٢٦\٣\٢٠١٦
قسە هەزارە یەکی
بەکارە.

جەلال محەمەد
ڕۆژی ١٧/٣/٢٠١٦ لە مێژووی کورددا بە یەکێک لە ڕۆژە دیرۆکیەکان
دادەنرێت. لەو ڕۆژەدا بۆ یەکەمین جار بڕیارێکی چارەنوسساز لەسەر
ڕۆژاوای کوردستان درا، لەسەر داوای کانتۆنەکانی (جزیرە، کۆبانێ و
عەفرین) و دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوە لە شارۆچکەی ڕومێلان، بڕیاردار کە
کانتۆنەکانی ڕۆژاوا لەژێر یەک چەتردا کۆبکرێنەوە، ئەو بڕیارەش
ڕاگەیاندنی فیدراڵیەت بۆ باکووری سوریا و ڕۆژاوا بوو.
بۆچی ١٧ی مارت؟
ڕاگەیاندنی فیدراڵی لەو ڕۆژەدا واتایەکی گرنگی ھەیە، لەبەر ئەم
ھۆکارانە:
١- وەک وەڵامدانەوەیەک بە دڕندایەتی داگیرکەران، چونکە لە ١٦/٣/١٩٨٨دا
بە دڕندانەترین شێوە شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری کیمیاباران کرا، واتە لە
٢٨ھەمین ساڵیادی کیمیابارانەکەدا.
٢- وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پیلانی ھێزە ھەرێمی و خیانەتکارە
ناوخۆییەکان. چونکە لەو ڕۆژەدا بەبێ ئاوڕدانەوە لە کوردان، کۆبوونەوەی
ژنێڤ٣ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سوریا لە ئارادا بوو.
٣- وەک بەرز ڕاگرتنی شکۆی نەورۆزی کوردەواری. چونکە سەدان ساڵە ھێزە
ئیسلامی و داگیرکەرەکان لە ھەوڵی سڕینەوەی نەورۆز و شێواندنی ئەو جەژنە
پیرۆزەی کوردەواریدان.
فیدراڵیەت و دەرکەوتنی ڕوخسارە شاراوەکان:
زۆر ھێزی دروستکراوی دەستی داگیرکەران لە ئارادا بوون، ئەم ھێزانە لە
ژێر دەمامکی "کوردایەتی"دا خۆیان مەڵاس دابوو و گەورەترین شەڕی تایبەتی
داگیرکەرانیان بەڕێوە دەبرد. شەڕە تایبەتەکەشیان تەنھا شێواندنی
ڕاستیەکان و ناشیرینکردنی شۆڕشگێڕان بوو، یەک لەو ڕاستی شێواندنانەش
پڕوپاگەندەکردنی ئەوە بوو کە "پەیەدە ھیچ شتێک بۆ کوردان ناخوازێت" و
ھاوکاری ئەسەدە. بەڵام بە ڕاگەیاندنی فیدراڵیەت ڕوخسارە پیسەکەی ئەو
دەمامکدارانە ئاشکرابوو، وەک کاسەی لە ئاگر گەرمتر بەر لە داگیرکەران
سەنگەریان لەو فیدرالیەتە گرت و بە دابەشبوونی سوریای عەرەبیان پێناسە
دەکرد، ئەو سوریایەی کە لەلایەن ئەسەدەوە بەڕێوە دەبرێت.
فیدراڵیەت و ھێزە دژبەرەکان:
چەندین ساڵە پێکدادانەکانی سوریا لە ئارادایە، زۆربەی ھێزە دژبەرەکان
بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان خۆیان خستە نێو ئاڵۆزیەکانی سوریاوە،
ھەندێک ھاوکاری ئەسەد و ھەندێکیش دژبەری بوون، تەنانەت دژبەرایەتی ئەو
لایەنانە گەیشتبوویە ئەو ڕادەیەی کە چەندین جار ھەڕەشەی شەڕی نێوان
وڵاتان و داخستنی گەروی ھورمز بکرێت. ھەرچی ھێزە بەرھەڵستکارەکانی
سوریاشە خۆیان وەک ئازادیخواز و ئەسەدیشیان بە بکوژی گەلانی ناوچەکە
پێناسە دەکرد.
بەڵام بە ڕاگەیاندنی فیدراڵیەت ھیچ گرفتێک لە نێوان ئەم ھێزە
دژبەرانەدا نەما و ھەر لەگەڵ چاڕدانی فیدراڵیەت، یەکسەر ڕژێمە
لەرزۆکەکەی ئەسەد وەک گەورەترین مەترسی بۆسەر وڵاتی عەرەبی سوریا
بەناوی کرد، ھەموو دەستێوەردانەکانی ناو سوریای لەبیر کرد و ئاڕاستەی
ڕاگەیاندنەکانی بەرەو کوردان وەرگێڕا.
کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانیەکانی خۆی لەو فیدرالیەتە نەشاردەوە و
وەک قیامەت ھەستان ناوی لێھێنا.
کۆماری تورکیا و حکومەتە ئیسلامیەکەی ئەردۆغان کە ھەموو ھەوڵێکی خۆیان
بۆ تارومارکردنی وڵاتی سوریا تەرخان کردبوو، بە جاڕدانی فیدراڵیەت
١٨٠پلە بایاندایەوە و بوونە پارێزەری یەکپارچەیی وڵاتی سوریا.
دەوڵەتە عەرەبیەکان بەگشتی و خلیجیەکان بەتایبەتی وەک گەورەترین مەترسی
لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب پێناسەیان کرد.
کۆمکاری عەرەبی زۆر بە نیگەرانیەوە لەو فیدراڵیەتەی ڕوانی و
دژایەتیەکانی خۆی لەو بارەیەوە نەشاردەوە.
بەرھەڵستکارانی سوریا وەک خیانەتکردن بە شۆڕش ناویان لە فیدراڵیەت
ھێنا.
ڕوسیا وتی دەبێت ئەو فیدراڵیەتە بە ڕەزامەندی حکومەتی سوریا بێت، ئەو
حکومەتەی کە وەک گەورەترین مەترسی باسی لەو فیدراڵیەتە کرد.
ئەمریکا دژبەری خۆی بۆ فیدراڵیەت ڕاگەیاند و وتی یەکپارچەیی سوریا
دەپارێزین.
لە ھەمووشی سەیرتر نیگەرانیەکانی بارزانی بوو دەربارەی ئەو دەستکەوتە
مێژووییەی نەتەوەکەمان، بارزانی لە یەکەم کاردانەوەیدا ھەموو
دەروازەکانی بەسەر ڕۆژاوای کوردستاندا داخست و زۆر ڕوقایمانە لە
ڕاگەیاندنەکانەوە گوتی "کوردانی سوریا دۆڕاون".
خەڵاتی نۆبڵ بۆ ڕۆژاوا:
بە باوەڕی من، پێویستە خەڵاتی نۆبڵی ٢٠١٦ "وەک لایەنی ئاشتیخواز"
پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی و سیستەمی فیدراڵی ڕۆژاوا بکرێت، چونکە ماوەی
٥ ساڵە سوریا بۆتە ناوەندی ململانێکان، بەھۆی ئەو ململانیانەوە سەدان
ھەزار کەس کوژران و ملیۆنانیش دەربەدەر بوون، سەرجەم ھێزە توندڕەو و
دژە مرۆڤیەکان ڕوویان لە سوریا کرد، سوریا بوویە ناوەندی ململانێی
نێوان ھێزە ئیمپریالیستی و ھەرێمیەکان، چەندین جار ھەڕەشەی ھەڵگیرسانی
شەڕی نێوان وڵاتان ھاتە ئاراوە، لە دەیان وڵاتی جیھانەوە کۆمەکی مادی و
مرۆیی بۆ لایەنە شەڕکەرەکانی سوریا بەڕێدەکرا تاکو زیاتر گوڕ بەو شەڕە
نەگریسە بدەن.
لە ھەمان کاتدا، گەلانی ئاشتیخوازی جیھان سەرقاڵی ئەو شەڕە
ماڵوێرانکەرە بوون و مەترسی ئەوە ھەبوو کە پریشکی ئاگرەکە ڕوو لە جێگەی
دیکەش بکات، سەدان و بگرە ھەزاران ڕێکخراوی ئاشتیخوازی ناوچەیی و
نێونەتەوەیی لە ھەوڵی کۆتایھێنان بەو شەڕە مەترسیدارەدا بوون، چەندین
نێردەی نەتەوە یەکگرتۆکان بۆ کۆتایھێنان بەو شەڕە تەرخان کران و
ھەوڵەکانیان بێئەنجام بوو، چەندین کۆبوونەوەی نێوان حکومەتەکەی ئەسەد و
بەرھەڵستکاران بەبێ ھیچ چارەسەرییەک کۆتایی پێھات، بەڵام، بەڵام،
بەڵام....
بەڵام بە ڕاگەیاندنی فیدراڵیەت ئاوی بە ڕەحمەت بەو ئاگرەدا کرا،
دژبەرەکانی دوێنێ بوونە ھاوپەیمان و ھاوھەڵوێستی ئەمڕۆ، شەڕی نێوان
حکومەتی ئەسەد و بەرھەڵستکاران وەستا، دوژمنایەتی سەدان ساڵەی ئێرانی
سەفەوی و تورکیای عوسمانی بۆ دوو ھاوپەیمان و دوو ئاشقەوماشقە وەرگەڕا،
ئاگری شەڕی معاویە و عەلی (سعودیەی وەھابی و سوریای عەلەوی)
دامرکایەوە، گرفتێک لە نێوان حیزباللەی مولحید و بەرەی نوسرەی
تیرۆریست نەما و ھەزاران ھەڵوێستی دیکەش.
فیدراڵیەتێک کە ئەم ھەموو گۆڕانکارییەی ھێنابێتە ئاراوە، دژبەرەکانی
کردبێتە ھاوپەیمان و کۆتایی بە شەڕی ٥ ساڵە ھێنابێت، ھەم شایەنی
پیرۆزبایی لێکردنە و ھەم شایانی خەڵاتی نۆبڵە.
فیدراڵیەتی باکووری سوریا و دەوڵەتە کوردیەکەی باشوور:
ئەو فیدراڵیەتەی بۆ باکووری سوریا ڕاگەیەندرا، ھەموو بیروباوەڕ و
ڕەنگەکان لەخۆ دەگرێت، کەچی ئەو ھەموو دژبەرەی ھەیە.
بەڵام لە باشووری کوردستان، ماوەی ٦ ساڵە ڕۆژانە چەندین جار جاڕی
دەوڵەتی کوردی دەدرێت. نەک ھیچ دژبەرێکی ئەم دەوڵەتە کوردیە نییە،
بەڵکو دەوڵەتەکەش لەلایەن ئەردۆغانەوە ڕادەگەیەنرێت، لەلایەن قاسم
سولەیمانیەوە دەپارێزرێت، لەلایەن سعودیەوە کۆمەکی پێدەکرێت، لەلایەن
حکومەتی عێراقیەوە بوجەی بۆ دابین دەکرێت، لەلایەن ھێزە
ئیمپریالیستیەکانەوە چەک و تفاقی بۆ ڕەوانە دەکرێت، لەلایەن
ئۆردوگانشین و ئوتێلنشینانەوە زوڕنای بۆ دەژەنرێت و ھیچ کەسیش باکی لێی
نییە.
ئەمە یەک ڕاستیمان بۆ دەردەخات، ئەو ڕاستیەش ئەوەیە کە فیدراڵیەتی
باکووری سوریا لە بەرژەوەندی زەحمەتکێش و ئازادیخوازاندایە، ناوەڕۆکێکی
پتەوی ھەیە و وەرچەرخان لە ناوچەکەدا بەدی دێنێت. بەڵام دەوڵەتە کوردیە
پەتیەکەی بارزانی تەنھا قسەی ھەمەڕەنگە و قسەش ناچێتە ناو گیرفانەوە،
ناوێکی زل و ناوەڕۆکێکی بۆشە. ٤٠ ساڵ باس لە حوکمی زاتی کرا و
ئەنجامەکەی ئاشبەتاڵ بوو، ھیوادارم باسکردن لە دەوڵەتە کوردیەکەش زۆر
نەخایەنێت دەنا بەرھەمەکەی دەیان و سەدان شەنگالی زامدار دەبێت.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|