په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٣

راگەیاندنی کۆمیتەی بەرپاکردنی یەکی ئایار.
پیرۆز بێ یەکی ئایار، رۆژی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار!


کرێکارانی کوردستان کۆیلایەتی قەبوڵ ناکەن!


لە یەکی ئایاردا کرێکاران لە سەرتاسەری جیهاندا ڕایدەگەیەنن کە ئەوان، سەرەڕای هەوڵی بێوچانی سەرمایەداران بۆ پارچەپارچەکردنی ڕیزەکانیان، یەک چینن و خاوەنی یەک بەرژەوەندی و یەک چارەنووسن. لەم ڕۆژەدا کۆیلەکانی سیستەمی سەرمایەداری، بەدەنگی بەرز لە هەر چوار گۆشەی دنیاوە پەیامی ئازادی و ژیانێکی بەختەوەر و یەکسانی بە گوێی کۆمەڵگا دەگەیەنن. نیشانی دەدەن کە ئەگەر لەسایەی سیستەمی قازانج پەرست و شەڕەنگێز و نامرۆیی سەرمایەداری ئۆمێدێک بۆ ئایندەیەکی پرشنگدار ماوە، ئەوا لە ئاسۆی هێزی یەکگرتوو و ڕیزی یەکانگیری ئەم چینەوە دەردەکەوێت.


دنیای سەردەم دنیای ناکۆکیە دزێوەکانە، دنیای سامانی بێ هەژمار، خێراترین پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی و زانستی و فراوانترین ڕوبەر بۆ خۆشبەختی و شادی لەلایەک و لە هەمانکاتدا دنیای لەبرسا مردن، ئەوپەڕی جەهالەت و نەزانی و دڵتەزێنترین تراجیدیایە لەلایەکی تر. دنیایەکی بەهەشت ئاسا بۆ سەرمایەدارانی تەوەزەل و کارنەکەر و دۆزەخ ئاسایە بۆ کارگەرانی بەرهەمهێن. ڕۆژی یەکی ئایار ڕۆژی نا وتنە بەم دنیا پێچەوانەیە. زیاتر لە سەدە و چارەکێکە هاوچینەکانمان لەسەرتاسەری دنیا لەم ڕۆژەدا لە دژی چەوسانەوە دەنگ هەڵدەبڕن و پێ لەسەر خواستەکانی خۆیان بۆ ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاران دادەگرن. بانگەشەی ئازادی و یەکسانی و خۆشبژێوی زیاتر بۆ سەرجەم مرۆڤەکان دەکەن. شەقامی شارەکان لە سەرتاسەری دنیادا لەم ڕۆژەدا دەبێتە شانۆی خەباتی یەکگرتوو و خۆنیشاندانی هێزی یەکگرتووی چینی ئێمە، کوردستانیش بەشێکی ئەم دیمەنە جیهانیەیە.


کرێکارانی کوردستان لەسایەی سیستەمێکدا دەژین و کاردەکەن، کە جیاوازی چینایەتی تیایدا ڕۆژلەڕۆژ گەورەتر، زەق تر و دزێو تر دەبێت. چەندە سامانی کەڵەکەبووی بن دەستی سەرمایەداران و بازرگان و کاربەدەستان گەورەتر دەبێت، بەو ئەندازەیەش هەژاری و گرانی و بێکاری و بێمافی تەنگ بە ژیانی چینی ئێمە هەڵدەچنێت. کرێکارانی کوردستان زیاتر لەوەش کە دیلی سیستەمی سەرمایەدارین، چەوسانەوەیان هیچ یاسایەک سنوورداری ناکات. کارگەران وەک هەرزانترین کەرەستەی کار مامەڵە دەکرێن. نە ژیانی ئەمڕۆیان و نە ئایندەیان هیچ زەمانەت و بیمەیەکی نییە. شوێنکارەکان کوشتارگەن و بە دەگمەن هەفتەیەک تێدەپەڕێت کە کارەساتێک و ڕوداوێکی دڵتەزێنی تیا ڕوونەدات. کرێکاران لە مافی خۆڕێکخستن، لە ئازادی ناڕەزایی نیشاندان، مانگرتن و خۆپیشاندان بێبەرین. لە سایەی نەبوونی یاسایەکی کاری پێشرەودا کرێکاران بێماف و بێ ئازادین و وەک کۆیلە مامەڵە دەکرێن. ڕۆژی یەکی ئایار ئەو ڕۆژەیە کە یەک دەنگ ڕایبگەیەنین ئەم کۆیلایەتیە قەبوڵ ناکەین.


کرێکارانی کوردستان!


با لەم ڕۆژەدا دەست لەناودەستی یەک بێینە مەیدان. با هێزی فراوان و گەورەی ناڕەزاییەکانی خۆمان نیشانی سەرمایەداران و گشت کۆمەڵگا بدەین. با لەم ڕۆژەدا بە ڕاگرتنی کار لە هەموو شوێنکارەکاندا بۆ هەمووانی بسەلمێنین کە ئێمەین کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەین. ژیانی کۆمەڵگا بارمتەی ڕەنج و ماندووبوونی ئێمەیە. با لە دەوری ئەو خواستانەی خوارەوە لە هەر جێگایەک بۆمان دەکرێت کۆڕ و کۆمەڵی خۆمان سازبدەین و بە مانگرتن، گردبوونەوە و ڕێپێوان بۆ ڕاگەیاندنیان بێینە مەیدان و بانگەوازی سەرجەم بێبەشان و ئازادیخوازان بکەین کە بەڕیزی یەکگرتوونامەوە پەیوەست بن.


خواستەکانی ئێمە، کرێکاران لە یەکی ئایاردا بریتین لە:


١. هە ڵوە شاندنەوەی یاساکاری رژێمی بەعس وجێگیرکردنی یاساکارێکی پێشرە و بەبەشداری نوینەرانی کرێکاران.
٢. بیمەی بێکاری شایستە بە ژیانی هاوچەرخ بۆ هە موو هاولاتیانی ئامادە بەکار.
٣. ئازادی بێمەرجی رێکخراو بوون و مانگرتن و خۆ پێشاندان.
٤. دیاریکردنی لانی کەمی موچەی کرێکاران و فەرمانبەران بە یەک ملیۆن دینار لە مانگێکدا.
٥. دابینکردنی پێداویستیەکانی سەلامەتی شوێنی کار .
٦. کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ [٥٠] ساڵ.
٧. کرێی یەکسان بۆ ژنان و پیاوانی کرێکار لەبەرانبەر کاری چونیەکدا.
٨. دابینکردنی هەلی کار بۆ بێکاران.
٩. قەدەغەکردنی کاری منداڵان.
١٠. هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرێبەستێکی کاتی و رەسمیکردنی کرێکاران.

بژی خەباتی یەکگرتووی چینی کرێکار لە پێناوی یەکسانی و ئازادی و خۆشبژێویدا!

کۆمیتەی بەرپاکردنی ١ی ئایار پێکهاتوە لەو لایەنانەی خوارەوە:


١. رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی لە کوردستان.
٢. دەستەی کرێکارانی باخچەکان.
٣. دەستەی کرێکاران ‌و کارمەندانی کارەبا.
٤. دەستەی پیشەوەران.
٥. گرووپی کرێکارانی باکووری کوردستان.
٦. رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان.
٧. جولانەوەی ھاوڵاتی ئازاد و یەکسان.
٨. حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
٩. بزووتنەوەی گۆڕان.
١٠. فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران.
١١. سەنتەری بەرگریی لە مافەکانی مندڵان.
١٢. پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان.
١٣. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان.
١٤. پارتی پارێزگارانی کوردستان.
١٥. پارتی چەپی کوردستان.
١٦. رێکخراوی گەنجانی وڵاتپارێز.

 

٢٥\٤\٢٠١٣
کۆمیتەی بەرپاکردنی ١ی ئایار

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک