ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن.. گۆرانی و زمان.
موحسین جوامێر
ئه‌گه‌ر بڵێم تا ڕاده‌ی عه‌شق و شه‌يدایی حه‌زم له ڕاديۆیه، ڕاسته. خۆ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ فره‌ژنیدا نه‌بم، ئه‌وا تا ماوم له‌گه‌ڵ فره‌ڕاديۆدام، هه‌ر يه‌کێکیش نه‌ياری ئه‌م بۆچوونه‌م بێت، هه‌رگیز نايکه‌م به يار و بێپه‌روا دژی ده‌وه‌ستم؛ پێیشی ده‌وه‌ستم.! بڕوا ناکه‌م که‌سێ بزانێ، که ده‌چمه ده‌ره‌وه، هه‌میشه ڕاديۆم له به‌ڕکییه يا له‌نێو جانتای پشتمايه.. ئه‌م خووه به‌شيری گرتوومه، به‌پیری ته‌رکی ناکه‌م. له‌بیرمه سه‌عيد مه‌سيفیی ڕه‌حمه‌تیش وابوو، جارێکیان له 1971 دا له ڕاياتێ که ده‌که‌وێته پشت چۆمانه‌وه، سه‌ردانیم کرد، هه‌موو ده‌وروپشتی راديۆ بوو. پێم وابێ به‌شێک له‌وه‌ی فێری بوومه، له چاکه و فه‌زڵی ڕاديۆيه. زۆريشم حه‌ز لێ بووه ببم به موزيع، به‌س به خه‌ياڵ. بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌مه بکه‌مه‌وه، ئێسته‌يش ئه‌و شته‌ی حه‌زم لێ بێت، به ده‌نگی خۆم تۆماری ده‌که‌م، وه‌ک شیعره‌کانی نه‌زار قه‌بانی، ته‌نانه‌ت به‌م دواييه جزمی ته‌باڕه‌که و عه‌ممه‌م له ئێم پێ تری ـ که‌ی خۆمدا تۆمار کرد، به‌ده‌نگی خۆم. که پاسکیل لێ ده‌خوڕم و هاوکات گوێ له ده‌نگی خۆش ده‌گرم، هه‌ست ده‌که‌م چالاک‌تر ده‌بم و حه‌ماسه‌تی به‌رده‌وامبوونم زێتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی کاسێته‌وه خۆم فێری کرمانجی کرد، به ده‌نگی خۆم کتێبێکی گراماتیکی جه‌لاده‌ت به‌درخانم تۆمار کرد و ده‌چوومه سه‌ر چيايه‌کی نزيک ماڵمان له سوێدا و له‌وێ گوێم لێ ده‌گرت.. ئه‌م سه‌روسه‌ودايه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌ڤینا من ڕاديۆدا، وایکردووه دێوانه‌ی ده‌نگی خۆش بم و که‌مجار بێگوێدانه ده‌نگ ومۆسيقا، يان قوڕئان، شت بنووسم.. عاده‌ته‌ن، که به‌عه‌ره‌بی ده‌نووسم، زێتر گوێ له قوڕئان ياخود مۆسيقا ده‌گرم. خۆ ( ئه‌تڵاڵ ) و ( حه‌ديسی ڕۆح )ی دايه ئوم که‌لسوومی میسری، هه‌ر ماشه‌ڵڵای گه‌ره‌که و بۆ نووسين سوودی گه‌له‌که. له‌بیرمه که ساوا بووم، دايکم شێتی عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی بوو، ئێسته هه‌ندی ده‌که‌م و ناکه‌م ئه‌و کاسێته یان ئه‌و قه‌وانه ده‌ست ناکه‌وێت، وا بزانم يه‌که‌م گورانیبێژه که ده‌نگی به قه‌وان بیسترابێت.
له‌سه‌ردانێکی ئه‌مريکامدا، کاک عومه‌ر دزه‌ييم ديت ـ ئه‌وسا له ئێزگه‌ی ده‌نگی ئه‌مريکا کاری ده‌کرد ـ پێکه‌وه پیاسه‌يه‌کمان کرد و به‌ده‌م ڕێگه‌وه خه‌می غه‌ريبیمان ڕه‌وانده‌وه ؛ من و کاک عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئه‌مین ـ که سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ( بارزان ) ه ـ بووین به کۆڕسی ( هه‌دروونه دروونه دروونه.. ده‌سکی داسێم به‌ڕوونه )، ئای که خۆش بوو.! هه‌نووکه‌ش که ئه‌م ياده‌وه‌رییه خێرايه ده‌نووسمه‌وه، گوێم داوه‌ته ( کوێراييم دابێ دووگردکان ) ی خاڵه عومه‌ر، که هه‌ر ده‌ڵێی که‌وه ده‌خوێنێ و نايه‌ڵێ ده‌ست له نووسين هه‌ڵگرم، ئه‌وا له‌دووره‌وه‌ش بۆنی ماست و کنگر و ڕێواسانی کوردستانم بۆ دێت، ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه هیندێک بڵێن ئه‌مانه بۆنیان نییه.
له‌مێژه حه‌ز له ده‌نگی تايه‌ر تۆفيق، مه‌زهه‌ری خالیقی، ناسری ڕه‌زازی و سێوی ده‌که‌م، خالیقی بۆ کاتی نووسين و ڕامان ئۆکسژینه، تايه‌ر بۆ نووسينی سه‌وری باشه و له‌گوێنه، ناسريش بۆ سه‌فه‌ر ماندووشکێنه، سێوێش بۆ خه‌ياڵ و فڕينه.. مشکۆ بۆ ئیواران ده‌گونجێت، فوئاد ئه‌حمه‌د، ئیبڕاهیم خه‌يات و شه‌ماڵ سائیب بۆ به‌يانییان، هۆره‌ی هه‌ورامانیش بۆ نیوه‌ڕۆيان، چونکه کاتی خۆی ئێزگه‌ی به‌غدا له‌و کاته‌دا ده‌يخسته گه‌ڕ بۆ گوێ‌گران.. ئه‌م زه‌مانه، هه‌ست ده‌که‌م ده‌نگی خالد ڕه‌شيد که‌شوهه‌وای خوێندن و نووسینم بۆ ده‌کا به نه‌ورۆزی هزر. له سوێدا، مۆسيقای تايبه‌تیی خوێندن و نووسین هه‌يه، که فکر کۆ ده‌کاته‌وه و نايه‌ڵێ هه‌وراز و نشێوان بکات. من و ڕه‌حمه‌تی مامۆستا مه‌لا ساڵحی شاره‌زووری، زۆرمان حه‌ز له ده‌نگی حه‌مه‌ی ماملێ ده‌کرد، وه‌لێ چونکه زۆر له کوڕ و کوڕه‌زا و برازاکانی ماملێ لاساییی ده‌که‌نه‌وه، زه‌وقی گوێلێگرتنیم نه‌ما‌وه. دۆستی دێرینم دکتۆر عيماده‌ددين خه‌لیل ـ ی نووسه‌ر، جارێکیان که له‌گه‌ڵ مامۆستا فوئاد چه‌له‌بیی ڕه‌حمه‌تیدا له مووسڵ سه‌ردانیمان کرد، گوتی کاتێ ده‌نووسم و هاوکات گوێ له مۆسيقای بتهۆڤن يان مۆزارت ده‌گرم، ده سه‌عاتم پێ سه‌عاتێکه.
له پايزی پاره‌وه، ئاره‌زوو و مگێزم که‌وتووه‌ته سه‌ر به‌شی عه‌ره‌بیی ( بی بی سی ) ی به‌ريتانی، چه‌لێ ته‌له‌فزيۆنه‌که وگاوێ ڕاديۆکه‌يان.. بۆمن، خۆشیی بی بی سی له‌وه‌دايه، شه‌ووڕۆژ ده‌نگوباسه، چ هی ناخۆش يان ئه‌وه‌ی خاسه.. به‌ڵام به‌م ئاخره، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئیداره‌ی که‌ناڵه‌که قايل نه‌بوو له‌ڕێگه‌ی به‌رنامه‌يه‌که‌وه، یارمه‌تی و پیتاک بۆ غه‌ززه کۆ بکرێنه‌وه، گوايه به ته‌ئسيری لۆبیی ئيسڕائیلی بوو، بۆيه لێی سارد بوومه‌وه، جارێ وازم لێ هاوردوون.. ئه‌وه بوو ڕاديۆی گه‌لی کوردستانم دۆزييه‌وه، به‌تايبه‌تی به‌رنامه‌گه‌لی شه‌وانی؛ به‌تام و له‌به‌ردڵانن و پياو ده‌خه‌نه وتنی گۆرانی.. ده‌توانم بڵیم جارێ تا ڕاده‌يه‌ک هۆگری بوومه و قه‌ره‌بووی بی بی سیی بۆ کردوومه‌ته‌وه، جاری وا هه‌يه ده‌ڵێی حه‌ز ده‌که‌م ته‌له‌فۆنیان بۆ بکه‌م، وه‌ک به‌ژداری و گه‌رمترکردنی ئاگردانه‌که‌يان، به‌س خه‌و ده‌مباته‌وه، يان هیلاکم.
له‌شه‌وی 8 له‌سه‌ر 9ی ئه‌م مانگه‌دا له ڕاديۆی ده‌نگی گه‌لی کوردستاندا، به‌رنامه‌يه‌کی تايبه‌ت له‌سه‌ر فيستيڤاڵێکی تايبه‌ت به کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی ناوچه‌ی هه‌ورامان که له ئه‌حمه‌دئاوا به‌ڕێوه ده‌چوو، ساز کرا..بێژه‌ری به‌رنامه ته‌له‌فۆنی بۆ لايه‌نه پێوه‌نداره‌کان ده‌کرد، سۆراخی له ئاستی فيستیڤاڵه‌که و جياوازيی له‌گه‌ڵ ساڵی پاردا، ده‌کرد.. له ڕه‌وتی گفتوگۆکاندا، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی موزيعه‌که‌ی ڕاکێشا، هه‌ڵه‌ی زمانیی يه‌ک له سه‌رپه‌رشتيارکان بوو، کاتێ وشه‌ی میلله‌تی هه‌ورامی و زمانی هه‌ورامیی به‌زاردا هات. پێشکه‌شکه‌ری به‌رنامه‌ش يه‌کسه‌ر هاته جواو و وتی مه‌ڵێ میلله‌ت و زمانی هه‌ورامی، چونکه هه‌م ئه‌وان کوردن و هه‌میش هه‌ورامی ديالێکتێکی کوردييه.. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ده‌نگ و هه‌ڵوێسته‌م پێ کوردستانی و ئاقڵانه بوو، ده‌شبێ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رله‌به‌ری ناوچه و ديالێکته‌کاندا، هه‌موو داموده‌زگه‌کانی کوردستان له ئاستی مه‌سئوولییه‌تدا بن و به‌م جۆره هه‌ڵوێست بنوێنن، چونکه مه‌سه‌له‌ی مان و نه‌مانی کوردی پێوه به‌نده.. ده‌شبێ ديارده‌ی خوێندن به دووله‌هجه نه‌مێنێت، ده‌نا حه‌تمه‌ن به‌ره‌و دوومیلله‌تی ده‌چین، هه‌روه‌ک سياسیی به‌ئاوه‌ز حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمووديش له چاوپێکه‌وتنێکی ( ته‌له‌فزيۆنی په‌يام ) دا ئاماژه‌ی بۆ کردبوو.
به‌تايبه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا، ماوه‌يه‌که چه‌ند گڕووپ و که‌ناڵێک خۆيان ته‌رخان کردووه بۆ په‌ره‌دان به له‌هجه‌کانی کوردی، به‌ناوی مافی زمانی دايک، که قه‌باحه‌تی ئاوا له دنیای گه‌لۆرييشدا هاوشێوه‌ی نییه.. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌م پلانه داده‌ڕێژن و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئێرانین.. ته‌نانه‌ت دوا زانیاری و ئاگاداریی له هه‌ندێ کوردانی شاره‌زای ئێران، ده‌سکه‌وتوون، ده‌ڵێن بۆچوونی فکریی ئه‌و ده‌سته‌وبه‌ستانه، له حیزبی تووده‌ی ئێرانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه..ئه‌وجا ئێسته په‌که‌که بۆ په‌يداکردنی هه‌واداران، ده‌يقۆزته‌وه.. ته‌نانه‌ت پێش ماوه‌يه‌ک، حاجی ئه‌حمه‌دی پژاک له بۆنه‌ی جه‌ژنی کوردگه‌لێکدا، ده‌يوت ده‌بێ هه‌موومان ده‌ست به له‌هجه‌کانه‌وه بگرين، ئه‌م فه‌رمووده‌يه‌ی له‌کاتێکدا بوو باسی باکوور، باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای کوردستانی گه‌وه‌ره ده‌کرێت، هه‌ر له ئه‌سکه‌نده‌روونه‌وه بگره هه‌تا خه‌لیجی فارس.. نازانێ، مه‌زنترين شه‌ق که به‌ر میلله‌ت ده‌که‌وێ، کاتێکه موقه‌دده‌ساته‌کانی ـ که زمانی يه‌کگرتوو يه‌ک له‌وانه ـ بۆ ئامانجی حيزبی پێشێل ده‌کرێن. تۆيه‌ک بانگه‌وازت بۆ چه‌ندين له‌هجه‌ی کوردی بێت، چ ڕه‌وای هه‌قه بچیت وڵات له‌خۆت وخه‌ڵکی بکه‌يته گۆماوی خوێن، باشتر نییه فارسايه‌تی يان تورکايه‌تی بکه‌يت ؟ چونکه ئه‌وسا هه‌رهیچ نه‌بێت به فارسييه‌که يان تورکییه‌که، کوردگه‌ل له‌يه‌کدی ده‌گه‌ن.. واته ئه‌گه‌ر کوردان هه‌موو بۆ يه‌ک زمان و له‌هجه‌ی کوردی ـ که هه‌يه ـ مل که‌چ نه‌که‌ن، مه‌گه‌ر مه‌هابادييه‌ک و زازايه‌ک به زمانی که‌ڕوڵاڵان له‌يه‌کدی بگه‌ن.! خۆ ئه‌گه‌ر بشگوترێ با له‌هجه‌ی يه‌کتر فێر بن، ئه‌وه به‌ر له‌وه‌ی پیاو گاڵته به ئه‌قڵی به‌رانبه‌ره‌که‌ی بکا؛ قه‌شمه‌ری به‌خۆی ده‌کات. خۆ زۆر زمانی دنیا ئه‌م گیره‌وبێره‌یه‌ی تێدايه، وه‌لێ هیچ میلله‌تێک وه‌ک کورد، خاوه‌نی به‌رژه‌وه‌ندپه‌روه‌ر و حیزبپه‌رست و گه‌لخۆر، نییه.
کاتێ بانگه‌وازی ئه‌وه ده‌که‌ين گه‌ره‌که ئاگامان له زمانی يه‌کگرتوومان بێ، که هه‌مانه، مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ديالێکته‌کان پشتگوێ بخرێن، به‌ڵکوو ده‌خوازین ئه‌و هۆکاره‌ی هه‌موومان کۆ ده‌کاته‌وه و خودان هه‌موو ديالێکته‌کان به‌يه‌کدی ده‌به‌ستێته‌وه، له‌نێو نه‌چێ و مۆرکی نه‌ته‌وايه‌تیمان له‌که‌دار نه‌بێت..ده‌نا له هه‌موو دنیادا به له‌هجه‌کانیش به‌رنامه‌ی ڕاديۆکان پێشکه‌ش ده‌کرێن و گۆرانی ده‌وترێن. هاوکات ئه‌وه‌ی گرنگه، ده‌بێ به‌ری نووسين به‌له‌هجه به‌رته‌سک بکرێت، نه‌ک وه‌ک ئه‌و شاعیره هه‌ولێریيه‌ی به زاراوه‌ی هه‌ولێر شێعران ده‌نووسێت، ئا ئه‌مه‌يان بڤه‌يه چ له هه‌ولێر يان له سوێد . له به‌سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌يه‌شدا، ده‌بێ ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆنه‌کان ده‌وری بنه‌ڕه‌تی له هۆشيارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی له‌باره‌ی زمانه‌وه، ببینن و بزانن سنووری له‌هجه دياره و زمانی يه‌کگرتوويش ـ وه‌ک هه‌ر زمانێکی دنیا ـ سه‌رداری سه‌رجه‌م له‌هجه‌کانه و تاجی سه‌ری میلله‌تمانه، هه‌روه‌ک له قسه‌ی موزیعه ئاقڵه‌که‌ی ڕاديۆی ( گه‌لی کوردستان ) ده‌فامرايه‌وه.
mohsinjwamir@hotmail.com
|