٢٠\٨\٢٠١٤
قین
و ڤین!

دارا
خونچە
ئەو دەمانەی
کە زویرم لێی.. کە دویرم١
لێی
خەریکە گیانم لە نێوان قین و ڤیندا
هەڵدەپڕووکێ،
ئەو دەمانەش ئاشت دەبمەوە
میهربانیی وەسەرمدا دەبارێنی و
سەرم وە سینگی دەسپێرم
هەرچی سەرەداوی رکە٢
لە دەستانم
هەڵدەکڕووزێ..
ئیدی ئەڤین دەجمجمێ
وەک ئاوریشم خۆی لە باسکانم لوولەدا و
دەستانم لێواولێو دەبن
یەکەم
لە گوڵ و
دووەم
لە دڵ و
سێیەم
لە گڵ و.. ئیدی و ئیدی...
ئای لە ئەڤین؛
چەند گرنگ و پڕ بایەخە
چەند نایاب و
چەند پێتڤیی٣
و چەند وە کەلکە،
کە گوڵ هەبوو؛
ئیدی خاوەندی باخیشی
کە دڵ هەبوو؛ ئیدی خاوەندی ژوانیشی
کە گڵ هەبوو؛ ئیدی خاوەندی زێدیشی٤...
کە ڤین هەبوو؛
ئیدی خاوەندی هەر هەمووی!
ئەو دەمانەی
کە زویرم لێی.. کە دویرم لێی
خەریکە گیانم لە نێوان قین و ڤیندا
هەڵدەپڕووکێ..
لە دویماهییدا٥
و سەرەنجام
هیچ
چارەم نییە و هەر دەبی
تێیکەمەوە٦
و
سەرم وە سینگی بسپێرم!!!
__________________________
پەراوێز:
١-
دویر:
دوور.
٢-
رک:
رق، قین.
٣-
پێتڤیی:
پێویست.
٤-
زێد:
نیشتیمان، جێی هاتنەژیان.
٥-
دویماهیی:
کۆتایی.
٦-
تێیکەمەوە:
لێرەدا واتای ئەوە دەبەخشی کە کەسەک هەڵوێستەک وەردەگری و پاشان وە
ناچاریی واز لە هەڵوێستەکەی دەهینی و خۆی رادەست دەکاتەوە.
نێوەڕاستی ئابی
٢٠١٤ - لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|