په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١٥

قولاپی چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی کێ دەگرێ؟

  

فەرمان عەزیز شەریف 


وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نوسراوێکی بەژمارە ٢٨٥ لە ٢٢/٩/٢٠١٥ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە . سەبارەت بەکەمکردنەوەی خەرجیەکان و زیادکردنی داھات .

زۆر باس لەوە کرا وەزارەتی دارایی دەستی کردووە بەچاکسازییەکانی , ھەرچەندە نامەوێت رەشبین بم , بەڵام وەزارەتێک نەتوانێت موچەی مانگێکی فەرمانبەران دابین بکات , بەدڵنیاییەوە ناتوانێت ئەو چاکسازیانەش ئەنجام بدات , ڕەنگە نیەت و ھەوڵێکی چاکسازی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان ھەبێت , بەڵام ناتوانن , ئەوە ساڵێک زیاتر بەسەر ئەو کابینەیە تێپەڕی سێ ساڵی دیکەش بۆ گۆڕان و وەزارەتەکەی بابزانین لەو ١٤ خاڵەی وەزارەتی دارایی دیاری کردووە چاکسازی تێدا بکات , دەتوانێت چەندی جێ بەجێ بکات , دواتر خۆیان بەدواداچوونی بۆ بکەن و بۆ ڕای گشتی رایبگەیەنن لەو پڕۆژە چاکسازیە چەندیان جێ بەجێکردووە , ئەو بڕگە و خاڵانەی پەیوەندی بەھەژارانەوە ھەیە بەدڵنیاییەوە جێ بەجێ دەکرێت و ئەوانی دیکە ماڵئاوا , چونکە لەو وڵاتە یاسا تەنھا لەسەر ھەژاران جێ بەجێ دەکرێت .

وەزیرێک لەماوەی ساڵێکی دەست بەکاربوونی ھێشتا چاکسازییەکانی وەزارەتەکەی خۆی بەتەواوی ئەنجام نەداوە , چۆن دەتوانێت لەسەرجەم بابەتە دارایی یەکانی دیکە چاکسازی ئەنجامبدات , نەیتوانیووە لیستی موچە بەتەواوی پاک بکاتەوە لەموچەخۆری بندیوار و دوو موچە و سێ مووچە , چۆن دەتوانێت لەبوارەکانی نەوت و وەبەرھێنان ... ھتد چاکسازی بکات .


وەزیرێک وەزیری دارایی بێت و یەک دیناری ئەو وڵاتەی لانەبێت , دەپرسم ئێوە چ ناوێک بۆ ئەوە دەدۆزنەوە ؟ حکومەتێک ١٦ حیسابی بانکی بکاتەوە و تەنھا یەک دانەی لای وەزیری دارایی بێت و ئەویش بەتاڵ بێت , ڕەوانەی تورکیا بکرێت بۆ ھێنانەوەی پارە و حیسابەکەی بەتاڵ بێت , ئەمە لوتکەی سوکایەتی نیە , وەزیریش بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە خەریکی بردنی دیاری بێت بۆ سەرۆکی حکومەت بەبۆنەی رۆژی لەدایک بوونیەوە .

خەڵک زۆر دەمێکە دەستی لەپارتی و یەکێتی شووشتووە , تاکو گۆڕانکاری لەو وڵاتە بکەن , چونکە دوای ٢٤ ساڵ ھەموومان شاھیدبووین و تێگەیشتین , بەڵام خەڵکێکی زۆر ھیوایان لەسەر گۆڕان ھەڵچنیبوو , کەچی گۆڕان ئەو ھیوایەشی لەگۆڕنان , بۆیە گەیشتین بەو ڕۆژگارە . کاتێک گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوو خەڵک دەیگوت : گۆڕان ھەیە و بگاتە دەسەڵات چاکسازی دەکات , گوڕان یش ھەمان قسەی دەکرد , تەنھا بگەنە دەسەڵات ئەو وڵاتە دەکەنە شامی شەریف , کەچی نەیتوانی سادەترین گۆڕانکاریش بکات ‌, نەبوونی موچە و قەیرانی دارایی و ئاڵۆزی نێوان ھەولێر و بەغدا و کۆچی بەلێشاوی گەنجان ... ئیتر شتێک لەو وڵاتەدا نەماوە خەڵک دڵی پێ خۆش بێت .

یەکەم کاری گۆڕان کە وای کرد لەیەکەم بەشداری کردنی لەھەڵبژاردن ٢٥ کورسی بەدەست بھێنێت , کارکردن بوو لەسەر گەندەڵی و دۆسیەی دزینی نەوت و دارایی , ھەربەو نەفەسە کارکردن لەچوار ساڵی ئۆپۆزسیۆن بوونی زیاتر متمانەی خەڵکی پەیداکرد , توانی بۆ جاری دووەم ٢٤ کورسی دیکە لەپەرلەمانی کوردستان بەدەست بێنێتەوە , خەڵک ئیتر ئەو قەناعەتەی لادروست بوو ھێزێک ھەیە پارە و سامانی ئەو وڵاتەی دەگەڕێنێتەوە , کەچی لەیەکەم ھەنگاوی چوونی بۆ دەسەڵات خەڵکی کوردستانی نائومێد کرد .

گۆڕان با دڵنیابێت چۆن لەچوار ساڵی ئۆپۆزسیۆن بوونی بەجدی کاری لەسەر دۆسیەی نەوت و دارایی کرد و ھەموو خەڵکی کوردستانی ھۆشیار کردەوە لەپارە و سامانی ئەو ولاتە و خەڵکی تێگەیاند داھاتی ئەو وڵاتە بۆ کوێ دەڕوات و دەبێ بۆ کێ بگەڕێتەوە ؟ ئەگەر لەو سێ ساڵەی لە تەمەنی ئەو کابینەیەی ماوە بەڕاستی داھاتەکە نەگەڕێنێتەوە بۆ خەڵکی کوردستان و ھەر لەدەستی چەند کەس و حیزبێک بێت , دڵنیابن ئێوەش بەر نەعلەتی میللەت دەکەون و لەسزای گەل رزگارتان نابێت.

 

 

farmandween@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک