٢٥\١٠\٢٠١١
راگهیاندنی
دامەزراندنی
فدراسیۆنی
رێکخراوەکانی دژە جینۆساید لە کوردستان.
رزگارنەبوونی تاوانباران لە سزا و زامنکردنی دووبارەنەبوونەوەی تاوانی
جینۆساید لە کوردستان.
بە ئامانجی کۆکردنەوەی تواناکان لە پێناو سزادانی تاوانکاران و بە
دادگایی گەیاندنی تۆمەتباران و قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیان و
کەسواریان و بە جیھان ناساندنی تاوانەکانی جینۆسایدو کۆمەڵ کوژی
گەلەکەمان و لە ژێر رۆشنایی ھەرسێ کۆبونەوەی شاری ئامەد لە بەرواری
٢٣/٩/٢٠١١ لە نێوان ھەرسێ رێکخراوی (چاودێری کوردۆ ساید -چاک- ،
رێکخراوی ڤەژین ورێکخراوی داکۆکی لە کەس وکاری قوربانیانی کیمیابارانی
ھەڵەبجە) بەسترا ، وە کۆبونەوەی شاری ھەولێر لە بەرواری ٩/١٠/٢٠١١
ئەنجامدرا ، لە سەر پێشنیاری ئەوان دەستەیەکی ئامادەکار دیاری کرا بۆ
پێک ھێنانی فیدراسیۆن لە بەشێک لە رێکخراوەکانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە
بریتی بوون لە رێکخراوەکانی ( چاودێری کوردۆساید-چاک،رێکخراوی
ئەنفالەکانی کوردستان،رێکخراوی فەژین بۆ قوربانیانی جینۆسایدی
بارزانیان،سەنتەری ئەنفال-دھۆک،کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی
ھەڵەبجە،کۆمەڵەی داکۆکی لە قوربانیان و کەسوکاری ئەنفاالکراوانی
گەرمیان،ناوەندی رێگا بۆ پرسی ئەنفال- دوکان،کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی
ئەنفال،رێکخراوی ھەڵوێست بۆ داکۆکی لە قوربانیانی ئەنفال،رێکخراوی
شەھید ئارام،رێکخراوی ژیانی نوێ بۆ ژنانی ئەنفال،کەمپینی رادەستکردنی
تاوانبارانی ئەنفال بۆ بەردەم یاسا،دەستەی داکۆکی لە مافی زیندانیانی
سیاسی کوردستان) ، ئەم رێکخراوانە پێشنیاری ئامادەکاری کۆنفرانسی
دامەزراندنی (فدراسیۆنی رێکخراوەکانی دژە جینوساید لە کوردستان) یان
کرد ، کۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەری فیدراسیۆن کە لە شاری کەرکووک لە
بەرواری ٢١-١٠-٢٠٠١ ئەنجامدرا ، لە کۆبوونەوەکە نوێنەری ئەم رێکخراوانە
بەشدارییان کرد (چاودێری کوردۆساید-چاک،رێکخراوی ئەنفالەکانی
کوردستان،رێکخراوی فەژین بۆ قوربانیانی جینۆسایدی بارزانیان،سەنتەری
ئەنفال-دھۆک،کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە،کۆمەڵەی داکۆکی لە
قوربانیان و کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان،ناوەندی رێگا بۆ پرسی
ئەنفال و کیمیاباران - دوکان،کۆمەڵەی زیندانیانی ئەنفالکراوانی
کوردستان،رێکخراوی ھەڵوێست بۆ داکۆکی لە قوربانیانی ئەنفال،رێکخراوی
شەھید ئارام،رێکخراوی ژیانی نوێ بۆ ژنانی ئەنفال،سەنتەری ئەنفال یا
بارزانیان، رێکخراوی کیمیاباران و ئەنفالکراوانی بالیسان و دەوروبەری ،رێکخراوی
کار بۆ ئەنفال ، سەنتەری ئەنفال، ناوەندی داکۆکیکردن لە زیان لێکەوتوان
و ئاوەدانی پشدەر ، مۆنمێنتی ھەڵەبجە لە ھۆڵەندە، رێکخراوی کارا بۆ
داکۆکیکردن لە کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال ) ، پاش گفتوگۆ کردنی چڕ
فدراسیۆن دامەزراو بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆی پەسەند کراو دەستەیەکی ٩
کەسی بۆ سەرکردایەتیکردنی تا ٦ مانگی داھاتوو بە ناوی دەستەی کاڕگێڕ
دیاریکرا کە لە رێکخەر و سکرتێر و بەرپرسی بەشەکان پێک دێن ، ئەو
دەستەیە لە نێوان خۆیان کارەکانیان بەم شێوەیە دابەش کرد :
نەجمەدین حەمە سەعید رێکخەر ، ھوشیار عوسمان سکرتێر ، لوقمان
عەبدالقادر راگەیاندن و وتەبێژ ، ھاوری پێشڕەو بەرپرسی بەشی رێکخستن ،
حازم بلەیی بەرپرسی بەشی دارایی ،شێخ سدیق بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان
، ھاوکار عەلی نادر بەرپرسی بەشی بەدواداچوون ، محەمەد زرنگ بەرپرسی
بەشی چالاکییەکان ، حوسێن گەرمیانی بەرپرسی بەشی ئەرشیف .
فیدراسیۆن پێکھاتەی سەربەخۆ و یەکێتیەکی ئارەزوومەندانەی ئەو رێکخراوو
چالاکڤانانەیە دژ بە تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی لە کوردستان کار
دەکەن، تێدەکۆشێت لە پێناو دەستە بەرکردنی مافە یاسایی و مەدەنیەکانی
قوربانیانی ئەو تاوانانە لە چوارچێوەی یاسادا ، لە ئێستادا لە ١٨
رێکخراو پێک دێت ، لە داھاتووشدا دەرگای بۆ سەرجەم رێکخراوەکانی ئەم
بوارەو چالاکڤانانی پرسی دژ بە جینۆساید ئاواڵایە .
ئەو ئامانجانەی فیدراسیۆن لە پێناویدا کار دەکات بریتین لە :
١- دەستەبەرکردنی گوتاری ھاوبەش بۆ رێکخراوەکانی دژە جینۆساید لە
کوردستان .
٢- گەڵاڵەکردنی پەیامی قوربانیان وکەس وکارەکانیان بە لایەنەکان
وداکۆکی کردنی بەردەوام و بە بێ جیاوازی لە بەرژەوەندییە
ھەمەلایەنەکانیان.
٣- ھەڵوێست وەرگرتن وسازش نەکردن لەسەر پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان
لە کوردستان.
٤- دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراو ودەزگا پەیوەندیدارەکان بە
جینۆساید لە ئاستی کوردستان و عێراق و جیھان.
٥- رێکخستن وھاوکاری وبەشداری کردنی کۆنفرانس وکۆنگرە تایبەت و
پەیوەندیدارەکانی بواری جینۆساید لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. گرنگیدان
بە تەواوی یاداوەرییەکانی پرسی جینۆساید لە سەر ئاستی ھەموو پارچەکانی
کوردستان .
٦- بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان و پشتیوانی کردن
لە بەردەوام بوونی دادگا و کارکردنی بەردەوام بۆ رادەست کردنی گشت
تۆمەتبار کراوانی جینۆساید بەدادگای ناوبراو بێ رەچاوکردنی جیاوازی
رەگەزو ئاین.
٧- کارکردن بۆ بنەبڕکردن وڕاگرتنی ھەر دیاردە و بڕیارێک کە ھۆکار یان
ئاماژە دەبێت بۆ دووبارە بونەوەی تاوانی جینۆساید بەرامبەر بە
گەلەکەمان .
٨- ئامادە کردن و پێشکەش کردنی پرۆژە یاسا.
٩- ھاوکاری کردنی دەزگاکانی تایبەتمەندی سەر بە حکومەتی ھەرێم بۆ بە
ئەرشیف کردنی لایەنەکانی یاسایی و ھونەری و مێژوویی وکۆمەڵایەتی و
ئابووری تاوانەکانی جینۆساید و شوێنەوارە ھەمە لایەنەکانی ، بەمەبەستی
بەزیندویی ھێشتنەوەیان و بەسەرچاوە کردنیان بۆ ھەمووان لە ناوەوە و
دەرەوەی وڵات.
١٠- جەخت کردنەوەی بەردەوام بۆ دیاری کردن و ھەڵگرتنەوەی یاساییانەی
گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دروست کردنی مۆنۆمێنتی شیاو بۆیان لە سنوری جوگرافی
تاوانەکانی جینۆساید.
١١- کارکردن لە پێناو زامنکردنی قەرەبوی شیاو و ھەرچی زووتر بۆ
زیانلێکەوتوانی زنجیرە تاوانەکانی جینۆساید لە کوردستان.
١٢- کارکردن لەرێی کۆڕ وکۆبوونەوە وکەناڵەکانی راگەیاندن و
رۆژنامەگەرییەوە بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ناوەرۆکی ئامانجەکانی
فیدراسیۆن بە ڕای گشتی لە کوردستان وعێراق و جیھان.
١٣- دیاریکردنی رۆژی ٢١-٨ کە رۆژی دەستپێکی دادگایی ئەنفالە بە رۆژی
دادپەروەری لە کوردستان.
١٤- فیدراسۆن ھەوڵەکانی چڕدەکاتە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی عێراقی
فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە داڵدەدەرەکانی تاوانباران
و تۆمەتباران بۆجێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان .
١٥- پێویستە عێراق لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی کورد
ئەنجامی دراوە داوای ێبوردن لە گەلی کورد بکات.
١٦- چاودێری کردنی کاروباری حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی کاروباری شەھیدان
وئەنفالکراوەکان لەو کار و خزمە تانەی پێشکەش بەخاوەند قوربانیەکانی
دەکات.
١٧- فیدراسۆن خاوەنداریەتی ھەر کێشەیەک دەکات کە روبەڕووی خاوەند
قوربانیەکان دەبێتەوە لە ھەرشوێنێک.
١٨- کارکردن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبوان و بێسەروشوێنکراوانی
تاوانی جینۆساید لە کوردستان.
١٩- ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی و ئەشکەنجە
دراوان و ھەموو ئەو نەخۆشیانەی شوێنەواری تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژین
لە کوردستان .
٢٠- یەکخستنی موچەی شەھیدان و قوربانیانی جینۆسایدو بریندارانی
تاوانەکانی جینۆساید، لە ئاست موچە باڵاکان دادپەروەرانە بێت و بتوانێت
ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ کەسوکاریان دابین بکات .
٢١- پشتیوانی لە داخواز و داواکاری گەلە جینۆسایدکراوەکان دەکات لە
ئاستی ھەرێمی و جیھانی .
٢٢- فیدراسیۆن پشتیوانی لە ھەموو ئەو پەیمانامە جیھانیانە دەکات لە
خزمەت بنەبڕکردنی جینۆسایدو کۆمەڵکوژین و لەم پێناوەدا فیدراسیۆن داوا
و پشتیوانی دەکات لە:
- دادگای تاوانی نێونەتەوەیی ناسراو بە ICC.
- پشتیوانیکردن لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی ناسراو بە
OPCW.
- پشتیوانیکردن لە کار و ھەوڵ و کۆششی رێکخراوە جیھانیەکانی مافی مرۆڤ.
- پشتیوانیکردن لە ھەموو ھەوڵێک بۆ سەپاندنی ئاشتی و بنەبڕکردنی جەنگ و
قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی و ھێشویی و قەدەغەکردنی مین لە ئاستی جیھانی...
ھتد.
- پشتیوانیکردن لە کارو خەباتی رێکخراوەکانی ژینگە پارێزی.
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی دژە جینۆساید لە کوردستان
٢٣\١٠\٢٠١١
ھەولێر - کوردستان
|