١٣\٤\٢٠١٣ قوتابخانەکانی سنووری (دوبەی!) هێشتا هەر دڵۆپە دەکەن! - هەردوو قوتابخانه‌ی دۆره‌به‌کره‌ی سه‌ره‌تایی تێکه‌ڵاو و گه‌ڕه‌شێخانی بنه‌ڕه‌تیی تێکه‌ڵاو وەک نموونە -
هێرۆ عەلی
هەرچەندە له ئێستادا تا راده‌یه‌ک گرنگیی به خوێندن دراوه و لە هەردوو لایەنی بەرنامە و پلانی خوێندن و شوێنی لەبار و پێویست بۆ خوێندکاران هەندێک کار کراوە و گەشەکردنێک دروست بووە.. به‌ڵام هێشتا کەم کراوە و زۆری ماوە، زۆر کیشە و گرفت هەن تا ئێستا خوێندکاران پێوه‌ی ده‌ناڵێنن جا چ له رووی دروستکردنی خوێندنگەوە بێ یان له رووی رێبازی پەروەردەیی خوێندن که دوو هۆکاری سه‌ره‌کیین بۆ نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی خوێندکاران.
یەکێک لەو نموونه زەقانەی که حکومه‌ت تا راده‌یه‌کی زۆر زۆر به‌رپرسه لێی نەبوونی ژمارەی پێویستی قوتابخانەکان و خراپیی و نالەباری بەشێکی زۆری قوتابخانه‌کانە بە تایبەتییش هی گوندەکان، ئەگەر سەرنجەک بدەینە ئەو دوو وێنەیەی خوراێ کە هەردوو قوتابخانەی (دۆره‌به‌کرەی تێکه‌ڵاو و قوتابخانه‌ی گه‌ڕه‌شێخانی بنه‌ڕه‌تیی)ی هەردوو گوندی دۆرەبەکرە و گەڕەشێخانی سەر بە شارۆچکەی ''قوشتەپە''ن:
قوتابخانەی دۆرەبەکرەی تێکەڵاو قوتابخانەی گەڕەشێخانی بنەڕەتیی
ئەوە دەبینین ئەو دوو قوتابخانه‌یه هەر یەکەو له دوو ژۆر پێکهاتوون و زۆر بە سادەیی - هەروەک هۆڵی ئاژەڵان - لە بلۆک و پەنجەرەی خراپ دروستکراون و سەریشیان بە دار و قوڕ گیراون! هەروا لەبەرئەوەی ١٣ ساڵ لەمەوبەر دروستکراون و خزمەت ناکرێن قوتابیان و مامۆستان بە دەست دڵۆپە و هاتنەژۆرەوەی ئاوەوە دەناڵێن.. بە کورتییەکەی ئەو دوو قوتابخانەیە بە هیچ شێوەیەک ئی ئەوە نین وانەیان تێدا بخوێندرێ چونکە لە هەموو شتێک بچن لە قوتابخانە ناچن.
ئایە حکومه‌ت تا چه‌ند لەوە برپرسیارە!؟ هه‌رێمی کوردستان که ساڵانه له رێگه‌ی نەفتەوە بڕێکی زۆر له داهات دەڕژێتە خەزێنەکەی.. بۆچی دەبێ بڕێک پارەی پێویست بۆ خۆێندن ته‌رخان نەکا.. یان تەرخانی دەکا و گەندەڵیی هەڵیدەلووشێ! حکومەت رۆژانە لە دەزگە میدیایەکانەوە داوا له خه‌ڵک ده‌کا که بێنه ناو بواری خوێندن و په‌ره به خوێندن بده‌ن به‌ڵام چۆن په‌ره به خوێندن بدرێ که ئەوە بارودۆخی بەشێک لە قوتابخانەکان بێ!؟ ١٣ ساڵ گەڵێک زۆرە حکومەتێک بە خۆی بڵێ حکومەت و نەتوانێ دوو قوتابخانەی لەبار بە پێی سەردەم نەک بۆ دوو گوندی دوورەدەست بەڵکە بۆ دوو گوندی سەر شەقامی نێوان هەولێر و کەرکووک دروست بکا. نازانین دەبێ کەنگێ بەرپرسانی ئەو حکومەتە لە سه‌رمایه کۆکردنه‌وه و گێژەلوولکەی گه‌نده‌ڵیی رزگار ببن!؟ ئایە دەیانەوێ هەر وا بیهاژۆن یان میللەت لێیان راپەڕێ و تەخت و تاراجیان بە قوتابخانە قوڕینەکانیشیانەوە بڕووخێنێ؟
|