١٣\٩\٢٠١٩
قورسایی پەرداخێک.
وەرگێڕانی: محەمەد بەرزی
منداڵە
ژیرەکان : ڕۆژێک لەناو پۆلدا مامۆستایەکی زیرەک، پەرداخێک ئاوی بە
دەستێکی بەرزکردەوە. پاشان بە ڕوویەکی
خۆشەوە ئەم پرسیارەی لە خوێندکارەکانی کرد:
(ئایا قورسایی ئەم پەرداخە پڕ لە ئاوەی بە دەستمەوەیە چەندە؟).
لە وەڵامدا خوێندکارەکان وتییان :سوکە ، لەوانەیە لە نێوان ٢٠٠ گرام و
٥٠٠ گرامدا بێت. پاشان مامۆستاکە زۆر
لەسەرخۆ وتی: (بەلای منەوە قورساییەکەی گرنگ نییە ، بەڵکو ئەوەی گرنگە
، هەتا چەند دەتوانم ئەم پەرداخە ئاوە ، ئاوا بە بەرزییەوە ڕابگرم .
ئەگەر بۆ ماوەی تەنها یەک ، یان دوو خولەکێک ڕایبگرم ، ئەوە بە
دڵنییاییەوە سووکە .بەڵام ئەگەر بۆ ماوەی یەک کاتژمێر ڕایبگرم ، دیارە
قورس دەبێت و کێشەکەشی قۆڵم ئازار دەدات . خۆ ئەگەر بۆ ماوەی ڕۆژێکیش
هەر ئاوا ڕایبگرم ، بێگومان قوڵم دووچاری ئازاری زۆر و لەوانەشە تووشی
نەخۆشی و ئیفلیجیش بکات . جا بۆ ئەوەی لە زیان بە دووربم ،
بێگومان پێویستە بە خێرایی لە کۆڵی خۆمی بکەمەوە و زوو دەستی لێبەربدەم
و فڕێی بدەمە سەر زەوییەکە . کەواتە لە هەموو حاڵەتێکدا کێشی پەرداخە
ئاوەکە هەمان کێشە ، بەڵام چەند ماوەی هەڵگرتنی درێژ بێتەوە ، ئەوەندەش
کێشەکەی بە لای منەوە قورستر دەبێت ).
خوێندکارەکان قسەی مامۆستاکەیان زۆر بە دڵبوو ، بەبێ دەنگی
سەیریاندەکرد .. ئنجا مامۆستاکە وتی : ( ترس و بیرکردنەوە لە ژیان ،
هەمان تاقیکردنەوەی ئەم پەرداخە ئاوەیە . کاتێک ماوەیەکی کەم بیریی لیێ
دەکەینەوە ، هیچ ڕوونادات . بەڵام ئەگەر هاتوو تۆزێک زیاتر بیرمان
لێکردەوە ، ئەوا تووشی بێ تاقەتی و دڵەڕاوکێ و ئازارمان دەکات . خۆ
ئەگەر بۆ ماوەی ڕۆژێک ، یان دوو ڕۆژ و زیاتر بیرمان لێکردەوە ، ئەو
کاتە بە تەواوی تووشی گوشار و نەخۆشی قورسماندەکات ، لەم کاتەشدا
ناتوانیین هیچ شتێک بکەین ، تا وەک پەرداخەکە فرێێ نەدەین و لە کۆڵ
خۆمانی نەکەینەوە).
ئەم تاقیکردنەوەیە فێرماندەکات ، خۆڕاگر و پشوو درێژ و چاو نەترس بین و
بیر لەو ڕووداوە ناخۆشانە نەکەینەوە ، کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا
ڕوودەدات . جا ئەگەر هاتوو بە درێژایی ڕۆژیش بیرمان لێکردەوە ، ئەوا
باشتر وایەلە ئێوارەدا بیری لیێ نەکەینەوە ، لە شەویشدا نەیخەینە ژێر
سەرینەکانمانەوە و ڕۆژی دواییش بیری لیێ نەکەینەوە . خۆ ئەگەر هاتوو
ڕۆژی دوایی تارمایی ئەو بیرکردنەوەیە هەر مابوو ، ئەوە ڕێک ئەو کاتەیە
، کە پێویستە پەرداخەکە فریێ بدەین و بە خێرایی خۆمان لەو گوشار و
قورساییە زۆرە ڕزگار بکەین.
_____________________________________________
تێبینی:
ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە.
mkbarzy@hotmail.com
|