راگه‌یه‌ندراوی ''پاک'' سه‌باره‌ت به کۆچی دووایی شاعیر و نووسه‌ری کورد جه‌هانگیر غه‌فاری.
جه‌هانگیر غه‌فاری له ساڵی 2000 دا، هاته ڕیزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه و پاشان گه‌ڕایه‌وه سنه و جارێکی دیکه له ساڵی 2004 دا گه‌ڕایه‌وه باشوور و بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ له بنکه و باره‌گاکانی PAK یان له داموده‌زگاکانی راگه‌یاندنی باشووری کوردستاندا، به کاروباری نووسین و راگه‌یاندنه‌وه خه‌ریکبوو. له ساڵی 2006 دا، به‌هۆی نائارامی ده‌روونی و بێئۆقره‌ییه‌وه گه‌ڕایه‌وه رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له‌وێڕا به‌مه‌به‌ستی کارکردن ڕووی له شاری ئیسفه‌هان کرد و تا ئه‌م دوواییانه هه‌ر له‌وێ بوو. 2 مانگ له‌مه‌وبه‌ر له ئیسفه‌هانه‌وه گه‌ڕایه‌وه زێده‌که‌ی خۆی و بێجگه له گیروگرفته درێژخایه‌نه‌کانی دیکه‌ی، به‌سه‌ر نه‌خۆشیی و ده‌رده‌داریی باوکیشیدا که‌وت. ده‌روونی نا ئارام له‌پاڵ کێشه‌ی له‌چاره‌سه‌رنه‌هاتی خێزانیی و نه‌خۆشیی باوک و ده‌سکورتی، جه‌هانگیری بردبووه ئه‌وپه‌ڕی بێزاریی له ژیان. له رۆژوانی 17/5/2008 و 8/6/2008 دا له توێی دوو په‌یامدا که بۆ به‌ڕێز حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستانی ناردووه، ئه‌و باروودۆخه ناله‌باره‌ی هه‌ست پێده‌کرا.
سه‌ره‌نجام شه‌وی پێنجشه‌ممه 23 جۆزه‌ردان، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه، ده‌ڕواته ژووره‌که‌ی خۆی و به‌یانی پاشنیوه‌ڕۆ پاش 6 سه‌عات له مه‌رگ، که‌سوکاره‌که‌ی ده‌رگای ژووره‌که‌ی لێده‌که‌نه‌وه و به‌سه‌ر ته‌رمه‌که‌یدا ده‌که‌ون.
پارتی ئازادیی کوردستان، وێڕای به‌داخبوون بۆ ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێنه، به‌ئه‌رکی ئه‌خلاقیی خۆی زانی که له لایه‌ک چه‌ند بۆ بکرێ له‌و ڕووداوه بکۆڵێته‌وه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ڕاستی ڕووداوه‌که رابگه‌یه‌نێ و به ئامانه‌ته‌وه بیروڕای گشتی لێ ئاگادار بکاته‌وه.
بۆیه له ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌ی چه‌ندی رۆژه‌دا، گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی رابگه‌یه‌نێ که مه‌رگی دڵته‌زێنی جه‌هانگیر، له ئاکامی خۆکوژیی به خواردنی بڕێکی زۆر ده‌رمان بووه.
جه‌هانگیر غه‌فاری که له ریزه‌کانی PAK دا، به ئاگرین ناوده‌برا، به‌هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانییه‌وه، خۆشه‌ویست و نازداری، سه‌رکردایه‌تی و تێکۆشه‌رانی بوو.
له "ئاگرین" کوڕێک به‌ناو "ئارتیکا" و چه‌ند کتێبی شێعری و وه‌رگێڕان و ده‌یان وتاری جۆراوجۆر به‌جێماوه. به‌شێک له نووسینه‌کانی "ئاگرین" ده‌ربڕی هه‌ستی خۆشه‌ویستی بوو بۆ شه‌هید سه‌عید یه‌زدانپه‌نا، پارتی ئازادیی کوردستان به‌گشتی و کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا به‌تایبه‌تی. بابه‌ته‌کانی "سڵاو پێشمه‌رگه و سه‌رکرده" و "راڤه‌ی په‌یامی پیرۆزبایی حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا و سه‌رۆک بارزانی" له‌و جۆره به‌رهه‌مانه‌ی ئاگرینی جوانه‌مه‌رگن. به‌مبۆنه دڵته‌زێنه‌وه، سه‌ره‌خۆشیی پێشکه‌شی بنه‌ماڵه و که‌سوکار و هاوڕێیانی ده‌که‌ین.
پارتی ئازادیی کوردستان کۆمیته‌ی راگه‌یاندن 28 جۆزه‌ردانی 2708 17 ژوئه‌نی 2008
|