٨\٨\٢٠١٤
راگەیاندنی (ژووری
ھاوکاری مرۆیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی).
بۆ
بەرێزان:
فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان
وەزارەتی پێشمەرگە
وەزارەتی ناوخۆی
پارت و لایەنە سیاسییەکان (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان، یەپەگە)
رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی
سەرجەم کەناڵە راگەیاندنەکان
رای گشتی
بەرێزان ئەو دوخەی کە ھەرێمی کوردستان ئێستا پیایدا گوزەر دەکات
ھەستیار و نەخوازراوە بۆ ھەموو نیشتیمان پەروەرێک و تێکڕای ئەزموونی
ھەرێمی کوردستان و ھاوڵاتیانی، بۆیە بەرپرسیارێتی فرە لایەنەی تێکڕای
لایەنەکانە لە حکومەتی ھەرێم و ھێز و پارتە سیاسییەکان، ھەروەھا تێکڕای
دەزگا راگەیاندنە کوردییەکان، کە بەدەر لە جیاوازی ئایدۆلۆژی و حزبی
ئاینی بڕواننە ئەم دۆخە.
بەداخەوە لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی فشارێکی زۆر لەسەر ھەرێمی کوردستان
ھەیە، بەڵام لایەنەکان ئاڵاونەتە وەرگێڕانی بەرژەوەندی تاک لایەنەیان و
دروستکردنی رای گشتی بۆ ئەو بەرژەوەندیانەیان لەرێگای ھێزەکانی
پێشمەرگەو میدیاوە.
ئێمە دەمانەوێت بڵێین: ھەر دۆڕان و سەرکەوتنێک لە ھەر ئاست و ناوەندێک
گوزارشتە لە دۆڕان و سەرکەوتنی قەوارەی سیاسی و ئەزموونی حکومەتی
ھەرێمی کوردستان، نەک دۆڕان و سەرکەوتنی لایەنێکی دیاریکراو.
بۆیە داوا دەکەین لایەنەکان، بەزوورترین کات رەچاوی ئەم خاڵانەی
خوارەوە بکەن و پابەندبن پێوەی، چونکە ئەزموونی کوردستان بەرگەی ھەڵەی
زیاتر ناگرێت:
١- دەست بەرداربوون و دوورکەوتنەوە لە ھەر ململانێیەکی حزبی لەبەرەکانی
شەڕ لەگەڵ داعش و لەنێو میدیاکاندا، ھەروەھا رەچاوکردنی بەرژەوەندی
نیشتیمانی و داکۆکیکردن لە خەڵک و خاکی ھەرێمی کوردستان بەر لە ھەموو
شتێک.
٢-دەزگا راگەیاندنەکان دەستبەرداری ئەو جۆرە ھەواڵ و زانیارییانەبن کە
دەچنە خانەی پڕوپاگەندەکردن بۆ ھێزێکی نامرۆڤ دۆستانەی وەک گرووپی
چەکدارەکانی داعش، ھەروەھا پابەندبوون بەو بنەمایانەی کە ھانی
ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی نێوان ئاینەکان و نەتەوەکان و خەڵک لە ھەرێمی
کوردستان دەدات، لەگەڵ ئەوەش دوورکەوتنە لەو روانگە بەرژەوەندییە زاڵەی
کە دەستی گرتووە بەسەر پەیامی میدیا حزبیەکاندا. بۆیە پێویستە کەناڵە
راگەیاندنە کوردییەکان لەسەر ئاستەکانی بینراو و وێب سایتەکان و
ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان دوور بکەونەوە لەبڵاوکردنەوەی ئەوگرتە
ڤیدیۆیانەی کە چالاکی گرووپە توندڕەوەکان بڵاو دەکەنەوە.
٣- داواکارین لە ھاوڵاتیان و ھاونیشیمانیانی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان
بەتێکڕای ئاین و نەتەوە جیاوازەکان خۆیان بەدووربگرن لە ھەر ھاندانێک
بۆ قوڵکردنەوەی جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی، و دروستکردنی نا ئارامی
لەنێوان کۆمەڵگادا.
٤- داوا لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی
دەکەین دەستی ھاوکاری کۆمەکی مرۆیی بۆ ئاوارە نیشتەجێکانی ھەرێمی
کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە درێژ بکەن.
ژووری ھاوکاری مرۆیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ئەمڕۆ رێککەوتی ٧
ئاب لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی چالاکوانانی
بواری مافەکانی مرۆڤ رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان خۆی راگەیاند، بە
ئامانجی پاڵپشتی کۆمەکی مرۆیی بۆ ئەو بارودوخە نەخوازراوەی کە ھەرێمی
کوردستانی گرتۆتەوە.
ئەم ژوورە لە چەند بەشێک پێکدێت، بەم شێوەیەی خوارەوە:
بەشی میدیا و IT.
بەشی خۆبەخشی و کۆمەک.
بەشی پەیویەندییەکان.
سەرجەم ئەم بەشانە بە ئامانجی خزمەتکردنی مرۆیی و ھاوکاریکردنی خەڵکی
ھەرێمی کوردستان و ئاوارە ھاتووەکان و پتەوکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی کار
دەکات . ھەر خۆبەخش و رێکخراوێک ئارەزووی ھاتنە نێو ئەم ژووری ھەیە،
دەتوانێت پەیوەندی بکات بە:
niyazabdulla@yahoo.com
hemanfarid@gmail.com
ھەولێر
٧\٨\٢٠١٤
|