٢٩\١٢\٢٠٠٩
قۆناغی ئێوەیە،
ئێمەش دوایی!

سەلام عەبدوڵا
زۆربەی
ئەوانەی باسیان دەکەم هێشتا راستەوخۆ پەیوەندیان بە پرۆسەی
کار-سەرمایەوە نییەو تەنها قوربانیانی رژێمی چینایەتی و رۆشنبیرەکانی
پێکدەهێنن کە هەڵپەهەلًپی قازانجن و چ بەیەخێکی جددی بە
ژیانی"رەعیەتەکەی"نادات و تەنها بۆ ئارایش کردنی روخسارەکەی،
فەقیرانە(30هەزار دینار)بە کەمئەندام و هەژاران دەدەن. ئەو نەگبەتانە
بەشێکن لەو مرۆڤانە کە حکومەت پێیان دەڵێ(ئێوە ئازادن، خۆتان نانی
خۆتان دەربکەن!)و نە ماڵەکانیان و نە موبەقەکانیان و نە ئۆتۆمبیلەکانی
گواستنەوەیان لەوانەی"پایە بەرزەکان"دەچێ...ئەم قوربانییانە مافی
پشیلەیەکی نیشتەجێی سوید یان فینلەندیشیان نییە!
بەسەرهات
و ژیان و گوزەرانی هەر خێزان و تاکێکی نووسینەکانم بۆ خۆیان رۆمانێکن
کە لە دواییدا پاڵەوانەکانی لەژێر رۆشنایی و ئەو ئاسمانە شینە بێوێنەیە،
روخسیاران پیشاندەدەن، بەساکاری گوزارشت لە نەهامەتییەکانیان دەدەن،
ناخیان وەک جلە شڕەکانیان لەسەر تەنافی ماڵەکانیان هەڵدەدەن، گۆرانییە
خەمگینەکان دەڵێن، تەنها هاوار دەکەن و نە"خوا"و نە حکومەت، نە حزب و
نە رێکخراوەکان گوێیان لێدەگرن، هەر ئەڵێی بە گوێی یەکتریان خوێندووە.
مەهاباد عەبدوڵڵا دایکی3منداڵ(مریەم، خالد، موستەفا)، وتی:
هاوسەرەکەم(جەمیل ئیبراهیم) لەبەر بێکاری رووی لە فەلوجە کردووەو لەوێ
لە کەبابخانەیەک کاردەکات و مانگی3رۆژ بۆ لامان دەگەڕێتەوە.
-ئەی ئەو کچە کێیە؟
مەهاباد: ئەوە خوشکی مێردەکەمەو باری دەروونی خراپە.
چارەنووسی
ئەم خێزانە، خزمێکی بەبیرهێنایەوە: سەمیعە لەگەل2کچ و کوڕەکەی بەکرێ لە
کەلاوەیەکی شڕ نیشتەجێیەو هاوسەرەکەی لەبەر بێکارێ تا پێش ماوەیەک وەک
بەرگدوور لە سلیمانی کاری دەکردو ماوەیەکی زۆر لەشوێنی کارەکەی دەخەوت
وئێستا لە شارەبان کاردەکات. ئەم هاوسەرو منداڵانە
لەلایەن"نەناسراوێک"ەوە بەوە سزادراون، زۆربەی رۆژەکانیان لەدووری
یەکتر بەسەر ببەن!
فاروق غەیدان(کەمئەندام)بەهۆی کێشەی ناو خێزانەکەی هاوسەرو منداڵەکانی
لە بەغدا بەجێهێشووەو ئێستا لەگەل براکانی لە کەلاوەیەکی شڕ پێکەوە
دەژێ. زۆر جار لە کەناڵەکانی تەلەفزیون پێشمەرگە دێڕینەکان پاش
نزیکەی20ساڵ، لەپێش ئەو گەوڕانە کە مرۆڤی تێدا دەژێ، رادەوەستن و باسی
بەسەرهاتی خۆی دەکات!
گەنجێکی
زۆر هەیە لەبەر بەرپرسیارییەتیان لەبەرامبەر دایکوباوک و خوشکەکانیان،
ناتوانن هاوسەرگیری بکەن. پیرەژنی وا هەیە کە لەنزیکەوە دەیانناسم،
بەهۆی تەنهایی و نەبوونی بنکەی خزمەتگوزاری، ناچارن هەر رۆژێک روو لە
کچ یان کوڕێکیان بکەن. بەهزاد ئیبراهیم ژیان و کوزەرانی خۆی
و6منداڵەکەی کە لەناو تاقە ژوورێک بەسەر دەبەن، بە وەرگرتنی10ملیون
دیناری ماددەی140گرێداوە!
ئەم مرۆڤانە بە حوکمی واقعی ژیانیان، ئاگایان لە رۆژنامەو گۆڤارو
مشومڕی"رۆشنبیرە گیرفان پڕەکان"نییە، ئەوەی مێشک و هەست و بوونیانی
داگیرکردووە، خەمی بژێوی رۆژانەی منداڵەکانیانە. شەوان، لەو کاتە کە
لەگەل چاوەڕوانی و هیواکانیان خەویان لێدەکەوێ، بەدیاریانەوە دادەنیشم
و ئەو مافە بەخۆم دەدەم نەفرەت لە هەموو ئەوانە بکەم کە بوونەتە هۆی
ئەم تراژیدیا مرۆییەو هەموو کەون بە نیشتمان، نەتەوە، ئاینەکان،
فەلسەفە، فکر، شعرو هونەر بەلامەوە نرخی سوتکە جگەرەیەکیان نییەو
تەنهاو تەنها(دادوەری کۆمەڵایەتی)وەک سەنتەرو ناوەڕۆک و مانای خیتاب
دەزانم. ئەوان زۆر باسی دیالۆک دەکەن، بەڵام کامەو بۆچی و چی بەو
دیالۆگە لەسەر ئاستی
عەمەلی
لە ژیانی خەڵک دەگۆڕدرێ؟. ئەوەی روون و ئاشکرایە بەرپرس و خاوەن
سەرمایەکانی دەوروبەریان خاوەن کۆمپانیا و بازاڕو گرێبەست و سەروەت و
سامانە سرووشتییەکانن، بۆیە هەر خۆیان بەرپرسن لەبەردەم ئازارو
قوڕبەسەرییەکانی خەڵک...هەندێ بەرپرس بە زمانێکی پڕ سەیروسەرمەر پێمان
دەڵێن: هەموو شتێک بە قۆناغە. ئێمە دەڵێین"فەرموودەتانە"، ئێستا قۆناغی
راورووتکردنی قوتی خەڵک و خۆ دەوڵەمەندکردن و دزینی سەروەت و سامان و
دابینکردنی ژیانی ناو تەلارو ڤیلایە بۆ خۆتان و خەڵکیش دەبێ چاوەڕوان
ببن تا ئێوە دەڵێن بەسە، ئەوجا قۆناغی ژێردەستەکان، بۆ نموونە وەک
زەکیە دەستپێدەکات و دەبێ بەتەنهایی لەناو کەلاوە شڕەکەی سەربنێتەوە.
نوکتە گێڕانەوە، قسەی خۆش، سیاسەتی سازشکاری و وەرگرتنی پلەوپایە، کات
و ئەقڵ بەفیڕۆدانەو هیچ دادی ئێمە نادات!
|