٩\٢\٢٠١٣
راگەیاندراوی رۆژنامەوانی سەنتەری پەنا بۆ لابردنی توندوتیژیی لەسەر
میێنە.
رێکەوت: ٦ی شوباتی ٢٠١٣ رۆژی جیھانی بەرەنگاربونەوەی خەتەکردنی میێنە
شاندێکی فەرمی سەنتەری پەنا لە کەرکوک سەردانی بارەگای ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراقیان کرد لە بەغدا و چاویان کەوت بە ھەریەک لە:

١. لیژنەی یاسایی بە سەرۆکایەتی خالد شوانی و یەکێ لە ئەندامەکانی ئەو
لیژنە.
٢. لیژنەی مافی مرۆڤ بە سەرۆکایەتی د. سەلیم عەبدوڵا جبوری و
ئەندامەکانی لیژنە.
٣. لیژنەی ژنان و خێزان و مناڵان بە سەرۆکایەتی ئینتێار عەلی جبوری و
ئەندامەکانی لیژنە.
٤. لیژنەی تەندروستی و ژینگە بە سەرۆکایەتی د. لقاء ئیلیاس.
لە میانەی چاوپێکەوتنەکاندا یاداشتی قەدەغەکردنی خەتەنەی مێینە لە
عێراق پێشکەش کرا، کە تێیدا داوادەکرێ یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی خەتەنەی
مێینە لە عێراقدا لەپەرلەمانەوە دەربکرێت، بە پێی ئەو ئامارانەی لە
دەرنجامی توێژینەوەیەکی مەیدانی کە سەنتەری پەنا لە ٢٠١١ لەکەرکوک
ئەنجامی دا و بە پێ ئەو توێژنەوەیە دەرکەوتووە کە ٣٨.٢٪ کچان و
ژنان قوربانی ئەو دیاردەیەن کە لێنویاندا ڕێژەی قوربانیان لە نەتەوەی
کورد ٦٥.٤٪، نەتەوەی عەرەب ٢٥.٧٪، نەتەوەی تورکمان ١٢.٣٪.
ھاوکات رەشنوسی یاسای قەدەغەکردنی خەتەنەی مێینە پێشکەش کرا کە لەلایەن
سەنتەری پەنا و پارێزەر فەلاح مورادخان شاکەرەم رێکخەری پرۆژەکانی
رێکخراوی وادی ئەڵمانی ئامادەکراوە ، ئەو یاسایە ٨بڕگەی سەرەکی
لەخۆدەگرێ و ئاماژە بە قەدەغەکردنی دیاردەکەو سەپاندنی سزای یاسای و
غەرامەکردن و بەتاوانکردنی بە شێوەیەکی یاسایی دەکات.
ئەنجامی دەسکەوتوو:
پاش پێشکەشکردنی یاداشت و رەشنوسی یاسای قەدەغەکردنی خەتەنەی مێینە بۆ
لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقداو تاوتوێ و گفتۆی چڕ، لەلایەن
لیژنەکانەوە بڕیاردرا بەدانانی رەشنوسی یاسای قەدەغەکردنی خەتەنەی
مێینە لە نێو یاسای پاراستنی خێزان لە توندوتیژیی کە گوایە لە ئێستادا
لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێ ، ھەروەھا
رونیانکردەوە کە لەنێو یاساکەدا ئاماژە بەم دیاردەیە نەکراوە و دەکرێ
پێداچونەوە بە یاساکەدا بکرێت، ھاوکات لەو لیژنەیەدا سەنتەری پەنا
بەشدار بێت بە داڕشتنەوەی بڕگەی یاساکەو بەتاوانکردنی لەنێو یاسای
پاراستنی خێزان لە توندوتیژیی.
لەسەر پێشنیاری لیژنەی تەندروستی و ژینگە داوا کرا بە دروستکردنی
لیژنەیەکی ھاوبەش لە لیژنەکانی (یاسایی، ژنان و خێزان و مناڵان، مافی
مرۆڤ و تەندروستی و ژینگە، گەنجان)بۆ تاوتوێکردنی قەدەغەکردنی خەتەنەی
مێینەو جێکردنەوەی لە یاسای سزادانی عێراقی یان وەک بڕگەیەک بخرێتە نێو
یاسای پاراستنی خێزانی.
جێی ئاماژەیە کە رێکخستنی سەردان و کۆبونەوەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراق لەلایەن پەلەمانتار خالد شوانی سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری شاری کەرکوک بوو ، ھەر بە
بۆنەیەوە سەنتەری پەنا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەڕێزیان دەکات،
ھاوکات داوا لە ئەندامەکانی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەران و دەزگاکانی
راگەیاندن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات پشتگیری لەم
ھەڵمەتەمان بکەن لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان.
سەنتەری پەنا بۆ لابردنی توندوتیژیی لەسەر مێینە
panacenter@yahoo.com
|