١٠\١١\٢٠١٦
قورئان لە نێوان
محەمەد و عەرەبدا!

جەمال عەزیز
کاتێک مرۆڤ دەربارەی قورئان قسە دەکات مسوڵمانان ئەڵێن ئەم کتێبە
لەخوداوە هاتووە، ئەگەر ڕەخنە لەقورئان بگیرێ یان لێکدانەوە بۆ ئایەتێک
بکرێ کەبەدڵی مسوڵمانان نەبێ دەڵێن ئەگەر ئەتوانی کتێبێک وەک ئەو
قورئانە بنووسە، ئەم قسەیە قسەی مسوڵمانان نیە، بەڵکو ئەوە قسەی خودایە
کەبەمحەمەد ئەڵێ بەبێ باوەڕان بڵێ گەرئەتوانن ١٠ سورەت وەک ئەو
سورەتانەی ناو قورئان بنووسن وەک لەسورەتی الاسراء و هود بەپەیامبەری
ئیسلام دەڵێ، لەهەندێک جێگەی دی کەمی دەکاتەوە بۆ چەند ئایەتێک و
تادەگاتە یەک ئایەت، لێرەدا خودا خۆی دەخاتە ژێرپرسیارو گومانەوە،
ئەگەر قورئان قسەی خودایە یان لەخوداوە دابەزێنراوەتە سەرزەوی و خوداش
ئاگاداری هەموو شتێکە ئەی چۆن! ئاگاداری ئەو ڕاستیە نەبوو کە هیچ کەسێک
نیە بتوانێ کتێبێک یان سورەتێک یان چەند ئایەتێک وەک قورئان بنووسێ،
چونکە بیرکردنەوەی هیچ مرۆڤێک وەک مرۆڤێکی دی نیە بەتایبەت دەربارەی
بابەتێکی دیاریکراو، هەرکەس بەجۆرێک هەستی خۆی دەردەبڕێ دەربارەی
بابەتی قسەلەسەرکراو، خۆئەگەر کەسێک ئایەتێک یان سورەتێک بنووسێ وەک
قورئان بێت لە ڕووی وشەو زمان و جێگۆڕکێی وشەکان کەواتە ئەوکەسە
خودایە، چونکە قورئان لەخوداوەیە!
بەدەرلەقورئان ئەگەر باس لەهەرکتێبێکی دی بکەین جائەوکتێبە فەلسەفی بێت
یان ڕۆمان یان زانستی کەس ناتوانێ کتێبێک بنووسێ بەهەمان شێوەو قەبارەو
ناوەخنی کتێبی پێشوو کەلەلایەن خاوەنی یەکەمیەوە نووسراوەو ئێستا
لەبەردەستی خوێنەرانیدایە، خۆئەگەر کتێبێک نووسرا بەهەمان شێوەو
قەبارەو ناوەخن وهیچ جیاوازیەکی تێدانەبوو کەواتە ئەو کتێبە
لەبەرگیراوەیە (کۆپی) یە نەک نووسراو، ئەم کارە بۆ قورئانیش هەمان
مەبەست دەگەیەنێ، لێرەدا تەحەدای پەیامبەر بۆ عەرەب تەحەدایەکی زۆر بێ
مانایە کەبەعەرەبەکانی دەووت ئەگەر ئەتوانن ١٠ سورەت وەک ئەو سورەتانەی
ناو قورئان بنووسن، بەپێچەوانەوە عەرەب تەحەدای محەمەدیان دەکرد کاتێک
دەیانووت تۆ بەڵگەی مەڵمووسمان بدەرێ کەئەم قورئانەت لەخوداوەیە تاکو
ئێمەش باوەڕت پێبکەین و بڵێین ڕاستە تۆ پەیامبەری خودای، خۆئەگەر وەها
نەکەی ئەوە باوەڕناکەین وئەم چیرۆکانەش لەئەفسانە کۆنەکانەوەیەو پێشتر
بیستوومانە(الاساطیر الاولین) هەرلەسەرەتاوە کێشەی محەمەد لەگەڵ عەرەب
لەسەر باوەڕ نەهێنانی عەرەب بوو بەمحەمەد وەک پەیامبەر، لەبەر ئەوە
محەمەد وخوداکەی هەڕەشەی ئاگر وتۆڵەسەندنەوەیان لەعەرەب وبێ باوەڕان
دەکرد، ئاخرناکرێ خودا خەڵکانێک بسووتێنێ کەتینووی تێگەشتن وگەیشتنن
بەڕاستی بن، چۆن دەکرێ خودا بەخەڵکانێک بڵێ ئێوە چاوتان کوێرەو
گوێکانتان کەڕە هەربۆیە ڕاستیەکان نابین ونابیستن وجێگەشیان دۆزەخ بێت،
خودا خۆی مرۆڤەکانی دروستکرد، خودا هێندە بیرو هۆشی دانێ تا مناقەشەی
محەمەدی پێبکەن وداوای ڕاستی لێبکەن، مرۆڤەکان تاوانیان چیە کەخودا
گەمژە دروستی کردوون وهەروابەئاسانی لەمحەمەد تێناگەن وباوەڕ ناهێنن
ئیتر بۆ دەبێ خودا دەستکردی خۆی لەئاگری دۆزەخدا بسووتێنێ.
ئەگەر قورئان لەخوداوەیە و قسەی خودایە دەبێت خودا ئەوڕاستیە بسەلمێنێ
کەئەو کتێبە هەمووی فەرموودەی ئەوە و بۆ محەمەدی ناردووە، نابێ زۆر
لەخەڵکی بکرێ یان تەحەدای خەڵکانێکی پێبکرێ ئەگەر بەخۆشی بێت یان بەزۆر
هەردەبێ باوەڕ بهێنن ئەگەرنا ئەوە جێگەتان دۆزەخە و هەتاهەتایە تێیدا
دەمێننەوە، محەمەد کاتێک وەک پەیامبەر خۆی ناساند بەزۆرو بەکوشتن
مەبەستی خۆی گەیاند، ئەوەی ویستی جێبەجێی کرد، هەرکەس گومان یان
بەرهەڵستی بکردایە دەکوژرا، کاتێک دەسەڵاتی نەبوو بەوخەڵکانەی دەووت
بیسەلمێنن من پەیامبەری خودا نیم، لێرەشدا هەمان هەڵەی پێشوو دوبارە
دەبێتەوە، ئەو تەحەدایە زۆر بێمانایە دەبێت محەمەد بیسەلمێنێ
کەپەیامبەری خودایە، کاتێک محەمەد ئەڵێ من جوبرەئیل پەیامی خودای
بۆهێنام ئایە بەڵگەی چی یە ئەوکەسە جوبرەئیل بوو؟ چۆن زانی لای خوداوە
هاتووە؟ محەمەد دەڵێ من زۆر ترسام بمکوژێ! محەمەد لەسەرەتادا نەیزانی
ئەوکەسە کێیە! تاکو گەڕایەوە بۆماڵەوەو باسەکەی بۆ خەدیجە گێڕایەوەو
خەدیجە وتی ئەوکەسە جوبرەئیل بووە ، چۆن باوەڕی بەخەدیجە کرد لەکاتێکدا
هەرگیز خەدیجە جوبرەئیلی نەبینیووە؟!
ئەگەر خودا مرۆڤەکانی دروستکردوە بەمحمەدیشەوە، باش دەزانێ چۆنی
دروستکردوون، ناکرێ هەرکۆمەڵ وقەومێک مناقەشەی محەمەدی کرد، داوای
ڕوونکردنەوەی زیاتریان لەمحەمەد کرد خێرا خودا لەسەر محەمەد بێتە دەنگو
بەرپەرچیان بداتەوە، چونکە خودا ئەیزانی کەڕۆژێک دێت محەمەد ڕووبەڕووی
ئەوخەڵکانە دەبێتەوە، هەروەها خوداش ئەوخەڵکانەی باش دەناسی ودەیزانی
کە بەمحەمەد ئەڵێن شاعیرو درۆزن یان چیرۆک بێژی کۆن، ناکرێ خودا
بەمحەمەد بڵێ لەگەڵیان دامەنیشە ، چۆن دەبێت خودا محەمەد فێری قسەی
ناشیرین بکات تاڕووبەڕووی ئەوخەڵکانە بێتەوەو پێیان بڵێ گومڕاو
سەرلێشێواو، ئەگەر گومڕاو سەرلێشێواو بن ئەوە خودا تاوانبارە چونکە هەر
ئەو گومڕاو سەرلێشێواوی کردن، چونکە هیچ کارێک بەبێ ڕەزامەندی خودا
ناکرێ، کاری خودا نیە مزگێنی بدات بەمحەمەد کەڕۆژێک دێت تۆڵە
لەهەموویان دەکەمەوە. سورەتی بەقرە ئایەتی ٢٣ تا ٢٤، (وَإِنْ كُنْتُمْ
فِي رَيْبٍ مِمَّا نَزَّلْنَا عَلَى عَبْدِنَا فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِنْ
مِثْلِهِ وَادْعُوا شُهَدَاءَكُمْ مِن دُونِ اللَّهِ إِنْ كُنْتُمْ
صَادِقِينَ ،٢٤فَإِنْ لَمْ تَفْعَلُوا وَلَنْ تَفْعَلُوا فَاتَّقُوا
النَّارَ الَّتِي وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ أُعِدَّتْ
لِلْكَافِرِينَ، سورەتی یونس ئایەتی ٣٨ تا ٣٩، (أَمْ يَقُولُونَ
افْتَرَاهُ قُلْ فَأْتُواْ بِسُورَةٍ مِّثْلِهِ وَادْعُواْ مَنِ
اسْتَطَعْتُم مِّن دُونِ اللَّهِ إِن كُنتُمْ صَادِقِين،،٣٩.بَلْ
كَذَّبُواْ بِمَا لَمْ يُحِيطُواْ بِعِلْمِهِ وَلَمَّا يَأْتِهِمْ
تَأْوِيلُهُ كَذَلِكَ كَذَّبَ الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ فَانظُرْ كَيْفَ
كَانَ عَاقِبَةُ الظَّالِمِينَ. هەرگیز ئەوە قسەی خودا نیە بەوخەڵکە
بڵێ یائەوەتا باوەڕ بەمحەمەد بهێنن یان خۆتان بگرن بۆ ڕۆژانی دوای مردن،
بزانن چۆن ئازاری بێ باوەڕان دەدەین، بۆ دەبێت ئەوان کافر بن لەکاتێکدا
باوەڕیان بەکتێبێک هەیە کەگوایە ئەویش لەلایەن خوداوە نێردراوە بۆ
پەیامبەرانی پێش محەمەد.
ئەگەر قورئان موعجیزەی خودایە ئیتر چۆن ئەتوانرێ وەک ئەو کتێبە بنووسرێ،
لەپێش محەمەد چەند کەس هەبوون لەناو عەرەب شاعیر وخوێندەوار بوون،
هەروەها خەڵکانێکیش هەبوون بەهۆنراوە باسیان لەیەکتاپەرستی دەکرد، ئەم
جۆرە کەسانە یان دەست ڕۆیشت و دەوڵەمەند نەبوون یان وەک محەمەد بەخت
یار نەبوو تا وەک پەیامبەر خۆیان بناسێنن، محەمەد بۆ دژایەتی کردنی
ئەوکەسانەو خەڵکانی تریش تابەڕۆژگاری ئەمڕۆمان دەکات دوو ڕێگەی دانا،
کەئێستا مسوڵمانەکان هەمان سیاسەت دووبارە دەکەنەوە، (یەکەم یان ئەوەش
لەقورئان وەرگیراوە) (دووهەم نەخێر هەرگیز وەک قورئان نیە) بۆ نموونە
ئەگەر کەسێکی زۆر زیرەک عەرەبی زان بەشێوەیەکی زۆر ڕەوان چەند ئایەتێک
بنووسێ وەک قورئان ئەوە مسوڵمانەکان دەڵێن لەقورئان وەرگیراوە، خۆئەگەر
بەشێوەیەکی زۆر ڕەوان لەڕووی زمان و ڕێزمانەوە ئایەتێک بنووسێ و هەمان
مەبەست بگەیەنێ ئەوجاریش مسوڵمانان ئەڵێن نەخێر هەرگیز لەقورئان ناکات،
لەهەردوو حاڵەتەکەدا شاهیدەکان هەرمسووڵمانان خۆیانن، کەواتە گفتووگۆ
لەوبارەیەوە وەک گرتنی ئاوی دەریایە بەبێژنگ وهیچ سودێکی نیە، لەلایەکی
دی ئەگەر قورئان قسەی خودایە وتەحەدای عەرەبی پێدەکرا کەکەسیان ناتوانن
سورەتێک یان ئایەتێک وەک قورئان بنووسن، ئەوەتا لەم حەدیسەدا محەمەد
خۆی تەحەدای خودا دەکات،(عن ابن عباس(ض) قال:کان النبی(ص) یعوذ الحسن
والحسین ویقول: ان اباکم کان یعوذ بها اسماعیل واسحاق: (آعوذ بکلمات
اللە التامة من کل شیطان وهامة ومن کل عین لامة) صحیح بخاری کتاب
الآنبیاء ٩٤ ڕیوایەت کراوە لێرەدا ئەم حەدیسەی محەمەد ئەگەر تەنها بسم
اللە الرحمن الرحیم ی بۆ زیاد بکرێ و لەپێشەوە دابنرێ کێ دەزانێ کەئەمە
حەدیسی پەیامبەرەو ئایەتی قورئان نیە، یان کێ دەڵێ ئەمەش قسەی خودا
نیەو محەمەد بە قسەی خۆی بۆ خەڵکانی گێڕاوەتەوە ئەگەر قورئان قسەی خودا
بێت.
٢٥\١٠\٢٠١٦
ماڵپهڕی جهمال عهزیز
|