په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٨\٢٠١٣

راگەیاندن.


جەلال دەباغ      


راگەیاندن کارێکی گرنگ و بایەخدارە لەبوارەکانی پڕۆپاگاندەدا، لە چاوکردنەوە و هوشیارکرنەوەی کۆمەڵانی فراوانی خەڵکدا، لە رەخنەو دەرخستنی کەم و کوڕی و ناتەواویەکاندا، لەدەرخستنی راستیەکاندا، لە بەگژاچونەوەی جۆرەکانی گەندەڵی و لادان لە یاساو، لە دەربڕینی بیروڕاو ڕێبازو هەڵوێستی ئەو لایەنەی خاوەنی راگەیاندنەکەیەو، یان بەڕێوەی دەبەن.


پێموایە راگەیاندن دەبێ بۆ گەل و دڵسۆزانی گەل ئازادبێ. بۆ لایەن و حیزب و رێکخراوە جۆربەجۆرەکانی بەرەی گەلان وشارستانی و هەموو هاوڵاتیان، نەک بۆ دوژمنانی گەل و نەتەوەکان..نەک بۆ رەگەزپەرست وهەڵگرانی بیروباوەڕی فاشیستانەو... تاد.


لەسەردەمی رێژیمی گۆڕکراوی سەدامدا راگەیاندن بەتەواوی کۆنترۆل کرابوو، ئازادی راگەیاندن نەبوو، ئەو رۆژنامانەش کە لەسەردەمێکدا رێگەیان پێدرابوو، چەندان جار لەسەر وتارێک سزادەدران و بۆ کاتێکی دیاری کراو دادەخران، تا پاشان گەیشتە ئەو ئاستەی لەسەر تاقە پەڕەیکی رۆژنامەی نهێنی خەلک سزای سەخت دەدران. تا ئاستی لە سێدارەدان. بەڵام دوای گۆڕکردنی رژێم ئەمڕۆ لە باشوری کوردستانی ئازاددا، راگەیاندن، سەرەڕای هەندێ کەم و کوڕی و ناتەواوی، بەتەواوی ئازادە. هیچ کاتێکی پێشووئەم ئازادییەی بەخۆیەوە نەدیوە. دەڵێین بەتەواوی ئازادە، سەرەڕای هەڵوێستی چەوتی هەندێ لە دام ودەزگاو کاربەدەست، کە دەبنە کۆسپ لە ریگەی رۆژنامەنووسان و میدیاکاراندا.


لەو باوەڕەدام ئەو ئازادیەی راگەیاندن کە لە کوردستاندا هەیە لەهیچ وڵاتێکی ناوچەکامدا بوونی نیە. با سەرنج بدەین و راستیبینانە تەماشا بکەین ، ئەو کاتە دەزانین کە ئەم بۆچوونە راستە.


لەراستیدا هەندێک لایەن و رێکخراوەکان داکۆکیان لە ئازادیی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان و میدیاکاران کردووەو بە شێوازێکی پۆزەتیڤ و هەستکردن بە بەرپرسی لە دژی هەموو پێشێلکاری و تەنگپێهەڵچنینێکیان هەڵوێستیان گرتووە، لە پێشڕەوی ئەوانەشدا دەتوانین هەندێ راگەیاندن و سایت و، نەقابەی رۆژنامەنووسانی کوردستان و لقەکانی وسه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان بە نموونە بهێنینەوە.


هەندێک دامودەزگا و لایەنی ناو دەسەڵات و دەرەوەی، زانیاریی جۆربەجۆر لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنەکان دەشارنەوە، پێموایە بە یاسا ئەم ناتەواویە چارەسەر بکرێت باشترە، خۆ ئەگەر گریمان هەندێ لە رۆژنامە نووسان و نووسەران و راگەیاندنەکانیش ئەم زانیاریانە بە خراپ بەکاربێنن ئەوا دەتوانرێ هەر لەرێی یاساو دادگاوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت و لەو بوارەشدا دادپەروەری بهێنرێتەدی، نەک بە رێگەی هەڕەشەو چاوسوورکردنەوەو دەستبەسەرکردن..


بۆ ئەوەی راگەیاندنەکان لەئاستی بەرپرسی و ئەرکەکانی خۆیاندابن دەبێ زانستانەو ژیرانە ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، نەک تەنیا " بۆ مێژو"، بەڵکو بۆ هوشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و نیشتیمانپەروەریی تاکەکانی کۆمەڵگە، تا نەکەونە ناو داوی کۆنەپەرستان و واهیمە یاران و دواکەوتوان و، بەد رەوشتان و ئەو دوژمنانەی دەیانەوێ کۆمەڵەکەمان گیرۆدەی هەندێ رەفتاری نەشیاوو لەرێلادان بکەن.


راگەیاندنەکان لە کوردستاندا، لە هەموو بوارەکاندا، رۆڵێکی باشیان دیوە، بەڵام چاوەڕوانی زۆرتریشیان لێدەکرێت.


راگەیاندنی نیشتیمانپەروەرو دڵسۆزی گەڵ و پێشکەوتنخواز نمونەی گەشەدارو باش بخەنە بەرچاوی توێژەکانی گەل، نەک نمونەی تاریک و چەوت و چێل کە بەتایبەتی بۆ لاوانمان مەترسیدارن. خەمۆکی و جۆرەها رەوشتی دزێو بڵاودەکەنەوە. لەم بوارەدا هەندێ نمونەی خراپ و نێگاتیڤ دەخەینە بەرچاو:


- سایتێک یان رۆژنامەو گۆڤارێک و کەناڵی تەلەفزیۆن و رادیۆو زۆرتر، قسەی هیچ و پووچ و دوور لە زانستی کۆنەخوازێک بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر سایتەکەیان دەهێڵنەوە، یان بڵاودەکەنەوە، گوایە بەو مەبەستەی خەڵک گوێیان لەو قسە هیچ وپووچانە بێت تا بزانن لە چ ئاستێکدایە.! بێ ئەوەی دوو وشەی لەسەر بنووسن. بێ ئەوەی ئەوەش لەبەرچاوبگرن کە لەو هە زاران کەسەی بەرچاویان دەکەوێت و گوێیان لێ دەبێت دوور نیە کەسانێک بەو بۆچوونانە فریو بخۆن.


- سایتێک یان رۆژنامەو گۆڤارێک و کەناڵی تەلەفزیۆن و رادیۆو زۆرتر، هەواڵی زۆر نابەجێ و بێ کەڵک و زیانبەخش بڵاودەکەنەوە، لەمسەر تا ئەوسەری دنیاش بەدوای هەواڵی وادا دەگەڕین و بە وێنەشەوە بڵاویان دەکەنەوە. گوایە لای ئەوان بەمەبەستی ریسواکردنە یان سەرنجڕاکێشان.! تەنیا بۆ نمونە: " باوکێک دەستدرێژی دەکاتە سەر کچی خۆی"! " خاڵێک خوشکەزای خۆی مارە دەکات"!.."باوکێک کچی.. مێردێک ژنی ..برایەک خوشکی دەکوژێت".. تا دوایی دەیان هەواڵی نابەجێی بەدرەوشتی و ناپاکی و خۆ کوشتن و خوینڕشتن و تاوان و شتیوا.


- سایتێک یان رۆژنامەو گۆڤارێک و کەناڵی تەلەفزیۆن و رادیۆو زۆرتر، بەبێ بەرنامە، لایەنێکی دیکەی کۆنەخوازو گومانلێکراو رایاندەکێشن بۆ گفتوگۆ لەسەر بابەتێک و وروژاندنی، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی بیروڕای چروک و کۆنەخوازانەی خۆیان و دوورخستنەوەیان لە گفتوگۆ لەسەر بابەتی گرنگ و پێویست، سەرقاڵکردنی خەڵک بە بابەت و باسی لاوەکیی سەرنجڕاکێشەوە کە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکانی خەمۆکی ودیادەی نامۆیان ئەنجامدەبێ... تاد.


- کەناڵێکی تەلەفزیۆن هەموو کاتێک قەوانێکی سواو لێدەدا " زۆرترین گۆرانی، کەمترین هەواڵ"!! وەک ئەم دووە پێچەوانەو دژی یەکبن! یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی باشی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و هونەری و رۆشنبیری و شتیوا نەشیاوبن و رێگەی بڵاوکردنەوەی گۆرانی و بەرهەمی هونەریی جوان بگرن.! ئەوەش لەبیرخۆیان دەبەنەوە کە لە دنیای ئەمڕۆداو، بەهۆی گرنگیی هەواڵ و سیاسەتەوە کەناڵ هەن سەرجەم بەرنامەکانی خۆیان بۆ هەواڵ و سیاسەت تەرخان دەکەن.
باشە ئەو کەناڵە بەڕێزە دەزانێ ئەو دێڕەی رۆژانە چەندجار بڵاوی دەکاتەوە کاریگەری لەسەر بینەران چیەو چۆنە؟


- سایتێک یان رۆژنامەو گۆڤارێک و کەناڵی تەلەفزیۆن و رادیۆو زۆرتر، بە دووربین و زەڕەبین بە دوای کەم و کوڕی و ناتەواویەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێن و، پچوکترینیان بە گەورەکراوی دەخەنە بەرچاوی دۆست و دوژمن و بۆ مەبەستی بەدناوکردن و تانەو تەشەر لەم کەسایەتی و لەو حیزب بەکاریان دێنن، نەک بۆ مەبەستی چارەسەرکردن. بەڵام پچوکترین تا گەورەترین دەستکەوتی هەرێمی کوردستان نابینن.! بە راشکاوی دەڵێم زۆرباشە کەم و کوڕی و ناتەواویەکانی هەرێمی کوردستان، لەزۆر ئاستدا، بدۆزرێنەوەو بەبەڵگەوە بخرێنە بەرچاو، بە مەبەستی چارەسەرکردنیان، نەک بێ بەڵگەو بەمەبەستی وروژاندن و بێ دۆزینەوەی چارەسەر. هەروا باشتریشە گشت دەستکەوتەکان فەرامۆش نەکرێن.


- سایتێک یان رۆژنامەو گۆڤارێک و کەناڵی تەلەفزیۆن بێ گوێدانە تەمەنی بینەران شت بڵاودەکەنەوە: خوێنڕشتن، ئەنجامدانی تاوان، فلیمی ئاکشن، چالاکیی مافیاکان، چەتەگەری و دزی ماڵ و بانک بڕین و داوێنپیسی و تاد.. کە ئاشکرایە خەلک و بەتایبەتی لاوان چۆن پەروەردە دەکەن.


رۆڵی گرنگی راگەیاندنی گەلێر، راگەیاندنی چەپ و پێشکەوتنخواز، راگەیاندنی نەتەوەو نیشتیمانپەروەرو دیموکراتخواز دبێ بێ ترس و بیم، بە راشکاوانەو هەستکردن بە بەرپرسی، کاریگەرو هەمیشە کاریگەرتربن، بەرەو هێنانەدیی ئامانجەکانی خەباتی رزگاریخوازی و بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان.


راستە لەناو رێزەکانی گەلدا ناکۆکی و کێشەهەن، بەڵام دەشێ بە ئاشتی چارەسەر بکرێن، دەشێ جیاوازی و ناتەباییمان هەبێ، بەڵام ئەو خاڵ و ئامانجانەی ناوکۆیی و هاوخەبات و هاورێبازن، لەوانە زۆرترن کە جیاوازن و لەسەریان سازنین، بۆیە لەسەر رێگەی راستین کە چاوەڕوان بکەین راگەیاندنەکانمان باشترین رۆڵ لەخەبات و هێنانەدیی ئامانجەکانی گەلەکەماندا ببینن. لەسەرو هەموویانەوە بڕیاردانی مافی چارەنووس و یەکگرتنەوەی خاکی پارچەکراوی کوردستان.
 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک