په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٤\٢٠١٤

قسەی سەرۆک چەکدارێکی خۆفرۆش.


شوان سدیق      

 

پێنجی ئایاری ساڵی (٢٠١١) ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان، بڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد بەژمارە (٢/١/٩٤٣) پاشان رەوانەی سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی «ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، گەرمیان»ی کرد، لەبارەی دادگایکردنی تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال. کە بەپێی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ژمارە (٤٢٦١) لە (٢٥-٤-٢٠١١). ھەروەھا نوسراوی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە ژمارە (٦٩٤٧) لە (٢٦-١٠-٢٠١٠) کە تێیدا باس لە مزەکەرەی ئەمر قەبزی ٢٥٨ کەسی تۆمەتباری ئەنفال و جینۆساید دەکا بۆیە بەپێویست دەزانرێ داواکاری بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان لەعێراق جێبەجێ بکرێ کەپێشتر لە ٢٠ی ئایاری ٢٠٠٧ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ئەو تۆمەتبارانە کە دانیشتوی ھەرێمی کوردستانن، دەر‌کرد.


دوای ماوەیەکی زۆر پرسی دادگایکردنی تۆمەتباران زیندوکرایەوە، ئەو ماوەیە لەھەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی شەقام و سەکۆی راگەیاندن و میدیاکان، باس ھەر باسی دادگایکردنی تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال بوو بۆ ھەمان پرس منیش وەک رۆژنامەوان لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١١ تەوەرێکی رۆژنامەوانیم بۆ گۆڤاری سڤیل ئامادەکرد لەبارەی پرسی دادگایکردنی سەرۆک چەکدارە خۆفرۆشەکان و مستەشارەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەشداربون. لە دەسەڵاتی رژێمی بەعس کەساڵانێکە تۆمەتبارن بە پرسی ئەنفال و جینۆساید.


لەو تەوەرەدا جگە لەچەند سەرۆک چەکدارێکی خۆفرۆش و مستەشارێک ھەریەکە لە وەزیری شەھیدان دکتۆر مەجیدو وەزیری ناوخۆ کەریم سنجاری و ژمارەیەکی زۆر لەکەسوکاری ئەنفالکراوان و چاودێرانی یاسایی و سیاسی و کەسانی خاوەن ئەزمون و پارێزەرانی ئەنفال بەشداربون.


ئەوەی بەگشتی لەو بەدواداچون و دیدارانە بۆم دەرکەوت راستیەکە پێویستە بگوترێ کە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی وەزیری ناوخۆو کاروباری شەھیدان ھەردولایان بەشێوەیەکی زارەکی دەیانوت «پێویستە سەرۆک چەکدارە خۆفرۆشەکان و مستەشارەکان دادگای بکرێن».


رەنگە بۆچونی وەزیری شەھیدان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ جیاوازتربوبێ بەوپێیەی وەزارەتی شەھیدانیش داوای لەوەزارەتی ناوخۆ کردوە، کە پێویستە تۆمەتبارانی ئەنفال دەستگیربکرێن، بۆیە تۆپەکە لەگۆڕەپانی ئەواندایە.


راستیەکەی ئەوەیە دادگایکردنی ئەو تۆمەتبارانە کارێکی ھەروا ئاسان نیە لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر لەو سەرۆک چەکدارە خۆفرۆش و و مستەشارانە کەتۆمەتبارن لەناو ریزی حزبە دەسەڵاتدارەکان، یاخود بەشێکی زۆریان بەھۆی پێگەی عەشایری و ناوچەییەوە تا ئێستاش خەڵکێکی زۆریان لەگەڵدایە بۆیە بەدەستگیرکردنیان رەنگە بارگرژی روبدا. ھەر ئەوەش وایکردوە، حزب رادەستیان نەکات و حکومەتیش بیر لە ‌دەستگیرکردنیان نەکاتەوە.


بە جۆرێکی تر لایەنە دەسەڵاتدارەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی سود وەردەگرن لە دەستگیرنەکردنی چەکدارە خۆفرۆشەکان و مستەشارەکان، چونکە تائێستاش بەشێک لەپیاوانی پێشوی بەعس کەئێمە مەبەستمانە باسیان دەکەین حزب پارەیان بۆ دیوەخان و لۆقەنتەخانەکانیان خەرج دەکا. ھەر ئەوەش وایکردوە. مستەشار و سەرۆک چەکدارە خۆفرۆشەکان پێیانوتم ئەگەر پارتی پێمان بڵێ بچنە دادگا ئامادەین بڕۆینە بەردەم دادگا بەمەرجێ دادگایکردنەکە لەھەولێر بێت.


لە دەرەوەی شاری ھەولێر گفتوگۆم لەگەڵ سەرۆکێکی چەکدارە خۆفرۆشەکان ئەنجامدا ئەو خۆی و باوکی بەھۆی بەشدارییان لە رژێمی بەعس رۆڵی بەرچاویان ھەبوە، لەو ناوچەیەو ئێستاش دەوری کاریگەریان لەوسنورە ھەیە پاش چەند خولەکێک گفتوگۆ دواتر پرسیاری کرد وتی پێتوایە ئێمە دەستگیربکرێین؟ منیش وتم بەپێی ئەو داواکاریەی دادگای باڵای تاوانەکان لەعێراق. بەڵێ دەبێ بچنە دادگا لەوەڵامدا وتی «قسەی سەیر دەکەن، خەڵک دوای کڵاوی بابردو دەکەوێ».


قسەی ئەو سەرۆک چەکدارە خۆفرۆشە ئەگەر لێی وردببیتەوە،‌ زۆر ھەڵدەگرێ ئەگەر یەک روی بۆ خوێنەران و خەڵکی خۆمان بخەینەڕوو ئەوەیە کە رەنگە بەتەنیا قسەی کەسێکیان نەبێ ئەمە بەشێکیان ھەمان بۆچونیان ھەیە لە کوردستان و عێراقیش بەگشتی دادگایکردنی کەسانێکی وەھا رویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەرگرتوە، بەئاسانی ھێزە دەسەڵاتدارەکان نایانەوێ یان پاڵپشتیان لێدەکەن کە تۆمەتبارانێکی وەھا رۆژگارێک خیانەتیان لەم خاک و نیشتمان و وڵات و ھاونیشتمانی ئەم وڵاتە کردوە. بدەن بەدادگا بۆیە ئەوانیش بەو جۆرە قسە دەکەن.


بەش بە حاڵی خۆم گەشبین نیم بەم سیاسەت و حوکمڕانی کوردیەی ئەمرۆ چونکە بەرپرسان و دەسەڵاتداران و حزبی کوردی ھێندە وەفادارییان بۆ کورسی و پارەیە، پشتیان لەمۆدێلی بەعسیزم نەکردوە. لەکاتێکدا کەچواردەی چوار یادی شاڵاوی ئەنفالە دەبوایە ساڵانێک لەمەوبەر تۆمەتباران بدرانایە بەدادگا بەڵام نەکرا.

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک