په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٠\٢٠١٧

قسە زۆرە و، چارەیش کەم و ئەستەم.


ئەرسەلان مەحمود  


جا ریفراندەم چییە؟!! برایم خەلیل و حاجی ھۆمەرو کێڵگە نەوتییەکان و ئەم شتانە، خۆ گیانی پێشمەرگە بەناحەق شەھیدکراوەکانی ١٦/١٠ نین، ھەروا سادەو بەم سبەی ناساڵحییەی ئێوەیەک لەدەست بدرێن! جەنگینەکەی ئێوەیەک دەمێک ساڵە دیارە لەسەر چییەو لەبەر چییە، دنیا دەزانێت ئێوە چجۆرە ھەڵەوڕو سازکارێکن، بەڵام دەی با لەجوگرافیاو نەوت و مەوتی ئابوری دزراو گەڕێن!! وڵاممان بدەنەوە، گەر ھەر سازشتان دەکرد، پێمانبڵێن ئەدی ئەم ھەموو کوڕە قارەمانانەتان بۆ بەکوشتدان؟!! وڵاممان بدەنەوە، ئەی ئەم سەدان ھەزار کوردەتان بۆ دەربەدەرو ماڵوێرانکرد؟!! لەپای چیدا ئەم میللەتەتان شکۆ شکاوکرد؟!! ئەی نەتاندەگووت ھەرگیز ناکەوینە وەھا دۆخێکەوە؟!! بەپێی تەحلیلات و تەبلیغاتی ئێوەیەک بوایە، دەبوایە ئێستا ھەر قاچمان لەسەر نیشتمان بوایەو سەرمان لەکەشکەلانی فەلەک!! گەر ھەر کارتان پێنەدەکرد، ئەم کەرەتا بۆ بەم خەڵکە داماوە گا؟!!، ئەم گێرەیە، ئەم تێکەولێکەیاتن بۆ بەم میللەتە مەزڵومە کرد؟!! یان کاتێک دەبینن وا دەرو دەروازەی دەرودراوسێ و ڕێی تورکیاو سەفەریشتان لێدەگیرێت، خەریکە دڵتان بوەستێ و، بەم نیوەی شەوە ٢٤ لەسەر ٢٥ / ١٠ دەکەونە خۆو دەرئەنجامی ڕیفراندەم و دامەزراوەکانی وڵات سڕ دەکەن!!

بەنجکارییەکەی دوێ شەوو ئەوەی بڕیاریشە سبەی ٢٦ / ١٠ ڕوبدات، لەڕاستیدا بەرئەنجامی ئیحراجبوونێکی شەرمھێنەری بەردەم ھەڵەوڕی و ملھوڕیتانە لەئەداو سیاسیەتکردندا، نیشانەی ئەوپەڕی بەکۆتا ھاتنی توانستەکانتانە لەسەرکردایەتی سیاسی و سەرۆکایەتی ھەرێمدا، بۆ ئەوەتانە شکستەکەتان ڕوپۆش بکەن و خۆتان بدزنەوە لەھەڵگرتنی وەھا بەرپرسیاریێتییەک، ئەگەر نا، لەبری بەنیشتمانی کردنی شکستەکەتان، لەڕێگەی بارکردنی پارلمان و حکومەت، ڕاستگۆیانەو ئابڕومەدانە دەبوو لەبڕی سڕکردنی دەرئەنجام و دامەزراوەکان، ھاوکات لەگەڵ ددانھێنانیان بەشکستەکانیاندا، دەستیشیان لەکار دەکێشایەوە لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بەمەیش دەتانتوانی لەدوا ھەنگاوتاندا ئیرادەو شکۆی شەقام و بزاوتی سیاسی لەم وڵاتە بگەڕێننەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک و مەیدانەکە لەبری متبوون جۆشبدرایەوە.ئیتر بەسە! دەیانساڵە لەبری بەنیشتمانی و دامەزراوەیکردنی پاڕلمان و حکومڕانێتی، شکست و نەھامەتییە کەسیەکان لەسەر کەوڵی ئەم میللەتە مەزڵوم و گیان پاکە بەنیشتمانی دەکرێن!!

بارزانی و سەرکردایەتی سیاسیەکە، بۆ ئەوەی ئۆباڵی شکستەکە لەخۆیان داماڵن و دور بخەنەوە، بۆ ئەوەی غەزەبی خەڵک لاڕێبکەن و لەخۆیانی دور بخەنەوە، حکومەت و پاڕلمان دەکەنە واجیھەی بەنجکاری، وەک ئەوەی ھەڵەوڕییەکە بەبڕیارو ڕاسپاردەی حکومەت و پاڕلمان بڕیاری لێدرابێ و کرابێت، حکومەت و پاڕلمان لەڕابردوشدا بەکاربران و لەئێستاشدا لەشکست باردەکرێن، بەڵام گەر ئەنجام و دەرئەنجامەکان پێچەوانە بەوەھا ڕەوشێک ھاتبانەوە، ئەوا ئێستا سەرۆکمان زێڕە دەگوتراو، سەرکردایەتی سیاسیش تیایدا بەتەڵ دەبوون!!

قسە زۆرەو، ڕێگە چارەیش کەم و ئەستەم، ئێستا دەرکەوت نە بارزانی و نەسەرکردایەتیە سیاسییەکە، ئیرادەو بوێری ئەوەیان تیادا نییە ئۆباڵی شکست و مەینەتییەکە بگرنە ئەستۆی خۆیان، جارێک ئەم و ئەو تۆمەتبارو تەخوین دەکەن و، جارێکی تریش دەستە چەورەکەی خۆیان بەحکومەت و پاڕلمان دەسڕنەوە!!، ئینجا بۆ ئەوەی سەرئەنجام کۆمەڵانی خەڵک باجەکەی نەدەن، باشرین چارەسەر لەوەھا فەڕاغێکدا ئەوەمەیە: خەڵکی بەیەکەوەو، دەست لەناو دەست، یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست، بێنە سەر ھەست و شان بدنە بەر ڕاستکردنەوەی شکستەکەو تێپەڕاندنی دەرگیری و نەھامەتییەکان.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک