په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١٤

راگەیاندنی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

سەبارەت بە رووداوەکانی ئەو دواییەی باشووری کوردستان.

 


لە چەند رۆژانی رابردوودا و دوای دەستپێکردنى خۆپێشاندانەکانی شارۆچکەی "سەید سادق" لە باشووری کوردستان هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس بە گولە رووبەڕووى خۆپیشاندەران بوونەوە، کە ئەوەش بووە هۆى گیان لەدەستدانى "بڕیار حەسەن" و بریندارکردنى زیاتر لە دوو سەد خۆپیشاندەرى دیکە و خەڵکى کوردستانیش سەرەتاى ساڵى نوێى بەسەرکوت و کوشتن و بریندارکردن دەستپێکرد.


وێڕاى ئەوەى گوللەبارانکردنى خۆپیشاندەران و هەڵکوتانى توندوتیژانەى هێزە ئەمنیەکان بۆ سەر خۆپیشاندەران جێگەى نیگەرانییە ئاماژەیەکى ترسناکى دیکەى پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤیشە. لە ئێستاشدا توندوتیژیەکانیش لە بڵاوبوونەوەدایە بە شار و شاروچکەکانیتردا.


لە بەردەوامیى رووداوەکانی شارۆچکەی کەڵەکیشدا نیگەرانی چاودێرانی بواری مافی مرۆڤی زیادیکردوە و بەو بۆنەیەش کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕاى ئیدانەکردنی نزیکایەتیى توندوتیژانەى هێزە ئەمنییە حیزبیی و حکومییەکان رایدەگەیەنێت وەکوو رێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی داوای پێکهێنانی لێژنەی بێلایەن دەکەین بۆ بەدواداچوونی ئەو شێوازە ڕووبوونەوەیە لەگەڵ خۆپێشاندەران، جۆرى هەڵکوتانە سەر خۆپیشاندەرانیش بە کارێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەموو پێوانەکانی مافی مرۆڤ دەزانین و پێشێلکردنی بڕگەی نۆزدە و بیستەمى جاڕنامەى گەردوونی مافەکانی مرۆڤیشە، کە تیایدا هاتوە ھەموو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی دەربڕینی ھەیە و بە گوێرەی ئەم مافە ھەموو مرۆڤێک بێ دەستتێوەردان ئازادە لە ھەڵبژاردنی بیروڕا، گەڕان بەدوای زانیاری، وەرگرتن و بڵاوکردنەوەى زانیاری و بیروڕا بە ھەموو شێوازێکى دەربڕین و بێ گوێدانە سنووری ناوچە.


هەروەها بە پێی بڕگەی بیستەم ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە ئازادانە بەشداریی کۆبوونەوە و گردبوونەوەی ئاشتییانە بێ. هەر بەو پێیەش سەبارەت بەو رووداوانە کۆمەڵەی مافی مرۆڤى کوردستان هۆکاری خۆپێشاندانەکە هەر شتێک بووبێت و خۆپێشاندەران هەر داواکاریەکیان هەبێت، گولە بەردانە گیانی چالاکڤانانی مەدەنی و بێڕێزى و سووکایەتیکردن بە خۆپێشاندەران بە نەریتێکی دواکەوتوانە و دژە مرۆڤانە دەزانین و وێڕاى هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردوو "بڕیار حەسەن" و ئارەزووی گەڕانەوەی تەندوروستی بۆ بریندارانی خۆپێشاندانەکان، داواش دەکەین بکوژان و بکەرانی ئەو کارەساتە مرۆییە لە دادگایەکی بێلایەندا لەسەر پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و بە پێى یاسا هەڵسوکەوت لەگەڵ پێشێلکارانى مافەکانى مرۆڤ و توندوتیژکاراندا بکرێت، چونکە بە پێى یاساى خۆپیشاندانى هەرێمیش نابێت هێزە ئەمنییەکان بە چەکەوە بڕۆنە شوێنى خۆپیشاندان و نابێت چەک و گوللە بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکار بهێنن.

 

 

کۆمەڵەی مافی مرۆفی کوردستان
info@kmmk.info
www.kmmk.info

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک