٢٤\٥\٢٠٢٥
قوربانیانی کورد و
دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق.

هێمن حەسیب
پێشەکی.
مێژووی کورد لە باشوری کوردستان، مێژووییەکی پڕە لە گۆڕ غەریبی
رۆڵەکانی، ئەمەش بەهۆی مێژووییەکی پڕ لە تاوانکاری داگیرکەرانی
کوردستان، کە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد ئەنجامیانداوە، هەر بۆیە
دەتوانین بڵێین کورد و گۆڕی بەکۆمەڵ، دووانەیەکی تێکهەڵکێشراوی رۆژانە
بوونە.
ئەگەر بە خێرایی سەربوردەیەکی مێژوویی تەنها بۆ نیوەی دووەمی سەدەی
رابردوو بکەین، دەبینین لە ساڵی (١٩٦٣)ـەوە، واتا لەسەردەمی حەرەس
قەومیەکانەوە، ئیدی گۆڕی بەکۆمەڵ هەمیشە وەک ماڵی دووەمی تاکی کورد
بوونی هەبووە و ئەگەر رۆژ و هەفتە و مانگ نەبنە پێوەر، ئەوە بە دڵنیایی
ساڵ نییە، رۆڵەی ئەم نەتەوەیە لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نەشاردرابێتەوە.
مەخابن، بە خستنەڕووی ئەو داتا و ئامار و هەنگاوانەی لەم خوێندنەوەدا
دەیانخەینە بەرباس، دەبینین جیا لەوەی دەوڵەتی عێراق لە پرسی گۆڕە
بەکۆمەڵەکان، دۆسیەی گۆڕی قوربانیانی کوردی تاوانەکانی رژێمی بەعسی
پەراوێزخستووە، هاوکات دەسەڵاتی حکومڕانی کوردستانیش نەک خۆی بە خاوەنی
ئەم دۆسیە نەزانیووە، تەنانەت وەک ئەرکێکی مرۆییش لێی نەڕوانیووە،
ئەوەشی لە رابردوودا لەم دۆسیەدا کراوە، پلانی بناغەیی (ستراتیژی)
نەبووە، بەڵکو هەوڵی گروپ و ناوچە و هەندێکجاریش لە ژێر فشاردا، ئەو
کەمە لە کارکردنە کراوە، کە بەپێی پێوەرە زانستی و یاساییەکان، ناچنە
چوارچێوەی کارکردن بۆ ئەم دۆسیەیە.
لەم چوارچێوەیەدا بۆ وردبوونەوەی زیاتر، باسەکەمان دابەشی چوار بەش و
(١٠) تەوەر دەکەین.
بەشی یەکەم: عێراق و گۆڕی بەکۆمەڵ.
راستە مەرج نییە گۆڕی بەکۆمەڵ تەنها لە ئەنجامی تاوانکاری و کوشتنی
بەکۆمەڵ بێت و لە مێژوودا زۆر نموونە هەن، کە بەهۆی زۆری قوربانیەکان
لە کارەساتی سروشتیدا وەک بومەلەرزە و لافاو و ...هتد، دەسەڵات یاخود
ئەو کۆمەڵگایە پەنایان بۆ ناشتنی قوربانیەکان لە گۆڕی بەکۆمەڵ بردووە،
بەڵام لە عێراقدا گۆڕی بەکۆمەڵ بەرهەمی تاوانکاری و کوشتنی بەکۆمەڵی
مرۆڤەکان بووە، ئەمەش بە سێ تەوەر دەیانخەینەڕوو.
تەوەری یەکەم: پێناسەی گۆڕی بەکۆمەڵ.
گۆڕی بەکۆمەڵ، بە گۆڕێک دەوترێت، کە زیاتر لە یەک کەسی تێیدا نێژرابێت،
ئیدی قوربانیەکان لە ئەنجامی تاوان کوژرابن یاخود بە کارەساتی سروشتی و
بڵاوبونەوەی پەتا مردبن.. لەگەڵ ئەوەشدا پێناسەی زۆر بۆ گۆڕی بەکۆمەڵ
هەیە، لەوانە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتۆکان، پێناسەی گۆڕی بەکۆمەڵ دەکات،
بەوەی "هەر تاکە گۆڕێک، چاڵێک یان ژێرزەمینێک، کە لاشەی سێ مرۆڤ یان
زیاتری تێدایە و دوای لەسێدارەدانیان نێژراون، جا ناسنامەکەیان
زانراوبێت یاخود نادیارە".
بەپێی ئەم پێناسەیەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتۆکان، بۆ دروستبوونی گۆڕی
بەکۆمەڵ، دوو مەرج هەیە، یەکەمیان: دەبێت گۆرە بەکۆمەڵەکە لانی کەم،
رووفاتی سێ مرۆڤی تێدابێت و دووەمیان: دەبێت قوربانیانی نێو گۆڕەکە
قوربانی تاوانێک بن، واتا قوربانیانی کارەساتە سروشتیەکان وەک گۆڕی
بەکۆمەڵ ئەژمار ناکات.
هاوکات لە مادەی دووەم لە یاسای ژمارە (٥)ـی ساڵی (٢٠٠٦)، یاسای
پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق و هەموارکردنەوەکانی، پێناسەی گۆڕی
بەکۆمەڵی کردووە، بەوەی "ئەو خاکەی کە زیاتر لە رووفاتی شەهیدێکی
تێدایە و بە شێوەیەکی جێگیر نێژراون یان شاردراونەتەوە، بەبێ ئەوەی
پەیڕەوی حوکمەکانی شەریعەت و بەها مرۆییەکان لە ناشتنی مردووان ڕەچاوی
بکرێت، بە شێوەیەک مەبەست لێی شاردنەوەی ئاسەوارەکانی کۆمەڵکوژییەکەیە،
کە لەلایەن تاک یاخود گروپ یان ئۆرگانێکەوە ئەنجام دەدرێت و پێشێلکردنی
مافەکانی مرۆڤ پێکدەهێنێت".
بەپێی ئەم پێناسەیە، بۆ دروستبوونی گۆڕی بەکۆمەڵ، مەرجە قوربانیەکانی
نێو گۆڕەکە، قوربانی تاوانی جینۆساید بن، چونکە لە زمانی عەرەبیدا
دەستەواژەی "الابادە الجماعیە" بەرانبەر بە دەستەواژەی جینۆساید دێت،
ئەمەش هەڵەیەکی زۆر گەورەی یاساییە و پێشێلکردنی مافی قوربانیانی
تاوانەکانی دیکەی بەعسە، چونکە زۆر تاوان لە عێراق وەک جینۆساید
نەناسراوە و یاخود ناچنە خانەی تاوانی جینۆساید و قوربانیەکانی لە گۆڕی
بەکۆمەڵدا نێژراون، وەک قوربانیانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی و گیراوانی سیاسی و... هتد، هاوکات ئەم پێناسەیەی یاساکەی
عێراق، کێشە بۆ ژمارە و ئامار و داتای گۆڕی بەکۆمەڵ دروست دەکات، بەوەی
گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی تاوانەکانی دیکەی بەعس بە گۆڕی بەکۆمەڵ
ئەژمار ناکات یاخود پۆلێنی ناکات.
لەگەڵ ئەوەشدا دوای (١٠) ساڵ، لە هەمواری یەکەمی یاساکەدا، لە بری
هەمواکردنەوەی پیناسەی گۆڕی بەکۆمەڵ، بڕگەیەک بۆ یاساکە زیادکراوە، کە
تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم یاساییە سەرجەمی گۆڕی بەکۆمەڵی
تاوانەکانی رژێمی بەعس و رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەگرێتەوە، ئەمەش
لەلایەک چارەسەری کەموکوڕی پیناسەکەیە و لەلایەکی دی دژ بە یەکییەک
لەگەڵ پێناسە دەگەیەنێت.
تەوەری دووەم: مێژووی گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق.
مێژووی گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراقدا بە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی
رابردوو، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیش.. بەڵام
ئەگەر تەنها مێژووی دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق وەربگرین، ئەوە
نزیکترین مێژووی گۆڕی بەکۆمەڵ، دەگەڕێتەوە بۆ کوشتاری ئاشورییەکان لە
سمیڵ، کە بە (کوشتاری سمیڵ) ناسراوە، کاتێک لە سەردەمی شا فەیسەڵی
یەکەم و کابینەی حکومەتەکەی (رشید عالی گیلانی)، بە سەرپەرشی (بەکر
سدقی) سوپاسالاری ئەو کاتی سوپای عێراق و ئیسماعیل عەباوی، بەڕێوبەری
پۆلیسی موسڵ، لە مانگی ئابی (١٩٣٣) دەستکرا بە گرتن و کوشتنی
ئاشورییەکان لە ناوچەی سمیڵ و شاردنەوەی تەرمەکانیان لە گۆڕی بەکۆمەڵ،
ئەمەش بە تۆمەتی هەوڵی جوداخوازی ئاشورییەکان، تەنها لەبەر ئەوەی داوای
ناوچەیەکی حوکمڕانی ئۆتۆنۆمی تایبەت بە خۆیان دەکرد.. نابێت بیرمان
بچێت، کە هەر یەک لە بەکر سدقی و ئیسماعیل عەباوی، بە جێبەجێکاری
راستەخۆی کوشتاری سمیڵ تۆمەتبارن.
جیا لەوە، نزیکترین مێژووی بە بەڵگە سەلمێنراو بۆ گۆڕی بەکۆمەڵی
قوربانیانی کورد لە نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی
(١٩٦٣)، دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسیەکان لە کودەتای (٨ـی شوباتی
١٩٦٣)، کاتێک لە رێگای میلیشیاکانی حەرەس قەومی هێرش و پەلامار بۆ سەر
ناوچەکانی کوردستان دەستی پێکرد و ئەم مێژووە لای کورد بە "ساڵی حەرەس
قەومیەکان" ناسراوە.. لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی (٢٠١٠)، گۆڕێکی بەکۆمەڵ
لە قەزای کفری دۆزرایەوە و پاش هەڵدانەوەی، تەرمی (٢٨) کەسی تێیدا بوو،
کە قوربانیەکان لە نەتەوەی کورد و پێشمەرگە بوون و مێژووەکەی بۆ
تاوانکارییەکانی (١٩٦٣)ـی حەرەس قەومیەکان دەگەڕایەوە.
ولێ ئەوە نیە بڵێین، گۆڕی بەکۆمەڵ لە پێش ئەو مێژووە نییە، چونکە لە
ساڵانی حوکمی پادشایەتی (١٩٢١ تــا ١٩٥٨)، زۆر راپەڕین و ناڕەزایی و
شۆڕشی کوردی هەبووە، لەوانە شۆڕشی شێخ مەحمود و شۆڕشی بارزان و زۆری
دی، کە لەلایەن ئینگلیز و دەسەڵاتدارانی عێراق بە توندی و ئەنجامدانی
کوشتار رووبەرووی ئەم هەوڵانەی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافی
سەربەخۆیی یاخود خۆسەری بوونەتەوە.
هەرچی لەگەڵ گەڕانەوەی بەعسیەکانە بۆ سەر دەسەڵات لە جاری دووەمدا لە
تەمموزی (١٩٦٨)، ئیدی گۆڕی بەکۆمەڵ دەبێتە پلانکارەی دەسەڵاتی
تاوانکاری عێراق، بۆ شاردنەوەی تەرمی قوربانیانی تاوانکارییەکانی.. لەو
چوارچێوەیەشدا نزیکترین مێژووی گۆڕی بەکۆمەڵ لە دوای ساڵی (١٩٦٨) واتا
دوای گەڕانەوەی بەعسیەکان بۆ دەسەڵات دۆزرابێتەوە، دوو گۆڕی بەکۆمەڵی
گوندی سۆریا (صوریا)ـیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٦٩) و
قوربانیەکانی لە (١٤) کورد و (٢٥) مەسیحی پێکدێن.
ئەم تاوانە لە رۆژی (١٦/٩/١٩٦٩)، لەلان سوپای عێراق ئەنجامدرا، کاتێک
گەمارۆی گوندی سۆریا لە سنوری پارێزگای دهۆک دەدەن و تەواوی
دانیشتوانەکەی کۆمەڵکوژ دەکەن.
لە دوای ئەو مێژوەوە، ئیدی گۆڕی بەکۆمەڵ دەبێتە ماڵی هەموو کوردێک، کە
جیاواز لە عێراقی بەعس بیردەکاتەوە.. هەروەها ئەمە شۆڕدەبێتەوە بۆ
گەلانی دی عێراقیش کە جیاواز لە بەعس هەنگاو دەنێین، بە چەشنێک تا
روژی رووخانی بەعس لە (٢٠٠٣)، ژمارەی گۆڕی بەکۆمەڵ ئەوەندە زیاد
دەکات، تا ئەوەی لە تەواوی ناوەندە جیهانی و ئەکادیمیەکان، ناوی (عێراق
وڵاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان)ـی لەم وڵاتە بنرێت.
تەوەری سێیەم: رووخانی بەعس و پرسی گۆڕە بەکۆمەڵ.
بە گەڕانەوە بۆ ڕۆژانی دوای رووخانی ڕژێمی بەعس لە (٩/٤/٢٠٠٣)، دەبینین
پرسی گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراقدا، بابەتی ڕۆژەڤ بووە و لە هاوشانی
هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و پارتە کوردی و عێراقیەکان بۆ
بنیادنانەوەی دەوڵەت، بابەتی دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ، رووبەری لاپەڕەی
ڕۆژنامەکان و شاشەی میدیاکانی بە ناوخۆیی و بیانیەوە گرتۆتەوە.. بە
جۆرێک ڕۆژ نەبووە، هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵەی تاوانەکانی ڕژێمی
بەعس بڵاونەبووبێتەوە.
ئەم گرنگیدان و بە ڕۆژڤەکردنەی ئەم دۆسیەیە، چەند لایەنێکی هەبووە،
لەوانە:
یەکەم: زۆری ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، کە گوزارشت و بەڵگەی سەلمێنەر
بوون بۆ زۆری تاوانەکانی ڕژێمی بەعس، کە ڕۆژ نەبووە لە ماوەی (٤٠)ـی
ساڵی حکومڕانیەکەیدا، تاوانی بەرانبەر بە هاوڵاتیانی کورد و عێراق
ئەنجام نەدابێت.
دووەم: پەرۆشی کەسوکاری قوربانیان بۆ دۆزینەوەی ئێسک و پروسکی کەسوکارە
بێسەروشێنکراوەکانیان، هەر بۆیە گەڕان بە دوای گۆڕی بەکۆمەڵ، ئەو
ڕۆژانە خەمی یەکەمی کەسوکاری قوربانیان بوو.
سێیەم: گرنگیدانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەم دۆسیەیە بە ئامانجی
خستنەڕووی تاوانەکانی بەعس بۆ رای گشتی جیهان وەک بەڵگەیەک بۆ
بانگەشەکانیان بۆ تاوانکارییەکانی رژێمەکەی (سەدام حوسێن).
چوارەم: کرانەوەی عێراق بە رووی دونیای ناوەندە مرۆیی و پەیماننامە
جیهانیەکانی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ.
لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕۆژانە بابەتی گۆڕی بەکۆمەڵ پرسی ڕۆژەڤ بووە، بەڵام
ئەوەی جێی تێڕوانینە، هیچ بریار و یاسایەک لەلایەن ئەنجومەنی حوکم و
دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمان (سلگە ائتلاف المۆقت)، بە سەرۆکایەتی پول
بریمەر، بۆ ئەم پرسە نەبووە، تەنها یەک هەنگاو نەبێت، ئەویش ئەنجامدانی
رووپێوییەک لەلایەن هەردوو بەشی مافی مرۆڤ و ئۆفیسی پەیوەندار بە
تاوانەکانی بەعس (RCLO) لە دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان، بۆ ژمارەی گۆڕە
بەکۆمەڵەکانی عێراق، کە بە (٣٠١) گۆڕی بەکۆمەڵ دیاری دەکەن.
بەشی دووەم: ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق.
لە دوای رووخانی رژێمی عێراق لە (٩/٤/٢٠٠٣) و دەرکەوتنی قەبارە و
ژمارەی زۆری گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بووە هۆکاری ناونانی وڵاتەکە بە وڵاتی
گۆڕی بەکۆمەڵ، لە ناوەندە جیهانی و ئەکادیمیەکان.
بۆ ئەو مەبەستە هەردوو بەشی مافی مرۆڤ و ئۆفیسی پەیوەندار بە
تاوانەکانی بەعس (RCLO)، لە دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان (سلگە ائتلاف
المۆقت)، رووپێوییەک بۆ زانینی قەبارە و ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان
دەکەن، کە بەپێی رووپێوییەکە تا رۆژی (٢٦/٦/٢٠٠٣) نزیک بە (٤٠) گۆڕ
دەدۆزرێتەوە و دواتر ئەو ژمارەیە بەرزدەبێتەوە بۆ (١٧٦) گۆڕ لە
(٢٤/٧/٢٠٠٣) و پاشان کۆی ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ (٣٠١) گۆڕ لە
(١٠٠) شوێن بەرزدەبێتەوە، بەڵام تائێستا ژمارەی تەواوەتی گۆڕی بەکۆمەڵ
نازانرێت، چونکە فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، جیا لەوەی پشت بەو
رووپێوییەی ئەمریکیەکان نابەستێت، هاوکات پشکنینی سەرەتایی (الکشف
الاولی) بۆ گۆڕەکان کردۆتە بنەما بۆ ئەژمارکردنی لە ئاماری ژمارەی گۆڕە
بەکۆمەڵەکان، ئەمەش وایکردووە، بەهۆی دواکەوتن لە ئەنجامدانی پشکنینی
سەرەتای (الکشف الاولی) بۆ زۆرێک لە گۆڕەکان، بە دەیان گۆڕ نەخرێتە
لیستی ئاماری گۆڕەکانەوە.
بۆیە لێرەدا، تەنها ئاماژە بە ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەکەین، کە
هەڵدراونەتەوە یاخود خراونەتە بەرنامەی هەڵدانەوە و هەروەها ژمارەی ئەو
گۆڕە بەکۆمەڵانە دەخەینەڕوو، کە تایبەتن بە قوربانیانی کورد و تائێستا
هەڵدراونەتەوە، ئەویش بەمشێوەیە:
تەوەری یەکەم: ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی بەعس.
بەپێی دوو ئاماری فەرمی بەردەست، ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی
بەعس (١٩٦٣ ــ ٢٠٠٣) کە تاکو رۆژی (٣١/١٢/٢٠٢٤) دۆزراونەتەوە، بریتین
لە (١٨٧) گۆڕی بەکۆمەڵ، لەو ژمارەیە تەنها (١٧١) گۆڕێیان
هەڵدراونەتەوە، کە دەکاتە ڕێژەی لە (٩١.٥٪) و هێشتا (١٦)
گۆڕێیان هەڵنەدراونەتەوە، کە دەکاتە ڕێژەی لە (٨.٥٪)... بۆ
زیاتر وردبونەوە لە ژمارەکان، بەم شێوەیە دەیانخەینەڕوو:
١ـ بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، تا
کۆتایی ساڵی (٢٠٢٤)، لە عێراقدا (١٧٦) گۆڕی بەکۆمەڵی تاوانەکانی بەعس
دۆزراونەتەوە، لەو ژمارەیە تەنها (١٦٠) گۆڕێیان هەڵدراونەتەوە، کە
دەکاتە ڕێژەی لە (٩٠.٩٪) و هێشتا (١٦) گۆڕ هەڵنەدراونەتەوە، کە
دەکاتە ڕێژەی لە (٩.١٪).. بەڵام ئەم ئامارانە، (١١) گۆڕی دیکە
لە خۆ ناگرێت"لە خوار روونی دەکەینەوە"، کە پێش دامەزراندنی فەرمانگەی
گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق هەڵدراونەتەوە.
٢ـ بەپێی ئامارێک کە لە رۆژنامەی نوگرەسەلمان، ژمارە (٧)ـی رۆژی
(١٤/٤/٢٠١٢) بڵاوکراوەتەوە و نووسەری بابەتەکە (هوشیار عیزدەین)ـە، کە
ئەو کات سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی سەر بە وەزارەتی
کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بوو، (٩) گۆڕی دیکە لەلایەن تیمی
هەرێمی کوردستان و تیمی شارەزاییانی ئەمریکی هەڵدراونەتەوە، کە لە
ئامارەکەی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقدا نییە،
ئەوانیش:
* (٢) گۆر لە ناوچەکانی بەسیە لە سەماوە، کە تایبەتن بە
جینۆسایدکراوانی بارزانی.
* (٢) گۆر لە ناوچەی حەزەڕ لە موسل، کە تایبەتن بە قوربانیانی ئەنفال.
* (١) گۆری بەکۆمەڵ لە سنوری قەزای چەمچەماڵ، کە تائێستا قوربانیەکان و
تاوانەکەی نەزانراوە.
* (١) گۆری بەکۆمەڵ لە سنوری قەزای کفری، کە تایبەتن بە قوربانیانی
روداوەکانی (١٩٦٣).
* (١) گۆڕ لە ناوچەی شاخکێ.
* (٢) گۆڕ لە گوندی (صوریا) لە دهۆک، کە تایبەتن بە قوربانیانی کورد و
مەسیحی کوشتاری گوندەکە لە (١٩٦٩).
٣ـ ئەم دوو ئامارەی سەرەوە، خاڵیە لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵی ناوچەی مەحاویل
لە پارێزگای بابل، کە لە رۆژی (١٦/٥/٢٠٠٣)، واتا مانگ و نیوێک دوای
پرۆسەی ئازادی عێراق هەڵدراونەتەوە و تیمی ئەمریکیەکان و پزیشکی دادی
عێراق، پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە.
٤ـ هیچ ئامارێک لە بەردەست نییە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی تاوانی
بەعس لە سنوری جوگرافی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی (١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣)
و هەروەها ساڵانی (٢٠١٤ بـۆ ئێستا)، ئەگەر لەم ماوە زەمەنییەدا لەلایەن
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدرابێتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانە، کۆی گشتی گۆڕی بەکۆمەڵی تاوانەکانی بەعس، بریتیە
لە (١٨٧) گۆڕی بەکۆمەڵ، کە تائێستا (١٧١) گۆڕێیان هەڵدراونەتەوە و
رووفاتەکان دەرهێنراون و (١٦) گۆڕی بەکۆمەڵیان هەڵنەدراونەتەوە، بەڵام
لێرەشدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، ئەم ئەنجامی کۆتاییە، خاڵییە لە
ئامارێک وەک لە خاڵی چوارەمی سەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە.
تەوەری دووەم: ژمارەی گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی کورد.
لە دوای رووخانی رژێمی عێراق لە (٩/٤/٢٠٠٣)، ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی
قوربانیانی کورد لە تاوانەکانی جینۆسایدی ئەنفال و تاوانی جینۆسایدی
بارزانیەکان و تاوانەکانی حەرەس قەومی هەڵدراونەتەوە، کە تائێستا
ژمارەیان گەیشتۆتە (٤٠) گۆڕی بەکۆمەڵ لە کۆی (١٧١) گۆڕ کە لە عێراقدا
هەڵدراوەتەوە "وەک لە سەرەوە خراوەتەڕوو" و دواینیان دووەمین گۆڕی
بەکۆمەڵی ناوچەی تەلشێخیە لە پارێزگای موسەننا (سەماوە) بوو، کە لە
رۆژی (١٤/١٢/٢٠٢٤) هەڵدرایەوە... بەمشێوەیە:
١ـ گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی تاوانی ئەنفال.
تائێستا بە هەشت قۆناغ، (٢٤) گۆڕی بەکۆمەڵی جینۆسایدکراوانی تاوانی
ئەنفال هەڵدراونەتەوە.. بەمشێوەیە:
* (٢) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی حەزەر لە موسڵ، لە (٢٠٠٥) لەلایەن
شارەزاییانی ئەمریکی هەڵدرانەوە.
* (٢) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی حەیدەرییە لە پارێزگای نەجەف، کە لە (٥/٦
بـۆ ٢/٧/٢٠٠٨) هەڵدراونەتەوە.
* (٣) گۆڕی بەکۆمەڵ لە تۆپزاوە لە پارێزگای کەرکوک، کە لە (٦/١٢ بـۆ
١٧/١٢/٢٠٠٩) هەڵدراونەتەوە.
* (٦) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی مەهاری لە پارێزگای دیوانیە بە دوو قۆناغ
هەڵدراونەتەوە، قۆناغی یەکەم لە (١٢/٦ بـۆ ٢٨/٧/٢٠١١) و قۆناغی دووەم
لە (٢٨/٩ بـۆ ٦/١١/٢٠١١) و هەر قۆناغی سێ گۆڕ هەڵدراوەتەوە.
* (٦) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی حەمرین لە (٢٠١٢) هەڵدراوەتەوە.
* (٣) گۆڕی بەکۆمەڵ لە نوگرەسەلمان، کە لە (٢٥ ـ ٢٦/١١/٢٠١٣)
هەڵدراونەتەوە.
* (١) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی تل شێخیە "بە شێخیە یەک پۆلێنکراوە" لە
پارێزگای سەماوە لە (٢٠١٩) هەڵدراوەتەوە.
* (١) گۆڕی بەکۆمەڵی لە ناوچەی تل شێخیە "بە شێخیە دوو پۆلێنکراوە" لە
پارێزگای سەماوە، کە لە (١٤/١٢/٢٠٢٤ بـۆ ١٨/١/٢٠٢٥) هەڵدراوەتەوە.
نابێت بیرمان بچێت، لەم ژمارانەدا گۆڕی (١٠٦) روفاتەکەی گۆڕستانی قەزای
دووبز لە کەرکوک ئەژمارنەکراوە، چونکە ئەم روفاتانە لە گۆڕی بەکۆمەڵدا
نەبوون، بەڵکو لە گۆڕی ئاساییدا بوون و قوربانیەکانی لەو ئەنفالکراوان
بوون، کە لە سەربازگەی دووبز زیندانی بوون و بەهۆی برسێتی و نەخۆسی
گیانیان لەدەستدابوو و لەلایەن خەڵکی ناوچەکە لە گۆڕی ئاساییدا بە خاک
سپێردرابوون.
هەروەها ئەوە دەخەینەڕوو، گۆڕە بەکۆمەڵەکانی حەمرین، بریتی بوون لە شەش
گۆڕ، بەڵام تەنیا یەک گۆڕێیان رووفاتی تێیدا بوو، پێنج گۆڕەکەی دیکە
هیچ رووفاتێکی تێیدا نەبوو، هەروەها ئەوانەی نوگرەسەلمان، لە سێ
گۆڕدا، یەک گۆڕێیان هیچ رووفاتێکی تێیدا نەبوو، ئەمەش بەپێی پێناسەکەی
یاسای پاراستنی گۆڕی بەکۆمەڵ، نابێت بە گۆڕ ئەژمار بکرێن، بەڵام لەبەر
ئەوەی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەو گۆڕانەشی خستۆتە ئاماری
گۆڕە هەڵدراوەکان، بۆیە لێرەدا وەک گۆڕ ئەژمارکراوە.
٢ـ گۆڕی بەکۆمەڵی جینۆسایدکراوانی بارزانیەکان.
تائێستا بە سی قۆناغ، (٥) گۆڕی بەکۆمەڵی جینۆسایدکراوانی تاوانی
جینۆسایدی بارزانیەکان هەڵدراونەتەوە.. بەمشێوەیە:
* (٢) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە) لە پارێزگای موسەننا، لە (٢٠٠٥)
لەلایەن شارەزاییانی ئەمریکی هەڵدراونەتەوە.
* (٢) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە/ العفایف) لە پارێزگای موسەننا،
کە بە (عەفایف یەک) پۆلێنکراوە و لە ساڵی (١٧ ـ ٢٣/١١/٢٠١٣)
هەڵدراونەتەوە.
* (١) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە/الشراکیە) لە پارێزگای موسەننا،
کە بە (عەفایف دوو) پۆلێنکراوە و لە (١٤ ـ ٢٨/٢/٢٠٢٢) هەڵدراوەتەوە.
٣ـ گۆڕی بەکۆمەڵی تاوانەکانی دیکە.
جیا لە تاوانەکانی جینۆسایدی ئەنفال و بارزانیەکان، ژمارەیەک گۆڕی
بەکۆمەڵی دیکەی تایبەت بە کورد و هەرێمی کوردستان هەڵدراونەتەوە، کە
ئەم گۆڕانە دەکەونە سنوری جوگرافی هەرێمی کوردستان و ژمارەیان (١١)
گۆڕی بەکۆمەڵە... بەمشێوەیە:
* (٢) گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی (صوریا) لە پارێزگای دهۆک لە (٢٠١٠).
* (١) گۆڕی بەکۆمەڵ لە قەزای کفری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە (٢٠١٠).
* (١) گۆڕی بەکۆمەڵ لە قەزای چەمچەماڵ لە (٢٠١٠).
* (١) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی شاخکێ لە پارێزگای دهۆک لە (٢٠١٠).
* (١) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی خەلەکان لە پارێزگای سلێمانی لە
(٥/٦/٢٠١٣).
* (٣) گۆڕی بەکۆمەڵ لە لە پارێزگای هەڵەبجە، لە ناوچەکانی (دۆڵەمەڕ و
شێخ ئیسماعیل و ئەحمەد ئاوا، کە لە (٢ ـ ٥/٦/٢٠١٤) هەڵدراونەتەوە.
* (١) گۆڕی بەکۆمەڵ لە کارگەی قیر لە پارێزگای هەولێر، لە (٢ ـ
٤/٦/٢٠١٣) هەڵدراونەتەوە.
* (١) گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی بەختیاری لە قەزای خانەقین، کە لە (٣ ـ
٨/٦/٢٠١٤) هەڵدراونەتەوە.
بەشی سێیەم: ژمارەی قوربانیانی گۆڕی بەکۆمەڵ.
تائێستا ئامارێکی راست و دروست سەبارەت بە قوربانیانی گۆڕی بەکۆمەڵ لە
عێراق لە بەردەستدا نییە، هەندێک بە نیو ملیۆن قوربانی ئاماژەی بۆ
دەکەن و هەندێک سەرچاوەی تر بە یەک ملیۆن، سەرچاوەکانی تریش بە (٣٠٠)
هەزار قوربانی ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەمەش بەهۆی زۆری تاوانەکانی رژێمی
بەعس و زۆری گۆڕە بەکۆمەڵەکان.. بۆیە لێرەدا تەنها ژمارەی رووفاتی
قوربانیانی کورد "کە هێنراونەتەوە بۆ کوردستان" و بابەتی پشکنینی (DNA)
بۆ ناسینەوەیان بە دوو تەوەر دەخەینەڕوو:
تەوەری یەکەم: ژمارەی روفاتی قوربانیانی کورد.
تائێستا (٢٧١١) رووفاتی قوربانیانی کورد و هاونیشتمانی باشوری کوردستان
لە گۆڕی بەکۆمەڵدا هەڵگیراونەتەوە، لەو ژمارەیە (١٩٠٠) رووفاتیان
تایبەتن بە دۆسیەی تاوانی ئەنفال و (٦٩٦) رووفاتیان تایبەتن بە دۆسیەی
جینۆسایدی بارزانیەکان و (١١٥) رووفاتیان تایبەتن بە دۆسیەکانی دیکە،
کە لە (١١) گۆڕ لە سنوری کوردستان هەڵگیراونەتەوە.
لەم ژمارەکارییەدا پشت بە دوو ئاماری ئاماژە بۆکراو و بەراوردکردنی بە
ژمارەی کێلی رووفاتەکان لە مۆنۆمێنت و شوێنەکانی بە خاکسپاردنیان
کراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تائێستا ئامارێکی دروست راست و بەردەست نییە
بۆ ژمارەی رووفاتەکان یاخود بڵێین ئاماری ژمارەی ئەو روفاتانەی لە نێو
گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵگیراونەتەوە و پەیوەست بە قوربانیانی کورد و
هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان، تەنانەت ئەو ئامارانەی وەزارەتی کاروباری
شەهیدان و ئەنفالکراوانیش چەندجارێک بڵاویکردۆتەوە، لەگەڵ ژمارەی گۆڕی
ئەو روفاتانەی کە لە مۆنۆمێنتەکان بەخاک سپێردراون، بە ئاستێکی زۆر
جیاوازییان هەیە.
ئەمە جیا لەوەی ژمارەی رووفات لە نێوان هەڵگرتنەوەی لە گۆڕی بەکۆمەڵدا
تاکو کاتی بە خاکسپاردنەوەی، گۆڕانکاری بەسەردا دێت و زۆرجاران ژمارەکە
کەم یاخود زیاد دەکات، چونکە پاش هەڵگرتنەوەی لە گۆڕدا، روفاتەکان
رەوانەی پزیشکی دادی دەکرێت بۆ رێکخستنەوەی جارێکی تری ئیسکی لاشەی هەر
رووفاتێک و زۆرجاران ئێسکی رووفاتێکی نیو لاشە لە کاتی هەڵگرتنەوە
تێکەڵ بە ئێسکی روفاتێکی دی دەبێت، بۆ نموونە لە هەڵدانەوەی گۆڕە
بەکۆمەڵەکانی ناوچەی (مەهاری) لە پارێزگای دیوانیە، ژمارەی رووفاتە
هەڵگیراوەکان بریتی بوون لە (٧٢٤) رووفات، بەڵام پاشتر لە پزیشکی دادی
پێداچونەوە و رێکخستنەوە بۆ لاشەی روفاتەکان کراوە و ژمارەکە
بەرزبۆتەوە بۆ (٧٣٠) رووفات.. هەر بۆیە لەم بەشەدا جیا لە پشتبەستن بە
چەند ئامارێک، هاوکات پشت بە ژمارەی گۆڕەکان لە نێو گۆڕستانەکان لە
مۆنۆمێنتەکانی چەمچەماڵ و دوکان و گەرمیان و تۆپزاوە و بارزان و
شوێنەکانی تر بەستراوە بۆ زانینی ژمارەی دروستی ئەو روفاتانەی
هێنراونەتەوە.. ئەویش بەمشێوەیە:
١ـ (١٩٠٠) روفاتی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال.
تائێستا بە هەشت قۆناغ، تەنها روفاتی (١٧٤٥) روفاتی قوربانیانی ئەنفال
هێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کە لە ناوچەکانی (قەزای دوکان،
گۆڕستانی دێبنە لە گەرمیان و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و گۆڕستانی
سەربازگەی تۆپزاوە) بە خاک سپێردراون، هەروەها (١٥٥) رووفات، کە لە
گۆڕی بەکۆمەڵی پۆلێنکراوە بە "بە شێخیەی دوو" لە پارێزگای موسەننا لە
مانگی (١٢ـی٢٠٢٤) دەرهێنراون و رووفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدایە و
هێشتا نەهێنراونەتەوە، کە کۆی گشتی دەکاتە (١٩٠٠) روفاتی قوربانیانی
تاوانی ئەنفال... ئەویش بەمشێوەیە:
ـ أ ـ مۆنۆمێنتی دوکان: (٢٥٦) رووفات، کە لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە
ناوچەی حەزەر لە موسڵ بوون.
ـ ب ـ مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ: تائێستا (١٠١٠) روفاتی بۆ
گەڕاوەتەوە، بەم جۆرە:
* (١٠٦) روفات، کە لە گۆڕستانی قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکوک بوون و
پێکدێن لە رووفاتی (١٠٤) منداڵ و ژنێکی دووگیان، کە بە دوو (٢) رووفات
ئەژمار دەکرێت.
* (٧٣٠) روفات، کە لە شەش گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی مەهاری لە پارێزگای
دیوانیە بوون.
* (١٧٢) روفات لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی ناوچەی تل شێخیە (پۆلێنکراوە بە تل
شێخیەی یەک) لە پارێزگای سەماوە.
* (٢) روفات، ئەم دوو رووفاتە لەو (١٥٨) روفاتەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی
ناوچەی حەمرینە، کە لە گەرمیان نێژراون، بەڵام دوو روفاتیان
هێنراوەتەوە بۆ سنوری چەمچەماڵ، چونکە بەپێی ئەو ناسنامانەی لە
گیرفانیان بووە، خەڵکی سنوری چەمچەماڵ بوون.
ـ ج ـ مەزاری قوربانیانی ئەنفال لە (دێبنە) لە ناحیەی ڕزگاری لە
گەرمیان: تائێستا (٣٩٩) روفاتی بۆ گەڕاوەتەوە... بەمشێوەیە:
* (١٨٧) روفات لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵی ناوچەی حەیدەرییە لە پارێزگای
نەجەف.
* (١٥٦) روفات لە شەش گۆڕی بەکۆمەڵ لە حەمرین.
* (٥٦) روفات لە سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە نوگرەسەلمان.
ـ د ـ گۆڕستانی سەربازگەی تۆپزاوە: (٨٠) روفات بە خاک سپێردراون، ئەم
روفاتانە لە (٣) گۆڕی بەکۆمەڵ لە نێو سەربازگەکە بوون و پرۆسەی
هەڵدانەوەی گۆڕەکان لە (٦/١٢/٢٠٠٩ بۆ ١٧/١٢/٢٠١٠) خایاند.
جیا لەوانە، (١٥٥) روفاتی قوربانیانی تاوانی ئەنفال لە پزیشکی دادی
بەغدایە، کە لە گۆڕی بەکۆمەڵی پۆلێنکراوە بە "بە شێخیە دوو" لە
پارێزگای موسەننا بوون و گۆڕەکە لە مانگی (١٢ـی٢٠٢٤) هەڵدرایەوە.
٢ـ (٦٩٦) روفاتی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەکان.
تائێستا تەنها بە سی قۆناغ، (٦٩٦) روفاتی قوربانیانی جینۆسایدی
بارزانیەکان هێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە مۆنۆمێنتی قوربانیان
لە بارزان بە خاک سپێردراون، بەمشێوەیە:
١ـ (٥٠٣) روفات لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە) لە پارێزگای
موسەننا.
٢ـ (٩٣) روفات لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە/ العفایف) لە
پارێزگای موسەننا، کە بە عەفایف یەک پۆلێنکراوە.
٣ـ (١٠٠) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە/ الشراکیە) لە
پارێزگای موسەننا، کە بە عەفایف دوو پۆلێنکراوە.
٣ـ (١١٥) روفاتی تاوانەکانی دیکە.
بەپێی دوو ئاماری ئاماژە بۆکراوە، تائێستا روفاتی (١١٥) قوربانی
تاوانەکانی دیکە لە (١١) گۆری بەکۆمەڵ لە سنوری هەرێمی کوردستان
هەڵگیراونەتەوە و لە ناوچەی جیاجیا بە خاک سپێردراونەتەوە.
* (٣٩) روفات لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی (صوریا) لە پارێزگای دهۆک،
کە (١٤) قوربانیان کورد و (٢٥) قوربانیان مەسیحی بوون، لەلایەن تیمی
تیمی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵی (٢٠١٠)
هەڵدراوەتەوە.
* (٢٨) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە قەزای کفری لە سنوری ئیدارەی
گەرمیان، کە لە ساڵی (٢٠١٠) هەڵدراوەتەوە و مێژووی تاوانەکە بۆ حەرەس
قەومیەکان دەگەڕێتەوە و رووفاتەکان لە مۆنۆمێنتی کفری بە خاک
سپێردراون.
* (٣) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە قەزای چەمچەماڵ، کە لە ساڵی (٢٠١٠)
هەڵدراوەتەوە و تائێستا مێژووی تاوانەکە و قوربانیەکانی نەزانراوە.
* (١٤) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە لە ناوچەی شاخکێ لە پارێزگای دهۆک.
* (٥) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی خەلەکان لە پارێزگای سلێمانی.
* (٦) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە کارگەی قیر لە پارێزگای هەولێر.
* (٣) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی دۆڵەمەڕ لە پارێزگای هەڵەبجە.
* (٣) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی ئەحمەدئاوا لە پارێزگای
هەڵەبجە.
* (١) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی شێخ ئیسماعیل لە پارێزگای
هەڵەبجە.
* (١٣) روفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی بەختیاری لە قەزای خانەقین.
تەوەری دووەم: پشکنینی (DNA) و ناسینەوەی روفاتەکان.
لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەر لە
ساڵی (٢٠٠٦)ـەوە، پزیشکی دادی (الگب العدلی) راسپێردرابوو بۆ وەرگرتن و
کۆکردنەوەی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیانی بێسەروشوێنکراوان،
بەڵام ئەم پرسە تا ساڵانی دوای کۆتایهاتنی جەنگی (داعش) جێبەجێنەکرا..
بەڵکو تەنها نموونەی ئێسک لە روفاتەکان وەردەگیرا و کۆدی بۆ دادەنرا و
هەمان کۆدیش لەسەر کێلی روفاتەکان لە دوای بەخاکسپاردنەوەیان دادەنرا،
تا ئەوەی لە هەر کاتێکدا سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان وەرگیرا و
ئەنجامی (DNA)ـیەکان بەراوردکرا، ئەوە بە کۆدی سەر کێلەی گۆڕەکان،
ناسنامەی روفاتەکەی ناوی ئاشکرابکرێت.
لە ساڵی (٢٠١٨)ـەوە، عێراق دەستیکرد بە دانانی بانکی زانیاری (DNA)، بە
وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان و بۆ ئەمەش تائێستا چەندین
هەڵمەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێنی لە کەسوکاری قوربانیان لە شارەکانی
عێراق ئەنجامداوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، دوای حەوت ساڵ پاشتر، لە
شوباتی ساڵی (٢٠٢٤) دەستکرا بە هەڵمەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە
کەسوکاری ئەنفالکراوان و تائێستا (٦) هەڵمەت ئەنجامدراوە، کە بە کۆی
گشتی سامپڵی خوێن لە (٢٢١٤) کەسوکاری ئەنفالکراو بۆ ناسینەوەی (٢٥٤٥)
جینۆسایدکراو وەرگیراوە.. ئەویش بەمشێوەیە:
١ـ هەڵمەتی یەکەم لە (١٧/٢/٢٠٢٤ بۆ ٢٣/٢/٢٠٢٤) لە قەزای چەمچەماڵ، لەم
قۆناغەدا، (٣٥٤) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (٣٧٧)
جینۆسایدکراوە.
٢ـ هەڵمەتی دووەم لە (٣/٣/٢٠٢٤ بۆ ٨/٣/٢٠٢٤) لە قەزای کەلار، لەم
قۆناغەدا، (٢٥١) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (٤٩٣)
جینۆسایدکراوە.
٣ـ هەڵمەتی سێیەم لە (١/١٢/٢٠٢٤ بۆ ٤/١٢/٢٠٢٤) لە قەزای کۆیە، لەم
قۆناغەدا، (٣١٤) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (٣٢١)
جینۆسایدکراوە.
٤ـ هەڵمەتی چوارەم لە (٢٤/١١/٢٠٢٤ بۆ ٢٨/١١/٢٠٢٤) لە قەزای کەلار، لەم
قۆناغەدا، (٢١٧) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (٤١٠)
جینۆسایدکراوە.
٥ـ هەڵمەتی پێنجەم لە (١٦/٢/٢٠٢٥ بۆ ٢٠/٢/٢٠٢٥) لە قەزای چەمچەماڵ، لەم
قۆناغەدا، (٣٧٥) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (٤٢٠)
جینۆسایدکراوە.
٦ـ هەڵمەتی شەشەم لە (٦/٢/٢٠٢٥ بۆ ١٣/٢/٢٠٢٥) لە قەزای کۆیە، لەم
قۆناغەدا، (٧٠٣) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (٥٢٤)
جینۆسایدکراوە.
لە ئەنجامی ئەم شەش هەڵمەتە، کە (٣٣) رۆژی فیعلی خایاند لە قەزاکانی
چەمچەماڵ و کەلار و کۆیە، بە کۆی گشتی سامپڵی خوێن لە (٢٢١٤) کەسوکاری
ئەنفالکراو بۆ ناسینەوەی (٢٥٤٥) جینۆسایدکراو وەرگیراوە.
بەشی چوارەم: عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی گۆڕی بەکۆمەڵ.
لەم بەشەدا کار و هەنگاوەکانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە
دۆسیەی گۆڕی بەکۆمەڵ دەخەینە بەرباس و دەبینین لە عێراقدا وردتر و
یاساییانەتر کار بۆ ئەم دۆسیەیە کراوە بە بەراورد بە هەنگاوەکانی
هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی پەراوێزخستنی گۆڕی بەکۆمەڵی
قوربانیانی کورد لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەخەینەڕوو،
ئەویش لە (٣) تەوەردا:
تەوەری یەکەم: عێراق و پرسی گۆڕی بەکۆمەڵ.
وەک لە پێشتر باسمان کرد، دەرکەوتنی قەبارەی زۆری ژمارەی گۆڕی بەکۆمەڵ
و بە رۆژەڤبوونی ئەو پرسە لە ناوخویی عێراق و کوردستان و جیهان، وایکرد
ئەم دۆسیە ببێتە جێی گرنگ و بایەخی هەمەلایەنە و پێویستی گرتنەبەری
هەنگاو لەو بارەوە بکات.. لەم رووەوە عێراق تائێستا چەند هەنگاو و
رێکارێکی گرتۆتەبەر:
رێکاری یەکەم: یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان:
کۆمەڵەی نیشتمانی عێراق "پەرلەمانی عێراق بۆ قۆناغی راگوزەر"، یاسای
پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە ژمارە (٥)ـی ساڵی (٢٠٠٦) پەسەند دەکات و
دەبێت بە یەکەم یاسا لە مێژووی عێراق کە تایبەت بە گۆڕی بەکۆمەڵ
دابنرێت.
لەم یاسایەدا؛ ڕۆڵی سەرەکی لە ئامارکردن و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان
و دیکۆمێنتکردنیان، دراوە بە وەزارەتی مافی مرۆڤ، ئەمەش وەک لە بڕگەی
دووەم لە مادەی یەکەم هاتووە:(تتولی وزارە حقوق الانسان الدور الرئیسی
فی عملیە فتح مقابر الجماعیە وحصر اعدادها و توپیق محتویاتها).
هاوکات وەک لە بڕگەی دوو لە مادەی دووەمدا هاتووە، نووسینگەیەک
دادەمەزرێت لە ناو وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی، بە ناوی (نووسینگەی
زانیاری کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان) و ئەرکی رێکخستنی داتای گۆڕە
بەکۆمەڵەکان و ژمارەی روفاتەکان و ... هتد دەبێت.
یاساکە خاڵی نییە لە کەموکوڕی و زۆر بابەت و دەستەواژەی یاسایی تایبەت
بەم پرسەی لە بیرکردووە، لە دیارترینیان وەک پێشتر خراوەتەڕوو، لە
پێناسەی گۆڕی بەکۆمەڵدا، یاسادانەر کەوتۆتە هەڵەوە و تەنها گۆڕی
قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی وەک گۆڕی بەکۆمەڵ ناساندووە و گۆڕی
بەکۆمەڵی دیکەی وەک گۆڕە نەناساندووە، ئەمەش هەڵەیەکی زۆر گەورەی
یاساییە و پێشێلکردنی مافی قوربانیانی تاوانەکانی دیکەی بەعسە وەک
قوربانیانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ... هتد.
هەروەها بە هیچ جۆرێک ئاماژەی تیمی هونەری (فرق الفنیە)ـی تایبەت بە
هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ نەکردووە و بگرە بۆ هەڵدانەوەی هەر گۆڕێک،
ئەوەی خستۆتەڕوو، کە دەبێت لیژنەیەک لە یەکە ئیدارەییەکانی ئەو ناوچەیە
پێکبێت، کە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی لێیە و ئەوان هەڵدەستن بە هەڵدانەوەی
گۆڕەکە.
جیا لەمانە، هیچ رۆڵ و پێگەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی
کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دیاری نەکردووە لە پرسی گۆڕە
بەکۆمەڵەکان، کە زۆرترین قوربانی گۆڕەکان لە نەتەوەی کوردن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم یاساییە بە کرداری لە ساڵی (٢٠٠٨) کەوتە بواری
جێبەجێکردنەوە و چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدرانەوە و هاوکات هاوبەشی بە
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکرا، نەک تەنها لە پرسی
هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی کورد، تەنانەت لە هەڵدانەوەی زۆر
گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی شیعەشدا، هاوبەشی بە تیمەکەی هەرێمی کوردستان
دەکرا.
لە ساڵی (٢٠١٥)، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای ژمارە (١٣)ـی ساڵی
(٢٠١٥)، یاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە
ژمارە (٥)ـی ساڵی (٢٠٠٦)ـی دەرکرد و زۆر بڕگە و مادەی یاساکەی
هەموارکردەوە، لە دیارترینیان، وەک لە مادەی یەکەم هاتووە، ناوی یاسای
پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ (یاسای کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵ)
گۆڕدرا و هەروەها لە مادەی (٣)ـدا، (نووسینگەی زانیاری کاروباری گۆڕە
بەکۆمەڵەکان)ـی هەڵوەشاندۆتەوە و لە شوێنیدا (فەرمانگەی کاروبار و
پاراستنی گۆڕی بەکۆمەڵ)ـی دامەزراند.
هاوکات لە مادەی (٦)ـدا بە شێوەی یاسایی ئاماژە بە هاوبەشیکردنی
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کراوە، بەوەی لە هەر
پارێزگایەک کە گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە، دەبێت لیژنەیەک بە
سەرۆکایەتی سەرۆکی دادگا تێهەڵچونەوەی ئەو شارە و ئەندامێتی فەرمانگە
پەیوەندیدارەکانی وەک پۆلیس و پزیشکی دادی و ..هتد، پێکبهێنرێت بۆ
سەرپەرشتی و چاودێری پرۆسەی هەڵدانەوەکە و لەم لیژنەیەدا وەزارەتی
کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەبێت نوێنەرێکی هەبێت، هەرچی ئەرکی
هەڵدانەوەی گۆڕەکانە خستۆیەتیە ئەستۆی تیمی شارەزای گۆڕە بەکۆمەڵەکان،
کە دەبێت پێکبهێنرێت و راهێنانیان تایبەت بەو بوارەیان پێی بکرێت.
لە دوای چارەسەری کەموکوڕی و تێبینیەکان لە هەمواری یەکەمی یاسای گۆڕە
بەکۆمەڵەکان لە ساڵی (٢٠١٥)، دەتوانین بڵێین، یەکێکە لە یاسا هەر
باشەکان لە ئەمڕۆی عێراقدا.
تا ساڵی (٢٠١٥)، دۆسیەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە ئەستۆی وەزارەتی مافی مرۆڤی
عێراقی بوو، بەڵام لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو وەزارەتە، دۆسیەکە
دەدرێتە دەزگای شەهیدانی عێراق و فەرمانگەی کاروبار و پاراستنی گۆڕە
بەکۆمەڵەکانیش دەخرێتە سەر دەزگای ئاماژە بۆکراو و ناوەکەشی دەگۆڕدرێت
بۆ (فەرمانگەی کاروبار وپاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنان).
پاشتر لە هەمواری یەکەمی یاسای دەزگای شەهیدانی عێراق لە ساڵی (٢٠٢٤)،
پرسێکی گرنگی گۆڕی بەکۆمەڵ لە چوارچێوەی هەموارەکەدا جێی دەکرێتەوە،
ئەویش بریتیە لەوەی هەر زەوییەک کە گۆڕی بەکۆمەڵی تێیدا دەدۆزرێتەوە،
ئەگەر زەوییەکە موڵکی دامەزراوەیەکی حکومی بوو، دەبێت موڵکداری
زەوییەکە بگوازرێتەوە سەر دەزگای شەهیدان و ئەوانیش پابەندن بە
گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی گۆڕەکان وەک دیاریکردنی شوێنەکە و
دانانی تابلۆ و تەلەبەندکردنی و لە پاشانیش پاراستنی ئاسەوارەکانی لە
دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکە.
هەروەها لە یاساکە و هەموارەکانیدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەگەر زەوییەکە
موڵکی تایبەتی کەسێک بێت، ئەوە خاوەن زەوییەکە پابەندە بە راگرتنی
هەموو جۆرە کارکردنێک لە زەوییەکەیدا و فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش
پابەندە بەوەی لە رۆژی ئاشکرابوونی گۆڕە بەکۆمەڵەکە تا ساڵێک، ئەو گۆڕە
هەڵبداتەوە و لەو ماوەیەشدا پیویستە دەزگای شەهیدان قەرەبووی مادی
خاوەن زەوییەکە بکاتەوە، ئەگەر بەهۆی راگرتنی کارکردن تێیدا زیانی مادی
بە خاوەن زەوییەکە گەیشت بوو.
نابێت بیرمان بچێت، بەوە پێیەی دەزگای شەهیدان، دەزگایەکی سەربەخۆیە و
راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئەنجومەنی وەزیران، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین
دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەمڕۆکە بەستراوەتەوە بە ئەنجومەنی وەزیران،
کە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە عێراق.
رێکاری دووەم: دیاریکردنی رۆژی نیشتمانی گۆڕی بەکۆمەڵ:
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٧)، بڕیاریدا بە دیاریکردنی رۆژی
(١٦) ئایاری هەموو ساڵێک، وەک رۆژی نیشتمانی گۆڕی بەکۆمەڵ، ئەمەش بە
پشتبەستن بە راسپارەکانی کۆنفڕانسی یەکەمی گۆڕی بەکۆمەڵ، کە لە شاری
لەندن لە بەریتانیا لە رۆژی (١٦/٩/٢٠٠٦) سازدرا.
دیاریکردنی (١٦)ـی ئایار وەک رۆژی نیشتمانی گۆڕی بە گۆمەڵ، دەگەڕێتەوە
بۆ هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە دوای رووخانی رژێم لە رۆژی (١٦ـی
ئایار ٢٠٠٣)، کە دوو گۆڕ بوو لە ناوچەی (مەحاویل) لە پارێزگای بابل، کە
قوربانیانی راپەڕینی شوعبانیەی باشوری عێراق لە ساڵی (١٩٩١) تێیدا بوو.
رێکاری سێیەم: دانانی بانکی زانیاری (DNA):
لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەر لە
ساڵی (٢٠٠٦)ـەوە، پزیشکی دادی (الگب العدلی) راسپێردرابوو بۆ وەرگرتن و
کۆکردنەوەی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیانی بێسەروشوێن، بەڵام ئەم
پرسە تا ساڵانی دوای کۆتایهاتنی جەنگی (داعش) جێبەجێنەکراوە.. بەڵکو
تەنها نموونەی ئێسک لە روفاتەکان وەردەگیرا و کۆدی بۆ دادەنرا و هەمان
کۆدیش لەسەر کێلی روفاتەکان لە دوای بەخاکسپاردنەوەیان دادەنرا، تا
ئەوەی لە هەر کاتێکدا سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان وەرگیرا و
ئەنجامی (DNA)ـیەکان بەراوردکرا، ئەوە بە کۆدی سەر کێلەی گۆڕەکان،
ناسنامەی روفاتەکەی ناوی ئاشکرابکرێت.
ئەگەرچی عێراق ئەم ڕێکارەی وەک چارەسەرێکی مام ناوەند بۆ ئەم پرسە
پەنای بۆ برد، بەڵام لە بنەڕەتدا هەڵەیەکی زانستی بوو، چونکە وەک پاشتر
دێنەسەری، دەبوو وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان پێش
هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ ئەنجام بدرایە، چونکە مردنی کەسوکاری قوربانی
بە هەر هۆیەک بێت، کێشەی گەورە بۆ ناسینەوەی روفاتەکان دروست دەکات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە ساڵی (٢٠١٨)ـەوە، عێراق دەستیکرد بە دانانی
بانکی زانیاری (DNA)، بە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان و
بۆ ئەمەش تائێستا چەندین هەڵمەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێنی لە کەسوکاری
قوربانیان لە شارەکانی عێراق ئەنجامداوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، لە
شوباتی ساڵی (٢٠٢٤) دەستکراوە بە هەڵمەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە
کەسوکاری ئەنفالکراوان و تائێستا (٦) هەڵمەت ئەنجامدراوە، کە بە کۆی
گشتی سامپڵی خوێن لە (٢٢١٤) کەسوکاری ئەنفالکراو بۆ ناسینەوەی (٢٥٤٥)
جینۆسایدکراو وەرگیراوە.
رێکاری چوارەم: بنکەی زانیاری و ئامار:
لە عێراق بنکەیەکی داتاپەیستی ئامار و زانیاری و دیکۆمێنتی تایبەت بە
گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە، بەڵام هیچ زانیارییەک سەبارەت بە داتاکان و
کۆکردنەوەی ئامارەکان بەردەست نیە، بەهۆی سیاسەتی تاک ناوەندی بۆ
پاراستنی زانیارییەکان.
عێراق لەم پرسەدا وەک دۆسیەیەکی ئاسایشی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکە
دەکات و زانیارییەکان بەردەست ناخات، لە هەمانکاتدا رەنگە ئەم جۆرە
مامەڵەیەی عێراق پەیوەندیی بەوەوە هەبێت، تا پرسی کەمی هەڵدانەوەی گۆڕی
قوربانیانی نەتەوەیەک بە بەراورد بە نەتەوەیەکی دی، نەکرێت بە بابەتی
جیاکاری و وەک جیاکارییەکی نەتەوەیی نەوروژێنرێت.
تەوەری دووەم: کورد و پرسی گۆڕی بەکۆمەڵ.
ئەوەی جێی تێڕامان و هەڵوەستەکردن، کاتێک بەراوردی ژمارەی گۆڕی بەکۆمەڵ
و قوربانیەکان و مێژووی یەکەم گۆڕ لە عێراق لە نیوەی دووەمی سەدەی
رابردوو دەکەیت و بەراوردی دەکەیت بە هەنگاوی لایەنەکانی وەک حکومەتی
هەرێم و پەرلەمان و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، تووشی
سەرسوڕمان و شۆک دەبیت، کاتێک دەبینیت نەک وەک وڵاتە پێشکەوتۆکان کاری
لەسەر دۆسیەی گۆڕی بەکۆمەڵ نەکردووە، تەنانەت بە ئەندازەی دەوڵەتی
عێراقیش لەم پرسەدا هەنگاوی نەناوە.
وەلاوەنانی ئەم دۆسیەیە بۆ هەر میللەت و نەتەوەیەکی دی ئاسایی بێت، بۆ
کورد نەک ئاسایی نییە، بەڵکو تاوانێکە دەچێتە خانەی لەبیرکردنی
رابردوو، رابردوودییەک کە تێکهەڵکێشراوە لە گۆڕی بەکۆمەڵەی رۆڵەکانی.
کاتێک ژمارە و مێژووی گۆڕەکان و ژمارەی قوربانیانی کورد و ژمارەکانی
تاوانەکانی ئەنجامدراو بەرانبەر بە کورد بەراورد بە یەک دەکەین و پاشتر
بە هەنگاوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لە پرسی گۆڕی
بەکۆمەڵ بەراوردی دەکەین، هەنگاوێکی بناغەیی ئەوتۆ نابینین.. راستە لە
رابردوودا هەرێمی کوردستان تیمی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی هەبووە و
رۆڵی بینیەوە هەڵدانەوەی ژمارەیەک گۆڕ و هێنانەوەی روفاتەکان بۆ هەرێمی
کوردستان، بەڵام وەک ئاماژەی پێدراوە، لە تاوانی ئەنفالدا، کە
گەورەترین تاوانە بەرانبەر بە گەلی کورد ئەنجامدراوە، ژمارەی
رووفاتەکان تەنها (١٩٠٠) رووفاتە، کە دەکاتە لە (١٪) کۆی
قوربانیانی تاوانەکە.
هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەنگاویی بناغەیی (ستراتیژی) لەم
پرسەدا لای دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و لە سەرووی هەمووشیانەوە،
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کە دیارترینیان بریتیە لە:
یەکەم: نەبوونی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان: تائێستا لە هەرێمی کوردستان،
یاساییەک نییە تایبەت بە دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، کە چۆنێتی
مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە لە گەڕان و رووپێویکردن ودیکۆمێنتکردن و
ئامارکردنی ولایەنەکانی تری ئەم بابەتە رێکبخات، بەڵام بە پێچەوانەوە
لە عێراقدا یاسای تایبەت بەم دۆسیەیە هەیە و هەموو لایەنەکانی ئەم
پرسەی رێکخستووە.
دووەم: بەڕێوبەرایەتی گۆڕی بەکۆمەڵ: لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و
ئەنفالکراوان، بەڕێوبەرایەتیەک هەیە بە ناوی (بەڕێوبەرایەتی گۆڕە
بەکۆمەڵەکان)، بەڵام ئەم بەڕێوبەرایەتی هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی نییە وەک
ئەوەی فەرمانگەی کاروبار وپاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، کە پاڵپشت
بە یاساییەک دامەزراوە و پێدەچێت ئەم بەڕێوبەرایەتی هەرێم بە بڕیاری
ئەنجومەنی وەزارەت یاخود ئەنجومەنی وەزیران دامەزرابێت، چونکە لە یاسای
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ژمارە (٨)ـی ساڵی (٢٠٠٦)،
کە ئاماژە بە هەیکەلیەتی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکان دەکات، هیچ
بەڕێوبەرایەتیەک بە ناوی (بەڕێوبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان) لە یاساکەدا
ئاماژەی بۆ نەکراوە.
سەبارەت بە پرسی گۆڕی بەکۆمەڵیش، تەنها لە بڕگەی دەیەم لە مادەی دووەمی
یاساکە، کە باس لە ئامانجەکانی وەزارەت دەکات، هاتووە:"گەڕان بە دوای
چارەنووسی ئەنفالکراوان و دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گێڕانەوەیان بۆ
زێدی خۆیان".
بە وردبونەوە لەم بابەتە، دەبینین تەنانەت بەڕێوبەرایەتی گۆڕە
بەکۆمەڵەکانیش بناغەیی نییە، چونکە ئەم بەڕێوبەرایەتیە پاڵپشتی یاسایی
نییە و بە بڕیار دامەزراوە و هیچ کات بڕیار شوێنی یاسا ناگرێتەوە.
سێیەم: رۆژی نیشتمانی گۆڕی بەکۆمەڵ: تائێستا لە هەرێمی کوردستان رۆژێک
دیاری نەکراوە وەک رۆژی نیشتمانی گۆڕی بەکۆمەڵ، سەرەڕای ئەوەی کورد
پشکی شێری لە قوربانیانی گۆڕی بەکۆمەڵ بەردەکەوێت، ئەمەش بەڵگەیە بۆ
نەبوونی هەنگاوێکی بناغەیی بۆ بە نیشتمانیکردنی ئەم پرسە یاخود بڵێین
نەبوونی هیچ هەنگاوێک بۆ نیشتمانسازی لە دۆسیەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە هەرێمی
کوردستان.. لەکاتێکدا لە عێراق رۆژی (١٦)ـی ئایاری هەموو ساڵێک وەک
رۆژی نیشتمانی گۆڕی بەکۆمەڵ دیاریکراوە وەک پێشتر خراوتەڕوو.
چوارەم: نەبوونی بانکی زانیاری (DNA): تائێستا لە هەرێمی کوردستان،
بانکێکی زانیاریی تایبەت بە پشکنینی (DNA) و وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە
کەسوکاری قوربانیان و کۆکردنەوەی زانیارییەکانی ئەم بوارە بوونی نییە،
لەکاتێکدا رۆژ لە دوای رۆژ واریسی قوربانیان بەهۆی نەخۆشی و هەڵکشانی
تەمەن گیانلەدەست دەدەن، بەتایبەت باوک و دایکی قوربانیان، کە بەپێی
رێکارە زانستیەکان، بۆ ناسینەوەی رووفاتی گۆڕی بەکۆمەڵ، واباشتر و لە
پێشترە کە سامپڵی خوێن لە باوک و دایکی قوربانی وەربگرێت، لە دواتر
ئەگەر ئەوان لە ژیان نەمابوون، ئەوکات لە سێ لە خوشک و براکانی یاخود
منداڵەکانی قوربانیەکە، ئەگەر خێزانداربوو.
لەم لایەنەوە بەهۆی کەمتەرخەمی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی بانکێکی
زانیاری (DNA) لە ساڵانی رابردوو، دەتوانین بڵێین زانیارییەکی زۆر وون
بوون یاخود فەوتاون، بۆ نموونە؛ کەسوکاری قوربانی سەڵت بووە و لە
پاشانیش دایک و باوکی کوچیان کردووە و ئێستا تەنها یەک برای ماوە یان
یەک خوشک و برای ماوە تا دەگاتە نموونەکانی تر، ئەمەش پرۆسەی ناسینەوەی
روفات قورستر دەکات.
پێنجەم: بنکەی زانیاری و ئامار: تائێستا هیچ بنکەیەکی داتاپەیستی ئامار
و زانیاری و دیکۆمێنتکردنی تایبەت بە گۆڕی بەکۆمەڵ لە هەرێمی کوردستان
بوونی نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاساییەکی تایبەت بە گۆڕی
بەکۆمەڵ وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە و بەو هۆییەوە تەنانەت ئامارێکی
وردی نەک سەرجەمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە هەرێم بەردەست نییە، تەنانەت
ئاماری ئەو روفاتانەش بەردەست نیین کە گەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی
کوردستان، بۆ نموونە ئەو ئامارانەی وەزارەتەی کاروباری شەهیدان و
ئەنفالکراوان چەندجارێک بڵاویکردۆتەوە، لەگەڵ ژمارەی گۆڕی ئەو
روفاتانەی کە لە چەمچەماڵ و گەرمیان و دوکان و تۆپزاوە و بارزان بەخاک
سپێردراون، بە ئاستێکی زۆرجیاوازییان هەیە.. ئەمەش دەریدەخات کە ئەوەی
کراوە بە هەنگاوی بناغەیی نەبووە و جۆرێک لە پاشاگەردانی دروستکردووە.
شەشەم: کەلوپەلی ناو گۆڕەکان: تائێستا هیچ زانیاری و ئامارێک لە بارەی
کەرەستە و کەلوپەل (مقتنیات)ـی ناو گۆڕەکان بەردەست نیین و تەنانەت ئەو
کەرەستانەش کە بەڵگەی تاوانکارییەکانن لە هیچ شوێنێک وەک مونۆمێنت و
مۆزەخانەکان نمایش نەکراون و بە نهێنی و بە شاردراوی هێڵدراونەتەوە و
نازانرێت چۆن و لە کوێ هەڵگیراون.
تەوەری سێیەم: عێراق و پەراوێزخستنی گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی کورد.
کاتێک لە پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراقدا، قسە لەسەر پەراوێزخستنی
دۆسیەی قوربانیانی کوردی تاوانەکانی بەعس دەکەین، کە زیاتر لە (٨٠٪)
قوربانیانی گۆڕی بەکۆمەڵەکانی سەردەمی بەعس لە نەتەوەی کوردن.
نەبینین و پەراوێزخستن و وەلاوەنانی دۆسیەی قوربانیانی کورد لەم پرسەدا
بە ئەندازەیەکە، کە لە ماوەی (١٠) ساڵی نێوان (٢٠١٥ ـ ٢٠٢٥)ـدا، لە کۆی
(١٥٣) پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ، تەنها (٣) گۆڕی بەکۆمەڵی
تاوانەکانی ئەنفال و بارزانیەکان هەڵدراونەتەوە.. کە لەم خوێندنەوەدا
بە داتا و ژمارە لە (٥) خاڵدا دەیانخەینەڕوو:
یەکەم: لە عێراق تائێستا (١٧١) گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، کە تەنها
(٤٠) گۆڕێیان پەیوەستن بە کورد و سنوری هەرێمی کوردستان.
دووەم: لە کۆی ئەو (٤٠) گۆڕەی هەڵدراونەتەوە، تەنها (٢) گۆڕێیان بە
تەنها لەلایەن دامەزراوەکانی عێراق لە ساڵانی (٢٠٠٢ و ٢٠٢٤)
هەڵدراونەتەوە و (٢٩) گۆڕێیان بە هاوبەشی هەردوو تیمی گۆڕی بەکۆمەڵی
کوردستان و عێراق هەڵدراونەتەوە و (٤) گۆڕێیان لەلایەن ئەمریکیەکان
هەڵدراونەتەوە و (٥) گۆڕێیان لەلایەن تیمی گۆڕی بەکۆمەڵی کوردستان
هەڵدراونەتەوە.
سێیەم: لە ماوەی (١٠) ساڵی (٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٥)، تەنها (٣) گۆڕی بەکۆمەڵی
تاوانەکانی جینۆسایدی ئەنفال و بارزانیەکان هەڵدراونەتەوە، لە
بەرانبەردا (١٥٣) گۆڕی دیکە هەڵدراونەتەوە، کە (١٢) گۆڕی بەکۆمەڵیان
تایبەتە بە تاوانەکانی بەعس و (١٤١) گۆڕیان تایبەتن بە تاوانەکانی
داعش.
چوارەم: دوای (٢٠) ساڵ لە هەڵدانەوەی چوار گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی
کورد، لە ساڵی (٢٠٢٤) دەستکرا بە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری
قوربانیانی کورد، لە کاتێکدا ئەو پرۆسەیە لە ساڵی (٢٠١٧) لە عێراق
دەستی پێکردووە.
پێنجەم: تائێستا نەتوانراوە یەک رووفاتی قوربانیانی کورد لە رێگای
پشکنینی (DNA) بناسرێنەوە، ئەمەش بەهۆی دواکەوتن لە وەرگرتنی سامپڵی
خوێن لە کەسوکاری قوربانیانی کورد، کە بەو هۆیەوە زانیارییەکی زۆر وون
بوون، بۆ نموونە؛ لە ماوەی (٢٢) ساڵی رابردوودا، واریسێکی زۆری
قوربانیان بەهۆی نەخۆشی و هەڵکشانی تەمەن گیانیان لەدەستداوە، بەتایبەت
باوک و دایکی قوربانیان، لە کاتێکدا بەپێی رێکارە زانستیەکان، بۆ
ناسینەوەی رووفاتی گۆڕی بەکۆمەڵ، واباشتر و لە پێشترە کە سامپڵی خوێن
لە باوک و دایکی قوربانی وەربگرێت، لە دواتر ئەگەر ئەوان لە ژیان
نەمابوون، ئەوکات لە سێ لە خوشک و براکانی یاخود منداڵەکانی
قوربانیەکە، ئەگەر خێزانداربوو.
چارەسەر و پێشنیار:
لە دەرئەنجامی ئەم خوێندنەوەیە روون دەبێتەوە، کە دەوڵەتی عێراق لە
پرسی گۆڕی بەکۆمەڵ زۆر لە پێش هەرێمی کوردستانەوەیە و هەنگاوەکانی
عێراق زۆر بناغەیین و هەرچی هەرێمی کوردستانە، تائێستا هیچ بناغەییەکی
بۆ ئەم بابەتە دانەمەزراندووە و ئەوەی لە رابردوو ئەنجامیداوە جیا
لەوەی بناغەیی نەبووە و هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی نییە، تەنها لە دوو
بواردا بووە.. یەکەمیان: پێکهێنانی تیمێکی شارەزا بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی
بەکۆمەڵ و ئەم تیمە رۆڵی باشی لە هەڵدانەوەی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ بینیووە
و دووەمیان: هێنانەوەی روفاتی قوربانیانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ
هەرێمی کوردستان، بەدەر لەمە هیچ شتێکی تر نەکراوە، بۆیە ئەم
چارەسەرانە پێویستە بگیرێتەبەر:
١ـ پەرلەمانی کوردستان یاساییەکی تایبەت بە پرسی گۆڕی بەکۆمەڵ و
قوربانیانی گۆڕەکان دەربکات، بۆ رێکخستنی هەموو لایەنەکانی تایبەت بەم
دۆسیەیە.
٢ـ ساڵانە بودجەیەکی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ دیاری بکرێت.
٣ـ پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێکی پەرلەمانی رۆژێک لە هەرێمی
کوردستان، وەک رۆژی نیشتمانی گۆڕی بەکۆمەڵ دیاری بکات، کە گوزارشت بێت
بۆ گۆڕی بەکۆمەڵی کورد، ئەمەش بە پشتبەستن بە لێکۆڵەوەرانی ئەم بوارە.
٤ـ دامەزراندنی بانکی زانیاری (DNA)، بۆ وەرگرتنی سامپڵ لە کەسوکاری
قوربانیان وکۆکردنەوەی زانیارییە پێویستیەکانی تایبەت بەم بوارە.
٥ـ کەلوپەلی ناو گۆڕەکان: تەواوی کەلوپەلی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەپێی
زانستی دیکۆمێنت بکات و لە مۆنۆمێنتەکان نمایشیان بکات، لەگەڵ
گرتنەبەری هەر رێکارێکی دیکەی پەیوەست بەم بوارە.
٦ـ فشاری بەردەوام بخرێتە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، بۆ
خێراکردنی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی کورد، چونکە بەهۆی
ئەوەی زیاتر لە (٣٧) ساڵ بەسەر تاوانەکان تێپەڕیووە، مەترسی تێکچوون و
شوێن بزربوونی گۆڕەکان هەیە.
٧ـ هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە پرسەکانی گۆڕی
بەکۆمەڵ و بێسەروشوێنان وەک رێکخراوی (ICMP) و رێکخراوەکانی تر بکرێت،
بۆ سود وەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتیەکان، بۆ دانانی بناغەیەکی
یاسایی و کرداری بۆ دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵ و دیکۆمێنتکردنی لە ئاستی
نێودەوڵەتی و ...هتد.
_______________________________________________
تێبینی:
ئەم بابەتە لە چاپی دووەمی کتێبی (عێراق.. وڵاتی گۆڕی بەکۆمەڵ)
بڵاوکراوەتەوە، کە ساڵی (٢٠٢٥) چاپکراوە و هاوکات لە گۆڤاری تۆپزاوە،
لە ژمارە (٦ - ٧)ـی ١٤/٤/٢٠٢٥ بڵاوبۆتەوە.
سەرچاوەکان:
١ـ رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، ژمارە (٤٠٢١) لە (١٦/٤/٢٠٠٦).
٢ـ رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، ژمارە (٤٣٦٧) لە (٨/٦/٢٠١٥).
٣ـ رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، ژمارە (٤٣٩٥) لە (٢٥/١٢/٢٠١٦).
٤ـ رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، ژمارە (٤٧٩٦) لە (٧/١٠/٢٠٢٤).
٥ـ رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، ژمارە (٦٣) لە (٢١/١/٢٠٠٧).
٦ـ ئاماری هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ن: هوشیار عیزەدین، رۆژنامەی
نوگرەسەلمان، ژمارە (٧)ـی رۆژی (١٤/٤/٢٠١٢)، لاپەڕە (٤).
٧ـ گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە روانگەیەکی مێژوویی، عەدالەت عومەر، وێبسایتی
ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی گەلی کورد.
https://ku.kgna.krd/blogs/categorys/%DA%AF%DB%86%D8%B1%DB%95%D8%A8%DB%95%DA%A9%DB%86%D9%85%DB%95%DA%B5%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86
٨ـ (بماذا تختلف
المقابر الجماعية عن غيرها؟ ومتى تعتبر “جريمة حرب”؟ وكيف تعاقب الأمم
المتحدة مرتكبيها؟).
https://arabicpost.net/%D9%85%D9%86%D9%88%D8%B9%D8%A7%D8%AA/2020/07/09/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%82%D8%A7%D8%A8%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%85%D8%A7%D8%B9%D9%8A%D8%A9
٩ـ (مذبحة "سيميل"
الآشورية.. أولى إنجازات الحكم الوطني من المقابر الجماعية في
العراق.).
https://elaph.com/Web/Archive/1059931214400558100.htm
١٠ـ (جريمة صوريا .. وحقوق
الضحايا.).
https://www.hhro.org/%D8%AC%D8%B1%D9%8A%D9%85%D8%A9-%D8%B5%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A7-%D9%88%D8%AD%D9%82%D9%88%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%B6%D8%AD%D8%A7%D9%8A%D8%A7/%D9%85%D9%82%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA
|