١٦\٦\٢٠١٧
راگەیاندنێک لە
دەستەی ئامادەکاری بزووتنەوەی دژی هەژاریی.
ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بە قۆناغێکی ئاڵۆزو دژواردا تێدەپەڕن. قەیرانێکی
هەمەلایەنەی ئابوری و سیاسی و ئیداری و حکومەتی، کوردستانی داگرتوە.
حیزبه دەسەڵاتدارەکان بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەن باری قەیرانەکان
بەسەر شانی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی کوردستاندا بشکێننەوە. بە ناوی
پاشەکەوتی موچەوە، گیرفانی سەدان هەزار کرێکارو کارمەند و مووچەخۆری
حکومەتیان داتەکاندوە. باج و رسوماتی زۆریان لەسەر هاوڵاتیان داناوە.
نرخی خزمەتگوزاریە پزیشکی و تەندروستیەکانیان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر
گران کردوە. خوێندنی خۆڕایی و حکومی خەریکە بەرەو نەمان دەچێت. دەیان
هەزار کەس، بەتایبەتی توێژی لاوان، روبەرووی بێکاری کراونەتەوە و هیچ
سەرچاوەیەکی داهات شک نابەن! لەولاشەوە، لەرێگای دەست گرتن بەسەر پارەی
نەوت و داهاتی کوردستان و قۆرخکردنی بازاڕەوە، سەرمایەی خەیاڵی بۆخۆیان
و کۆمپانیاکانی نزیك لە خۆیان کەڵەکە دەکەن. بانکە جیهانیەکانیان لە
داهاتی تاڵانکراوی خەڵك پڕکردوە. ئەم بارودۆخە ئابوری و سیاسیە سەختە،
توێژە کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگای بەرەو هەژارییەکی کەمەرشکێن پاڵ
پێوەناوە.
بۆ رزگاربوون لەم بارودۆخە نالەبارەی ژیان، خەبات و بەرەنگاربونەوە،
وەك کاردانهوەیەکی بهردەوام و بە هەموو شێوازەکانیەوە لهلایهن خهڵکی
ههژار و بهشمهینهتی کوردستانهوە دەستی بۆ براوە. هاتنهمهیدانه
جەماوەریهکانی ئهم دواییانهی شارەکانی کوردستان، بە دەربڕینی
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆت، نمونه بهرجهستە و
ئامرازەکانی ئهم خهبات و تێکۆشانەن دژی گەندەڵی و ناعەدالەتیی
دەسەڵاتدارانی هەرێم. هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم خەباتە ئەوەی پێویست
کردوە کە بزووتنەوەیەکی جەماوەری گشتی و هەمەلایەن لە دژی هەژاریی و
نهداری و دەرباز بوون لەم ژیانە کولەمەرگیە بەرێ بکەوێ.
وەستانەوە بەرووی هەژارییدا لە هەلومەرجی ئێستادا پێویستی بە هەنگاوی
گونجاوی عەمەلی و رێکخراوەیی هەیە و ئاراستە سەرەکیەکانی ئەم خەباتەش
دەکرێ لەم سێ خاڵەی خوارەوەدا دیاری بکرێ:
یهکهم: وەستانهوە دژی هەر نەخشە و پلان و پرۆژەیەک کە دەسەڵات بە
ناوی چاکسازیەوە، بیەوێ هەژاریی و بێکاری و برسێتی بەسەر جەماوەری
کرێکار و زەحمەتکێش و نەداردا بسەپێنێ.
دووەم: خهبات لەپێناو سهپاندنی ئهو خواسته ئابوری و سیاسی و کۆمهڵایهتیە
دەستبەجێیانەی که دەبێتە مەرجی فەراهەم کردنی ژیانێکی شایستەو گونجاو
بۆ هاوڵاتیانی کوردستان.
سێیەم: هەوڵدان لە پێناو گەڕاندنەوەی پارە و سامانی بەتاڵانبراوی خەڵك
لەلایەن دەسەڵاتداران و لێپرسراوانی حیزبە فەرمانڕەواکان و تەرخانکردنی
بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان.
بانگەوازی هەموو حیزب و لایەن و گرووپ و رێکخراوێکی سیاسی و جەماوەری و
مرۆڤدۆست دەکەین کە وەستانەوە بە دژی هەژاریی و برسیکردنی خەڵک بە
ئەرکی سەرشانی خۆیان بزانن و دەوری چالاکیان هەبێت لە بەرێخستنی
بزووتنەوەیەکی بەهێز لەدژی هەژاریی و پێشگرتن لە رودانی برسێتی و
کارەسات لە هەرێمی کوردستان.
دەستەی ئامادەکاری ''بزووتنەوەی دژی هەژاریی''
|