راگەیاندن..
دەزگایەکی کارای ژینگە.
توانا موسلیح/ کۆلێژی زانست
ژینگە بە ئەو تۆرە بەیەکداچوو و ئاڵۆزە پێناسە دەکرێت کە
پەیوەندییەکانی هەر زیندەوەرێک راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە
دەوروبەرەکەوە گرێ دەدات، یا رەنگە بۆ پێناسەیەکی سادەی ژینگە قەڵەم
لەگۆ بوەستێت و ئەو وشانە لە دایک نەبووبن کە بتوانن چەمکی ژینگە لە
چوارچێوەی پێناسەیەکدا شرۆڤە بکەن.
بَگومان لەگەڵ بەرەوپَشچوونی کۆمەڵگاو فراوانبوونی پێداویستییەکانی
مرۆڤ، لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمە پیشەسازییەکان، بەرە بەرە ژینگەش زیاتر
رووبەڕووی پیسبوونی و مەترسی جۆراوجۆر دەبێتەوە. مرۆڤیش وەک مەخلوقێکی
خۆپەرست و بێ گوێدانە باجی قورسی ئەو کارانەی کە دەیکا، بەردەوام هەوڵی
ئەوە دەدات زۆرترین دەستمایە بەدەست بێنێ و هەموو شتەکانی گۆی زەوی و
لە خزمەتی خۆیدا بخاتەگەڕ. ساغترین نموونەش ئەو رەوشتە شەڕاویی و
قێزەونەیە کە زۆربەی کاتەکان لە پێناوی لەق نەبوونی کورسی و مانەوەی لە
شوێنی بەرزدا جۆرەها کوژەری ژینگە دروست دەکرێن و بەشێوازی جیاجیا
بەکار دەبرێنەوە.
ژینگەی کوردستان قوربانی ئەم رەفتارانەیە…
کوردستان، کە زۆربەی کاتەکان وەکو پارچەیەک لە بەهەشت باسی لێوەکراوە،
بەردەوام دوژمنان هەوڵی ئەوەیان داوە کە وەکو چۆن پێویستە مرۆڤەکانی
لەناو ببەن، بە هەمان شێوەش هەوڵی ئیفلیج کردن و دارووخانی ژینگەشیان
داوە، کە رەنگە بەکارهێنانی چەکە کۆژەکان و بەردەوامی شەڕ لە چیاکان و
سووتاندن و سوتمانکردنی ئەم خاکە گەواهی دەری ئەم راستیە بن.
هەروەها شەڕی ناوخۆش کە جگە لەوەی وڵاتی تووشی قەیرانێکی کردبوو،
گەورەترین شوێنەواریشی لەسەر ژینگەی کوردستان بەجێهێشت، بەوەی کەوا
بەلانسی ژینگەی ناوچە شاخاوییەکانی بەتەواوی تێکدا، چونکە زۆر زیندەوەر
و رووەک قڕیان تێکەوت و ونبوون، لە سیستەمی ژینگەشدا زیندەورو رووەک و
کەڕوو وردە زیندەوەرەکان و …هتد هەموویان هەریەکە لە ئاستی خۆیدا وەکو
یەکەیەکی تەواوکەری ژینگە کاردەکات. بە هەرحاڵ ئەوەی ئێمە دەمانەوێ بی
وروژێنین تیشکی بخەینە سەر پرسیارکردن نییە دەربارەی ئاخۆ بۆچی 16 ساڵە
توێژینەوە لەسەر خاک و ئاووهەوای ناوچە کیمیابارانکراوەکان نەکراوە؟
یاخود بۆچی پرۆگرامی ژینگە و ژینگەپارێزی لە هیچ جیگەیەک و پەرتوکێکی
پەروەردەی وەکو پێویست باسی لێوە نەکراوە؟.
بەڵکو دەمانەوێ کەمێک باس لە ئیفلیجی راگەیاندن و نووسەران بکەین کە
تاوەکو ئێستا بەرامبەر بە مەترسیدارترین دیاردە قەڵەمەکانیان
نەکەوتوونەتە وشە هۆنینەوە، خۆ مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە زۆر لەو
قەیرانانە شیاوترن کە رۆژانە دەیان نووسەر لەسەر هێڵێک بە یەک دەگەنەوە،
کەچی ژینگە وەک ئەوەی ئەوان لە ئاووهەوایەکی پاک و ژینگەیەکی بێ ژاوە
ژاوو دوور لە هەموو گازە مەترسیدارەکان و…هتد بژین، باسکردنی قەیرانی
ژینگەو پیسبوون بۆتە شتێک کە دەمیان لە بەرامبەری دەبێتە تەڵەی تەقیوو...
راگەیاندن، ئەمڕۆ لە کوردستاندا بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوان گەشە دەکات و
بەردەوام بڵاوکراوەو دەزگای تری نوێ لە دایک دەبن، بەڵام رەنگە لە نێو
ئەو هەموو دەزگا و میدیایانەدا ئەو رۆژنامانەی لە گۆشەیەکی بچووک ناوی
ژینگە دەهێنن یاخود ئەو دەزگایانەی تر کە بەرنامەیان بۆ ژینگە هەیە بە
پەنجەی دەست بژمێردرێت؟
لەبەر ئەوەی ئێمە وڵاتێکین، فێر نەبووین چۆن مامەڵە لەگەڵ ژینگەدا
بکەین و چۆن بتوانین ژیری بکەینەوە، ئەمڕۆ وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ
بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و ناساندنی ژینگە پێویستە هەموو میدیا و
راگەیاندنەکان وەکو هەڵمەتێک دەست بکەن بە بڵاوکردنەوەی بنەماکانی
ژینگەو شێوازەکانی پیسکردنی ژینگە و چۆنییەتی خۆپارستن و کەمکردنەوەیان.
لە زۆر وڵاتاندا دەزگایەک هەیە بەناوی ئاژانسی پاراستنی ژینگە، کە لە
رێگەی ئەوەوە بەردەوام هەڵمەتی هۆشیارکرنەوە و خولی جیاجیا ئەنجام
دەدرێت، هەروەها دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانی تایبەت بە بواری
ژینگە لە شێوەی راپۆرتێکدا بڵاودەکرێتەوە و خەڵک لە شێوازە نوێییەکانی
پیسبوون ئاگادار دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هۆشیاری و راگەیاندن سەر بە وەزارەتی ژینگە کە
لەچەکەرەکردن دایە، رەنگە یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئەوەبێت کەوا لە
رێگەی خول و وۆرک شۆپ و شێوازی تری راگەیاندنەوە خەڵکی هۆشیارکاتەوە،
بە هیواین لە رێگەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەوە:
_ ئەو کەنجە بەتاڵەی کتێبخانەی
کوردی تایبەت بە بواری زانستی ژینگە و پیسبوون ئاوەدان بکاتەوە.
_ هاووڵاتیان حاڵی بکات کە ژینگەش
هیچی کەمتر نییە لە گرنگیدان بە لایەنی تەندروستی و ئابووری و سیاسی،
بگرە زیاتریشە.
_ وۆرک شۆپ و خولی بەردەوام بۆ
هەموو ناوچە جیاجیاو دوورەکانی کوردستان بکاتەوە.
_ بڵاوکراوە و پۆستکارتەکانیان
بگات بە هەموو لادێ و شارەکانەوە.
_ هانی تەلەفزیۆن و دەزگاکانی تری
راگەیاندن بدرێت بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەی تایبەت بە ژینگە.
_ هەوڵی دروستکردنی فیلمی
سینەمایی و ئەفلام کارتۆنی منداڵان بدرێت کە لەسەر رەوشی ژینگە بدوێت.
_ هەوڵی ئەوە بدرێت رۆژێک بۆ
ژینگەی کوردستان دیاری بکرێت.
|