١\١٢\٢٠١١
راگەیاندنێک
لە فیدراسیۆنی
رێکخراوەکانى کۆمەڵگای مەدەنی شاری رانیەوە.
شاری رانیە جگە لەوەی خاوەن شکۆمەندی و مێژوویەکی پرسەروەرییە لەخەباتى
رزگارى و نیشتیمانیدا، بەهۆى هەڵکەوتەى جوگرافى و سروشتە لە بارەکەیەوە
یەکێکە لەو دەڤەرانەى کەلە ئاستی کوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی
بەتایبەتی فراوانییەکی گەورەی بەخۆوە دیوە، بەرەوامیش لەگەشەکردن و
فروانبووندایە و لە ئێستاشدا رێژەی دانیشتوان لەریزبەندی پێشەوەی
قەزاکانی سلێمانی دایە، بەڵام مەخابن دوای چەندین ساڵ لەگفت و بەڵێنی
هەمەجۆر هێشتا خەڵکی ئەم شارە هەست بەمەغدوریەت و ماف خوراوی دەکەن،
ئەوەش بەپێیی ئەوداتاو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان لەبواری بودجەو
پرۆژەی تەرخانکراو کە ناگونجێت لەگەڵ ئاستی گەشەو ڕێژەی دانیشتوانەکەی،
ئەوەسەرەڕای بوونی چەندین کێشەی ئیداری و
پرۆژەى ناتەواوو کە بەبێ لێپرسینەوەو چاودێرى بەهەڵواسراوی ماوەتەوە،
بارودۆخی شارەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە جەماوەر متمانەى بەو بەڵێنانەى
حکومەت نەماوە کە لەسەر چارەسەرى کێشەکان پێیدراوە. هەروەها ئەو گروپ و
دەستانەش کە بێ گەرانەوە بۆ رای هاوڵاتیان بەشێوازی جیاجیا داخوازی و
داواکاریەکانی خەڵکیان بەحکومەت راگەیاندووە و خۆیان بەقسەکەرو نوێنەری
شارنیشانداوە، نەیانتوانیوە لە ئاستى وەڵام دانەوەى کێشەکان دابن.
بۆیە بۆ تێ پەراندنی ئەوبارودۆخەی کەرێگرە لە پێشکەوتن و گەشەکردنی
شارەکەمان، ئێمە وەک فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەپێویستی
دەزانین هەڵوەستیەک لەسەر ئەو بارودۆخە بکەین، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە
بە شێوەیەکى زانستى و بە پشت بەستن بە کۆمەلێک بەڵگەو داتا و
زانیارییەوە، کار لەسەر کەموکورى و دیاریکردنى کێشەکان و شێوازى
گەیاندنى داواکارییەکان بکرێت، کە پێویستە خەڵکى شارەکە و رێکخراوە
مەدەنیەکان رۆڵێکى کاراى تێدا بگێرن. بۆیە فدراسیۆن لە دواى راگەیاندنى
خۆی لە هەوڵى گەڵاڵەکردنى یەکەمین راپۆتى خۆیدایە، کە پشت بە راپرسیەکى
جەماوەرى دەبەستێ و لە ئایندەى نزیکدا ئەنجامەکانى کۆدەکرێتەوە،
لەگەڵ کۆکردنەوەى بەڵگەو داتاکان. بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى زانستى
داواکارییەکان گەڵاڵە بکردرێت و کەموکوڕییەکان دەست نیشان بکرێن.
خواستى سەرەکیشمان ئەوە دەبێت کەشارەکەمان نەکرێتە قوربانى ململانێکان
و بە شێوەیەکى مەدەنى بازنەی قسەکردن لەسەر مافەکانی هاوڵاتیان و
داخوازی و پرۆژەکانی شاری رانیە فراوان بکرێت و سود لە تواناى هاوبەشى
رێکخراوە مەدەنییەکانى و گروپە چالاک وکەسە دڵسۆزەکانى ناوچەکە بگیرێت
، چونکە بەرژەوەندییەکانی شارەکە پەیوەندی بەسەرجەم چین و توێژەکانەوە
هەیە و زۆر گەورەترە لەوەى گروپێک یادەستەو کەسانێک نوێنەرایەتى بکەن.
لیرەوە داوا دەکەین حکومەت و لایەنە پەیوەندارەکان رێز لە تواناى
هاوبەشى رێکخراوە مەدەنیەکان، لە چوارچێوەى فدراسیۆندا بگرن و کۆى
داخوازییەکانیش لە کۆمەڵە خەڵکێکى دیاریکراودا بچوک نەکرێتەوە، پێویستە
سنورێک بۆ حاڵەتە دابنێن کە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە، بە
پێچەوانەوە ناچارین فشارى مەدەنى بگرینە بەرو راى گشتى لێ ئاگادار
بکەینەوە.
فیدراسیۆنی کۆمەڵی مەدەنی شاری رانیە
٣٠\١١\٢٠١١
|