٢٤\١٠\٢٠١٢
قوڕ وەسەر ئەو
گەلەی نووسەران و رۆشنبیرانی.. بارزانی ئاسا دەبێژن: ''ئەوە هێڵی سۆرە''!

دارا ئەحمەد
لەو ماوانەی دووییدا ٤٧١ کەس
واژۆی
راگەیاندنەکیان کرد کە (گرۆی پێشدەستی بۆ پاراستنی زمانی کوردی) بە
ناوی (زمان و ئەلفوبێی کوردی: لە نێوان شێواندن و چارەسەری زانستیدا*)
بڵاویکردبۆوە.
ئەرێ دەبی هیچ لەوە ناخۆشتر و هەراسانکەرتر هەبی؛ کەسەک لە بابەتەک
بدوێ لێ بە
هۆی ئەوەی رق و خولیای
زاراوەپەرستیی و ناوچەگەریی بەرچاوی
گرتبی و تەپوتۆزی
نۆستالیژیای دین و ناسیونالیزم مێشکی داپۆشیبی.. سادەترین و
سەرەتاییترین زانیاریی ساغبۆوەی پەیوەست بە بابەتەکە بشێوێنی و پێیەوە
نەک هەر بەرانبەرەکەی وەڕس و بێزار بکا بەڵکە خۆشی
تێدا بزر و سەرگەردان بکا؟!
ئاخەر ئەوەتە (گرۆی پێشدەستی...) رێک بە
هەمان ئەو
ئەدگار و شێوازە لە بابەتی زمانی
ستاندارد و
ئەلفوبێی کوردییەوە دەدوێن:
''چارەسەری ڕاست و زانستی ئەوەیە لە کوردستانی
باکوور، کە لە سەرەتای ئەزموونی بەکارھێنانی زمانی کوردیدایە، دەست
بکرێتە بەکارھینانی ئەلفوبێی کوردی، بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵێکدا
بتوانن خۆیان لە ئەلفوبێی لاتینی و لە فەرھەنگی سەپێنراوی کەمالیزم
ڕزگار بکەن.
...''.
جگە لە خودی
ئەو گرۆیە
کەس نازانی ئەو چارەسەرە (راست و زانستی!)یە لە چ
نێوەند و فێرگەیەکی زانستیی دەرچووە!
لێ ئەوە دیارە کە لەبەرچی دەیانەوێ ئەو
ئەلفوبێیە عەرەبییە نالەبار و پڕ لە کەموکوڕییە کە رێک وەک (شەڕەپشیلە)یە
بە ناوی ئەلفوبێی کوردی دەرخواردی
تێکڕای کوردانی بدەن و بیسەپێنن کە
هێشتا نەیتوانییە لە نێو کەمینەیەکیش جێ خۆی بکاتەوە!؟ نازانین
ئەو گرۆیە بە چ
پێوەر و پێوانەیەک ئەلفوبێی عەرەبی بە ئەلفوبێی کوردی
دەزانن لێ ئەلفوبێی لاتینی وەها نابینن؟! هەردوو ئەلفوبێ هەر ئی
خۆمان نییە و وەرگیرانە و هەندەک دەستکاریی کرانە، سەیرە؛ فەرهەنگی
سەپێنرا ئەگەر ئی کەمالیزم بی یان عەرەبی یان هەر لایەنەکی
دیکە چ جوایەزییەکی هەیە و چ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەوە هەیە کە ئێمە
ئەلفوبێیەکی کوردی تایبەت بە خۆمان نییە!؟ جگە لەوەی فەرهەنگی
رەگەزپەرستانەی کەمالیی خاوەنی ئەلفوبێی لاتینی نییە و فەرهەنگی
رەگەزپەرستانەی عەرەبیی خاوەنی ئەلفوبێی عەرەبییە.. قورسایی
فەرهەنگی عەرەبییش زۆر پتر بووە لە قورسایی فەرهەنگی
کەمالیی لەسەر لاوازکردن و تاواندنەوەی زمان و فەرهەنگی کوردان،
هەرچەندە زۆریی و لەمێژیی نووسین بە ئەلفوبێیەک هۆیەکی زانستیی زمانیی
نییە تا بەو پێیە بڕیار لەسەر لەباریی و گونجایی ئەو ئەلفوبێیە بدرێ.. لێ گەر
گریمان ئەو زۆریی و لەمێژیی نووسینەش بە هەند وەربگیردرێ ئەوە ئەلفوبێی
لاتینییش لە نێو کوردان زۆری پێ نووسرایە و لەمێژیشە پێی دەنووسرێ و لە
گچکەترین دەرفەتی وەدەستهینانی مافی کوردانیش لە باکوور و
رۆژاوای
کوردستان - کە دوور نییە - نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینی چەندین
قات لە نووسینی ئەلفوبێی عەرەبی لە نێو کوردان پتر دەبی چونکە ئەوان بە
تایبەتییش باکوور بە نووسینی لاتینیی تورکی راهاتینە و لە کورتترین
دەرفەت فێری ئەو کەمە جوایەزییەی نێوان ئەلفوبێی لاتینیی کوردی و
ئەلفوبێی لاتینیی تورکیی دەبن،
دواییش وەک ئەوەی کە دەبێژن نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی
گەنجینەیەکی فەرهەنگیی و مێژوویی بە نرخ و گەورەی هەیە.. ئەوە ئەو
قسەیە زێدەگۆییەکی زۆر گەورەیە چونکە نووسینی کوردی بە تێکڕای
مێژوویەکی زۆر کورت و پچڕپچڕی هەیە و زۆر کەمە.. لە رووی
نێوەرۆکیشەوە باشترە راشکاوانە پێ لە جەرگی خۆمان بنێین کە نووسینی
کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی
تەنێ لە چەند بوارەکی کەمی نووسین دەخولێتەوە و
بە شێوەیەکی گشتیی زۆر لاواز و بێ
بڕستیش بووە تا ئێستا.. ئەوە هیچ کە یەک بەرهەمی کوردی تا ئێستا
نەبوویتە بەرهەمەکی جیهانیی زۆربەی هەرە زۆریشیان لە ئێستادا کەلکی
خیندنەوە و بەسەرداچوونەوەیان پێوە نەمایە.. ئەگەر بەیاز و سیپارەکانی
سەردەمی (نالی و حاجی و سافی و ناری و تاری و ماری!)یش بە شاکار و
بەرهەمی زۆر نایابی فەرهەنگی کوردی دەزانین ئەوە هەر دەبی لۆ خۆمان
بگریێین و قوڕ بپیوین! سەرەڕای ئەوانەش لە سەردەمی ئێستا کە زانست زۆر
پێشکەتییە و ئامراز و دەزگەی زۆر چاکی چاپکردن و بڵاوکردنەوە هەن
دەتواندرێ لە ماوەیەکی زۆر کەم تێکڕای نووسینە کوردییەکانی پیتی عەرەبی
بە چاک و خراپیانەوە بە جۆر و شێوەیەکی زۆر چاکتر و جوانتر وەربگێڕینە
سەر ئەلفوبێی لاتینی و لەو گرفتەش رزگار ببین کە هەندێک کەس وەی دەبینن
بە لەنێوچوونی ئەو (گەنجینە بە نرخ و گەورە!)یە زیانەکی مەزن بە
فەرهەنگی کوردی دەکەوی!
ئەو بەڕێزانە کە دەبێژن ئەلفوبێی عەرەبی لە
لاتینی چاکتر و لەبارترە لۆ
زمانی کوردی ئاماژە بە هیچ بەڵگەیەکی زانسیی پەیوەست بە زمان ناکەن تا
ئەو تێڕوانینەیان پێ بسەلمێنن.. تەنێ باسی سیاسەت دەکەن و ملکەچی
مێژووەک بوونە کە تێیدا ئەلفوبێی عەرەبی بە تۆبزیی بەسەر زمانی کوردی
داسەپایە، ئەوەتە دەبێژن: ''کورد،
گەلێکی ڕۆژھەڵاتییە و زۆرینەی موسڵمانە و لە ڕووی مێژوو، جۆگرافیا و
شارستانەتییەوە بەشێکە لەوان''،
قسەم زۆرە تا لە رووی سیاسییەوە هەڵەبوونی ئەو بۆچوونانەیان بسەلمێنم..
لێ ئەو قسە سیاسییانە لۆ ئەوان باشن کە
سۆرانیزمانە دەیانەوێ بە چەند قسەیەکی رووکەشی سیاسییانە ئەلفوبێی
عەرەبی بسەپێنن، ئەمن لێرە دەمەوێ بە پێێ توانا بە چەند بەڵگەیەکی
زانستییانەی زمانیی چاکتربوون و لەبارتربوونی ئەلفوبێی
لاتینی لە
ئەلفوبێی عەرەبی لۆ ئەو گرۆیە و
واژۆکەرەکانیش بسەلمێنم** ئەگەر ئەوان لە
راستییدا لە خەمی زمانی کوردین و هیچ هەست و ئارەزووەکی زاراوەپەرستیی
و ناوچەگەرییانەیان لە پشت ئەو راگەیاندنەیاندا نییە:
• خێرایی فێربوونی زمانی نووسین: لە
ئەلفوبێی لاتینی پیتەکانی وشە (بە بێ پێکەوەلکاندن) و بە ئاسانیی و بە
بێ هیچ گرفت و بە بێ هەبوونی هیچ رێسایەک لەدوو یەکدی دەنووسرێن، لێ لە
ئەلفوبێی عەرەبی بە
هێندەک رێسای تێکچرژاو و ئاڵۆز دەبی بە ناچاریی
هێندەک لە پیەتەکانی یەک وشە پێکەوە بلکێنی و هێندەکیشیان بە تەنێ
بنووسی کە زۆر زۆر قورسە و کاتی زۆری دەوێ تا فێری دەبی.. ئەوە سەڕای
ئەوەی دەبی فێرببی هەر پیتەک بە چەند شێوەیەک بنووسی.. لۆ نموونە
پیتی (س) بەو جۆرانە دەنووسرێن (ســـ /
ـــســ / ــس /
س) و هەر یەکەیان لە جێی جودا جودا پێویست دەبن لۆ نووسینی وشەکان..
کەچی لە لاتینی هەر پیتەک
تەنێ بە یەک شێوە دەنووسرێ، ئەگەر لۆ
فێربوونی نووسینی وشەی (چارەسەرکردن) بە ئەلفوبێ
لاتینی یەک خولەکت
پێویست بی ئەوە بە ئەلفوبێی عەرەبی رەنگە پێنج شەش خولەکت پێویست بی!
ئێستا نەک هەر
زۆربەی زۆری خەڵک ناتوانن بەو ئەلفوبێیە عەرەبییە بە
دروستیی یەک پەرەگرافی چەند رستەیی بنووسن و لەو رێزکردنەی پیتەکان هەڵە نەکەن، بەڵکە ئەو ٤٧١ کەسەی
راگەیاندنەکەشیان
واژۆ کردییە کە
لەکنە خۆیان وەیە ئاگاییەکی زمانییان
هەیە کەچی ناتوانن یان
نایزانن بە یەک شێوە پیتەکانی
هەمان یەک وشە (لە پێکەوەلکاندن و بە تەنێ
نووسینیان)
بنووسن، ئەو قسەیە هەر لە خۆوە ناکەم
بەڵکە بە هۆی ئەوەی کە کاری رۆژنامەگەرییم کردییە و دەکەم نووسینی
هێندەک لەو بەڕێزانەشم پێش بڵاوکردنەوە
و پاش بڵاوکردنەوەش دیتییە و پڕاوپڕ بوونە لە هەڵەی
لەو جۆرە..
لۆ نموونە یەک وشەی وەک (جێبەجێکردن)یان بەو جۆرانە
نووسییە: (جێ بە جێ کردن، جێبە جێ کردن، جێبەجێ کردن، جێبە جێکردن، جێ
بە جێکردن، جێ بەجێ کردن،)!!! زۆر
بەڵگەم بە ناوەوە
لەبەردەستە لێ بابەتەکەمان لێرە رەخنەی رێنووس
نییە لە کەسەکان..
باشیش نییە کەسانەک
وەسەرخۆدا بشکێنیەوە کە پێشنیاری بابەتی زمانیی
دەکەن هیچ نەبی خۆیان بە دڵسۆزی زمان دەزانن! دیارە خودی ئەو گرۆیەش کە
خۆیان بە زمانناس و زمانەوان و نازانم چی و چیدی دەزانن! زۆر لەوان
باشتر نین لەو مەسەلەیە.. ئێستا ئەگەر
یەک بە یەکی ئەندامانی ئەو گرۆیە
هەر بە خودی ئەو راگەیاندنەی خۆیان تاقیی بکەیەوە بە مەرجەک دەرفەتی (قۆپیە)کردنیان
نەدەی ئەوە هەر یەکەو بە جۆرەک وشەکان بە شێوەی جودا جودا دادەڕێژن، بە
بێ گومان
ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە کە نووسەرانێک خەریکی
پێشنیاری زمانیین کەچی رێنووسی زمانەکەی خۆیان بە دروستیی نازانن.. لێ
هێندەی
ئەو کێشەیە لە ئەلفوبێیەکە دایە هێندە پەیوەندیی بە
نەزانین و نەشارەزایی ئەو خەڵک و ئەو گرۆیە نییە لە رێنووس،
چونکە ئەو ئەلفوبێیە
هێندە خراپ
و بێ بڕست و نالەبار و قورسە
لۆ زمانی کوردی تەنانەت ئەو کەسانەش کە
ساڵانەکی زۆرە نووسەرن یان دکتۆرایان لە زمان وەرگرتییە
هێشتا هەر نووسینەکانیان
پڕن لەو جۆرە هەڵانە،
هەر ئەو کێشەیەی خراپیی و نالەباریی ئەلفوبێیەکەشە کە تا ئێستا لە پاش
ئەو مێژووە درێژەی نووسین بەو ئەلفوبێیە - بە لەبەرچاوگرتنی هۆکاری
سیاسیی و داگیرکارییش - نەتواندرایە یەک رێنووسی دیارکرا و یەکگرتیی بە
پێی یاسا و رێسایەکی رێزمانیی بچەسپێندرێ و هەر کەسەک لە نووسیندا
پێیەوە پابەند بی.
• کوردی و
لاتینی لە یەک خێزانی زمانن و
پەیوەندییەکی پتەوی زمانییان پێکەوە هەیە، دەکرێ هەموو دەنگە
کوردییەکان لە لاتینی بدۆزرێنەوە و زۆربەی هەرە زۆریشیان وەک پیت
هێمایان هەیە و هەموو ئەو دەنگە کوردیانەش کە لە ئەلفوبێی لاتینی
هێمایان نییە دەشێ زۆر بە ئاسانیی و بە بێ هیچ گرفتەک لەسەر بنچینەی
هێماکانی ئەلفوبێی لاتینی هێمایان لۆ دروست بکرێ، لێ خێزانی زمانی
عەرەبی و کوردی زۆر جودان و زۆرێک لە دەنگە کوردییەکانی وەک (پ، چ، ژ،
ۆ، وو، ێ، یی، ڤ، گ) لە زمانی عەرەبی نین.. گەرچی هێندەکیان هەن لێ وەک
ئی کوردی نین و وەک پیتیش هیچیان پێشتر هێمایان نەبووە و خۆمان
دروستمان کردینە کە ئەو دروستکردنە لە
ئەلفوبێی لاتینی زۆر لەبارتر و ئاسانترە
وەک ئی هەر میللەتەکی دیکە کە
ئەلفوبێی لاتینی لەبارە لۆ زمانەکەیان و بە بێ ئەوەی ناچار بکرێن لە لایەن
داگیرکەرانەوە بەکاریدەهینن.. نەک وەک ئەو ئەلفوبێیە
عەرەبییە کە هەر میللەتەک بەکاریهینابی ئەوە بە ئازادیی خۆی نەبووە
بەڵکە لە ژێر هەژموونی داگیرکاریی عەرەبیی و ئیسلامییدا بووە، ئەوە جگە
لە کێشەی (بزرۆکە) و (دیفتۆنگ) هێندەک کێشەی دیکەی ئەلفوبێ و رێنووس کە
لە ئەلفوبێی لاتینی چارەسەریان زۆر ئاسانترە.. لێ ئەگەر لێیان
بدوێین ئەوە دەرفەتەکی زۆری گەرەکە و باشترە
ئەو بابەتە لەوە درێژتر نەکەینەوە
لێرە.
• ئەلفوبێی لاتینی زۆر خێراتر و چاکتر و
ئاسانتر بەکاردێ لەسەر ئینتەرنێت لە ئەلفوبێی عەرەبی، ئەوەش قازانجەکی
فرە گەورە بە پەرەسەندن و بەرەوپێشەوەچوون و گەشەکردنی زمانەکەمان
دەبەخشی.
• ئەلفوبێی لاتینی ئەلفوبێیەکی زۆر
بەرفراوان و نێودەوڵەتییە.. لێ ئەلفوبێی عەرەبی
تەنێ ئی عەرەبە و چەند
میللەتەکیش
لە ژێر گوشاری داگیرکاریی عەرەبی و ئیسلامیی و فەرهەنگەکەیان
بەو ئەلفوبێیە دەنووسن، ئەگەر کورد بە ئەلفوبێی لاتینی بنووسی ئەوە
هەموو ئاخێوەرانی ئەو زمانانەی بە لاتینی دەنووسن یان سوودیان لە
لاتینی وەرگرتییە زۆر ئاسانتر فێری زمانەکەمان دەبن یان بە لایەنی کەم
ئەو خەڵکانەیان فێری دەبن کە خەریکی زمانن، هەروا خۆمانیش دەتوانین زۆر
ئاسانتر فێری ئەو زمانانە ببین، ئەوەش هۆیەکی کاریگەرە لۆ کرانەوە و
گەشانەوەی زمانەکەمان و سوودوەرگرتن لە بەرخورد و تێکەڵبوونمان بە
گەلان.
لێ ئەگەر ئەو بەڕێزانە دەیانەوێ - وەک ئەوەی خۆیان پێیان باشە -
سیاسییانە چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن.. ئەوە ئارەزووی خۆیانە و هەر
خۆیان لە بەرانبەر مێژوو بەرپرسیار دەبن، هەرچەندە زمانیش وەک هەر
کایەیەکی ژیانی گەلان پەیوەستە بە سیاسەت وەلی پێویستە وە پێچەوانەی
سیاسەتی سەرکوتگەر زمانەکەمان چی پێویستە ئەوە بکەین.. واتە دەبی لە
کێشەی زماندا سەرەتا و بەر لە هەر تشتەک پشت بە زانستی زمان و کەرستەکانی
ئافەریدەکردنی بنچینەکانی لایەنەکانی زمان ببەستین ئەوجا پاشان بە
تێڕاونینەکی هەمەلایەن و
واڵای سیاسییانە رەوتی بنجبەستن و گەشەسەندن
و لەسەرپێوەستانی زمان دابڕێژین، هەڵبژاردنی هەر ئەلفوبێیەک لە لایەن
هەر میللەتێک پێویستە هەڵبژاردنەکی سەراسەریی و ئازادانە و بە خواستی خۆیان
بی، ئەز بە پیێ ئەو تێڕوانینانەی سەرێم وەی دەبینم ئەلفوبێی لاتینی لە
رووی زانستییەوە لۆ زمانەکەمان چاکتر و لەبارترە هەروا هەڵبژاردنیشی لە
رووی سیاسییەوە ئازادانەترە چونکە
تەنێ یەک داگیرکەری کوردان بەو
ئەلفوبێیە دەنووسی و ئەویش ئەلفوبێیەکە ئی خۆی نییە و
وەریانگرتییە، لێ هەڵبژاردنی ئەلفوبێی عەرەبی بمانەوێ یان نا
هەڵبژاردنەکی بە
تۆبزییە و لە سێ لاوە
لە ژێر گوشاری داگیرکاریی راستەوخۆ
و داگیرکاریی فەرهەنگیی عەرەبیی و ئیسلامیی وەسەر زمانەکەمان داسەپایە،
دیارە هەردەم هەڵبژاردنی ئازادانەش فرە فرە چاکترە لە هەڵبژاردنی بە
تۆبزیی یان سەپاندن.
نەک بە هووردیی بەڵکە ئەگەر زۆر سەرپێیانە سەرنجی قسەکانی ئەو گرۆیە
بدەین ئەوە بۆمان دەردەکەوی کە ئەو بەڕێزانە نەک هەر نایانەوێ هیچ
کۆبوونەوە و کۆنفرانس و لێکۆلینەوەیەکی زمانیی لە پێناو
ستانداردکردنی
زمانی کوردی ئەنجام بدرێ بەڵکە خۆیان ساغ کردیتەوە و زۆر خۆسەپێنەرانە
تەنێ خۆیان بە زمانناس و زمانەوان و بڕیاردەر و ساغکەرەوەی زمانی
کوردی دەزانن و زۆر نابەرپرسانەش بڕیاریان دایە ئەو شێوە نووسینە لاواز
و پڕ لە کەموکوڕییە
- کە ئێستا ژمارەیەکی زۆر کەمی کوردان پێی دەنووسن و
زۆربەی هەرە زۆری کوردان تێیناگەن
- بە زمانی
ستانداردی کوردی ناوزەد
بکەن وەک ئەوەی زمانی کوردی هیچ گرفتەکی نەبی، ئەوەتا دەبێژن:
''خۆگونجاندنێکی وەھا تەنیا بە دەوڵەمەندکردن و
پێشخستنی ئەو زمانە کوردییە
ستانداردەی کە ئێستا ھەیە جێبەجێ دەکرێت و
دەبێ لەو ڕووەوە ئەزموونی کوردستانی باشوور بکرێتە بنەمایەک بۆ ھەموو
نەخشەکانی پێوەندیدار بە داھاتووی زمانی کوردییەوە....''،
نازانین ئەگەر ئەوە خولیایەکی زاراوەپەرستیی و
ناوچەگەریی و
خۆسەپێنەرانەی سیاسیی زمانیی نەبی دەبی چ بی!!؟
ئەز کارم وەسەر ئەوە نییە کە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە لە بارەی زمان و
کێشەکانیەوە هڕی لە بڕی ناکەنەوە تەنانەت رەنگە زۆربەیان ناوەکانی
خۆشیان لە نێو لیستەکە نەناسنەوە چونکە ئەو رێنووسە شەق و پەقە (کوردی)یەی
برای عەرەبی موسڵمان وەی کردییە ئەگەر بەرزترین پلەشیان لە زمان تەواو
کردبی کاتەک کە ناوی خۆیان دەنووسن هەر بە هەڵە بنووسن: (عبداللە، شریف، عمر،
محمدامین، حداد، محمد، التنجی، حسام الدین، ابو بکر، محمود، عبدالرحمن،
نصرالله... هتد) چونکە گرۆی ناوبرا بەو شێوەیە
لە لیستەکەدا نووسیتیانەوە: (عەبدوڵڵا، شەریف، عومەر، محەمەد ئەمین، حەداد، ئاڵتونچی،
حوسامەددین، ئەبو بەکر، مەحموود، عەبدولڕحمان، نەسروڵڵا... هتد)، لەبەر
ئەوە باش دەزانم ئەوانە دەگەڵ (عام)ێ چوونە (شام)ێ.. جا نازانین لەوێ
زەوی نیشتەجێبوونیان دەدەنێ و سۆرانیستانەکی یەک رەنگ و یەک دەووپل
ئاوا دەکەن یان تیر و شیر و قەڵغانیان دەدەنێ و سوپایەکی سۆرانییان لێ
چێدەکەن و لە قوللە و قەڵایەکانی سەرزەمینی بەرفراونی چارگۆشەی (مەهاباد
و هەولێر و کەرکووک و سلێمانی) - کە لە ٩٩٪ی
خەڵک و خاکی کوردستانی
مەزن پێکدەهینی! - دایاندەمەزرێن.
وێدەچی لەوێش
لە ژێر راسپاردە و رێنماییەکانی (پاشای کۆرە) و بە
پێشڕەویی (گرۆی پێشدەستی) لە هەڵمەتەکی کتوپڕدا بە هەر چار لای خۆیاندا
هێرش بکەنە سەر تێکڕای دەڤەرەکانی بادینان و شەبەکەکان و کاکەییەکان و
فەیلییەکان و هەورامان و ئەردەلان و لوڕستان و شکاکەکان و هەر دەڤەرەک
کە لە ماڵەکانیان وە زمانی
ستانداردی نەتەوەی (هەڵبژاردەی خودا!) و
مەزنی سۆرانی نائاخڤن بیانخەنە بن دەستوپێیان تا جارەکی دیکە ئەو
ئازایەتییە لە خۆیان رانەبینن بە زاراوە و بن زاراوەکانی خۆیان دەست بگەیننە
پێنووس و تەنانەت ئەدەب و نامەشی پێ بنووسن.. هەر کەسەکیش ملی نەدا
ئەوە زاراوە و زمانی لە
بنەوەڕا ببڕنەوە، ئەگەر
هەر کەس و دەستەیەکیش ویستیان یاری
بە ئاوری ئەلفوبێی (لاتینی)ی (کەمالییەکان و گاورەکانی ئەورپا!)وە
بکەن
ئەوە ئاوری بدەن و لە بۆتەی ئەلفوبێی عەرەبی و ئیسلامیی
بیانتاوێننەوە! -
ئاخەر کوو دەبی کوردی زۆرینەی موسڵمان خەنجەری ژاراویی لە پشتەوەڕا لە
برای عەرەبی چاوڕەش و موسلمان بوەشێنی! -.
ئیدی بە درێژایی هێلی دەڤەرەکانی ماکۆ و سەلماس و شەمزینان و سلۆپی و
دێرک و شەنگار لە بەرانبەر کرمانج
و زازایەکانی باکوور و
رۆژاوا
سەنگەر بگرن و هێلەکی سۆر سۆر بکێشن و هەر کەسەکیش بیبەزێنی یان بیەوێ
دزە بکاتە نێو سۆرانیستان ئەوە
لاقی لە پشت چۆکی ببڕنەوە.
خۆ ئەگەر بشکرێ
زۆر باشترە بە داڕشتنی نەخشەیەکی فەرهەنگیی و نەتەوەیی و نیشتیمانیی
سۆرانیستان لە پێناو دەوڵەمەندکردن و پێشخستنی ئەو زمانە کوردییە
ستانداردە
نایاب و زەنگینەی ئێستامان! - کە بە پێی لۆژیک و زانست و پێشینەی میژوویی
نەتەوە و زمانە شیرینەکەمان لە سەتا هەزار کوردییەکی (بێ غەل و
غەش)ە - هەروا لە پێناو چەسپاندنی ئەو ئەلفوبێیە
چاک و جوان و
رازاوەی ئێستامان کە بەژنوباڵایەکەی هەر لە بەژنوباڵای زراڤ و ژیکەلەی کرم و
مارمیلۆقان دەچی.. یەک هێرشی سەراسەریی ئەنجام بدرێ و تەواوی خەڵک و
خاکی داگیرکرای نێو چارچیوەی دەڤەرە سنوورییەکانی (ماکۆ - قارس -
ئەرزڕۆم - ئەرزنجان - سیواس - مەلاتیە - مەرعەش - ئەسکەندەروونە -
عفرین - کۆبانی - قامیشلوو - سلۆپی - شەمزینان) ئازاد بکرێن و
بگەڕێندرێنەوە سەر سۆرانیستان و بە یەکجاریی لە دەست فەرهەنگی کەمالیزم
و هەژموونی ئەو ئەلفوبێیە رەزاقورس و بێ کەلک و نالەبار و ناکردەییەی
لاتینی - کە خەریکە کۆمپیوتەر و
زانستەکان مێشکیان بە دەستیەوە بتەقی! -
رزگار ببین و یەک دەزگەی بەهێز و پتەوی ئاسایشی زمانیی دابنێین.. خۆ
فرە فرە باشتریشە هەر ناوی زمانەکەشمان و وڵاتەکەشمان لە (کوردی و
کوردستان) بگۆڕین و
بیانکەینە (سۆرانی و سۆرانیستان) تا هیچ کون و
کەلەبەرەک نەمینێ جارەکی دی دوژمنە سەرەکییەکانمان وەک (کرمانجیی سەرێ
و زازاکیی و هەورامیی و
کەلهوڕیی و... هتد) لێیەوە بێنە ژۆرێ و سەر
دەربکەنەوە.
چەند عەنتیکە و بالکێشە! کۆمەڵە کەسەک*** لە سەردەمەکی وەک ئێستا دێن و لە
بابەتەکی وەک ئەلفوبێ و زمان و
ستانداردکردنی زمان دەدوێن، لێ چ دوانەک
و بە چ شێوازەک؛ هەر کتومت وەک ئەوەی
کۆمەڵەک ئەفسەری فەرماندەی گیانباز و پڕ ئەزموونن و
بە تەواوی چەک و تەقەمەنیی و جلوبەرگی سەربازییەوە
لە بەرەکانی جەنگ دان و هێڵەکی سۆریان
لە بەرانبەر دوژمن کێشایە و پەنجەیان خستیتە سەر
پەلەپیتکەی چەکەکانیان و دەبێژن هەر کەسەک ئەو هێڵە سۆرە بیبەزێنی ئەوە
ئاوری دەدەین!!! هەر لە ماوەیەکی کورتیشدا
توانیان سوپایەکی
٤٧١
کەسیی رێکبخەن وەدوو خۆیان
بدەن، ئەوەتە دەبێژن: ''گۆڕینی
ئەلفوبێی کوردی بۆ لاتینی یا بیرکردنەوە لە بەکارھێنانی دوو جۆر
ئەلفوبێ لە بەشە کوردستانی ڕۆژھەڵات و باشووردا، دەبێت وەک ھێڵی سوور
ببینرێت و نابێت بە ھیچ جۆرێک بخرێتە بەرباس یا نەخشەی بۆ دابنرێت.''
رەنگە هەر چییەک بەرانبەر ئەو گرۆیە و
واژۆکەرانی راگەیاندنەکەیان
ببێژین - کە
پڕانییان خۆیان بە زمانناس و زمانەوان و نووسەر
و رۆژنامەنووس و رۆشنبیر دەزانن - لەجێی خۆی نەبی.. تەنێ ئەوە نەبی کە
ببێژین: قوڕ وەسەر ئەو گەلەی نووسەران و رۆشنبیرانی.. بارزانی ئاسا
دەبێژن: ''ئەوە هێڵی سۆرە''!
سەرەنجام ئەمن هیچ
گومانەکم نییە لەوەی کە ئێستا هەر کەسەک ئەگەر یەک پیچ شارەزایی لە
زمان بە گشتیی و زمانی کوردی بە تایبەتیی هەبی ئەوەی بە تەواویی لەکن
رۆشنە کە ئەلفوبێی لاتینی گەللەک چاکتر و لەبارترە لە ئەلفوبێی عەرەبی
لۆ نووسینی کوردی، هەروا ئەوەشی زۆر لەکن رۆشنە کە ئیدی سەردەمی ئەوە
بەسەرچووە یەک زاراوە یان بن زاراوەی کوردی بتوانی هەموو زاراوە و بن
زاراوەکانی دیکە قووت بدا و ببیتە زمانی ستانداردی کوردی بە تایبەتییش
ئەو کرمانجییەی کە ئێستا پێی دەنووسین لە هەردوو رووی چۆنیی و چەندیی
زۆر لەوە دەستەوەستانترە لۆ ئەو کارە بشێ
و هیچ زاراوە یان بن زارەویەکی دیکەش ناتوانی ئەو ئەرکە قورسە ئەنجام
بدا چونکە ئەگەر هەردوو رووی تایبەتمەندییە زاراوەسازیی و زمانییەکانی
زمانی کوردی و گوشاری پیداویستییە کەتوارییەکانی فەرهەنگی سەردەمی
ئەوڕۆ لۆ ستانداردکردنی زمان ببینین ئەوە ستانداردکردنی زمانی کوردی
خۆبەخۆ و دوور لە سەپاندن بە هۆی گەشەکردن و لە یەکدی نێزیکبوونەوەی
سەرجەمی زاراوەکان لە رێگەی ئازادیی پێنووسین و قسەپێکردنیان و
سوودوەرگرتنیان لە تەواوی بن زاراوەکان رەوتی خۆی دەگری و بە چەند
قۆناغەک هاوشانی بەرەوپێشەوەچوون و گەشەسەندنی باری رامیاریی نەتەوەیی
و نیشتیمانیی بەرجەستە و و جێکەوتە دەبی. وەلی ئەز وەی لۆ دەچم پێداگیریی
(ئەو گرۆیە و
واژۆکەرانی راگەیاندنەکەیان و کەسانی لەو
بابەتانە) لەسەر سەپاندنی کرمانجیی خوارێ وەک زمانی ستانداردی کوردی و
سەپاندنی ئەلفوبێی عەرەبی لۆ نووسینی کوردی
لەو چەند خاڵەی خوارێ دەخولێتەوە:
- زاراوەپەرستیی و ناوچەگەریی و شوڤێنیزمی سۆرانیی
هێندە وە قورسیی وەسەریاندا زاڵە
تا رادەی ئەوەی کە نەک هەر هیچ زاراوەیەکی دیکەی زمانەکەیان نازانن و
نایانەوێ بە هیچ شێوەیەک فێریان ببن بەڵکە بە گرفتی گەورە و سەرەکیی
بەردەم زمانی کوردیان دەبینن و ئاخێوەرانی زاراوەکانیش بە دوژمنی
سەرسەختی خۆیان دەزانن و چەندین نوکتەی وەک (- کێی زەلام؟ - زەلام نیمە
هەورامییمە!)یان لەسەر چێکردینە، تەنانەت کرمانجیی سەرێش کە لقی
کرمانجییە و زۆر لە کرمانجیی خوارێ نێزیکە هەر نایزانن و لێی تێناگەن و
هەرگیز نایانەوێ فێری ببن و بە گاڵتەپێکردنەوەش دەبێژن ئەوە کوردی
نییە.. فەرەنسییە! یان دەبێژن پشیلەی بادینان کە دەمیاوێنی دەبێژی
(میاڤ)!
- هێندەکیان گیان و هۆشمەندییان بە
ڤایرۆسی دینی ئیسلام و (عروبە) و بە نەخۆشیی شکۆمەندیی میزۆپۆتامیایی
وەک لانکەی شارستانییەت و شانازییکردن بە خۆبەگەورەزانینی
رۆژهەڵاتییانە
و بە کۆنەپەرستیی و پارێزگاریی دژە سکۆلاریزم و مۆدێرنیزمی
رۆژاوا ئاڵوودە بوونە و هەرگیز ئەوەیان بە بەرەوە نەمایە تا
بیر لە
بەرژەوەندیی زمان و میللەتەکەی خۆیان بکەنەوە.
- گۆڕینی ئەلفوبێی عەرەبی بە لاتینی
و بەرجەستەکردنی وەک یەک ئەلفوبێی کوردی کار و کۆششەکی هێندە ئاسان
نییە و وزە و ماندییبوونەکی زۆری گەرەکە، ئەوەش هەرگیز لە توانستی
ئەواندا نییە و نایانەوێ کاتی خۆیانی تێدا خەرج بکەن چونکە هێندەی بە
پێویستی دەزانن لە پێناو بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان کاتی خۆیان لە
فێربوونی ئەلفوبێی زمانانی دیکە خەرج بکەن هێندە بە پێویستی نازانن لە
ئەلفوبێی لاتینی خەرجی بکەن کە رەنگە تەواوی ئەو تەمەنە کەمەی ژیانیان
کە مایتیان بخایەنی تا بەرجەستە و جێکەوتە دەبی لە نێو کۆمەڵ.
- ئەوانەی بەرهەمی نووسراویان هەیە
زۆر لەوە دەترسن کە ئەگەر ئەلفوبێیە عەرەبییەکە ببیتە ئەلفوبێی لاتینی
رەنگە بەرهەمەکانی ئەوان هێندە پڕ بایەخ نەبن تا دەزگەیەک ناچار ببی بە
ئەلفوبێی لاتینی چاپیان بکاتەوە، هەروا لەوەش دەترسن بە هۆی
بەکارنەهینان و نەمانی ئەلفوبێی عەرەبی و جێگرتنەوەی ئەلفوبێی لاتینی
لۆ هەموو کوردان.. ئەو دەرکەتن و هەژموونەی شۆڤێنیزمی سۆرانی پووچەڵ
ببیتەوە و ئیدی هەر تەنێ ئەو شاعیر و نووسەرە ناودارانە سەرتۆپی
فەرهەنگی کوردی نابن کە بە هۆی هەژموونی ئەلفوبێی عەرەبی لە نێو کوردان
بە گشتییی و بەتایبەتییش لە نێو ئاخێوەرانی کرمانجیی خوارێ ناسرابوون..
بەڵکە بە هۆی بەرفروانیی نووسین و زمانەکە لە نێو هەموو کوردان شاعیر و
نووسەرە ناودارەکانی زاراوەکانی دیکەش دەناسرێن و دەبنە سەرتۆپ.. بەوەش
شۆڤێنیزمەکانی سۆرانی پێگەی بەرز و سەرتۆپیی مامۆستایان و رابەرانی
فەرهەنگیی خۆیان لەدەست دەن و ئیدی ناتوانن وەک پێشان لێیان سوودمەند
بن لۆ شانازییکردن بە خۆیان.
________________________________________
*
دەقی راگەیاندنەکە و لیستی ناوی
واژۆکەرەکان.
**
ئەمن بە راشکاوییەوە
دەبێژم نە پسپۆڕیی و ئەفراندنەکم لە زمان هەیە نە خۆم بە زمانناس
و زمانەوانیش دەزانم،
لێ لەبەرئەوەی
کە دەبینم (هەر رۆژەو کۆمەڵە کەسەک بە
بێ ئەوەی کار و پیشەیان زمانەوانیی و پسپۆڕیی زمان بی هەڵدەستن
راگەیاندن یان بانگەواز دەربارەی زمان دەردەکەن و بڕیاری زۆر
مەترسییدار و نابەرپرسانەشی تێدا دەدەن.. ئیدی کەسانەکیش بە بێ ئەوەی
بتوانن دوو رستەی کوردی بە بێ هەڵەی رێزمانیی و رێنووس و خاڵبەندیی
بنووسن وەک ئەو مۆدەیەیەی هەڵمەتی
واژۆکۆکردنەوەی نێو میدیای کوردی کە
تەنێ لۆ خۆدەرخستنە
واژۆی خۆیان دەکەن بە بێ ئەوەی بزانن کێشە و
ئامانجی راگەیاندنەکە یان بانگەوازەکە چییە! ئەو راگەیاندنەی ئەو گرۆیە
و واژۆکەرەکانیشی نموونەیەکە لە چەندین نموونەی لەو جۆرە)،
بەزەییم بەو میللەتەی خۆمان و زمانەکەیدا دێتەوە.. هەر لەبەر ئەوەش
دەستم لۆ ئەو بابەتە برد.. هومێدەوارم وەک کۆششەکی گچکە لە پێناو بەرگرتن بەو گێلەوێژە
زمانییە سوودەک بگەیەنی.. دەنا
ئەمن گچکەترین گرفتی کەسیی و کۆمەڵایەتییم لەگەڵ هیچ کەسەکەی نێو
ئەو گرۆیە و
واژۆکەرانی راگەیاندنەکەش نییە.
***
لە پاش راگەیاندنەکەی گرۆی
ناوبرا، چار کەس بابەتەکیان بە ناوی (بۆ
ئەوەی زمانی کوردیی بەدەردی ماددەی ١٤٠
نەبردرێت!) بڵاوکردەوە کە گوایە هێندەک تێڕوانینی
جودایان هەیە، لێ
ئەو بابەتەش هەر دووپاتکردنەوەی هەمان
تێڕوانین و ئامانجە سەرەکییەکانی نێو راگەیاندکەنەی گرۆیەکە بوو
کە لە ئەنجامی ئەو دوو هۆیەی خوارێ پەیدابوونە:
١-
زراووچونیان لەوەی کە خەریکە ئەلفوبێیە لاتینییە کوردییەکە جێی خۆی
دەکاتەوە و بە خێرایی لەبارتربوون و باشتربوونی لە ئەلفوبێیە عەرەبییە
خراپ و زیانبەخشەکە لە لای زمانناس و زمانەوان و نووسەران دەسەلمێ.
٢-
وەدرکەتنی بێ توانایی و کەموڕییەکانی کرمانجیی خوارێ لەوەی کە نەک هەر
ناتوانی ببیتە زمانی ستانداردی هەموو کوردستان بەڵکە ناتوانی ببیتە
زمانی ستانداردی هەردوو پارچەی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش چونکە
بنچینەی رێزمانیی کرمانجیی خوارێ هەرگیز ناتوانی زاراوە و بن زاراوەکانی
دیکەی ئەو دوو پارچەیە وەک (بادینیی و شکاکیی و خوراسانیی و ئەردەلانیی
و کەلهوڕیی و هەورامیی و فەیلیی و کاکەیی و شەبەکیی) لە خۆیدا جێ بکاتەوە،
ئەوە جگە لەوەی کە ئەو کرمانجییەی خوارێ کەمینەیەکی نێو ئاخێوەرانی ئەو
دوو پارچەیە و تەنانەت ئاخێوەرانی ئەو چار شارەش (کەرکووک و هەولێر و
سلێمانی و مەهاباد)
هەموویان بەو شێوەیە نادوێن کە پێی دەنووسین لۆ
نموونە (خەڵکی رۆژاوای رێی هامیلتۆن لە هەولێر و هەورامییەکان لە
سلێمانی و کاکەیی و شەبەک و فەیلییەکان).
ئیدی ئەو چار کەسەش
هەر هەمان بۆچوون و گرفتی ئەندامانی گرۆی ناوبرایان هەیە،
تەنێ لۆ خۆجوداکردنەوە لەوان هێندەک بیانووی لاوازیان خستیتەڕوو،
خۆ هەمان راگەیاندنەکەی ئەوانیان واژۆ بکردبا فرە فرە چاکتر بوو لۆ
خۆیان، وەلی لە راستییدا نازانم ئەو خۆجوداکردنەوە لە پێناو چییە ئەگەر
هەر لە پێناو خۆجوداکردنەوە و رکبوونەوە لە کاری بەکۆمەڵ نەبی! ئەوەش لینکی بابەتەکەی ئەو چار کەسە:
www.dengekan.info/dengekan/11/standard/14845.html
ماڵپهڕی دارا ئهحمهد
|