٣\٦\٢٠١١
قسەیەک لە بارەی
بودجەوە.

ستیڤان ئەحمەد
هەلومەرجی دەستبەکاربوونی کابینەی شەشەمی
حکوومەتی هەرێم لە زەمینەی هەر پێنج کابینەکەی پێش خۆی جیاوازتر بوو،
گەر ئێمە بمانەوێ جیاوازیی ژینگەی کابینەی شەشەم بە ژینگەی سیاسیی و
کۆمەڵایەتی پێنج کابینەکەی پێش خۆی بەراوورد بکەین، بە دڵنیاییەوە
ناتوانین لە کورتە وتارێکدا مافی خۆی پێبدەین، بەڵام دەشێ بڵێین بوونی
ئۆپۆزیسیۆنێکی پەرلەمانی و یاسایی کە هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی
کابینەکەوە هاتۆتە مەیدان، بە خاڵێکی جیاکەرەوە دادەنرێت لە زەمینەی
کارکردنی کابینەی شەشەمدا، بەم بۆنەوە کابینەکە هەم لە ژێر چاودێرییەکی
وردی سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆندا بووە کە یەک لەسەر سێی پەرلەمان پێکدەهێنن،
هەم ئۆپۆزیسیۆن هەندێک جار و لە زۆر وێستگەدا لەمپەری لەبەردەم
کارەکانی حکوومەت دروستکردووە. "بۆ وێنە لە ماوەی 61 رۆژی خۆپیشاندان و
ناڕەزاییەکانی پارێزگای سلێمانی، هەموو پڕۆژەکانی حکوومەت پەکیان کەوت".
سەرباری ئەمانەش کابینەی شەشەم بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی کورتی خۆی و
ئەو بودجەیەی لە بەردەستی بووە توانیوویەتی لە چەندان رووەوە سەرکەوتن
بەدەستبهێنێت، لێ کەموکوڕیی هەیە و هەموو شتێک وەک ئەوەی دەبوو ببووایە،
نەبووە، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە کەم ناکاتەوە، کە کابینەیەکی چالاک
بووە و ئیرادە و هەنگاوی باشی ناوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک.
هەنووکە بودجەی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانە و لە ژێر نەشتەری
رەخنەی کۆی پەرلەمانتاراندایە، ئەگەرچی کات زۆر درەنگە و لە
کۆتاییەکانی مانگی مەی نزیک دەبینەوە، بەڵام مشتومڕی دڵخۆشکەر هەیە لە
دانیشتنەکانی پەرلەماندا بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەشێوەیەکی جیددی بخرێتە
بواری خزمەتکردنی هاووڵاتیانە. هەنگاوی کەمکردنەوەی رێژەی 10% لە بڕە
پارەی تەرخانکرابوو لە بواری خزمەتگوزارییدا و گەڕاندنەوەی بۆ سەر
رشتەی بەرهەمهێنان، یەکێک لەو دەستکەوتانەیە لە ئەنجامی گفتوگۆی دوور و
درێژیی سەرجەم فراکسیۆنەکانەوە هاتۆتە بەرهەم، بەڵام لەوەش زیاتر، دوو
خاڵی زۆر ئیجابی لە دانیشتنەکانی تاوتوێی پڕۆژەی بودجەدا بەدی دەکرێت،
یەکەم: فراکسیۆنی کوردستانی بە رۆحییەتی فراکسیۆنی دەسەڵاتەوە مامەڵە
لەگەڵ پڕۆژەکە ناکات، لایەنگریی کوێرانە ناکات، بەڵکو لە زۆرترین جاردا
رەخنەی ئەندامانی فراکسیۆنی کوردستانی زۆر گەوهەریتر و جیددیترە لە
رەخنە و تێبینی زۆرێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزیسیۆن. دووەم:
سەرباری ئەوەی کەناڵەکانی میدیای ئۆپۆزیسیۆن دەیانەوێ "کەموکوڕیی"ەکانی
بودجە وەک درێژەپێدەری شەڕی شەقام و خۆپیشاندانەکان بکەنە ماددەیەکی
ئیعلامیی، بەڵام کەشەکە لە پەرلەمان بەمجۆرە نییە و ئەندامانی هەر سێ
لیستەکەی ئۆپۆزیسیۆن تا ئەندازەیەکی باش، دوور لە ئەنتیبوونی جاران و
بە هەناسە و دیدێکی رەخنەگرانەی ئیجابییەوە بەشداریی لە پرۆسەی
گفتوگۆکاندا دەکەن.
بودجەی ئەمساڵ، بە گەواهیی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن، تا ئاستێکی زۆر،
لە بودجەی ساڵی رابردوو تێر و تەسەلتر و رێکوپێکترە، ئەمەش خۆی لە
خۆیدا خاڵێکی گەشە و حکوومەت دەتوانێت بەپێی ئەو پلانڕێژییە زۆر باشەی
کردوویەتی، هەنگاوی جیددی بهاوێژێت بۆ زۆرتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک
لە هەموو روویەکەوە، دەتوانێت بەو بودجەیە بڕێکی زۆر لەو پێویستی و
داخوازییانەی خەڵک بهێنێتە دی کە بەردەوام لە هەموو بۆنەیەکدا داوای
دەکەن، بودجەی ئەمساڵ لە بواری خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا کاری باشی
کردووە و دەتوانێ دەستکەوت بۆ زۆرینەی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بە
رێگەی جودا و لە ژێر ناوی جیاجیادا دەستەبەر بکات. من پێموایە بودجەی
2011 یەکێک لەو وێستگە گرنگانەیە کە دەکرێت وەک وەڵامێکی حکوومەت بۆ
خۆپیشاندەران مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چوونکە بە دیقەتدان لەو بەرنامە چڕ
و پڕەی دانراوە ئەو هەستەت لەلا دروست دەبێت ئەم بودجەیە دەتوانێت زۆر
بوار و زۆر لایەنی ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان بگرێتەوە.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین و پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی بودجەی ئەمساڵەوە هەیە،
ئەوەیە، بودجە بە بەراوورد بە دۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان و بەو ئاستە
بژێویی و ئابوورییەی خەڵک تێیدا دەژی، هەرواش بە بەراوورد بە ژیانی
ئابووری بەشەکانی تری عێراق، توانیوویەتی تەکانێک بدات بۆ پێشەوە و
جیاواز بێت لە ساڵانی پێشوو، کە من ئومێد دەکەم، ساڵی داهاتووتر لەگەڵ
زیادبوونی بەشی کوردستان لە داهاتی گشتیی عێراق، پلانێکی تۆکمەتر بۆ
بودجەی کوردستان دابنرێ، بەوەی، یەکەم: بواری بەرهەمهێنان و بوژانەوەی
کەرتی تایبەت بکرێتە بوارێکی پێشنۆرە و بە جیددی هەڵوەستەی لەسەر بکرێ
و ئیشی زۆری بکرێ. دووەم: پلانێکی تۆکمە دابنرێت تا بودجە لە بواری
پێشخستنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و خزمەتگوزارییدا جێگە دەستی خۆی بۆ
ساڵانی دواتر دابنێت. بەڵام لە پوختەترین دەربڕیندا و بە یەک دێڕ:
بودجەی ئەمساڵ وێڕای دواکەوتن و هەر کەموکوڕییەک، بودجەیەکە بۆ
خزمەتکردنی خەڵک و نیشانەیەکیشە بۆ سەرکەوتنی کارەکانی کابینەی شەشەمی
حکوومەت.
Shamzini79@yahoo.com
|