٢٦\١٠\٢٠١٣
راگەیاندنی
کەمپینی چاو ھەر چاوە
سەبارەت بە
تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر وەزارەتی تەندروستی.
وەزارەتی تەندروستی راستگۆ نییە.
وەک
لەپێش جەژن بلاومانکردەوە کە ئەگەر وەزارەتی تەندروستی ئامادە نەبن
زانیاری پێویستمان بدەنێ لەسەر پرسی دەرمان و کۆنترۆڵی جۆریی سەر
دەرمان و مەسەلەی قەرەبووی قوربانیانی ئەڤاستین، ئەوا داوای یاساییان
لەسەر تۆمار دەکەین، لەبەرواری ٢٠\١٠\٢٠١٣
نوێنەری کەمپینەکەمان لەکوردستان (رەنجدەر گراوی) ئەم داوایەی کەمپین و
وێنەیەک لە یاسای بەدەستھێنانی زانیاری پێشکەش بە وەزیری تەندروستی و
لیژنەی یاسایی وەزارەت کرد، لەئەنجامی وتووێژیان بەپێی بەلێنی وەزیری
تەندروستی لەماوەی ١٠ رۆژ بۆ دوو ھەفتە وەڵامی داواکاریەکەمان
دەدەنەوە، ئێمەش وەک بەرپرسیارێتی خۆمان بەپێویستمان زانی رای گشتی
خەڵکی کوردستان لەم پەیوەندیەمان بە وەزارەتەوە ئاگادار بکەینەوە،
لەئەگەری پێنەدانی ئەو زانیاریانە بە کەمپینەکەمان بەپێی یاسای
ناوبراو، داوای یاسایی لەسەر وەزارەت تۆمار دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەش
ئامادەکارییمان کردووە.
ئەوەی بەلای ئێمەوە سەیرە ئەوەیە کە وەزارەتی تەندروستی بە دانپێدانانی
خۆیان ئاگایان لەیاسای بەدەستھێنانی زانیاری نەبوو، بەوەی کە بە
نوێنەری کەمپینەکەی ئێمەیان وتبوو، با سەیری یاساکە بکەن ئینجا
وەڵاممان ئەدەنەوەو ئەوەشیان وتبوو کە ئەوان نەیانزانیوە یاسایەکی لەو
جۆرە دەرچووە لەپەرلەمان، کەچی لەئێستاداو ئەمرۆ ٢٣\١٠\٢٠١٣
راگەیاندنێکیان بڵاوکردۆتەوە بەوەی کە گوایە ئەوان لەسەر یاسای
بەدەستھێنانی زانیاری وەک یەکەم وەزارەتی تەندروستی زانیاری لەسەر
گرێبەستەکانیان و چالاکی و بریارەکانیان لەماڵپەری خۆیاندا
بڵاودەکەنەوە، ئێمە بەوەزارەت و رای گشتی رادەگەیەنین کە وەزارەتی
تەندروستی تەنھا بۆئەوەی ناوی کەمپینەکەی ئێمە نەھێنن، ئەم راگەیاندنەی
ئەمرۆیان بڵاوکردۆتەوەو باس لەوە دەکەن کە گوایە ئەوان وەک یەکەم
وەزارەتی حکومەت زانیاریەکای خۆیان لەسەر وێبسایتەکەیان بڵاودەکەنەوە،
داوا لەوەزارەتی تەندروستی ئەکەین کە راستگۆبن لەگەڵ رای گشتی و
کارەکانی خۆیان و دەبوایە باسیان لەوە بکردایە کە دوای ئەوەی لەلایەن
کەمپینەکەی ئێمەوە لە وەھا یاسایەک ئاگادارکرانەوە، ئینجا لەخەوی
قوڵیان ھەستانەوەو ئەم راگەیاندنەیان بڵاوکردەوە، نەک ئەوەی خۆ بەخۆ
بەم یاساو ئەرکەی خۆیان زانیبێت.
دەقی داواکاریەکەمان بۆ پێدانی چەند زانیاریەک
لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، لەرێگەی چەندین راپۆرت و راگەیەنراو و
داواکاری کەمپینەکەمانەوە، کە لەراگەیەنراوەکاندا بڵاومان دەکردنەوە،
داوای زانیاری پێویستمان لەئێوە کرد وەک وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە
نوسراوی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەڤاستین و چۆنێتی کۆنترۆڵی جۆریی
سەر دەرمان لەھەرێم و چۆنێتی کرین و ھێنانی دەرمان، ھەموو ئەو نوسراو
وداواکاریانەشمان بەدەستی بەئێوە وەک وەزارەتی تەندروستی داوە، بەڵام
بەداخەوە کە تا ئێستا ھیچ زانیاریەکی ئەوتۆمان بەدەست نەگەیشتووە کە
شایانی باس بێت، بۆیە ناچاربووین بەم شێوەیەو بەپێی یاسای بەدەستھێنانی
زانیاری داواکاریەکانمان بخەینە ڕوو بەمەبەستی بەدەستھێنانی زانیاری
پێویست لەبارەی ئەو کەیسانەی سەرەوە کە ئاماژەمان بۆ کردووە، بۆ ئەو
مەبەستەش ئێمە بە پێی بەشی سێھەم، ماددەی چوارەم و پێنجەم و شەشەمی
یاسای بەدەستھێنانی زانیاریی ئەم داواکاریانە دەخەینە بەردەم بەرێزتان
بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەو پرسانەی خستومانەتە ڕوو،
بەھیواین بەپێی یاسای ناوبراو لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا وەڵاممان بدەنەوە،
بەوەی کە لە بەشی سێھەم، ماددەی حەوتەم، بڕگەی شەشەمی یاساکەدا ھاتووە
کە "لەحاڵەتی گرنگ و بەپەلە کە پەیوەندی بە پاراستنی ژیانی کەسێکەوە
ھەبێت، پێویستە زانیاریەکە لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا بدرێت" ، چونکە ئەم
پرسانە نەک پەیوەندی بە پاراستنی ژیانی کەسێکەوە ھەیە، بەڵکو پەیوەستە
بەژیانی تاک بەتاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە.
زانیاریمان لەسەر ئەم پرسانە پێویستە:
١. گرێبەستەکانی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان لە
دەرەوە و ناوەوەی وڵات.
٢. دۆکۆمێنتەکانی تایبەت بە پرۆسەی تەندەر لە گەڵ کۆمپانیاکان تایبەت
بە دەرمان.
٣. بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە بارەی کێشەی ئاڤاستین بە تایبەتی
سزادانی پزیشکەکان.
٤. بڕیاری دادگا لەسەر کۆمپانیا ھۆز سەبارەت بە مەسەلەی دەرمان و
فرۆشتنی دەرزی ئەڤاستین بە وەزارەتی تەندروستی.
٥. گرێبەستی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیای
FDAS کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی
تەندروستیەوە لەراگەیاندنەکان باسکرابوو کە گوایە گرێبەستیان لەگەڵ ئەو
کۆمپانیا ھەبووە بۆ کۆنترۆڵی جۆریی سەر دەرمان.
٦. داتاکانی تایبەت بە ھێنانی دەرمان (چەندێک لەڕێی بەغداوە دێت،
چەندێک حکومەتی ھەرێم خۆی ئەیھێنێت...ھتد).
٧. نووسراوەی قەرەبووکردنەوەی قوربانیەکانی دەرزی ئاڤاستین بەکوێ
گەیشتووە؟
٨. وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی ھەرێم تا ئێستا چی رێوشوێنێکی گرتۆتە
بەر بە مەبەستی دانانی کۆنترۆڵی جۆری سەر دەرمان، ئەو ڕێوشوێنانەمان بە
نووسراو پێویستە.
ناو ناونیشان و ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیڵی دەستەی سەرپەرشتیارانی کەمپین
کە ئەم داواکاریەیان واژوو کردووە:
بۆ پەیوەندیی:
رەنجدەر گراوی
ranjdargrawy@yahoo.com
٠٠٩٦٤٧٥٠٤٨٣٣٠٧٣
فەرمان چیمەن
٠٠٣٢٤٨٨٠٥٥٩٢٩
fxelany@yahoo.com
د.گۆران عەبدوڵا - بەریتانیا
٠٤٤٧٥٨٤٨٦٧٦٢٣
goranbr@yahoo.com
کەمپینی چاو ھەر چاوە
|