په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٢\٢٠١٢

    قەیرە کیژان!


دارا ئەحمەد

زڕە و چەهچەهەی گۆبەرە و بازن و خڕخاڵ؛
سەمفۆنیای مەرگی ئەوین و
           سۆز و حەزی سەرکوتیانە
           قەیرە کیژانی پاکیزە و پابەندی ماڵ.

      *      *      *
بە نێو گەڕی ئەندێشەکانیان رەت دەبن
           لە نێو ترووسکەی چەکەکان بزردەبن
           قەیرە کیژانی بەر قامچیی
                    باب و برا و ئامۆزا و خاڵ.

      *      *      *
قەیرە کیژانی دڵپڕ و دڵ بریندار
تا دوا هەناسە و پەلکوتان
هەر چاوەڕێ و هەر بە هومێدی
دەستی زبر و لێوی ئەستووری کوڕانی بەردیوەخان
مەمکی تورت و پر خرۆشیان
وەسەر رستەی بیرچوونەوە هەڵدەخەن و
       هێدی هێدی سیس و کورژ و زەرد دەبن و
                                 هەڵدەوەرن.

      *      *      *
بێجگە لە پنت و تانوپۆی تراویلکە..

      لە ئەندێشە و خەونی شیرین..
      لە کڵاورۆژنە رۆشنەکانی
             نێو پەرچەمی ''خالیق مەعرووف''
      رووبەری تۆڕی چاوانیان
        بێ پەنجەرە و سادەڕەش و شەوەزەنگە
             قەیرە کیژانی سەرسەخت
قەیرە کیژانی بەدبەخت

       قەیرە کیژانی پاکیزە و پابەندی ماڵ

قەیرە کیژانی دڵپڕ و دڵ بریندار

قەیرە کیژانی بەر قامچیی
                باب و برا و ئامۆزا و خاڵ.


کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک