١١\٩\٢٠١٠ قورسایى داهێنان.
دە باشە ناڵێن لەسەردەمى گلۆبالدا (عولمە) جیاوازى نێوان شارو گوند نامێنێ ؟ ئەدى بۆچى لەو هەرێمەی ئێمەدا قورسایى داهێنانە ئەدەبى و هونەرى و فیکرییەکان زێتر لە نێو سەنتەرى شارە گەورەکانن و کەمتردەوروبەر، واتە شارۆچکە و گوندەکان کەمتر دیاردەى چالاکى رۆشنبیرییان تێدا بەدى دەکرێت، ئایا سەبارەت بەبوونى چەندان داوودەزگاى روناکبیرییە لە شارە گەورەکاندا، یان هەبوونى رەگاژۆیەکى مێژوویى ئەم بزاڤەیە لە ناوەندەکاندا، لەوانەش هەبوونى کتێبخانەى زۆر و بوونى زانکۆ و کۆوەبوونى زۆرینەى ئەدیبان و هونەرمەندان لەوشارانەدا، جا سەبارەت بەهەر هۆکارێک بێ، هەنووکە چالاکییەکان لە شارەکانن نەک دەوروبەر.
باشە ئەدی ئەوە نیە زۆربەى گوند و شارۆکە و شارۆچکەکانى کوردستان ئێستا پڕن لەبنکەو سەنتەری رۆشنبیری (ئەدەبی و هونەری) و ( کافى ئینتەرنێت) ن ، باشە چما خوێندەوارانى ئەو دەڤەرە جیاوازانە، بۆیان نەلواوە وەکو پێویست شان لە شانى بزاڤى روناکبیرى شارە گەورەکان بدەن و ئەو دەرفەتە زانستیە مەزنەى گلۆبال بقۆزنەوە. هەبوونى چەند سەنتەرێکى روناکبیرى و چەند رادیۆ و تەلەفزیۆنێکى لۆکالى و وەشاندنى بلاڤۆکێکى مانگانە و وەرزیانە کاریگەرى خۆیان نەبووە بەسەر بزاڤى روناکبیرى ئەو ناوچانە ؟ ئەگەر نا جۆرێک لە گەندەڵی رۆشنبیریی بەرهەم هیناوە، بەوەی کە ساڵانە بودجەیەکی قەبە بۆ ئەو سەنتەر و رێکخراوانە تەرخان دەکرێن بەرامبەر بە راژەیەکی کەمی روناکبیری لەو ناوچانەدا، وێڕای ئەوەی کەئەو سەنتەرانە جگە لەوەی کە لەرێخراوێکی حیزبی دەچن ئەگینا شتێکی دیکە نین.
بەڵام دیارە ئەم هەموو چالاکیە روناکبیریانە وا بەساناییى نەیانتوانیوە کاریگەرى ئەرێنى خۆیان بەسەر هزرو توانا و بەهرەى خوێنەوارانى ئەو دەڤەرانە هەبێت، هەر بۆیەش ئەرکى سەرشانى روناکبیرانى راستەقینەی ئەو ناوچانە و تەنانەت شارە گەورەکانیشە پشتگیرى و هاوکارى زۆرى خوێنهواری ئەو ناوچانە بکەن، کاتى ئەوەش هاتووە روناکبیرانى ئەو ناوچانە بەردەوام بن لە کارو چالاکییە روناکبیریەکانیان و کۆڕ و سیمیناری پڕ بەرهەم( نەک بێ بەرهەم) بگێڕن بەدواى سەرچاوەى ئەدەبیى و هونەرى بگەڕێن ،ئەگینا نە حکومەت نە وەزارەتى رۆشنبیریش با هاوکارى تەواوى ماددى و مەعنەویشیان بکات، بەڵام ناتوانێ تاکە روناکبیرێکی داهێنەر دروست بکات.
|