٩\٩\٢٠١٣
قەسابخانەکەی
(پشتئاشان) لە گێڕانەوەی
شایەدحالێک!!
مستەفای حەسەنە گەورە:
نەوشێروان سەرپەرشتییکەری
راستەوخۆی شەڕی (پشتئاشان)
بوو.

سازدانی: شەماڵ عادل
سەلیم
ئەستەمە
برواکردن بە هەندێک ڕووداو و بەسەرهات و گێرانەوە،
بەلام کاتێک ئەم بەسەرهاتانە لە زاری شایەدحالێک و
بەشداربوویەکی زیندووی رووداوەکە دەبیستی،
ناچاری باوەڕ بکەی و بە پشت قایمیەوە قسەکانی بۆ مێژوو تۆمار بکەیت...
بەڵێ، ئێمە هەتا ئەمرۆ تەنها لەدەمی سەرکردە
و پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی عیراق قەسابخانەی (پشتئاشان)مان بیستووە و
ڕووداوو بەسەرهاتە خوێناویەکەشی بە
تێروتەسەڵی خراوەتە بەر باس و ڵێکۆڵینەوە، بە
واتەیەکی تر گێڕانەوە و هەڵسەنگاندنی شەرەکە و رووداوە
خوێناویەکەی (پشتئاشان) تەنها یەک لایەنە
بووە و لە بازنەیەکی تەسکی داخراو، و تەنها
لە نێوان پێشمەرگە
و سەرکردەکانی حیزبی شیوعی و کەسوکاری قوربانیان ماوەتەوە!!
بەڵام ئەم جارە، جیا لە جارەکانی دیکە، لەم
دیمانەیەدا کاک (مستەفای حەسەنە گەورە)، پێشمەرگەیەکی دێرینی (یەکێتی
نیشتمانی کوردستان) وەک شایەدحاڵێکی زیندووی بەسەرهاتەکە، زۆر بوێرانە
و بە ئەمانەتەوە باسی قەسابخانەی (پشتئاشان)مان
بۆ دەکات، کە بەو هیوایەم ئەو ئازایەتییەی
کاک (مستەفا) ببێتە هاندەرێک بۆ شکاندنی دیواری بێدەنگی و پەردەڕاماڵین
لەسەر ئەم رووداوە خوێناوییە تۆزلێنیشتوەی
کە تا ئەمرۆش ئاسەواری بە جەستەی حیزبی
شیوعی عێراق باش دیارە، برینە قوڵەکانیشی قەتماغەیان نەکردووە
و تا ئەمرۆش خوێنیان لێ دەچۆڕێ!!
کاک (مستەفای حەسەنە گەورە)، نووسەر و چاڵاک
لەبواری بەجینۆساید ناساندنی (هەڵەبجە و
ئەنفال)، لە دیمانەیەکی تۆمار کراودا کە
نەواری (کاسێت) لە ئەرشیفی (کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی شیوعی
عیراق پارێزراوە)، زۆر بوێرانە و ڕاستگۆیانە
قۆڵی لێهەڵماڵیووەو وەک بەشداربووی شەڕی براکوژیی
نەخوازراو، و پێشمەرگەی مەڵبەندی
(٣)ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، و
شایەدحاڵێکی زیندووی قەسباخانەی (پشتئاشان)، بە جورئەت و بە
گیانێکی لێپرسراوەتیەوە، باس لە
قەسابخانەی (پشتئاشان) و ڕووداوەکانی ئەم کارەساتە لەبیرنەکراوە دەکات
و زۆربەی سەرنج و تێبینییەکانی خۆی دەخاتەڕوو، بوێرانەش وەک
بەشداربووەکی ئەم شەڕە نەگریسە داوای لێبوردن لە
کەسوکاری قوربانیان دەکات!

مستەفای حەسەنە گەورە
وێنەی ئەو پێشمەرگە شەهیدە شیوعیەی کە
(٣٠) ساڵە
لە
ئاداری ١٩٨٣
ئەرشیفی (مستەفای
حەسەنە گەورە) پارێزراوە - ٥\٦\١٩٨١
شەماڵ عادل سەلیم: کاک (مسەفای حەسەنە
گەورە)، هەروەک جەنابت لە نووسینێکت ئاماژەت بەوەکردەوە و دەڵێێ: (پشتئاشان)
بەپێی زۆری ژمارەی قوربانیانی، گەورەترین شەڕوپێکدادانی سەردەمی شاخ
بوو ، دەکرێ جەنابت زیاترو روون تر باسی ئەم کارەساتە خوێناویە بکەیت
وەک بەشداربوو و شایەدحاڵێک؟
مستەفای حەسەنە گەورە: سوپاستان دەکەم و
هەوڵدەدەم بەوپەڕی ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە ئەم کارەساتە بگێرمەوە ، وەک
شایەدحاڵێک و بەشداربوویەک ، چونکە هەروەک هەموولایەک دەزانین ،
پشتئاشان ، مێژوویەکی خوێناوییەو دەبێت بە راستگۆییەوە باسی بکەین و ،
هەر هەمووشمان بیزانیین و هەوڵی ئەوەش بدەین کە جارێکی تر ئەم جۆرە
کارەساتانە دووبارە نەبنەوە.....!!
لێرەدا دەبێ ئەوش بڵێم کە من بۆ گێرانەوەی ئەم ڕووداوانە پشت بە
بیرەوەریە تۆمارکراوەکانی نێو دەفتەری پێشمەرگایەتیم دەبەستم ، ئەو
دەفتەرەی کە ڕووداوەکانم تێدا تۆمارکردووەو لەکاتی بینینیاندا......!
با بێمەوە سەر ئەسڵی مەبەست و وەڵامی
پرسیارەکەت بدەمەوە:
بەهاری ساڵی ١٩٨٣ بوو، ئەوکات من پێشمەرگەی مەڵبەندی (٣)ی یەکێتی
نیشتمانی کوردستان بووم ، تەمەنم ٢١ سالی بوو ، لە ١٨ نیسان ی هەمان
ساڵ ،من و کاک (ئیبراهیم جەلال) و شەهید (مستەفا سوڵتانەیی) و کاک (ئیسماعیلی
وەرتێ) لە مەڵبەندەوە بەرەو ( دۆڵی خانەقا ) بەڕێ کەوتین.
هەرکە گەیشتینە شوێنی دیاری کراو ، سەردانی کۆمەڵێک بەرپرس و دۆست و
هەوادارانی خۆمانمان کرد ، لەوانە فەرماندەی تیپی( ١٢ )ی سۆران کە
ئەوکات شەهید (حەسەن کوێستان)ی بوو ، هەروەها کاک (قادر خەبات) کە
ئەوکات سەرتیپی( ٧٤)ی باڵەک بوو . دوای چەند دەرچون و سەردانێک ،
شەوگەڕاینەوە کەرتی ڕێکخستنی (چۆمان) ...
ڵێرەدا بەڕاشکاوی دەمەوێ ئەوەبڵێم کە ئەم گەڕان و سوڕانەی ئەم جارەم ،و
ئەوگفتووگۆ گەرم و توندەی کە لەنێوان بەرپرسی کەرتی رێکخستنی چۆمان و
کاک (ئیبراهیم جەڵال) هاتەئاراوە، زۆر پرسیارو بابەتگەڵێکی جدی لەلای
منی پێشمەرگەیەکی تازە پێگەیشتوو و کەم ئەزموون دروست کرد ، یەکەم جار
بوو کە ئەم قسەو و ڕەخنانە ببیسم کە ئاراستەی کاک (ئیبراهیم )دەکرا .
هەربۆمێژوو دەمەوێ لێرەدا ئاماژە بە کۆی قسەکانی بەرپرسی رێکخستنی
چۆمان بکەم ، بەرێزیان زۆر بەدڵ گەرمیەوە قسەکانی دەکردوودەیگووت:
ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بە پرەنسیپێکی جوان و رێک و پێک و
لەچوارچێوەی پەیرەوی ناوەخۆی کۆمەڵە پەروەردە کراوین لە رێکخستنەکانی
شار، بەڵام کەدێینە شاخ ، شتێکی تر و دنیایەکی جیاوازی تردەبینیین کە
عەرزو ئاسمان لێک جیاوازن .......!!
هەتا دەهات گفتووگۆکە توندتر دەبوو و رەخنەکانیش زیاتر دەبوون ، بۆ
ئەوەی ئێمەی پێشمەرگەی ئاسایی چی تر گۆێ بیستی ئەم بۆچوون و ڕەخنەو و
گلەییانە نەبیین ، هەردوولا بریاریاندا کە بچنە ژورێکی تر، بۆ
تەواکردنی قسەو باسەکانیان .......!!
ئەوبوو ئەوشەوە هەر لەوێ ماینەوەو ، لێرەدا دەمەوێ ئەوش بڵێم کە بۆمنی
پێشمەرگەی ئاسایی بەئاشکرا دەرکەوت کە خەڵکانێک هەن لە ریزی یەکێتی
ناڕازین لە سیاسەت و هەڵسووکەوتی حیزبەکەیان ، بوێرانەش قسەدەکەن و
رەخنە دەگرن ..... !!
بۆ بەیانی سەردانی چەند شوێنێکی ترمان کردوو و لەرێگای گەڕانەوەمان بۆ(
وەرتێ )، لەکاک (ئیبراهیم)م پرسی ، ئەم سەردانەمان بۆ ئەم شوێنانە چی
بوو ؟ لەوەڵامدا کاک (ئیبراهیم) بەراستگۆیی وەڵامی دامەوەو گوتی : لە
ماوەیەکی کەمدا شەڕێکی گەورە لێرەدا بەرپا دەبێت ، بەڵام لای کەس باس
مەکە ....!! ئەوش ئەوە دەسەلمێنێت ، کە (سەرکردایەتی یەکێتی پڵانی شەڕی
پێشتر دانابوو) ... !!
ئەم هەواڵە وێرای ئەوەی کە بۆ من شتێکی نوێ بوو، زۆریش پرسیاری لا
دروست کردم و بەڵام من هیچم نەپرسی و تەنها بێدەنگ بووم ....
دەنگی دەهۆڵی شەڕ تا دەهات نزیک تر دەبوەوە ، ئەوبوو لە رۆژی ٢٦ ی
نیسان جارێکی تر بریادارا کە سەردانی (دۆڵی خانەقا) بکەینەوە ....
لە ٢٨ نیسان ، هەواڵی گیرانی بارەگای مەڵبەندی (چوار)مان لە بالیسان
لەلایەن پێشمەرگەکانی بەرەی ( جود) و حیزبی شیوعی عیراق پێگەیشت ، کە
بەراستی ئەم هەواڵە چاوەڕوان نەکراوە هەرهەموومانی ناڕەحەت و بێ ئۆقرە
کرد ، دەبێ ئەوش بلێم ، کە هەتا ئەوکات یەکێتی بڕیاری شەڕی دژ بە (
حیزبی شیوعی عیراق ) نەدابوو .
بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش ، تەنها پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی بۆیان
هەبوو بەئاسانی هاتۆچۆبکەن و بێنە (دۆڵی خانەقا )و ناوچەکانی تر کە
هێزی ئێمەی لێ بوو ، بەپێچەوانەی چەکداری لایەنەکانی تر ، کە یەکسەر
چەک دەکران .... !!
رۆژی (٢٧) نیسان ،ئەو رۆژە بوو کە (بێ تەلەکەی) مەلبەندی( ٣ )لەکار
کەوت ، هەروەها مەلبەندی (٤ )یشمان گیرابوو ، ئەوە بوە هۆی ئەوەی کە
ئەم دوومەڵبەندە پەیوەندیان بە سەرکردایەتییەوە نەمێنێ ....
تەنها ئەوەندەمان دەزانی کە هێزێکی گەورە لە سەرکردایەتیەوە جولێنرابوو
بەرەو (بناری قەندیل و دۆڵی قەڵاتووکان و رەزگەو ئاشقۆڵکە) بۆ لێدانی (حشع
و پاسۆک و سۆسیالست) .
هەر لەم ساتەدا ، کاک (ئیبراهیم جەلال) ، داوای لە شەهید ( محەمەدی
حەسەنە گەورە) ی برام کرد ، کە هەرچی زووە خۆی بگەێنێتە سەرکردایەتی و
جیهازی بێ تەل بهێنێت و تا پەیوەندیەکان دروست ببنەوە ...
هەربۆ ئەم کارە من و (شەهید محەمەد و شەهید حەسەنی ئامۆزام) بەرەو (دۆڵی
پڵینگان) بەڕێکەوتین ، من بەهۆی نەخۆشکەوتنم لە رێگا لە (دۆڵێ) مامەوەو
، (شەهید محەمەد و شەهید حەسەنی ئامۆزام) لەرێگای دەربەندی (ڕانیەو
دەشتی بۆسکێن و بەستەستێن )خۆیان گەیاندە سەرکردایەتی و لەوێ چاویان بە
(ملازم عومەر) کەوتبوو ، داوای جیهازیان لێ کردبوو بۆ مەڵبەندی( ٣ )،
بەڵام لەوکاتەدا بەهۆی تۆپبارانی ریژێم بەعس بۆ ناوچەی
(قەڵا تۆکان)،ئەوهێزەی کە جولێنرابوو بەرو (پشتئاشان) بەر ئەو
هێرشە کەوتبوو و ببووە هۆی شەهید بوونی چەند پێشمەرگەو لەناچونی
جیهازەکەیان ، بۆیە سەرکردایەتی بریاری دا لەبری ناردنی جیهازەکە بۆ
مەلبەندی (٣) ، بە شەهید محەمەدی برام
بینێرێت بۆ کاک نەوشێروان مستەفا، کە سەرپەرشتی هێزەکەی دەکرد ..
شەهید (محەمەد)ی برام ئەو کات بەرپرسی کەرت بوو ،کەسێکی چوست و زیرەک
بوو لە هەمووبوارەکان ، لەهەمان کاتیش دژی شەڕی براکوژی بوو ، هەربۆیە
بە (ملازم عومەر)ی گوتبوو ، من ئەم کارە ئەنجام دەدەم ،بەڵام بەهیچ
شێوەیەک بەشداری شەڕ ناکەم ، من نەهاتووم بۆ کوشتنی پێشمەرگە ...!!
دەبێ لێرەدا ئەوش بڵێم ،کە یەکێک لە سیفاتە هەرەجوانەکانی شەهید (محەمەد)
ئەوە بوو کە هەمیشە دەیگووت من شەڕی پێشمەرگەی لایەنەکانی تر ناکەم ،
من هاتووم بۆ جاش کوشتن و بەعسی کوشتن ....... !!
هەر لەو
سەروبەندەدا، ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان بروسکە نامەیەکی بڵاوکردەوە و
چەند جارێکیش دوبارەی دەکردەوەو دەیگووت : ( داوا لەو پێشمەرگانە
دەکەین کە لەگەڵ هەڤاڵ محەمەدی حەسەنە گەورەن بگەرێنەوە شوێنی خۆیان )
، من لە گەڵ بیستنی ئەم بروسکە نامەیە ، خێرا خۆم گەیاندە بارەگای
مەڵبەند لە (وەرتێ ) ، کە گەیشتمەوە مەڵبەند بینیم مەڵبەند چۆڵە و کەسی
لێ نییە ، پرسیارم کردوو گوتم چیەو چی قوەماوە ؟ گوتیان بارەگای
مەڵبەند بۆ سەرپەرشتی شەر گواستراوەتەوە بۆ (دۆڵی خانەقا) ، ئیتر ئێمەش
بۆ بەیانی بەرێکەوتین بۆ دۆڵی خانەقا.
رۆژ دوای رۆژ شەڕ تووندترو خوێناوی تر دەبوو ، هێزی سەرکردایەتی بە
سەرپەرشتی کاک (نەوشێروان مستەفا) لە لایەک و تیپەکانی مەڵبەندی (٣) لە
لایەکی تر پەلاماری (پشتئاشان)یان دا ، دەبێ لێرەدا ئەوەش بۆ مێژوو
بڵێم کە، هێزەکانی مەڵبەندی (٣)
کەمترین ڕووبەڕووبوونەوەیان توش بوو، زۆرترین دیلەکانی شەڕیش هی
ئێمە بوون ، بەپێچەوانەی هێزەکەی سەرکردایەتیمان کە پێشمەرگەی گەرمیان
پشدەروو کۆیەی لەگەڵ بوو ،کە بەراستی توڕەبوون و بۆ تۆڵە سەندنەوە
هاتبوون ....
ڕۆژی (٤)ی ئایار هەواڵێکمان بۆ هات و گوتیان
، هێزێکمان لە (زینوی سەڵان )کە کەوتۆتە نێوان چیای (کارۆخ وهەندرێن )،
لەلایەن هێزەکانی (حیزبی شیوعی و زەحمەتکێشان) ئابلۆقەدراون ، هەربۆ
ئەم مەبەستە ( من وسەید ئەحمەد و شۆڕش کۆیی )و چەند پێشمەرگەیەکی تری
مەڵبەندی( ٣ )بەروە گوندی (دەرگەڵە) کە کەوتۆتە پشت ( زینوی سەڵان )
کەوتینە ڕێ ، لەکاتی سەرکەوتنمان بەرەو شوێنی دیاری کراو ، چەندین جار
کەوتینە بەر دەست رێژی گوولە ، و ئیتر نەمان توانی درێژە بە رۆیشتن
بدەین و گەڕاینەوە دواوە.
دواتر هێزێکی تر لەمەڵبەندەوە بە فەرماندەی (کاک فوئاد چەلەبی) گەیشتنە
لامان و بۆ هەمان مەبەست ، کاک فواد هەریەکەو پارچە پەرۆیەکی سپی داینی
و گوتی: ئەم پەڕۆیە لە قۆڵتان ببەستن بۆ ئەوەی لە هێزەکانی تر
جیابکرێنەوە ، ئیتر دوای جیهاز کردنمان لە گەڵ هێزەکانی خۆمان ،
شوێنەکەیانمان دۆزییەوە زانیمان لە کوێی (زینوی سەڵان)ن .
دوای شەڕو پێکدادانێکی چرو پڕ ،خۆشبەختانە بەبێ هیچ زیانیک گەیشتینە
برادەران و کە ئەوانیش لەبەیانیەوە مقاوەمەیان کردبوو و تەسلیم نەببوون
، بەڵام بێ نان و بێ تەقە بوون ، بۆیە بڕیاردرا ، کە من وپێشمەرگەیەکی
تر بگەرێنەوە گوندی (دەرگەلە )و نان و فیشەک و ئاویان بۆ بهێنین و
خۆمان بۆ شەڕێ سبەی ئامادە بکەین .
لە دوای شەوێکی جەنجاڵ و ناخۆش ، بۆ بەیانی
گەیشتمە ناو گوندی (دەرگەڵە) و لەوێ سەیارەیەکمان گرت و بۆ مەڵبەند ،
چاومان بە (سەید مەجید )کەوت ، پێم گوت خاڵە سەید ، کاک (فوئاد )
سەڵامی هەیەو داوای چەک وفیشەک و خواردن دەکات ..، ئەوبوو لەماوەی
سەعاتێک هەموو پێویستیەکانیان ئامادەکرد و گوتیان فەرموون، من لەبەر
هیلاکی و ماندووبوونم بریاری نەگەرانەوەم دا ، ئەوەبوو پێشمەرگەیەکی
تریان لەجیاتی من نارد بۆ ( زینوی سەڵان ) .
دوای پشویەکی کورت ، گەرامەوە گوندی دەرگەڵە و لەوێ چاوەڕێ بووم .
هەرلەم ئان و ساتەدا پەیتا پەیتا هەواڵی شەڕمان بۆ دەهات و باسی گرتنی
سەرکردایەتی حیزبی شیوعی و شوێنی ترمان بۆ دەهات ....
ڕۆی(٦)ی ئایار ، هەواڵێ بەدیڵ گرتنی (ئەحمەد بانی خێڵانی)مان پێ گەیشت
، و دواتر هەواڵی بەدیل گرتنی (قادر رەشید)مان بۆ هات.. پێشتریش هەواڵی
دەستگیرکردنی (کەریم ئەحمەد) مان پێگەیشتبوو... !!
هەر لەو
سەرووبەندەدا، پەیتا پەیتا هێزەکانمان دەگەڕانەوە مەڵبەند....،
چەندین دیلی شەڕیان لەگەڵ بوو ، لەماوەیەکی کەم نزیکەی دووهەزار
پێشمەرگە لەم ناوچەیە کۆبوونەوە ... ژمارەی دیلەکان تا دەها زیادی
دەکرد .... !!
دوای رۆژێک لەم جەنجاڵیە و قەرەباڵغیە ،داوایان لێ کردم کە بچم بۆ (کەرتی
رێکخستن ) بۆ هێنانی ئەو دیلانەی کە لەوێ بوون ،کەگەیشتمە شوێنی
دیارکراو (چوار کچی پێشمەرگەی حیزبی شیوعیم)
بینی کە یەکێکیان کورتەک و شەڕواڵێکی خاکی لەبەردابوو، سەر سینگی
هەمووی بەخوێن بوو ، کە ئەم دیمەنەم بینی ، بەراستی زۆر کاری لێکردم
..... ویستم پرسیاریان لێبکەم ، بەڵام هێندە بەرق و کینەو توڕەییەوە
سەیریان دکردم مەجالی پرسیاریان بۆ نەهێشتمەوە ........!! کاتی چایان
بۆ هێنان ، بەڕقەوە گوتیان لایبەن نایخۆینەوە .... !!
لێیان نزیک بوومەوەو پێیانم گوتم : هاتووم ئێوە بەرم ، گوتیان دەزانین
، لەشەرمان سەرم داخست و ئەم دیمەنەم هێندە پێ ناخۆش بوو هەرنەبێتەوە ،
یەکێکیان سەیری کردم و گوتی : ئەوەی کە دەیبینی سەرسنگی بەخوێنە، ئەوە
هەموو کەسی لەدەست داوە وسەرسینگیشی خوێنی دەزگیرانەکەی پێوەیە .!!
ئیتر دیلەکان کۆکرانەوەو نزیکەی چل کەس دەبوون و بەرو (وەرتێ) کەوتینە
ڕێ ، لەرێگا زۆر هەوڵم دا کە بیاندوێنم و قسەیان لەگەڵ بکەم ، بەڵام بی
سوود بوو ، ئەوان هەرجوێنیان دەدا ، بەپێشمەرگەیەکی دیلی حیزبی
سوسیالستم گوت: راستە من پێشمەرگەی یەکێتیم ،بەڵام زۆرم پێناخۆشە کە
ئەم شەڕە رووی دا، بەس چی بکەم و هیچم لەدەست نایەت ، لەوەڵامدا پێ
گوتم : ( ئەوەی بەئێمەتان کرد ، بەعس بە ئێمەی نەکردوە ) ... !!
بۆ بەیانی من گەرامەوە (خانەقا)، دوای یەک دوورۆژی تر چەند دیلێکی
سەرکردایەتی حیزبی شیوعیان هێنا کە (قادر رەشید و ئەحمەدبانیخێلان و
کەریم ئەحمەد) یان لەگەڵ بوو ، بەڵام ئەمان خزمەتێکی تایبەتی دەکران ،
خواردنی باش و بیبسی قوتویان بۆ دەهێنان ...... ، ئەوەی ڕاستی بێت من
ئەم دیمەنانەم زۆر پێناخۆش بوو ، لەناخەوە ئەزیەتیان دەدام و بەخۆمم
دەگووت : بۆ دەبێ وابێ ؟ ،سەرکردە دیلەکان خزمەت بکرێن و
پێشمەرگەکانیشیان هیچ؟!!
ڕۆژی (٧) ئایار ، تەواوی هێزە هاوبەشەکەمان
گەیشتنە مەڵبەند ، کاک (نەوشێروان) چووە
لای ئەندامە گیراوەکانی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی ، کە لە ژورێکی
مەڵبەند دەست بەسەر بوون ، و دوای قسەو باسێکی زۆر و گفتووگۆیەکی
درێژخایەن ، بریاری ئازادکردنیان درا ودوای ماوەیەکی تریش زیندانیەکانی
تریش لە مەڵبەند ئازاد کران .....!!
شەماڵ عادل سەلیم: پێتوایە ئەگەر حیزبی
شیوعی بێلایەن بووایە وبەشداری هێرشە سێ قۆڵی یەکەی بەرەی (جود)ی
نەکردبا بۆ سەر مەڵبەندی ( ٤ ) لە بالیسان لە رۆژی ٢٨ / ٤ / ١٩٨٣ دا ،
ئەم قاتوقڕکردنەی پشتئاشان رووی دابا ؟
مستەفای حەسەنە گەورە: من پێموایە بەم
خوێناویە و قاتوقڕیە نەدەبوو ، بەڵام تێوەگڵانی حیزبی شیوعی لە گەڵ
هێرشەکەی (جود )بۆ سەر بارەگای مەڵبەندی چوار ، ئاگری شەرەکەی خۆش تر
کرد ، رقی پێشمەرگەکانمانی زیاتر کرد و هەرهەموومانی نیگەران کرد !!...
چونکە هەروەک باس کرد ، هەتا رۆژی پێش گرتنی بارەگای مەڵبەندی چوارمان
لە بالیسان ، یەکێتی بڕیاری شەڕی نەدابوو دژ بە ( حیزبی شیوعی عیراق )
، هەربۆ سەلماندنی ئەم راستیەش ، تەنها پێشمەرگەکانی شیوعی بۆیان هەبوو
بەئاسانی هاتۆچۆبکەن و بێنە دۆڵی خانەقا و ناوچەکانی تر ، بەپێچەوانەی
چەکدار لایەنەکانی تر ، کە یەکسەر چەک دەکران هەروەک لە سەرەتای
قسەکردنم ئاماژەم پێدا ....!!
شەماڵ عادل سەلیم: چۆن ئەم وێنەی
پێشمەرگە شیوعیەت دەستکەوت و لەکوێ ؟
مستەفای حەسەنە گەورە: بەڵێ هەروەک هەموو
لایەک ئاگادارن ، ژمارەی قوربانییەکان بەو زۆریەبوو ، کە تورەگەیەک (
وێنەو پێناس و هەویەو پاسەپۆرت و دیکۆمێنتی جۆراوجۆری تر کە ژمارەیان
(١٧٣ ) پێناس بوو ، بۆ چەند رۆژێک لە لای من بوون ، دوای ئەوەی
هەموویان لە لیستێک تۆمارکرد و تەسلیمی مەڵبەندم کردن...
دوای ئەوەی کە شەڕ کۆتای هات لە (پشتئاشان)، پێشمەرگەکانمان زۆر
دیکۆمینت و وێنەو هەویەو نوسراویان بەدەست کەوتبوو ، کە دەهاتنەوە
مەڵبەند لەگەڵ خۆیان دەیانهێناوە ، بەتایبەت پێشمەرگەکانی گەرمیان و
کۆیە ، کە بەشداری سەرکی شەڕەکە بوون و هاتبوون بۆ تۆڵە سەندنەوە ،
بەتایبەت دوای شەهید کردنی ( شەماڵ و سەرباز ) لە دەشتی کۆیەو
تێوەگڵانی حیزبی شیوعی لە هێرشە سێ قۆڵی یەکەی بەرەی جود بۆ سەر
بارەگای مەڵبەندی (٤) لە بالیسان....!!
ئەوە بوو ، من هەر شتێکم لەلای پێشمەرگەکان ببینیایە ، بەتایبەت رسم و
دەفتەری بیرەوەری یەکسەر لێیانم وەردەگرت و لەلای خۆم دەمپاراست ، ئەوە
بوو ئەو وێنەیەی کە تۆ باسی دەکەی و خۆیشم لەگەڵ وتارێکم بڵاوم
کردۆتەوە ، لەسەری نووسراوە ، ( بغداد / الزوراء / یوم الخگوبە )، رۆژی
گرتنەکەیشی لەسەر تۆمارکراوەو....!!، من ئەم وێنەیەم هەتا ئێستاش
پاراستووە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی وێنەو دەفتەری بیرەوەریەکانی تر
فەوتان و نەمان ...!!
ئەوەی ڕاستی بێت ، ئەو وێنەیە زۆر کاری تێ کردم ، وێنەی کوروکچێک کە
دەزگیرانی یەکترن و لەوپەری جوانیەوە دەست لەناو دەست بەیەکەوە
ڕاوەستاون ، ئەوکورە لەبەغداوە هەڵاتووە و دەزگیرانەکەی بەجێ هێشتوە ،
ئاخر بۆ کورد لە پشتئشان بیکوژێت ؟ ئەو هاتۆتە کوردستان و ئەو شاخانەی
بە پەناگایەکی ئازاد داناوە بۆ ئەوەی شۆرش بکات دژی ریژێمێکی فاشی ، بۆ
دەبی من بیکوژم ؟
بەڵێ ،ئەو وێنەیە ، وێرای ئەوەی کە سەرتاپا کاری تێکردم و لەناخەوە
ویژدانی هەژاندم و گەڵێک خەمباری کردم ، باری دەرونیشی تێک دام و
کۆمەڵێک پرسیاری لا دروست کردم ، لەبەرخۆمەوە دەم گوت ( بۆچی دەبێ ئێمە
یەکتر بکوژین ؟ بۆچی کەسێک لە بەغداوە لەبەعس هەڵاتوەو من لێرە بیکوژم
؟
شەماڵ عادل سەلیم: ئەم پرسیارگەلە تەنها
لای تۆ دروست بوو یان هەبوون وەک تۆ هەمان پرسیار بکەن ؟
مستەفای حەسەنە گەورە: بەشێک لە
پێشمەرگەکان هەمان بیروبۆچونی منیان هەبوو بەتایبەت پێشمەرگەکانی
مەڵبەندی( ٣ )، بەڵام ئەم ناڕازی بوونە بەئاشکرا باس نەدەکرا ،
هەندێکیش بەپێچەوانەوە ، دەهاتن و پێیان دەەگوتم : ( ئەرێ تۆ بۆ خۆت وا
تێک داوە ،ئەی ئێمە بۆ عارەب کوشتن نەهاتووین ) ؟!!
منیش لەوەڵامدا دەمگوت : ( نەوەڵڵا من بۆ بەعسی کوشتن هاتووم ، من دژی
عەرەب نیم ) ..... !!
شەماڵ عادل سەلیم: دوای تەواو بوونی شەڕ
چیت کرد و بڕیاری چیت دا؟
مستەفای حەسەنە گەورە: هەروەک گوتم، شەڕی
(پشتئاشان) بەگشتی و دیمەنی ئەو (کچە پێشمەرگە عەرەبە)ی کە لە خوێنی
دەزگیرانەکەی وەردرابوو بەتایبەت، کە هەتا
ئێستاش هەر دیمەنەکەی لەبەرچاومە ، وای لێ کردم کە نەفرەت لەشەر بکەم و
ژیانی پێشمەرگایەتی بەجێ بهێڵم وچەک دابنێم و تەسلیم ببمەوە .... !!
من بەڕاشکاوی گوتومە و لێرەش دەیڵێمەوە ، شەڕی یەکتر کوشتن میکانیزمی
هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵگای کوردی بوو ، بازرگانی کردن بوو بە
خوێن و هەموو قودسیەتەکانی ترمان ، خیانەت بوو بەمانای وشە .... !!
شەماڵ عادل سەلیم: لەبەرچی (نەوشێروان
مستەفا) وەک تاوانبارێکی سەرەکی لە شەری (پشتئاشان )ناوی دێت، لەوکاتەی
کە هەموو سەرکردایەتی یەکێتی بە (مام
جەلالیشەوە) بریاری شەریان دابوو ؟
مستەفای حەسەنە گەورە: من دەمەوێ ئەوە
بڵێم کە کاک( نەوشێروان مستەفا) تاوانباری
یەکەمی شەڕ نییە، ڕاستە کە ئەو سەرپەرشتیی
ڕاستەوخۆی شەڕی (پشتئاشان)ی کردووە و بە
فعلی سەرکردەیەکی مەیدانی شەڕەکە بوو، بەڵام لەڕاستیدا بریاردان لەسەر
ئەم شەرە خوێناویە بڕیاری سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو ، لە
خوودی (تاڵەبانی)ەوە تا پێشمەرگەیەکی ئاسایی ، بەخۆشمەوە تاوانبارم کە
بەشداری ئەم شەڕە نەخوازراوەم کردووە....!!
شەماڵ عادل سەلیم: لە نووسینێکت داوی
لێبوردن لە کەسو کاری شەهیدەکانی (پشتئاشان)
دەکەی، بۆ ئەم لێبوردنە؟
مستەفای حەسەنە گەورە: بەڵێ من داوای
لێبوردنم کردوەو ، ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە ، چونکە منیش وەک
پێشمەرگەیەک بەشداری ئەم کارەساتەم کردووە ، ئەوسا تەمەنم (٢١ )ساڵ بوو،
هیچ ئەزموونێکی سیاسیم نەبوو ، هەرچەندە لە دڵەوە ئەم شەڕەم پێ ناخۆش
بوو ، بەتایبەت بۆ حیزبی شیوعی عیراقی.....!!
بەڵێ منیش وەک پێشمەرگەیەکی ئاسایی لایەنەکانی تر هیچ دەسەڵاتێکم
نەبووە ، سەرکردایەتی حیزبە شەڕ کەرەکان بریاری ئەم شەڕە قێزەوەنەیان
داوە ، ئەوان بازرگانی ڕاستەقینەی شەڕ بوون و ئێمەش قوربانی.
هەر بۆیە دەبێ بەبێ جیاوازی دادگایی بکرێن ، ئێمە وەک داشی دامە
بریارەکانمان جێ بەجێ کردوەو ، من ئەوکات نەم دەزانی بەڵام دوای ئەم
هەمووساڵە ، ئێستا دوای لێبوردن لە کەسووکاری قوربانیانی ئەم شەڕە
نەخوازراوە دەکەم ...!!، ئەوشەڕە قێزەوەنەی کە چەندەها ئامۆزاو پوورزاو
هاوڕێی و تەنانەت براش ، لەسەنگەری جیاوازی حیزبە شەڕکەرەکان دا ،
یەکتریان کوشتووە ....؟!! بۆچی و لەخزمەتی کێ ؟ !
شەماڵ عادل سەلیم: ئەو وێنەیەی کە لە
لاتە ( هی ئەو کچ و کورە شەهیدە شیوعیە) ی کە لە قەسابخانەکەی(
پشتئاشان )شەهید بوو ، کە تا ئێستا لە ئەرشیفی خۆت پاراستوتە ، گەر
داوات لێ بکەن ، دەیگەرێنیتەوە بۆ ( کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی
شیوعی عیراق ) ......؟
مستەفای حەسەنە گەورە: بەڵێ ،
بەدڵنیایەوە ...مولکی خۆیانەوە بۆیان دەگەڕێنمەوە.... !!
پاشکۆی گفتوگۆ:
١ - ناوی پۆڵێک لە شەهیدانی قەسابخانەی
پشتئاشان: (عمیدة عذبی
حالوب ، علی حسین بدر ،رسول صوفی منگَوری
، عبدلله حسن درگلی ، قادر حسن درکلی ،
عبدالمحسن احمد ، کاظم طوفان
، محمد فۆاد عبدالهادی ، مجید رسن ، ملازم وهاب عبدالرزاق ، حامد الخطیب
، دکتور بهالدین طارق ،
صلاح حمید ، توفیق رشاد، سمیر مهدی شلا ، علی عبدالکریم النعیمی
، یحیى موسى مرتضى و خضرکاکیل
و ،نصیر محمد صباغ
، نیاز رسول ،دکتور غسان عاکف الوسی ، نزار ناجی یوسف ، زهیر عمران
موسى ، سعد علوان هادی ، حسین حمید ،سائر عبد الرزاق
احمد ، حسین حمد ، ناصر
عواد ، سمیر یوسف کامل ، حسن احمد فتاح ، صباح
مشرف ،سید خلو یزیدی، وعد عبدالمجید یوسف ، طارق
عودە مزعل ، عبدالوهاب عبدالرحمن سالم ، انورالحاج محمد ، هاشم کاظم
، هیوا مغدید عمر ، ازاد عزیز صالح ، رعد
یوسف ، ابراهیم عبدلله شمس ، ازاد اغوک نادر ، احمد بکر ابراهیم ، خالد
کریم علی ، محمدامین عبدالله ، علی مردان ،
محمد نبی ، باسم الساعدی ، ستار مصطفى
اسماعیل ، ناصر احمد کانبی ، مۆید عبدالکریم
، مازن موسى کمال الدین ، عطوان حسین عطا
، محمد صالح الساعدی ، عبدالامیرعباس علی ،
عیسى عبدالجبار ، نعیم شیخ فاضل ، جبو سلام
، محمد عودة عامر ، عبد علی جبر).
٢- وێنەی ئەو پێشمەرگە شەهیدە شیوعیەی کە
(٣٠) ساڵە لە ئەرشیفی
(مستەفای حەسەنە گەورە) پارێزراوە ،و لە قەسابخانەکەی (پشتئاشان)
کەوتە دەست پێشمەرگەکانی یەکێتی، لەگەڵ چەندین دیکۆمێنت و
ناسنامەو پاسپۆرت وێنەی تر.
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|