په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١١\٢٠١٣

راگەیاندنی پشتیوانی ١٢ حیزب و رێکخراوی کوردستانیی
لە بانگەوازی شەش رێکخراوەکەی مافی مرۆڤ.

رۆڵەکانی نەتەوەی کورد!
کوردستانییانی وڵاتپارێز!

بۆ دەنگهەڵبڕین دژ بە ئێعدامی رۆڵەکانی نەتەوەکەمان، ٦ رێکخراوی کوردستانیی مافی مرۆڤ، لە بانگەوازێکی هاوبەشدا پێشنیاریان کردووە کە: "رۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر ببێتە رۆژی ماتەمینی گشتی و خەڵکی کوردستان وێڕای چوونەسەر مەزاری شەهیدان، سەردانی بنەماڵەکانیان بکەن و هاوخەمییان لەگەڵ دەرببڕن."

چاوەڕوانی هاوبەشی ئەو ٦ رێکخراوە لە خەڵکی وڵاتەکەمان ئەوەیە کە: "بەپشتگیریکردنی زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی دیکەی مەحکوم بە ئێعدام، لەدژی سزای ئێعدام وەک تاوانێکی دژی مرۆڤی، هاودەنگیی بکەن و ناڕەزایەتی خۆیان بە شێوازی مەدەنیانە لە پێشێلکردنی زەقی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی (بندەستی) ئێران، بە گوێی دنیا بگەیەنن.".

ئەو شەش رێکخراوە هاوکات داوایان لە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان و میدیاکان کردووە کە لەگەڵیاندا هاودەنگ بن، پشتیوانیی لەو هەنگاوە بکەن و خەڵک و لایەنگرانیان بۆ بەشدارییکردن، هان بدەن.

ئێمە ئەو حیزب و رێکخراوانەی کە ئەم راگەیەندراوە هاوبەشەمان واژۆ کردووە، لەسەر ئەو باوەڕە بووین کە دەبوو دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لەبەرانبەر ئێعدامی ئەو 3 رۆڵە زیندانییەی نەتەوەکەماندا، لەگەڵ هەڵوێست و هەنگاوی هاوبەش و بەرینی سەرجەم حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان، رووبەڕوو ببایەوە و وەڵامی ئەو زنجیرە تاوانەی بە پێشاندانی یەکگرتوویی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان، وەرگرتبایەتەوە.

بەڵام ئێستا کە ئەو کۆدەنگییە هەمووانییە نەخەمڵیوە، بە ئەرکی ئینسانی، ئەخلاقی، نەتەوەیی، دینی و سیاسیی خۆمان دەزانین کە بە پشتیوانیی کردنی هاوبەشمان لە بانگەوازی رێکخراوە مەدەنییەکان، گیانی بەرەنگاریی گشتی و یەکێتی و یەکڕیزیی لەبەرانبەر دەسدرێژییەکانی تاران بە دژی نەتەوەکەمان و کوشتار و ئێعدامی رۆڵەکانی، بەهێز بکەین. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە پشتیوانیی لێبڕاوی خۆمان لە بانگەوازی ئەو ٦ رێکخراوە دەردەبڕین کە رۆژی ٢٣ی خەزەڵوەر ماتەمینی گشتیی بێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ تا بەمجۆرە خەڵکی کوردستان دەنگی یەکگرتووی خۆیان دژ بە ئێعدامی رۆڵەکانیان و بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی پۆلێکی دیکە لە زیندانیی سیاسی و مەدەنیی کورد دەرببڕن.

رۆڵەکانی نەتەوەی کورد!

با رۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، وێڕای بەرپەرچدانەوەی تاران لە گرتن و ئەشکەنجەدان و سەپاندن و جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام بەسەر چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی کورد، ناڕەزایەتیی خۆمان لە دژی سیاسەتی سەرکوت و کوشتاری سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی نەتەوەکەمان دەرببڕین و پشتگیری و هاوخەمیی هاوبەشمان بۆ زیندانیانی سیاسیی و بنەماڵەکانیان بە گەلانی جیهان نیشان بدەین.


رێکخراوی یاریکورد (یارسان)
رێکخراوی خەڵکیی کورمانجی خۆراسان
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان - نینا
رێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
یەکێتی نەتەوەیی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان (پێکهاتوو لە ٣ رێکخراوی لاوان)
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پارتی ئازادی کوردستان


٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٣ی کوردی
١٢ی نۆڤامبری ٢٠١٣ زایینی


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک