په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٤\٢٠١٧

قسەیەکی کورت لەسەر رای (زیا پەترۆس).


جیهاد محەمەد      


زیا پەترۆس سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بە پلەی وەزیر و بە بڕیاری پەرلەمانی جاران خوا عەفویکات، دەڵێت: "پاشکەوتی موچە و بڕینی موچە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، لەبەر ئەوەی بە گرێبەست هەموو ئەوانەی وەزیفەی حکومییان هەبووە، لە بەرامبەر موچەیەکی دیاریکراودا دامەزراون، واتە لایەنی حکومەت ئەم گرێبەستەی تا سەر جێبەجێ نەکردووە، بیانووەکەشی ناخوات، کە بە ناوی کەم دەرامەتی و قەیرانی حکومەتەوە ئەم مافەی پێشێلکردووە، چونکە شەفافیەت لە داهاتی حکومەتدا نییە و بێمتمانەیی لە نێوان خەڵک و حکومەتدا هەیە".

ئەگەر گوێ لەم قسەیە بگرین، ڕەنگە زۆربەی زۆرمان بڵێین، ئەم پیاوە پیاوێکی نەترسە و بوێرانە بەرگری لە مافی خەڵک دەکات و ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت.

بەڵام ئەگەر بە وردی قسەکانی لێکبدەینەوە، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمەش تەنها بۆ خۆ پەڕاندنەوەیە و هیچی تر، لەو بەرپرسیارێتییەی کە لەسەرێتی. تەنها بۆ ئەوەی کە وەڵامێکی پێ بێت بۆ ڕاگەیاندنەکان.

چۆن؟ بۆ وەڵامی ئەمەش من دەڵێم، نەخێر مەسەلەکە تەنها پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نییە، ئەمەیان بەشێکێتی، بەڵام بەشەکەی تری کە هۆکارێکی سەرەکیە بۆ دەیان پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، نەبوونی سیستەمێکی حکوڕانیی یاسایی و دادپەروەرە، حکومەت لە کوردستاندا دەزگایەکی هەڕەمەکی حیزبییە، پێش ئەوەی دەزگایەکی سیاسیی دادپەروەر بێت و بە گوێرەی دەستور و یاساگەلێکی دیاری دادپەروەرانە لە پەرلەمانەوە کار بکات و لەسەر بنەمای ئەو بڕیار و دەستورە هەڵبژێردراوە و یاسا دەرچووەکانی پەرلەمانەوە کار بکات.

هەر بۆ نموونە و لەسەر ئەم قسەیەی سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا، ئەم پرسیارە دەخەینە بەرچاو، ئایا هیچ کەسێک کە لە کوردستاندا دادەمەزرێت، ئاگاداری ئەو گرێبەستەیە کە سەرۆکی مافی مرۆڤ باسی دەکات و دەڵێت خەڵک بە گرێبەستێک دامەزراوە؟ یان هەر بۆ خۆی وەک هەموو مەسەلەیەکی دیکە کە خەڵک ناهۆشیارانە خۆی تێفڕێ دەدات، تەنها مەبەستیان دامەزراندنە و هیچی تر، چونکە دامەزراندن لە کوردستان و وڵاتانی نەوتدا تەنها بە سیاسەتێکی داپۆشینی بەتاڵە(بطالة مقعنة) دەکرێت و خەڵکیش دەزانن کە دامەزراندن و کارکردن لە دەزگا حکومییەکاندا، تەنانەت لە شوێنە هەستیارەکانی وەک مامۆستایی و پزیشکیشدا، یان دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و ئاگرکوژێنەوەکان، نیوە ئیش دەکەن و بایی ئەوەی وەری دەگرن ئیش ناکەن، واتە بە ناوی دامەزراندنەوە بە نیوە مشەخۆرییەک موچە وەردەگرن.

پرسیارێکی تر کە پشتیوانی لە ڕای ئێمە دەکات و قسەکانی سەرۆکی مافی مرۆڤیش ڕووندەکاتەوە کە ئەم دەستەیە هەموو پێشێلکردنێکی مافی مرۆڤ لە ڕهەندە سیاسیی و کۆەمەڵایەتی و ئابووریەکان ڕووت دەکەنەوە. بۆیە تەنها سەیری پێشێلکردنەکە دەکات بە بێ ئەوەی بزانن بۆچیی و هۆکاری چییە کە ئەم پێشێلکاریانە دەکرێت و چۆن دەتوانن بنەبڕی بکەن. چونکە ئیشی دەستەی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ تەنها ڕەخنەگرتن نییە، بەڵکو پێش ئەوە هەوڵدانە بە یاسا و سزای یاسایی و پەرلەمانی پێشێلکردنەکانی مافی مرۆڤ بسڕرێتەوە. ئەو کاتانەی کە بە بێ پلانڕێژی و بە هەڕەمەکی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دە ئەوەندەی جاران زیادی کرد، ئایا ئەم زیادکردنانە لەسەر داخوازیی مومچەخوران بوو؟ ئایا هیچ کام لە سەندیکاکان، یان کۆمەڵێکیان، یان هەموو سەندیکاکان پێکەوە دواکاری ئەو زیادکردنە بوون؟ یان کۆمەڵێک ئابووری ناس و شارەزایان لە بواری ژیانی گشتی خەڵکدا کە ئاگاداری نرخ و بایی کەلوپەلەکانی ناوبازاربن و ئاگاداری پێویستییەکانی ژیانی خەڵک بن بە گوێری ڕۆژ و پێشکەوتنی خەڵک، یان بە گوێرەی بەرزبوونەوەی داهاتەکانی حکومەت داوای زیادکردنی موچەی موچە خۆرانیان کردبوو؟ یان پرسیان پێکرابوو لە لایەن حکومەتەوە؟ ئایا بۆ ڕاگرتنی جۆرێک لە یەکسانی نێوان موچەخۆران، موچەکان زیادی کردبوو؟یان هەر هەڕەمەکییانە و بە گوێرەی پلەی حیزبایەتی و ئەوانەی کە لای حیزب پێویست بوو موچەکانیان بگاتە چەندین میلوێن دینار، وەک موچەی پەرلەمانتاران و وەزیرەکان کە موچەی هەندێکیان دەگەیشتە پێنج تا هەشت ملوێن دینار. واتە ئەوانەی کە زۆر نزیکن لە حکومەتەوە ئەوانە موچەکانیان گەیشتە بەرزترین ئاست.

کەواتە پێش ئەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێت، مەسەلەی موچە زیادکردن و لە پڕکات دابەزینی دەچێتە خانەی بێسەروبەریی حکومەتێکەوە کە وەک ئاشی نەزان خوا دەیگێڕێت.

ڕەنگە تووشی ڕەخنە ببم لای ئەوانەی کە تێناگەن، تەنها ئەوە دەزانن کە دژی کەمکردنەوەی موچە بن. کە لە ڕاستیدا ئەمە زۆر ترسناکە، چونکە موچە کەمکردنەوە لە چاو کەمکردنەوە نرخی مرۆڤ و هەرزانکردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە کوردستاندا ئەوەندە کاریگەری نییە. ئەوەی کە زۆر ترسناکە نەمان و حسابنەکردنە بۆ مرۆڤ، کاتێکیش ئەمە کرا، ئیتر نەک موچە کەمکردنەوە ئاسایی دەبێت لای حکومەتێکی ستەمکار، بەڵکو کوشتن و بڕین و ئەشکەنجەش لە زیندانەکاندا و بێ سەروشوێنکردنی کەسە سیاسییەکانیش ئاسایی بووەتەوە لە لای دەسەڵاتی سیاسیی پارتی و یەکێتی.


٨\٤\٢٠١٧ - سلێمانی
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک