەش بۆ خۆی بەڵگەی ئەوەیە لە سەردەمی خوێنەری قەیرانین، نەک قەیرانی
خوێنەر، خوێنەری سەردەمی قەیرانیش لەکاتی بەسەرچوو ئەخوێنێتەوە، مەبەست
لەکاتی بەسەرچوو، ئەو کاتەیە کە زەمەن ھیچ بەھایەکی نەماوە، ئەگەرنا
دەبوو ئەو خوێنەرانە، کە تەمەنێکە لەنێو خوێندنەوە و نووسین بوونە،
یادەوەرییان ھەبوایە لەگەڵ ئەو تێکستانە.
ھیچ نووسەرێک یان ھیچ خوێنەرێک لە قەیراندا فریای ئەوە ناکەوێ دەقێک
بەراوردی دەقێکی تر بکات، یان کێ پێش ئەوی تر نووسیوێتی، بۆچی نووسراوە..؟
لەبەر ئەوەی ئەم خوێنەری قەیرانە لەزەمەنی خۆیاندا شارەزای دەقی رەسەن
نەبوونە، بۆ نموونە ئەگەر جاک بریڤەریان نەخوێندبێتەوە نازانن مانای
دەقێک چیە و بۆچی پڕیەتی لەجیاوازی رەگەز، وەختێ ئەمانە نەخوێنرابێتەوە،
بەم کاتە درەنگە فریای بەراوردکاری ناکەون، ئەگەر بێت و دەقەکانی
فلۆبیر نەخوێننەوە، حەتمەن ناتوانن پەتاتە خۆرەکانی فەرھاد پیرباڵ
بەراورد بکەن، چونکە ئەسڵەن پێشتر نەیان خوێندۆتەوە.
لە چێژی خوێندنەوەشدا ئەگەر کەسێک توخمی فیکری ئەدەبی نەخوێنێتەوە
ناتوانێ بخوێنێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بێت و کتێبی ٣ وتاری رۆڵاند بارت
یان کتێبی چێژی دەق نەخوێنیتەوە، حەتمەن نازانی چێژ چییە.
بۆیە خوێنەری ناو قەیران لەم تیورانە تێناگات، چونکە فیکری ئەدەبی
ناخوێنێتەوە، لەدەرەنجامدا تەنھا ئەتوانن بڵێن دەقێکی خۆشەو ھیچی تر،
بەوپێیەی چێژی خوێندنەوە فیکری نوێ بەرھەمدێنێ نەک بەم چەشنەی ئێستا
باسی لێوە دەکەن.
رۆماننووسی نوێ بەھەموو ئیمکانییەتێکی یان بەتەوزیف کردنی یادەوەری
خودی خۆی بە حەبکە و کەرەستەکانی رۆمان شوناس بەدەست دەھێنێ، خوێنەری
قەیران پێی وایە بە ئینشا یان پەخشان نووسین ئەتوانێ رۆمان بنووسێ، یان
پێی وایە بە چیرۆک کردنی شیعر یان بەشیعر کردنی چیرۆک توانیوێتی دەقێک
بنوسێ، لەکاتێکدا ئەمانە ھونەری نووسینن.
ھونەری نووسین لەقەیراندا خۆی بەرجەستە ناکاتەوە بۆ ئەوی تری خوێنەر،
بۆ نموونە ئەوە بۆتە باو، کەخوێنەری قەیران ھەموو دایکێک بە میھرەبان
دەناسێ و ھەموو باوکێکیش بە زاڵم، ئەمە تێنەگەیشتنە لەھیومانیزم،
بەوپێیەی کە خەسڵەتی مرۆڤ باش یان خراپ لەنێوان نێر و مێ جیاوازی ناکات،
بۆیە بەرجەستەکردنی دایک وەکو میھرەبانێک لەدەقەکاندا بەوپێەی یەکەم
خاوەنی یادەوەری منداڵە، باوکیش لەکۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی خاوەن دەسەڵات و
زاڵمە، ئەمە بۆتە سەوابتی بیرکردنەوە، لەکاتێکدا ئەم بیرۆکەیە زۆر
سۆزدارییە نەک مەعریفی، چونکە لە ئەدەبدا ئەوپەڕی بێ سلوکی ئەگەیەنێ
نێر و مێ جودا بکرێتەوە لە رەفتار، باشترین نمونەش لەو جیاکارییە نا
لۆژیکیە لە دەقەکانی شێرزاد حەسەن دەبینین، کە لەراستیدا حیکایەتی
جێگیر لای دایکە و حیکایەتی جوڵەریش لای باوکە، باشترین نموونەش
نۆڤلێتی (حەسار و سەگەکانی باوکم)ە.
لەقەیراندا جۆرێکی تر لە نووسەرمان ھەیە لەبەر بێ کاری دێت ئەم بنێشتە
ئەجوێتەوەو جارێکی تر جیاوازی نێوان نێر و مێ لە ئەدەبدا ئەکەن، بۆ
نموونە ئەگەر وشەی سێکس لە نووسینەکەی دەر بھێنین وەک ئەوە وایە ھیچی
نەچنیبێت، ئەمە دەیسەلمێنێت کە خوێنەر لەپێناوی چەپاندنی سێکسی
دەخوێنێتەوە، کە کاری ھەرزەیە، نەک خوێنەری جددی، بۆیە نووسەریش ئەو
داواکارییە وەکو بەندبێژی گۆرانی لەنووسینەکانی رەنگدەداتەوە.
کافکا لە رۆمانی ئەمریکا لەسەر کێشەی لە بیرچوونی یەک جانتا لەلایەن
کارڵ ماڵسۆوە دنیایەک بیانۆ دێنێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ کلارادا حیوارەکە
بەردەوام بێت، کەچی ئەوەی مایەی نەنگیە رۆماننووسی ئێمە بۆ سوێندیش یەک
حیواری سەرنجڕاکێش پێشکەش ناکات، ئەو پرسیارەش دێتە پێشەوە بۆچی رۆمانی
کوردی گرێیەکی تیانییە خوێنەر لەسەری ھەڵوەستە بکات و بچێت وانەیەک
لەلای فرۆید یان یۆنگ یان جاک لاکان بخوێنێتەوە.
خوێنەری قەیران ھەر بەرووکەش دەخوێنێتەوە، ھەر بەسەتحیش ئەنووسێ، بۆیە
بەردەوامیان تێدا نییە، بەواتای درێژدادڕی یان بەکارھێنانەوەی جوڵەکان
لە زمانی رۆژانە.
ئانا کارنینا ئەڵێ ئەگەر کتێبێک دووجار پێت نەخوێندرایەوە، بۆ یەک
جاریش موستەحەقیت نییە بیخوێنیتەوە، چونکە فەلسەفەی ناو چیرۆکەکە
ناتگەیەنێتە حیکمەتی بابەتەکە، نووسەر دەبێ لە قسەکانیدا حیکمەی ھەبێ،
ئەگینا ھەموو کەسێک ئەتوانێ بنووسێ و ببێتە نووسەر لە رووە
گاڵتەجاڕییەکەوە، لەکاتێکدا لەنێو ئەو ھەموو ئاڵۆزی و فرەیی
لەقەیرانەکان، مەبەست لەقەیرانی رۆژانە و ئەتوانین بڵێین نقومبوون
لەنێو قەیرانەکان لە زۆرێک لەسەردەمەکان، دەبوو نووسەری کورد باشترین
دەقی بنووسیبا، ئەمە لەناو ھونەرمەندانیشدا دەبوو باشترین شانۆ فیلم
مۆزیک گۆرانی نیگارکێشی.. ھتد، بەرھەم بھێنرابا، کە ئەویش بۆ خۆی
جۆرێکی ترە لە گوتاری ئاڕاستەکراو بە رووی گوێگر و بینەر، ئەمە بۆ خۆی
دەلالەت لەوە دەکات، کە ھەموویان لەگەڵ ئەدەب و خوێندنەوەدا راستگۆ
نیین، لەکاتێکدا زۆربەیان کتێبخانەیان ھەیە وەرشەیان ھەیە ستۆدیۆیان
ھەیە، ئێستا بۆمان دەرئەکەوێ ئەمانە خوێنەر و گوێگری قەیرانن.
دیارە مەبەست لەھونەر رووی دەمم لە رەسەنایەتی نییە، نموونەی ئەو مەقام
و گۆرانیە و بابەتە توحفە ئاساکانی فۆلکلۆری کوردی نییە.
لایەنێکی دیکەی قەیرانی خوێندنەوە، ئەوەیە کەسێک نابینین پەنجە بۆ
بەراودکارییەکان ببات و قسەی خۆی ھەبێ، لەبەرامبەردا وەک بیانوویەک
دەڵێن باوی ئەدەبی بەراوردکاری نەماوە، کە دەبێ لەھەموو کاتێکدا گرنگی
بەم تەوەرە بدرێت و لە بڵاوکراوە و گۆڤار و موناقەشەی رۆژانەدا
رەنگبداتەوە، بۆئەوەی کە خوێنەر چیدی بە دەقی وەرگیراو یان لاسایی
کردنەوە خۆی سەرقاڵ بکات و زەمەن بەفیڕۆ بدات.
بۆ کۆی ئەو رەھەندە ئەدەبییانەشی، کە بەمەبەستی جەدەلی ئەدەبی قسەمان
ڵێوەکردووە، یان پەنجەدانان لە سەر کەموکوڕییەکانی رەوتەکە، دەکرێ
ئاماژە بە پیاچوونەوەو باشترکردنی بکەین، کە ھاوکات ئەمە لە جیھانی
عەرەبی و رۆژھەڵاتی ناوینیش بەگشتی بوونی ھەیە، کە زەمەنێکە وەکو
دەردێک سەریھەڵداوە، ھەروەک رۆژنامەنووسی عەرەب سەقەر ئەبو فەخر لە
خوێندنەوەیەکیدا لە ژێر ناوی (عەرەب و خوێندنەوە) دا دەڵێت، یەکێک لە
ھۆکارە ھەرە دیارەکان بۆ ئەم کێشەیە، غیابی پڕۆژەی سەرھەڵدانەوە و
بەرتەسککردنەوەی رۆڵی بزووتنەوەی سیاسی ریشەییە، ھەروەک ئەبینین لێرەیش،
لەم جوگرافییەی خۆماندا بەھەمان حاڵەتدا تێدەپەڕین، کە مەبەست لێی
خستنەوە سەر ئاقار و رێڕەوی درووستی خۆیەتی.
کاتێک لێرەوە زانیمان خوێنەری قەیران کێیە، دەتوانین حوکمیش بەسەر
قەیرانی خوێندنەوە بدەین، چونکە قەیرانی خوێندنەوە لەئەنجامی ئەو
دۆخەوە سەرچاوەی گرتووە، کە نەوەی پێش خۆیان بەم ستایڵە مامەڵەیان
لەتەک دەقدا کردووە، بۆیە کە داوای دەقێکی نایاب یان جوان دەکەین، ئەو
بیانووە دێتەوە، کە ھەرچییەک بنووسین و بەرھەم بھێنین، بەھای نییە،
چونکە قەیرانی خوێندنەوەیە، ئەمە کاریگەری خوێنەری قەیرانە نەک قەیرانی
خوێندنەوە.
abas.jemaw1@gmail.com
|