راگه‌یاندنی پێک هاتنی کۆمیته‌ی هاوپشتی بۆ ده‌سته‌ی به‌رگری له ئازادی راده‌ربڕین له ده‌ره‌وه‌ی وولات.
ده‌سته‌ی به‌رگری له ئازادی را ده‌ربرین له کوردستان که‌مپێنێکی به‌رێ خستووه له به‌رانبه‌ر پرۆژه‌ی یاسای رۆژنامه‌وانی له کوردستان که له لایه‌ن سه‌ندیکای رۆژنامه‌نوسانه‌وه پێشکه‌ش به په‌رله‌مانی کوردستان کراوه . ئه‌م پرۆژه‌ی یاسایه به ته‌واوی دژی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و دژی ئازادی راده‌ربرینه ئه‌گه‌ر ببێته یاسایه‌کی په‌سه‌ند کراو له هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌وا زنجیر‌و که‌له‌پچه‌ی پاراستنی داب و نه‌ریت و ئایینی ره‌سمی که ئیسلامه وه موقده‌ساتی دینه‌کانی تر و عه‌شیره‌ت و تایفه گه‌ری ده‌کرێته ده‌ست قه‌له‌م به‌ده‌ستانی نووسه‌ر و سه‌رنوسه‌رو په‌یامنێری رۆژنامه‌کان . ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه بچه‌سپێ زۆر رۆژنامه مۆله‌تی کاریان پێ نادرێ به تایبه‌تی رۆژنامه‌کانی چه‌پ وکۆمۆنیسته‌کان و ئازادیخوازان و ره‌خنه‌گرانی واقیعی له ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیستی کوردستان وفه‌رهه‌نگی باوی دواکه‌وتوانه و پیاوسالاری دژه ژن ودژه منداڵ .
ئه‌م پرۆژه‌یه هیچ جۆره ئازادی ڕاده‌ربرین بۆ رۆژنامه‌وانان له کوردستاندا دابین ناکا به‌لکو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م ئازادیه زه‌وت ده‌کا هه‌ر بۆیه ئێمه له رێگای ئه‌م راگه‌یا‌ندنه‌وه ئه‌وه راده‌گه‌یه‌نین که سه‌ره‌رای پشتیوانیمان له هه‌وڵ وکه‌مپینه‌که‌ی ده‌سته‌ی به‌رگری له ئازادی راده‌ربرین له کورستان توانای خۆمان ده‌خه‌ینه کار و ده‌نگیان به کۆمه‌لگای ئه‌وروپی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ده‌گه‌یه‌نین و هاوپشتی بۆ ئه‌م ده‌سته یه په‌یدا ده‌که‌ین به هه‌موومانه‌وه له به‌رانبه‌ر ئه‌م پێشێل کاریه‌ی ئازادی بیر‌و را له کوردستان راده‌وه‌ستین به فشاری هیزو لایه‌ن و که‌سایه‌تی ئازادیخواز و کۆمۆنیست ده‌بێ به‌ری پێ بگرین . داوا ده‌که‌ین که هه‌موو هێزه ئازادیخواز و پێشکه‌وتوو خوازه‌کان بێنه ناو ئه‌م که‌مپینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رێگا نه‌ده‌ین که ده‌ربرینی بیر‌ورا له کوردستاندا سه‌رکوت بکرێ وه پێکه‌وه هه‌وڵ بده‌ین بۆ سه‌پاندنی یاسایه‌کی رۆژنامه‌وانی مۆدێرن و پێشکه‌وتوو خواز.
بژی ئازادی بێ قه‌یدو شه‌رتی را ده‌ربرین بژی ئازادی رۆژنامه‌وانی له کوردستان
کۆمیته‌ی هاوپشتی له ده‌سته‌ی به‌رگری له ئازادی را ده‌ربرین له ده‌ره‌وه‌ی ووڵات
3/12/2007
بۆ په‌یوه‌ندی گرتن به‌م کۆمیته‌یه ده‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به : Email: serdarabdulla@hotmail.com ته‌له‌فۆن : 0014165615131
|