په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٢\٢٠١٢

راگەیاندنێک لە رێکخراوی سپی بۆ ناوچە کیمیابارانکراوەکان.

 

 


لە بەرواری ٢٠-١١-٢٠٠٩ وەک چەند ھاوڵاتیەکی ناوچە کیمیاباران کراوەکانی کوردستان لەھەڵەبجە، گۆپتەپە، بالیسان، سێوسێنان، دۆڵی جافایەتی و دۆڵی ئاکۆیان لەھەوڵی تۆمارکردنی ڕێکخراوەکەمانداین، بەڵام بەھۆی ڕۆتین و ڕێگریەکان و نەبونی یاسایەکی کارا ئەم ھەوڵەمان بێ ئەنجام بوو کە دەبوایە بەپێی یاسا لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا وەڵامی تۆمارکردنەکەمان وەرگرتبایە، ھەربۆیە لەباری یاساییەوە (ڕێکخراوی سپی) بە تۆمارکراو ئەزانین و ئامادەین بەیاسا کارپێکراوەکان و دەستوری عێراق داکۆکی لەمافی خۆمان بکەین.


ئەمڕۆ ٢٩-١٢-٢٠١٢ بەپشتبەستن بە یاسای ژمارە ١ ساڵی ٢٠١١ رێکخراوەکەمان ڕادەگەیەنین و ھەرکاتێکیش فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان کارا بوو ئەوا خۆمانی لەگەڵ دەگونجێنین و ناکارابونیشی ھەتا ئێستا لە ئەستۆی حکومەتی ھەرێم و پەرلەماندایە.


وەک ئامادەکاریەکیش بۆ یادی ٢٥ ساڵی کیمیابارانکردنی ناوچە جیاوازەکانی کوردوستان لە ڕێکخراوی سپی چەندین چالاکی وپلانمان ئامادەکردوەو ھەوڵ ئەدەین بە شێوازێکی جیاواز لە کاری ڕێکخراوەیی کە ھەتا ئێستا باوبووە لە کوردستان، پرۆژە و کارەکانی خۆمان ڕێکبخەین و داکۆکی بکەین لە دۆسیەی کیمیاباران و ئەنفال و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان لەو ناوچانە.


ئامانجمانە لەناوخۆ تاوانی کیمیاباران ببێتە پرسێکی نیشتمانی و لە ئاستی جیھانیش وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی بەدنیای دەرەوەی بناسێنین، لە ڕێگەی کارکردنی چالاکانەتر بۆدەستنیشانکردنی گرفتە مرۆییەکان و کۆکردنەوەو دۆکۆمێنتکردنی ھەموو ئەو کەلوپەلانەی لەقوربانیان بەجێماون یان ئەو بابەتانەی لەنوسین و لێکۆڵینەوەکاندا تۆمارکراون، بە گرتنەبەری ھەوڵی زانستیانە بۆئەنجامدانی توێژینەوە لەسەرجەم بوارەکانی زانستی ومرۆیی، ھەروەھا ئامانجمانە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەپاڵ تاوانی ئەنفالدا بەکارھێنانی چەکی کۆکوژ بکرێتە چەقی بەجینۆساید ناسادنی ئەوکردەوە کۆکوژیانەی لەساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨ لەم ناوچانەی ئێمەدا ڕویانداوە.


سوپاسگوزارین بۆکۆی ئەو ڕێکخراوو کەس و لایەنانەی کە بۆ ھەمان ئامانج و مەبەست کاریان کردوە و کار ئەکەن وەڕێکخراوەکەمان ئامادەی ھەموو جۆرە ھەماھەنگیەکە لەسەرجەم ناوچەکانی کوردوستان.


لەم ڕێگایەشەوە پەیامی ئاشتی و ئاسایش دوپات ئەکەینەوەو ھەوڵ ئەدەین ببینە بەشێک لە فشارە سەرانسەریەکان بۆ قەدەغەکردن و بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی چەکی کۆکوژ لەجیھاندا.

وەک دەسپێکی ئەم جۆرە چالاکیانەش ٢٩-١٢-٢٠١٢ کۆڕێکی تایبەتی لەشاری ھەڵەبجە ڕێکئەخات بۆ ڕونکردنەوەی چالاکیەکان و نمایشکردنێکی دۆکیومینتاری.

ناوی ئەندامانی دامەزرێنەر:


حەمەدەمین لاسە، توانا موسلیح (دۆڵی بالیسان).
زریان عەبدولڕەحمان (رواندوز / دۆلی ئاکۆیان).
ھێمن عەبدوڵا، ھونەر سالار (گۆپتەپە).
حەسەن عەبدولکەریم، حەسەن مستەفا (سێوسێنان).
ئاوات قادر، ئەکرەم عەلی حەسەسیب (دۆلی جافایەتی و شارباژێر).
دلاوەر حەیدەر، قیێر رەحمان، فەلاح مورادخان (ھەڵەبجە).
عمر محمد (چالاک لە بواری جینۆساید).


بۆ پەیوەندیی و زانیاریی پتر:
عومەر محەمەد
٠٧٧٠١٥٢٠٢٨٧

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک