١٦\١٠\٢٠١٤
راگەیاندنێک
سەبارت بە
کۆمسیۆنی باڵای
سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان.
بەڕێزان:
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
رای گشتی.
دەزگا راگەیاندنەکان.
یاسای
ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٤ی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی
ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، لە چوارچێوەی بەرەو
جێبەجێکردنی یاساکەش لیژنەیەکی پەرلەمانی داندرا، بەڵام لیژنەیەکی یەک
لایەنەی پێکھاتوو لە نێوان پێنج حزبی حوکمڕان و بەبێ بەشداری
رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و، رەچاونەکردنی بەشێکی گەورەی
داواکارییەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کە پێشتر پێشکەش بە
پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو، ئێستاش زیاتر لە مانگێک لە وادەی دیاری
کراو تێپەڕیوە کە پێویستە بە پێی ماددەی ١٩ی یاساکە "لە ماوەیەک کە
زیاتر نەبێت لە ٩٠ رۆژ لە دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە پێکبھێندرێت".
ئەوەی مایەی نیگەرانی و مەترسییە سەبارەت بە بابەتێکی گرنگ و ھەستیاری
وەک کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان،
دووبارەکردنەوەی ھەمان مۆدیلی رابردووە لە کارکردن لە نێو ژوورە
تاریکەکاندا، لە تەوافقی پێشینەی حزبی و دوور لە رەچاوکردنی بنەماکانی
پسپۆڕی و توانا و شارەزایی، بەڵکو حزبی بوون بۆتەوە پێوەر کە ئەمەش
گرفتێکی گەورەی بەردەم دیموکراسیەت و بەدامەزراوەیی بوونە لە ھەرێمی
کوردستان و حوکمڕانی ٢٣ ساڵی ھەرێمی لەکەدار کردووە لەئاستی ناوخۆ و
جیھاندا.
بۆیە جارێکی تر ئێمە داواکارییەکان دەخەینەوە روو، کە بریتین لە:
١- لە لیژنەکەی پەرلەماندا بەشداری بە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
بکرێت بە مەبەستی شفافیەت، بەمەش برگەیەکی بڕیاری ژمارە (٥)ی ساڵی
٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان و پەیمانی ھاوبەشی و گەشەپێدان لەنێوان
دەسەڵاتە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومیەکان لە ھەرێمی کوردستان
جێبەجێدەکەن.
٢- دەرگای خۆ پاڵاوتن بە یەکسانی لە بەردەم ھەمووان کراوە بێت و،
بنەمای توانا و بەھرەی ئەکادیمی و زانستی و ئەزموون تەنھا پێوەری
بنەڕەتیبن بۆ وەرگرتنی کۆمسیاران و پلە باڵاکان.
٣- بۆ زەمانەتی سەربەخۆیی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی دەبێت بە
تەواوی لە دەست تێوەردانی حزبی بپارێزرێن و یاساکەشی وەکو خۆی جێبەجێ
بکرێت.
٤- توانای ئەنجومەنی کۆمسیاران و پلە باڵاکان و پیشەگەرییان چارەسەری
کۆمەڵێک گرفت دەکات، کە لە ئەزمونەکانی رابردوو گرفتی گەورەبوون،
لەوانە: دواکەوتنی راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، بەحزبیکردنی
کارمەندان، پشتبەستن بە تۆمارێکی پڕ لە کەموکوڕی کە جێگای متمانە نییە.
لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیارێتی
لەئەستۆدایە و پێویستە ئەم پرۆسەیە بەدوور بگرێت لە بەرژەوەندی تەسکی
حزبایەتی، چونکە دەستەیەک لەسەر بنەمای حزبایەتی و قۆرخکاری دابمەزرێت،
ھەرزوو دەکەوێتە بەر رەخنەی لایەنە جیاوازەکان و متمانەی خەڵک
لەدەستدەدات.
داواکاران لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی:
١- رەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، کە لە ١٥٠ رێکخرا و کەسایەتی
پێکھاتووە
٢- تۆڕی ھاوپەیمانییەتی، کە لە ٨ رێکخراو پێکدێت
٣- عەلی کەریم - ئەنستیوتی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ
٤- ئەحمەد عەبدولڕحمان - رێکخراوی ئابووریناسان
٥- چالاک عومەر - چالاکوانی مەدەنی
٦- زەردەشت مەلا حەسەن - چلاکوانی مەدەنی
٧- رەھبەر مەسعود - رێکخراوی دڵسۆزی
٨- حەسەن مینەنەبی - رێکخراوی لێزان
٩- ئیدریس کەریم - رێکخراوی چاودێر
١٠- مەسعود عەبدولخالق - چالاکوانی مەدەنی
١١- ئیسماعیل تەھا - سەنتەری ئایندە
١٢- خۆشەوی محەمەد مەحمود - دەزگای بەیان
١٣- سەروین خەلیل - رێکخراوی ھەژین
١٤- نەریمان خالد - ریکخراوی حوکمڕانی باش
١٥- د. رەعد رفعەت - تۆڕی ھاوپەیمانییەتی
١٦- فەرمان رەشاد - رێکخراوی ستاندار
١٧- یاسا ئیبراھیم شێخە - رێکخراوی چاوی زانکۆ
تشرینی یەکەمی ٢٠١٤
ھەولێر
|