په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٢\٢٠١٤

راگەیه‌ندراوێک لە سەندیکای پزیشکانی کوردستانەوە.

 

بۆ:
- شاندی دانوستکاری پارت و حیزبە سیاسیەکانی بەشداربووی کابینەی هەشتەم.
- پەرلەمانی کوردستان.
- رای گشتی.

بابەت: پۆستی وەزارەتی تەندروستی لە کابینەی هەشتەم.


سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە دڵەراوکێیەکی گەورەوە چاودێری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. وەکو نوێنەری ڕاستەقینەی پزیشکان، سەندیکاکە، داوا لە هەموو لایەن و حیزبەکان دەکات کە دەستوبرد بکەن لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی دادپەروەرانە کە مافی هەموو لایەک، کە بڕیاری بەشداریکردنی داوە لە کابینەی داهاتوو مسۆگەر بکات. ئەم داوایەی ئێمە لەو ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێداویستیەکانی تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و پزیشکان بە تایبەتی چیتر بەرگەی دواخستنی پێکهێنانی حکومەت ناگرن.


بەڕێزان؛ یەکێک لە گەورەترین ئەو کایە و سێکتەرانەی کە لەم دواکەوتنە زەرەرمەندە، سیستەمی تەندروستی و تەواوی هاوڵاتیانی کوردستانە. دواکەوتنی مووچەی پزیشکان و کارمەندان و دواکەوتنی بودجە و نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ ٤ ساڵی داهاتوو زەرەری گەورە لە سیستەمی تەندروستی دەگەینن و دەبنەهۆی قووڵترکردنەوەی کێشەکانی ئەو سیستەمە.


بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، پێویستە هەموو لایەنە بەشداربووەکانی دانوستان بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بکەن و ئەو کەسانەی دەستنیشانیان دەکەن بۆ پۆستە هەستیارەکانی وەزارەتەکە کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون و دڵسۆز بن. ئەو بەڕێزانەی کاندید دەکرێن بۆ وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و پۆستە هەستیارەکانی تر، پێویستە لەڕێی سی ڤیەوە دەستنیشانبکرێن و هاوڕایی و ڕەزامەندی بەشێکی گەورەی هاوڵاتیان و پزیشکان و کارمەندانیان لەسەر بێت.


بە خۆشحاڵیەوە پێتان ڕادەگەیه‌نین کە ئەندامانی سەندیکاکەمان کەسانی دڵسۆز و ڕابووردوو پاکی ئەوتۆیان تیایە کە شارەزاییان لە بوارەکانی سیاسەتی تەندروستی و سیستەمی تەندروستی هەیە و دەتوانن گۆڕانکاری چۆنایەتی لە وەزارەتی تەندروستی و تەواوی کایەکانی تری سیستەمی تەندروستی بکەن ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی خزمەت بکەن.


جارێکی تر هیوادارین کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زوویی ڕابگەیندرێت و ئاواتەخوازین کە وەزارەتی تەندروستی کابینەی داهاتوو لە خزمەتی هاوڵاتیان بێت و پزیشکان و کارمەندان و تەواوی هاوکارەکانی ترمان لە ناو سیستەمی تەندروستی پشتگوێنەخات بۆ ئەوەی بە هەموومانەوە کار بۆ وڵاتێکی تەندروست بکەین.

___________________________

بۆ پەیوەندیی: د. ئامانج وەفایی: ٠٧٥٠٤٤٩٢٦٠٠.


سەندیکای پزیشکانی کوردستان / هەولێر
٢١\٢\٢٠١٣
sandikapzishkan@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک