په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١١

راگه‌یاندنی وته‌بێژی فه‌رمیی سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌کانی بادینان.
 


رووداوەکانی چەند رۆژی رابوردووی دەڤەری بادینان، لە زاخۆو سێمێڵ و شارەکانیتر، لە ھێرش و پەلاماری تێرۆریستانەی دوکانی مەیفرۆشان و سەنتەرەکانی مەساژو شێلان و، دەستدرێژی کردنە سەر بارەگای حزبەکان و سەرموڵکی تایبەتیی و گشتیی ھاونیشتیمانیان و سووتاندنیان بەو جۆرە ناشارستانی و نەگونجاوە شەرمەزاردەکەین و، بە توندی ئیدانەی دەکەین.


خوازیارین ئەو بارودۆخە نەخوازراوە بکرێتە خاڵی وەرچەرخانی جیدی بۆ پەلەکردن لە پڕۆسەی چاکسازی.


ئاشکرایە کە لێکچواندنی ئەزموونی گەلەکەمان لە لایەن ھەندێ لایەنەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و نغرۆبوونی دەستکەوتە وەدیھاتووەکانمان، ھەر لەو کاتەشدا بە بەرژەوەندی دوژمنانی گەلەکەمان دەشکێتەوە، بۆیە ھەل و مەرجەکە وادەخوازێ ھەموومان بە ھەستکردن بە بەرپرسیەوە رەفتار لەگەڵ ئەم کردارانەدا بکەین و ھەوڵەکان بۆ بەسەروەرکردنی یاسا، بەرینکردنی ئازادیەکان و تۆکمەکردن و بەرفراوانکردنی دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادیی تاک چڕبکرێتەوە.


لە روانگەی بەرنامەو ھەڵوێستی حزبمانەوە، ھەر ھەوڵێک بۆ شێواندنی سیمای ئەزموونی گەلی کوردستان سەرکۆنەو ریسوادەکەین و پشتیوانی ھەموو ھیوردکردنەوەیەکین و داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین بە پەلەکردن لە پڕۆسەی چاکسازی رێگری بکەن لەو سیاسەت و کردارە چەوت و دواکەوتوانەی کەم و کوڕی و ناتەواویەکان دەکەنە بەڵگەو بیانووی کاری دزێوو تێرۆریستانەیان.


بێگومان ئەم چەشنە ھەڵسوڕاندنەو فەتوای ھەندێ لە مەلایانی کۆنەپەرست و سەلەفی، بەناوی ئیسلامەتیەوە بۆ ھاندان و جوڵاندنی کەسانی گیرۆدەی ئەوھامی دینی، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی کۆششی ھەندێ لایەنی ریسوابوو لەدژی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و ئەزموونی کوردستان.


ئێمە لەکاتێکدا بەتوندی ئەم رەوتە دواکەوتووە ئیدانەدەکەین، رەخنەش لە ھەندێ لایەنی سیاسەتی دەسەڵات دەگرین کە ئاودەبەن بۆ ئاشی ئەو لایەنە دواکەوتووانەو داوادەکەین:


* ھەموو تۆمەتباران بدرێنە دادگا.
* بەندو گیراوە بێتاوانەکان ئازادبکرێن.
* ھەنگاوی جیدی بنرێ بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان بەرێگەی چەسپاندنی حوکمی یاساو دادگاو بەرینکردن و پاراستنی ژیانی دیموکراسی و مافی تاکەکانی کوردستان.
* رێگەگرتن لە ھەندێ مەلای کۆنەپەرست و دواکەوتوو سەلەفیەکان کە جەھالەت و ئەوھامی دینی لە وتاری ھەینی و لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بڵاودەکەنەوەو خەڵکی سادەو ناھوشیار ھاندەدەن و دەجوڵێنن بۆ کاری نایاسایی و دەستدرێژی کردنەسەر موڵک وماڵ و دوکان و ئابوریی ھاوڵاتیان و گشتی.
* رێزگر تن و پاراستنی برا کلدان و ئاشورو سریان و ئێزدیەکان لە ر‌ق و کینەی ئەوانەی بەناوی ئیسلامەوە بازرگانی دەکەن.


لە کۆتاییدا پارتی چەپی کوردستان پڕباوەڕە کە ھۆشمەندی گەلەکەمان و حزب و ھێزە تێکۆشەرەکانی، بەتایبەتی لە قۆناغەکانی ھەنگاونان بەرەو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئۆڕگانەکانیتردا، زامنە بۆ پوچەڵ کردنەوەی پیلانگێڕی و نەخشی ناڕەوای ئەو لایەنانەو، بۆ سەرکەوتنی خواست و ئەزموونی گەلەکەمان.


وتەبێژی پارتی چەپی کوردستان
٣\١٢\٢٠١١

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک