په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٢\٢٠١٢

راگەیاندراوێک لە گرووپی ٤٠٠ەوە

سەبارەت بەھەدەردانی ٢٢ ملیۆن دۆلار لە پرۆژەی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێڵەیی.

 


لەماوەی ٢ ساڵی ڕابوردودا چەندین یاداشت و سکاڵاو زانیاریمان لەبارەی گەندەڵیەکانی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەویلەیی بڵاوکردۆتەوە ، بەڵام مایەی نیگەرانی بوە کە ھەمیشە لەلایەن بەرپرسانی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدارەوە بە بێدەنگی لێکردن و لێدوانی چەواشەکارانە وەڵام دراوینەتەوە ، بەشێک لەو دۆکیومینتانەی کە لەساڵی ٢٠١١ ئاراستەی پەرلەمان و داواکاری گشتیمان کردن دوو فەرمانی ١٠٥٠٢ رۆژی ٢٤/٩/٢٠٠٤ و ٤٣٣١/٥ی رۆژی ٤/٦/٢٠٠٦ بوون کە بڕی ١٥،١٠١،١٩٧ (پازدە ملێون و سەدو یەک ھەزار و سەد و نەوەدوحەوت دۆلار) پێشینەی ئامێری پزیشکییان پێ سەرف کرابوو بە بێ ئەوەی ھیچ یەکێک لەو ئامێرانە ھێنرابێتە کوردوستان.


جێی خۆشحاڵیمانە کە دواجار لە ئەنجامی فشارەکانی گرووپەکەمان ئێستا دانپیانانێکی ڕاشکاوانە بۆ ئەم بڕە پارەیەو ( ٨٠٠٠٠٠٠) ھەشت ملیۆن دۆلاری پێشەکی تەئمینات کە دراوە بە کۆمپانای UI enc کۆری لە ئارادایەو لە دوا سەردانی گرووپەکەمان بۆ بەشی یاسایی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ئەوەیان پشتراسکردەوە کە لە ٢٧-١٢-٢٠١٢ لە دادگای سلێمانی ئەو دادبینیە بەڕێوە ئەچێت و حکومەتی ھەرێم داوای گەرانەوەی (٢٢٠٠٠٠٠٠) بیست و دوو ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیا کۆریەکە ئەکات لە کۆی ٢٣١٠١١١٩٧ دۆلار کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە و تەنھا باس لە ھێنانی ئامێری پزیشکی ئەکرێت بە بڕی ١٠٠٠٠٠٠ یەک ملیۆن دۆلار کە ئەمەش جێی گومانە و باقی پارەکە بۆ ئامێر سەرف نەکراوە.


ھەربۆیە داواکارین کە داواکاری گشتی و ڕاگەیاندنەکان گرنگیەکی زۆر بدەن بە پرۆسەی بەدواداچونەکانی ئەم پرۆژەیە و دادبینیەکەی ڕۆژی ٢٧-١٢-٢٠١٢ چونکە بەپێی گرێبەستە سەرەتاییەکە ھیچ دادگایەکی ناوخۆی کوردستان مافی یەکلایی کردنەوەی کێشەی نێوان ئەم کۆمپانیایەو حکومەتی ھەرێمی نیەو ئەبێت لەو حاڵەتەدا دادگایەکی نێودەوڵەتی ئەم کارە بکات وە ئێمە لە گرووپی ٤٠٠ مەترسی ئەوەمان ھەیە کە ئەم ھەنگاوە تەنھا چەواشەکارانە بێت و پێمان وایە ڕاستر وایە گەندەڵکاران و بەرپرسانی ڕاستەوخۆش لە کوردوستان لە لێپرسینەوە قوتاریان نەبێت و تەنھا جەخت لە لایەنی کۆمپانیا نەکرێتەوە لەکاتێکدا ئەوان بە گرێبەست خۆیان لە ھەر جۆرە لێپرسینەوەیەک پاراستوە.

 

ھەروەھا لە کاتێکدا ئەمە بارودۆخی پرۆژەیەکی وا ستراتیژی بوە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە بەڵام بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بە گرووپەکەمان کۆمپانیای ناوبراو سەرپەرشتی چەندان پرۆژەی تری کردووە و بۆی ھەیە ئێستاش سەرقاڵی ئامادەکردن و ئیمزاکردنی پرۆپۆزەڵ بن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی دیکە. ھەرچەندە وەزیری پێشووی تەندروستی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (ئاسۆ) ژمارەی رۆژی پێنج شەمە ڕێکەوتی ١٣/١/٢٠١١ وتی "حکومەتی ھە رێم ھەموو ڕێوشوێنێکی لەدژی ئەو کۆمپانیایە (کۆمپانیای UI enc کۆری) گرتەبەر و دوای ئەوەی خستیە ‌لیستی ڕەشەوە پرۆژەکەشی لێسەندەوە و داوای یاسایشی لەسەر تۆمارکرد". سەبارەت بەم لێدوانەی وەزیری تەندروستی گرووپەکەمان ھەر ئەو دەم لە میانی ڕاپۆرتێکدا بۆ داواکاری گشتی کە لە ٨/٢/٢٠١١ پێشکەشی کرد، ئەم دوو خاڵەی خستە ڕوو.

١- لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بارەگا سەرەکیەکانی کۆمپانیاکە ‌لە سیئۆلی کۆریا، بەرپرسانی کۆمپانیای UI enc ڕەتیان کردەوە کە ‌کۆمپانیاکە خرابێتەلیستی ڕەشەوە.
٢- خستنەلیستی ڕەشەوەی کۆمپانیاکان کاری وەزارەتی تەندروستی نیەو کاری وەزارەتی پلاندانانە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەک لیستێکی ڕەش بۆ کۆمپانیای بیانی نیەبەڵکو کۆمپانیاکان تەنانەت پۆلینیش نەکراون.


بەڵام بەپێ بە دواداچوونەکانی ئێمە، کۆمپانیای UI enc کۆری سەرقاڵی زیاتر لە حەوت پرۆژە بووە کە ھەندێکیانی بەجێھێشتووە (وەکو نەخۆشخانە ٤٠٠ قەڕوێڵەیەکە) و وھەندێکیان لە پرۆسەی دروستکردنن و ھەندێکیانی تریش لە قۆناغی پرۆپۆزەڵ نووسیندان. لە خوارەوە پوختەیەک لەسەر ھەموو ئەو پرۆژانە دەخەیەنە ڕوو:


خشتەی پرۆژەکانی کۆمپانیای UI enc لە کوردستاندا:

 

 

ز

پرۆژە

پارێزگا

سوودمەند

ماوەی پرۆژە

قۆناغ

1.        ١

پرۆژەی تۆڕی ئاو

دهۆک

حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٤ مانگ

پرۆپۆزەڵ

2.        ٢

پرۆژەی سیاحی دوکان

سلێمانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان/ جەی فی سی

 

پرۆپۆزەڵ

3.        ٣

نەخۆشخانەی ٨٠٠ قەڕوێڵەیی لە هەولێر

هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

پرۆپزەڵ

4.        ٤

سەنتەری دروستکردنی کارەبا

سلێمانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠٠٧

فەیسی یەکەم لە مانگی دەی ٢٠٠٧ تەواو بووە

5.        ٥

تۆڕی ئاو لە سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

٣٦ مانگ

پرۆپۆزەڵ

6.        ٦

نەخۆشخانەی ٢٥٠ قەڕوێڵەیی لە زاخۆ

پارێزگای دهۆک

حکومەتی هەرێمی کوردستان

٣٦ مانگ

پرۆپۆزەڵ

7.        ٧

نەخۆشخانەی ٣٠٠ قەڕوێڵەیی لە دهۆک

پارێزگای دهۆک

حکومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی تەندروستی

٢٤ مانگ

گرێبەست ئیمزا کراوە


ئێمە لە گرووپی ٤٠٠ داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە ڕوونکردنەوە لە سەر تەواوی ئەو پرۆژانە بدەن کە لە لیستەکەی سەرەوەدا ھاتووە.


ھەروەھا ھەموو لایەک ئاگادار دەکەیەنەوە کە ئێمە لە گرووپی ٤٠٠ کۆتایی بە کارەکانمان ناھێنن تاوەکو ھەموو گەندەڵیەکانی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەڕوێڵەیی ئاشکرا نەکەین و ھەموو گەندەڵکاران بە سزای خۆیان نەگەن.

 

سەرنج بۆ زانیاریی زیاتر: ٠٧٧٠١٥٨٨١٧٣


گرووپی ٤٠٠
٢٥\١٢\٢٠١٢

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک