٥\٦\٢٠١١
قوتبەدین سادقی:
''سرتە
لەگەڵ با'' چۆتە ناو
زمان و دیمەنی سینەمای جیهانەوە.
مهنسوور جیهانی
دکتۆر
قوتبەدین سادقی لە دانیشتنی هەڵسەنگاندنی فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ
با" لە دەرهێنانی "شەهرام عەلیدی"دا گوتی: شتێک کە لەم فیلمەدا زۆر
دروستە ئەوەیە کە چۆتە ناو زمان و دیمەنی سینەمای جیهانەوە و دەرهێنەر
لە بەوێنەکێشانی دیمەنەکان، مشووری و وردی بەکارهێناوە.
بە پێی راپۆڕتی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی کۆمپانیای "تاو فیلم"،
فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شەهرام
عەلیدی و بە ئامادەبوونی ئەم دەرهێنەرە سنەییە، ئەکتەری ناوداری کورد
خاتوو مریەم بووبانی یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە،
پارێزەری ناوداری کورد محەمەد ساڵح نیکبەخت و هەروەها بە هاوکاری
ئەنجوومەنی زانستی سینەمای زانکۆی تاران، لە هۆڵی ئاوینی لە کۆلێژی
هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران نمایشکرا و لە لایەن قوتابیان و
بینەرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا.
دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" دانیشتنی لێکۆڵینەوە و
رخنە و هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانە بە ئامادەبوونی نووسەر و شانۆکاری
ناوداری کورد دکتۆر قوتبەدین سادقی و بە بەشداری سینەماکاری کورد
شەهرام عەلیدی و خاتوو مریەم بووبانی ئەکتەرەی بەئەزموونی سنەیی
بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا سادقی سەبارەت بە مێژووی جینایەتی کۆمەڵکوژی
کوردەکانی عێراق بە ناونیشانی "ئەنفال" لە لایەن رژێمی بەعسەوە بۆ
قوتابیان و ئامادەبووانی ناو هۆڵەکە هاتە ئاخاوتن و لە درێژەدا گوتی:
ناوەرۆکی ئەم فیلمە سەبارەت بە کارەساتێکی دڵتەزێنە بەڵام نەوەکوو
بەشێوەی ئەکشن، بەڵکوو گێڕانەوەی فیلمەکە بە شێوەی تەواو شاعیرانە و
ناڕاستەوخۆیە و بە شێوازی دیمەنێکی خەماوییە کە بۆ هەر پلانێکی بە
دیقەت، گێڕانەوەیەکی شاعیرانەیە و دیمەنەکانیش شاعیرانە هەڵبژێردراوە.
شتێک کە لەم فیلمەدا بە جوانی سرنجی بینەر بۆلای خۆی رادەکێشێت،
لانگشاتەکان، رامان و ریتمی هێواشە بۆ ئەوەی کە روانینی کامێرا، رامانی
تێدایە و عاشقانەیە.
هەروەها گوتی: ئێوە لەم فیلمەدا لەگەڵ سینەمایەک روبەڕوون کە لایەنی
شێعری، خۆشەویستانە و شاعیرانەیە و بۆ هەر دیمەنێکی تابڵۆیەک بە شێوازی
تایبەت دروست کراوە و جۆرێک جوانناسی تایبەتی هەیە، لە دنیادا
دەرهێنەری دیکەش ئەم کارەیان بۆ وڵاتەکانیان کردووە، لەوانە: "تێئۆئانجلۆپلووس"
بۆ یوونان، "پاراژانۆف" بۆ ئەرمەنستان و "ئەمیر کاستاریکا" بۆ بۆسنی.
مامۆستای زانکۆکانی تاران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: یەکێک لەو شتانەی
کە ئێمە لە هونەردا ئەنجامی دەدەین ئەوەیە کە واقعییەت وەکوو خۆی کۆپی
ناکەین، رۆڵی هونەر خوڵقاندنە. گێڕانەوەی واقعییەت جۆرێک شاعیرانەیە و
شێوازێکی هونەرییە و لە رێگای دیمەنەوە نیشانی دەدەن و دەقاودەق
ناتوانرێت واقعییەت نیشان بدرێت و یەکێک لەو شتانەی کە لەم فیلمەدا
بەڕای من بەهێزە هەر ئەو خاڵەیە و بۆ گێڕانەوەی هەر واقعییەتێک،
دیمەنێکی تایبەت خوڵقێندراوە.
هەروها گوتی: لە پشت هەر کام لەم دیمەنانە شێعرێکە کە بۆ کەمکردنەوەی
بیروباوەڕەکان یا کەمکردنەوەی زامەکان نییە بەڵکوو بۆ گێڕانەوەی
کاریگەری زیاترە و هونەر یانی کاریگەری. و لە رێگای دیمەنە جوانەکانی
کێوەکان، شیوودۆڵەکان، سەوزایی و رووبارەکانی کوردستان لە فیلمی
سینەمایی "سرتە لەگەڵ با"دا بینەر تەواوی جوانییەکانی ئەو ناوچەیە و
خەڵکی دەبینێت. خەڵکانێک کە تاکوو ئەو رادە زۆرە زوڵمیان لێکراوە و
کارەساتە گەورەکانیان بەسەر هاتووە. بەڕای من جوانی جوگرافیای فیلمەکە
گرینگترین داکۆکیکەری ئەم فیلمەیە کە توورەج ئەسڵانی بە وێنەگرتنی ئەو
دیمەنە جوانانە زیندووی کردۆتەوە.
دکتۆر سادقی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: ئێوە تەواوی توندووتیژی
بەعسییەکان لە کوردستانی عێراق لەم فیلمەدا دەبینن بێئەوەی کە دەرهێنەر،
دیمەنی توندووتیژی بە شێوەی راستەوخۆ بە ئێوە نیشان بدات و لە واقیعدا
بەدواداچوونی دیمەنەکانە. و شتێک کە لە فیلمی "سرتە لەگەڵ با"دا زۆر
دروستە ئەوەیە کە چۆتە ناو زمان و دیمەنی سینەمای جیهانەوە و دەرهێنەر
لە بەوێنەکێشانی دیمەنەکان، مشووری و وردی بەکارهێناوە.
شەهرام عەلیدی دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە سەرەتای
قسەکانیدا گوتی: ئەم فیلمە لە زۆربەی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان
نمایشکراوە و لە ناخی دڵمەوە زۆر خۆشحاڵم کە ئەم جارە لە نێوان
کۆمەڵێکی ئاکادیمیا نمایشکرا و ئەوە بۆ من ئاوات و داواکارییەک بوو.
زۆر هیوادارم کە ئەم هەلە بڕەخسێت تاکوو ئەم فیلمە بە شێوەی گشتیش لە
سینەماکانی وڵاتی ئێران نمایش بکرێت و لەو دیدارانەی کە لەگەڵ مندا
بوویانە داواکاری ژمارەیەکی زۆری خەڵک و هۆگرانی هونەری سینەماش هەر
ئەوەیە.
سینەماکاری لاوی کورد سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە ئەکتەری ناوداری
سینەمای کوردستان و ئێران خاتوو مریەم بووبانی وەکوو ئەکتەرێکی
پێرفشناڵ لە فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با"دا گوتی: زۆر پێش لە قۆناغی
وێنەگرتنی ئەم فیلمە لە فیکری رۆڵ بینینی بەرێزیاندا بووم و لەگەڵیاندا
لە رێگای تەلەفوونەوە قسەم کرد و پێم گوت کە دەمەوێت لەم فیلمەدا رۆڵ
ببینیت و لەڕاستیدا هیچ دیالۆگێکتان نییە و بەرێزیان قەبووڵی کرد و
بووە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ئەم فیلمە، چونکە قورسایی هەستی
فیلمەکە لەسەر شانیان بوو و بە جوانی ئەو کارەی ئەنجامدا.
هەروەها گوتی: بە ئامادەبوونی خاتوو بووبانی بڕیارمدا کە بیروباوەڕەکەم
بگۆڕم و لە فیلمی داهاتوومدا سەتا هەشتای ئەکتەرەکان، ئەکتەری
پێرفشناڵی بواری سینەما دەبن. و خاتوو بووبانی بە بێدەنگی و لە
خۆبردووی و وزەری زۆر باشی خۆی ئەو بڕوایەی بە من گۆڕی.
مریەم بووبانی ئەکتەری فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە درێژەی
دانیشتنی هەڵسەنگاندنی ئەم فیلمە سەبارەت بە قەبووڵکردنی رۆڵێک لەم
فیلمەدا کە هیچ دیالۆگێکی نییە، گوتی: لە هیچ جێگایەک لەم فیلمەدا
هەستم نەکرد دەبێت دیاڵۆگێک بۆ رۆڵی کەسایەتی من هەبێت، بۆ ئەوەی کە
هەستی رووداوەکە و دەقی فیلمەکە بۆ من بەس بوو کە بێ هیچ دیالۆگێک
خەمباری و زامی ئافرەتانی کورد کە بە درێژایی مێژوو بەسەریاندا هاتووە
بتوانم لە رێگای هەستمەوە بە بینەری نیشان بدەم.
خانمە سینەماکاری کورد لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەو بابەتە مرۆڤانەی
کە لەم فیلمەدا خراوەتەڕوو و دەنگدانەوەی فەرهەنگی ئەم رووداوە بۆ من
زۆر گرینگ بوو، لە قەبووڵکردنی ئەو رۆڵەدا زیاترین جەغتم لەسەر ئەو دوو
بابەتە بوو.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی کۆمپانیای "تاو فیلم".
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|