١١\١١\٢٠١٤
راگەیاندراوێک لە کەمپەینی چاو ھەر چاوە.
ئێمە
لە کەمپەینی چاو ھەر چاوە بەھۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و سەربازییە
نەخوازراوانەی ڕووبەڕووی کوردستان بوونەتەوە بەھۆی دەستدرێژیەکانی
گروپی تیرۆریستی داعش، پێمان باش بوو چالاکییەکانمان ھەڵپەسێرین، بەڵام
بڕیارماندا بە شێوازی نوێ بگەڕێینەوە. لەم ڕاگەیاندراوەدا ھۆشداری
دەدەینە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە پێویستە ئەو
وەزارەتە زانیاری تەواو لەسەر گرێبەستە گوماناویەکەی لەگەڵ کۆمپانیای
FDAS ئاشکرا بکات، ئەگەرنا ئێمە بە مافی
خۆمانی دەزانین ھەموو ڕێگا مەدەنی و یاساییەکان بگرینە بەر بۆ پەردە
ھەڵماڵین لەسەر گەندەڵی و کەموکورتیەکانی ئەو وەزارەتە و گرێبەستە
گوماناویەکانی.
وەزارەتی تەندروستی لە ٢١ - ٠٩ - ٢٠١٢ بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستێکی بە
کۆمەڵێک مەرجەوە لەگەڵ کۆمپانیای FDAS
ئیمزا کرد گوایە بۆ کۆنترۆڵکردن و چاککردنی دۆخی دەرمان لە کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی تەنھا چەند مانگێک لەسەر ئیمزاکردنی گرێبەستەکە
کارەساتی گەورەی ئاڤاستین ڕوویدا و بەھۆیەوە ١٠ ھاوڵاتی چاویان لە
دەستدا، ھەروەھا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کێشەی دەرمان نەک چارەسەر نەبووە،
بەڵکو لە جاران خراپترە و ئێستا دەرمانی قاچاغ گەورەترین سەرچاوەی
دەرمانە لە کوردستان. ئەوەش بە دانپێدانانی بەرپرسانی تەندروستی خۆیان.
ئێمە ھەر لە سەرەتاوە ھۆشداریماندا کە ئەو کۆمپانیایە نە لەڕووی زانستی
و نە لەڕووی دارایشەوە توانای ئەوەی نیە کە مەرجەکانی گرێبەستەکە
جێبەجێ بکات و ھەر زوو داوامان کرد کە گرێبەستەکە ھەڵبوەشێنرێتەوە.
ھەمان داواکاریش لەلایەن لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەر بەخودی وەزارەتی
تەندروستی ئاراستەی وەزیری تەندروستی کرابوو، بەڵام وەزیر و وەزارەتی
تەندروستی لە ئاست ئەو ھەموو بەڵگانەی ئێمە و لیژنەکانی لێکۆڵینەوە
خۆیان لە گێلیدا و بەردەوام بوون لە گرێبەستە گوماناویەکەیان لەگەڵ
کۆمپانیای FDAS.
دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی گرێبەستەکە، کاتی ئەوە ھاتووە بپرسین،
ئاخۆ وەزارەتی تەندروستی بەردەوامە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی
شکستخواردوو، مایەپووچی وەکو FDAS؟ ئەگەر
بەردەوامە ھۆکارەکەی چیە؟ ئەگەر گرێبەستەکە کۆتایی پێ ھات، بەچی مەرج و
بە چی دەرئەنجامێک؟ ئایە کۆمپانیای FDAS
ھەموو پارەکەی خۆی برد و بۆی دەرچوو؟ ئەی کێ باجی جێبەجێنەکردنی
بڕگەکانی گرێبەستی نێوان حکومەت و کۆمپانیاکە دەدات؟ ئایە کاتی ئەوە
نەھاتووە کە وەزیری تەندروستی دادگایی بکرێت لە بەرامبەر بەھەدەردانی
ماڵی گشتی لە گرێبەستی گوماناوی لەگەڵ کۆمپانیای مایەپووچدا؟ ئێمە
ماوەی ھەفتەیەک دەدەینە وەزارەتی تەندروستی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو
پرسیارانە ئەگەرنا بە گوێرەی یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری و لەڕێی
ئامرازە مەدەنی و یاسایەکانی ترەوە بە مافی خۆمان و ھاونیشتیمانیانی
دەزانین کە بوار نەدەین ئەم گەندەڵی و ناحەقیانە بەسەر ئەم وەزارەتەدا
تێپەڕێت.
کەمپەینی چاو ھەر چاوە
٢٦\١٠\٢٠١٤
|