١٤\١\٢٠١٣
قوربانییەکی
تاوانبارکراو.

جەلال محەمەد
رۆژی چوارشهممە ڕێکەوتی ٩\١\٢٠١٣
بە یەکێک لە ڕۆژە تراژیدیەکان دادەنرێت لە دیرۆکی کورداندا، لەو ڕۆژەدا
دەستی دوژمنان بە خوێکی سێ ژنە تێکۆشەری کورد (سەکینە جانسز "سارا" -
فیدان دۆغان "رۆژبین" - لەیلا سۆیلەمز "رۆناهی") ڕەنگین کرا، دڵتەزێنی
ئەم ڕووداوە هاوشێوەی دڵتەزێنی تەواوی ئەو کۆمەڵکوژیانەی ڕابردووە کە
نەتەوەکەمان دووچاری هاتووە بە دەستی داگیرکەران و دوژمنانەوە.
گومان لەوەدا نییە کە دوژمنان ناتوانن بەبێ هاوکاری دەزگایەکی هەواڵگری
نێونەتەوەیی تراژیدیایەکی وەها مەزن ئەنجام بدەن لە پایتەختێکی ئەوروپی
وەکو پاریسدا ، وەکو چۆن لە ڕابردووشدا بە هاوکاری دەزگا هەواڵگریە
نێونەتەوەیەکان توانرا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ڕادەستی سەرسەختترین
دوژمنی نەتەوەکەمان بکرێتەوە و دکتۆر قاسملوش بخرێتە داوی کۆمەڵە
ڕەشەکوژێک لەسەر مێزی وتووێژ.
بۆچی لەم کاتەدا ئەم تراژیدیایە؟
هەر کاتێک کوردان هەنگاوێک پێش دەکەون و چارەسەریەکان ڕوو لە ئاسانی
دەکەن ڕێک لەو کاتەدا پیلانەکانیش ڕوو لە زیادی دەکەن ، هۆکارەکەشی
ئەوەیە کە بەرژەوەندی هێزە ئیمپریالیستیەکان لە ئاشتی و سەقامگیری
ناوچەکەدا نییە و هەمیشە هەوڵی زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە دەدەن.
بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٣دا ، کاتێک عێراق داگیرکرا و هیچ ئاستەنگیەک
لەسەر ڕێگەی کوردان نەما بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ، ڕێک لەو کاتەدا
ویستی هێزە ئیمپریالیستیەکان ئەوە بوو کە هەم بە دەستی سەرانی
کورد"بازرگانانی خوێن" هەوڵی سازدانەوەی ماڵی داگیرکەر بدەن و هەم لە
ڕێگەی ئەقڵیەتی کۆنەپەرستانەی عەرەبییەوە هەوڵی پاکتاوکردنی نەژادی
کوردان بدەن لە پارێزگاکانی "نەینەوا و کەرکوک و دیالە و بەغدا" ، ئەم
پاکتاوکاریە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرا کە عێراق خۆی داگیرکراو بوو و هیچ
تروسکاییەکی ڕزگاریش بۆ ئەو عەقڵیەتە کۆنەپەرستییەی عەرەبی لە ئارادا
نەبوو.
لە سوریای ئیمڕۆشدا ئیخوان الموسلمینی بەگرێگیراو و ئارتەشە بەناو
ئازادەکەیان کە هەر پەلەیان بە دەست هێزێکی دەرەکیەوەیە و ڕۆژانەش
دووچاری ڕاونان و شپرزەیی دەبن بە دەست ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی ئەسەدەوە
کەچی بۆ مەرامی هێزە ئیمپریالیستیەکان بۆ یەک چرکە سات چاو لە ڕشتنی
خوێنی کوردان لانادەن و ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر کوردان و تیرۆرکردنی
کوردانیان کردۆتە سونەتی ژیان.
ئێستاش لە پاش مانگرتنە ٦٨ ڕۆژیەکەی زیندانیە سیاسیەکانی باکووری
کوردستان لە لایەک و سەرکەوتنە کەم وێنەکانی گەریلا لە ناوچەکانی
شەمزینان لە لایەکی دیکەوە ، دوژمن ناچارکرا کە ڕێگەی ئیمراڵی بگرێتە
بەر بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەری ، کەچی ڕێک لە کاتێکی وەهادا
کۆمەڵکوژی پاریس ئەنجام دەدرێت . کە هیچ گومانم لەوەدا نیە ئەم
کۆمەڵکوژییە بە دەستی داگیرکەران و ویستی هێزە ئیمپریالیستیەکان بووە
بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە.
دووبارەبوونەوەی مێژوو:
میکاڤیلی دەڵێت: (بۆ سەرکەوتنی پیلانەکەت، تاوانەکانی خۆت بخە ئەستۆی
دوژمنەکەت).
لە ٢٧\٢\١٩٩٥دا
بە پیلانێکی لە پێشدا ئامادەکراو کۆمەڵکوژیەک لە شاری زاخۆ ئەنجامدرا
لە ڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە ، ئەوەی لەو کۆمەڵکوژیەدا کرایە ئامانج
"سندی"یە زەحمەتکێشەکانی شاری زاخۆ بوون "کە نەیاری تورکیا و پارتی
دیموکراتی کوردستانی عێراق بوون" ، کەچی یەک سەعات بەسەر
کۆمەڵکوژیەکەدا دەرباز نەببوو کە ڕاگەیاندنەکانی تورکیا و پارتی بەبێ
بوونی هیچ بەڵگەیەک تاوانەکەیان خستە ئەستۆی سندیەکان (واتە قوربانی
ئەو ڕووداوە سندیەکان بوون و ئەوەی تاوانباریش کرا بەو ڕووداوە هەر
سندیەکان بوون) ، بەهۆی ئەو تاوانبارکردنەشەوە سەدان سڤیلی دیکەی
سندیەکان کرانە ئامانج و لەلایەن تورکیا و پارتیەوە گیران و کۆمەڵکوژ
کران ، تاوانبارکردنەکەش بە دروستکردنی شانۆگەریەک بوو (بە هێنانە سەر
تەلەفزیۆنی دوو کەس کە هەردووکیان پاراستنی پارتی بوون و ڕایانگەیاند
کە ئەوان ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە) ، ئەو دوو کەسەش لە جیاتی ئەوەی
بگیرێن و بدرێنە دادگا کەچی لە لایەن خودی بارزانیەوە ڕەوانەی وڵاتی
کەنەدا کران . پاش ماوەیەک دەرکەوت کە ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژیەی
ئەنجامداوە خودی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو بە هاوکاری میتی
تورک ، هەم بۆ کوشتنی سندیە نەیارەکانیان و هەم بۆ ناشیرینکردن و
تۆمەتبارکردنیشیان.
ئێستاش بە تیرۆرکردنی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە تراژیدیایەکی هێجگار مەزن
ئەنجام دراوە دژ بە تەواوی نەتەوەی کورد و شۆڕشە ئازادیخوازیەکەی ،
کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کە یەک سەعات بەسەر تراژیدیەکەدا دەرباز نەببوو
کە راگەیاندنەکانی دەولەتی تورک بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک تاوانەکەیان
خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان و ژمارەیەک ڕاگەیاندنی ئەوروپی و
کۆمەڵێک کوردی کاسەلێس و نۆکەر سیفەتیش هەمان ڕاگەیاندنیان وەک خۆی
دووبارە کردەوە (واتە ئەوەی کرایە ئامانج پکک بوو ، ئەوەی هەوڵی
تاوانبارکردن و ناوزڕاندنیشی دەدرێت هەر پەکەکەیە).
لێرەدا گلەیی و گازندە لە داگیرکەر و هێزە ئیمپریالیستیەکان ناکرێت
جونکە ئەوانە ئاشکران کە چ پیلانێکی کوشندە و ژەهراویان لەژێر سەردایە
دژ بە نەتەوەی کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان ، بەڵام ئەوەی جێگەی
پرسیارە ئەو کۆمەڵە کوردە خۆفرۆش و نیشتیمانفرۆشەیە کە تووتی ئاسا
لێدوانەکانی دوژمنان دووبارە دەکەنەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک ،
زۆربەی ئەو کوردە خۆفرۆشانەش لەلایەن هێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکانی وەک
یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیەوە گۆش دەکرێن و دەخرێنە خزمەتی
داگیرکەران.
سەرنج و تێبینی:
نووسەری ئەم بابەتە هیچ دژایەتیەکی لەگەڵ هیچ ئاین و مەزهەبێکدا نییە ،
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە هەموو نەتەوە مسوڵمانەکاندا
هێزە ئیسلامیەکان دەکەونە خزمەتی نەتەوەکەیان و ئاینیش وەکو وەسیلەیەک
بەکار دەهێنن بۆ ئامانجە نەتەوایەتیەکانیان ، کەچی لە کۆمەڵگای
کوردەواریدا ڕێک ڕەوشەکە پێچەوانەیە ، واتە هێزە ئیسلامیە بەناو
کوردیەکان هەمیشە هەوڵیان داوە کە کورد بکەنە وەسیلەیەک و بیانخەنە
خزمەتی داگیرکەرانەوە.
تا ئەو ڕۆژەی سەدام و حیزبی بەعس برەویان هەبوو ئەوا کێشی فایلی هەر
یەک لە سەرکردەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لە کێشی خودی
خۆیان زیاتر بوو ، لە دوای گۆڕکرانی سەدام و بەعسیەکانیش قیبلەی ئەم
سەرکردە فایلدارانە لە بەغداوە گۆڕدرا بۆ تاران و بە پۆل پێشمەرگەی
لایەنە ڕۆژهەلاتیەکانیان ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکردەوە بۆ بەر
پەتی سێدارە ، ئێستاش بەهۆی دابڕانی کۆماری ئیسلامی لە جیهان قیبلەی
لایەنە ئیسلامیە بەناو کوردیەکان لە تارانەوە گۆڕدراوە بۆ ئەنقەرە و
دەوحە . لە کاتێکدا لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە دەوڵەتی تورک و
دەوڵەتانی کەنداو چ داردەستێکی ئەمریکا و هێزە ئیمپریالیستیەکانن.
بۆ زانیاریی پتر کرتە لەسەر ئەم لینکانەی خوارەوە بکە:
http://rudaw.net/kurdish/index.php?news=19890
http://www.youtube.com/watch?v=MQrubXmM6SY
http://so.firatnews.com/index.php?rupel=nuce&nuceID=10128
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|