١٨\٤\٢٠١٢
راگەیاندنی
پشتیوانیی
لە (زیرەک میرە) و
پڕۆژەکانی و ئازادیی داھێنان و ھونەر و نووسین.
ھەر
لایەن و کەسێک لە بەرامبەر ئازادی دەربڕین و ئازادی داھێنان و
رەخنەگرتندا بوەستێتەوە، ئەوپەڕی داماوی و چەقبەستنی ھزری خۆی
دەردەخات. ھەر لایەن و کەسێک پەنا بۆ ھەڵخراندنی سۆزی دواکەوتوانە و
بەگژداچوونەوەی خوڵقێنەری ماتریاڵە ھونەریەکە ببێتەوە، رێگای
کۆتاییھاتنی مێژووی خۆی ھەڵدەبژێرێ.
ھونەری پەیکەرسازیی یەکێک لە کۆنترین ئەو شێوازە ھونەریانەیە کە مرۆڤ
لە پڕۆسەی داھێناندا گەشەی پێداوە، ھونەرێکی ڕاستەوخۆ و
بەرجەستەکردنەوەیەکی مادییانەی دیدگا و جیھانبینی ھونەرمەندە، ھەر بۆیە
لە لایەن کۆنەپەرستان و بە تایبەت ڕەوت و تەوژمە ئاینییهکانەوە وەک
بەڵایەکی (شەیتانی) و حەرام و دژی خالق دەناسێنرێ و بەرھەم و داھێنەر
نەفرەت لێکراون. ئەم زەبروزەنگە زاڵمانەیە لە دژی ئازادیی بەشێکە لە
دەزگایەکی گەورەتر کە دەسەڵات لەسەری کار دەکا. ئەم دۆخە ترسناکە
ھۆکاری راستەخۆی کوشتنی جوانیی ئاسۆکانی ژیان و دەربەدەرکردنی لاوانە.
تیرۆری نووسەران و ئازادیخوازن چەکێکی ھەمیشە بەکارھاتووی ئەم ڕەوتە
بووە، بەم سیاسەتەشیان شەرعیەتیان بە تەواوی ئەو سەرکوتانەی
دەسەڵاتداوە کە جەماوەری ئازادیخواز لە بەرامبەریدا وەستاونەتەوە، ئەو
ھەرا و بانگهشهی ئێستا لە ڕاگەیاندنەکانەوە لە دژی (زیرەک میرە) و
پڕۆژەکەی سازکراوە ، مارشی ئەو جەنگەیە کە دەیەوێ پەیکەرەکە وردوخاش کا
و ئازادیی لە کۆمەڵگە و لە زیرەک قەدەغە بکا.
ئازادیخوازان و لایەنە جەماوەری و سیاسیەکان، نووسەران و ھونەرمەندان..
ھونەرمەند (زیرەک میرە) و پەیکەر و پڕۆژەکانی لە بەردەم مەترسیەکی
گەورەدان و نابێ ڕێگەبدەین بە بەرچاومانەوە چۆنیان ئارەزووە ئەنجامی
بدەن، فیدراسیۆنی سەراسهریی پەنابەرانی عێراقی خۆی بە بەشێک لە بەرەی
بەرگری لە ئازادیی دەبینێتەوە و لەو پێناوەدا ھەموو تواناییە
نێونەتەوەییەکانی خۆی دەخاتەگەڕ.
فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی
١٧\٤\٢٠١٢
|