قوتابیش کرا
کاڵایەکى بە سوود بۆ حکومەت!

بەشدار عهلی
سەرەنجام دوایى دەرچوونى ناوى قوتابیان و
وەرگرتننیان لە زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان،رێژەى وەرگرتن
بەرزکرایەوە زۆر زیاتر لە ساڵانى پێشووتر و بەم هۆیەشەوە زیاتر لە
(10)هەزار قوتابى گەنج لە چاوەڕوانى گەڕانەوەى ناوەکانیان مانەوە و لە
خوێندن بێبەشکران،بە مانایەکى تر هەر قوتابیەک ئەگەر تێکڕاى نمرەکانى
کەمتر بێت لە (65%) بۆ ساڵى خوێندنى( 2008-2009) بۆى نیە لە هیچ زانکۆ
و پەیمانگایەکى حکومى درێژە بە خوێندن بدات.
هەموو ئەمانە لایەکى مەسەلەکەیە،لایەکەى ترى کردنەوەى چەند زانکۆیەکە
بە ناوى ئەهلى و تایبەتەوە کە حکومەت ناراستەوخۆ کردویەتیەوە و قوتابى
بە برێکى زۆر لە پارە دەتوانێ لەم زانکۆیانە بخوێنێ،بۆ نمونە هەر
قوتابیەک بۆ تەواو کردنى یەک ساڵى خوێندن لە زانکۆى (جیهان)دەبێت
(2500) هەزاردۆلار بدات،هەروەها کرێى یەک ساڵى خوێندن لە زانکۆى
لوبنانى-فەرەنسى(10000)هەزار دۆلارە،بێگومان ئەو بڕە پارەیە ساڵانە(کە
واریدە زۆر زیاتر بێت) لە تواناى قوتابى و خێزان و زۆربەى هەرە زۆرى
خەڵکى کوردستان نیە کە زۆربەیان دەست کورت و هەژار و کەمدەرامەتن و
نارەزایەتیەکى فراوانى لاى ئەو گەنج و قوتابى و کەس و کارەکانیان
لێکەوتۆتەوە،جگە لەمەش ئەو زانکۆ ئەهلى و تایبەتانە لەکاتى لەنگیەک لە
بەرژەوەندى بەرپرسان و ترازانى پەیوەندییەکانیان بۆى هەیە دوایى چوار
ساڵى خوێندنیان و سەرف کردنى ئەو بڕە پارەیە،جارێکى تر ئەو گەنجانە
رەوانەى ماڵەوە بکرێنەوە،چونکە ئەو زانکۆیانە لەسەر بەرژەوەندى شەخێى و
سوود و قازانجى بەرپرسان دامەزراون و هیچ مەرجێکى زانستى و ئەکادیمیان
تیادا بەدیناکرێت.
ئەو هەزاران قوتابیەى ئیستا بە پلانێکى حکومەتى کوردستان لە خوێندن
بێبەشکراون، سەرەڕایى هەزار و یەک دەرد و بەڵا و ناخۆشى و کێشە و گرفتى
ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و نەبوونى و بێ ئاوى و بێ
کارەباى و دارزیوترین سیستەم و پرۆگرامى خوێندن توانیان دوانزدە ساڵ
درێژە بە خوێندن بدەن،ئیستاش بە گیرفانى خاڵی و دەیان ترس و دڵەراوکێوە
ئامادەبوون بخوێنن،کەچى بە بڕیارێکى حکومەت بۆ شەقام و گازینۆ و
چایخانەکان رەوانە کران بۆ ئەوەى لە ماوەیەکى تر بیانکەن بە پۆلیس و
ئاسایش و بەرگرى لە دەسەڵاتى داسەپاوى خۆیان پێبکەن.
لە مەملەکەتێک کە سەرەتاترین خزمەتگوزارییەکانى ژیان لەژێر سفر
بێت،دەزگایەک نەبێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و خەڵکى بە بازاڕى
بێرەحمى بەرپرسان بسپێردرێن،داهاتى مانگێکى تاک بەشى (4) رۆژى گوزەران
نەکات،گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى خەڵک بەوپەرى خۆى گەیشتبێت و
نایەکسانى و ناعەدالەتى پێوەرێک نەبێت بۆ پێوانەکردنى و هەموو داهاتێکى
ئەو وڵاتە کۆنترۆڵ کرابێت، دەسەڵات لەبەرامبەر کەمترین پێداویستى و
ساکارترین کێشەى خەڵک خۆى بە بەرپرسیار نەزانێت و شانى خۆى لە
بەرپرسیاریەتى خاڵى بکاتەوە،سیستەمێکى کۆن و دواکەوتوو دەرخواردى هزرى
قوتابیان بدات و لەگەڵ فەرهەنگێکى شەرمهێنەر رایانبهێنێت و کەمترین
ئیمکانیاتى بۆ خەرج نەکرێت بۆ ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارى،.....،حکومەت بۆى
نیە قوتابى بکاتە کاڵایەک بۆ سوود لێوەرگرتنى زیاتر و هەڵتەکاندنى
گیرفانیان و دورستکردنى فشار و کێشە بۆ خۆیان و خێزان و کەس و
کارەکانیان.
لە رۆژگارێکى وەکو ئەمرۆى کوردستاندا کە داهاتى تاکەکان مانگانە لە
چەند دۆلارێک تێپەر ناکات،ئاستى بژێوى خێزانەکان لەوپەرى
خراپیدایە،نەخوێندەوارى و وازهێنانى گەنجان لە خوێندن روو لە زیادبوونە،
بوونى بڕوانامە کراوەتە مەرجى سەرەکى بۆ دامەزراندن و کار دەست کەوتن،
کردنى خوێندکاران و لاوان بە کارتێکى سوود و قازانج لە جێگاى خۆییدا
نیە،لەلایەکى تریش بێبەشکردنى قوتابیان لە تەواوکردنى خوێندن دەبێتە
کێشەیەکى گەورە بۆ چارەنوسى گەنجانى کوردستان و رووبەڕووى کێشە و گرفتى
جۆراو جۆریان دەکاتەوە و ناچار بە جۆرە کارێکیان دەکات کە کۆمەڵگاش
دووچارى دەرد و بەڵا دەکاتەوە،بۆیە پێویستە ئەو (10)هەزار قوتابیە
دەرفەتى خوێندنیان بۆ بڕەوخسێندرێن.
ئەوەى ماوەتەوە بڵێین ئەو نارەزایەتیەى ئیستا قوتابیان دەستیان بۆ
بردوە بە شێوازى مانگرتن و خۆپیشاندان، جێگاى ئومێد و دەست خۆشیە و
پێویستە رێکخراوتر و یەکگرتووتر بێت و فشارەکان زیاتر بن،چونکە لەم
مەملەکەتى ئێمە دەسەڵات وا راهاتوە تا شەقامەکانى لێنەگریت بە خەبەر
نایەت و لەنێو کۆشک و تەلارەکانیان بێدار نابنەوە.
|