په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٢\٢٠١٤

راگەیاندراوی چاپەمەنی: دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە فینلاند.



فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە وڵاتی فینلاند دامەزرا. بە بەشداری نوێنەری ٢٤ کۆمەڵە و رێکخراوی چالاکی کوردستانی لە فینلاند کۆنفرانسی دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان بەرێوەچوو و بەشداران یەکدەنگ بڕیاری دامەزراندنی "فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە فینلاند'یان دا و پێرەو و پرۆگرامی فیدراسیۆنیان پەسەند کرد.


دوای چەندین کۆبوونەوەی دەستەی کاری دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە فینلاند، سەر ئەنجام رۆژی شەممە ٢٠.١٢.٢٠١٤ بە بەشداری ٢٤ رێکخراوی چالاکی کورد لە وڵاتی فینلاند فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان دامەزرا. کۆنفرانسی دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە فینلاند بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بەیادی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دوای خوێندنەوەی وتاری دەستەی کاری دامەزراندنی کۆمەڵە کوردیەکان لە لایەن مەجید حەقیەوە، دەستەی سەرۆکایەتی کۆنفرانس ھەڵبژێردرا. دوای پەسەند کردنی رۆژەڤی کۆنفرانس، باس و گفتگۆ لە سەر رەشنووسی بەرنامە و پێرەوی فیدراسیۆن کە، لە لایەن دەستەی کاری دامەزراندنەوە ئامادە و پێشنیار کرابوو، رەشنووسی بەرنامە و پێرەو بە ھەندێک گۆرانکاریەوە پەسەند کرا.


بەشی کۆتایی کۆنفرانس بریتی بوو لە ھەڵبژاردنی سەرۆک، سکرتێر و ئەندامان و جێگرانی دەستەی بەرێوەبەری و چاوەدێرانی دارایی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان. ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەری فیدراسیۆنی کۆمەلە کوردیەکان لە فینلاند بریتین لە:
١. وەڵات نەھری - سەرۆک
٢. مەجید حەقی - سکرتێر
٣. خەلیل عەلیزادە ئازەر
٤. موژدە جەوانمەرد
٥. جەبار جومعە
٦. نزار کوێستانی
٧. دلێر پەرویز
٨. شادیە نەھری
٩. مەدیا ئۆسمان

ئەندامانی جێگری دەستەی بەرێوەبەری ھەڵبژێردراوی کۆنفرانسی دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان بریتین لە:
١. حەیدەر میرزایی
٢. شۆرش ئەمینی
٣. حەسیب پشدەری
٤. لوقمان عەزیز
ھەروەھا بەرێزان بەرێزان سەباح عەباس و محەمەد نەزەری وەک چاوەدێری دارایی فیدراسیۆن ھەڵبژێردران.

کۆمەڵەکانی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە فینلاند:
١. یەکیەتی قوتابیانی کوردستان
٢. کۆمەڵەی ژنانی کورد لە فینلاند
٣. کۆمەڵەی ھاوپشتی پەنابەرانی کورد
٤. کۆمەڵەی لاوانی رۆژھەڵات
٥. فین کورد
٦. کۆمەڵەی کولتووری کورد ڕامی
٧. کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان
٨. یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستان
٩. کۆمەڵەی عەداڵەت خواز
١٠. کۆمەڵەی کولتووری شاری تامپرێ
١١. کۆمەڵەی رێکخراوی فیدان لە فینلاند
١٢. سەنتەری کولتووری کورد لە لاھتی
١٣. کۆمەڵەی بابان
١٤. کۆمەڵەی وەرزشکارانی کوردی - فینلاند
١٥. کۆمەڵەی دۆستایەتی فینلاندی - کوردی
١٦. کۆمەڵەی دێموکراتی کوردستان
١٧. کۆمەڵەی ئاوێنە
١٨. ئەنجوومەنی ئاشتی و گەشەپیدانی کوردستان
١٩. کۆمەڵەی پایسکلڤانانی کورد لە تورکۆ
٢٠. کۆمەڵەی کوردی شاری تورکۆ
٢١. رۆناھی - تۆری کولتووری کوردی لە فینلاند
٢٢. ژنانی کورد لە فینلاند
٢٣. کۆمەلەی رۆژئاڤا لە فینلاند
٢٤. یانەی ھاوینەی مناڵان و لاوانی کورد لە فینلاند

 

دەستەی بەرێوەبەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە فینلاند
٢٠\١٢\٢٠١٤ - ھێلسینکی

 

 

 

وتاری کردنەوەی کۆنفرانسی دامەزراندنی

فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە فینلاند.


خوشک و برایانی خۆشەویست
نوێنەری حیزب و رێکخراوە سیاسی ومەدەنیەکانی کوردستانی لە فینلاند
دۆستانی ھێژا، ھاو نیشتیمانانی بەرێز


ئێمە لە کاتێکدا لێرە کۆبووینەتەوە کە نەتەوەکەمان پێی ناوەتە دۆخێکی ھەستیار، پرسی کورد و کوردستان، خەباتی خەڵکی کورد لە کوردستان لە پێناو ئازادی و دژی تیرۆر و تیرۆریزم و رەشەکوژی و تاریکپەرەستی، ھەوڵی رۆڵەکانی گەلەکەمان بۆ ئاوەدانی، ئاشتی و پێکەوە ژیان بوونەتە ناوەندی سەرەنجی ھەموو جیھانیان و کوردستان بۆتە قەڵای بەرگری لە بەھاکانی مرۆڤایەتی، کەڕامەتی مرۆڤ، ئاشتی، پێکەوە ژیان، تۆلێرانس و ژینگە خۆشەویستی. ئەمرۆ کچان و کوڕانی کورد شەرڤان و گەریلا خۆراگرەکان لە رۆژاوای کوردستان، بە خوێنی سووری خۆیان لاپەڕەیەکی دیکەی زێرین بە مێژووی پڕلە حەماسی، خۆراگری و ژیاندۆستی دەنووسن و چیرۆکێکی دیکە بە چیرۆکی ئەو مرۆڤانەی لە پێناو بەھاکانی ئینسانیدا ئامادەن گەورەترین سەرمایەی ژیانیان واتە گیانیان فیدا بکەن دەھۆننەوە. پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە باشوور بە خۆراگری و فیداکاری خۆیان دوژمنیان بەچۆکداھێناوە وا لە جەژنی پیرۆزی ھاونیشتیمانانی یەزیدیدا پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پیرۆزترین جەژنانەیان بە خەڵکی شەنگال و ئاوارەکانی شاخەکانی دەوروبەری شەنگال دا و تیرۆریستانی دڕندەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)یان ناچار کردووە لە بەشێکی بەرچاو لە ناوچە داگیرکراوەکان پاشەکەشە بکەن.


ئێمە ھاتووین لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان فیداکارانە بوونەتە پێشرەوی خەبات و بەرخودانی دژی تیرۆریزمی ناودەولەتی و ناوچەیی بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، ھەنگاوەکانی پێکەوە ژیان، ئاوەدان کردنەوەی بنەماکانی کۆمەڵگایەکی تەندوروست و دوور لە توندوتیژی پێکەوە دابرێژین. لەو کاتەدا کە ئێمە لێرە دانیشتووین و ھێمنایەتی و ژیانمان پارێزراوە، پێشمەرگەکانی کوردستان ، گەریلا و شەرڤانەکان خەریکی بەرگری لە کۆبانی قەڵای خۆراگری کوردستان و باشوور و رۆژئاوای کوردستان و نرخ و بەھا مرۆڤایەتیەکانن، مناڵانی کۆبانی خۆراگر شەنگال و ناوچەکانی دیکەی داگیرکراو لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە شەھید دەبن و گیانی خۆیان لە دەست دەدەن. بۆ رێزگرتن لەو شەھیدانە بۆ رێزگرتن لە بایەخە مرۆڤایەتیەکان داواتان لێدەکەم بە سەر پێ یەک دەقیقە بێ دەنگی رابگرین.


دۆستانی بەرێز..


ھەروەک دەزانن زیاتر لە دە ھەزار کورد لە وڵاتی فینلاند نیشتەجێ بوون. بە پێی ئامارەکان ساڵانە ١٠% بە سەر رادەی کوردەکان زیاد دەبێت. بە پێی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی کۆمەڵگاکان، پرس و کێشەکانیان، پێویستییان بە خزمەتگوزاریەکانیان، رێکخستن و خۆبەرێوەبەریان زیاتر دەبێت. رووداوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت ئەو گۆرانکاریانەی کە لە کوردستان روو دەدەن دەبنە ھۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆرتر لە خەڵکی کورد رووبکەنە ھەندەران و وڵاتی فینلاند. ئێمەش کۆمەڵگای کورد لە وڵاتی فینلاند، رێکخراوە کوردیەکان چ سیاسی و چ مەدەنی و پێشەیی دەبی خۆمان بۆ وەڵامدانەوە بە پێویستیەکانی کۆمەڵگایەکی پڕکێشە و لە حاڵی ئاڵوگۆردا ئامادە بکەین.


سیستەمی خزمەتگوزاریەکانی وڵاتی فینلاند بە ھۆی ئاڵوگۆرەکانی وڵاتانی یەکیەتی ئورووپا و سیاسەتی گونجاندنی کۆچبەر و پەنابەران لە گەڵ کۆمەڵگادا بەرەو ئەوە دەروات کە دەبێ کۆمەڵگاکان بۆخۆیان بەشێکی بەرچاو لە خزمەتگوزاریەکانی پێوەنیدار بە کۆچبەران پێشکەش بکەن. بۆیە دەوڵەت و شارەوانیەکان ھانی کۆمەڵگاکان دەدەن کە کۆمەڵە و رێکخراوەکانیان رێک بخەن لە ژێر چارچێوەی رێکخراوێکی ھاوبەشی تایبەت بە خۆیان و بگرە لە ژێر چەترێکی یەکگرتووی سەرانسەری رێکخراوەکانی کۆچبەران لە ئاستی فینلاند بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکات لە پێوەندی لە گەڵ ژیانی رۆژانە و کۆمەڵایەتیاندا. سەردەمی تاکە کۆمەڵی، کارکردن و چالاک بوونی تەنیا یەک کۆمەڵە و خزمەتپێشکەش کردن لە لایەن یەک کۆمەڵەوە بەسەر چووە و بۆیە پێویستە ئێمەی کوردی دانیشتووی فینلاندیش خۆمان سازمان بدەین و رێک بخەین. لەو پێناوەدا لە ساڵی ٢٠١٢وە ریزە کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی گفتگۆ لە سەر پێکھێنانی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان رێک خرا. ئەو کۆبوونانەوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤دا بە دامەزراندنی دەستەی کاری دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان کە لە ١٤ ریکخراو پێکھاتووە خێرایی زیاتری بەخۆیەوە بینی.


لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەی کاریەوە، بە مەبەستی بەرەوپێشچوونی تۆکمەتر و ریکوپێکتری کارەکان، دەستەی دامەزرێنەر بە سەر سێ لێژنەی: ١. رەش نووسی دستوور، ٢. پێوەندی بە رێکخراوەکان و ٣. کاری دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی و راگەیاندن دابەش کرا. لەو ماوەیەدا دوای چەندین کۆبوونەوەی کارناسانە و کۆبوونەوەی بەرین لە گەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکان و شارەوانی ھێلسینکی: رەشنووسی دستووری پێشنیاری بۆ فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان ئامادە کراوە - کە دەخرێتە بەر دەستی ئێوە نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنیەکان بۆ گفتگۆ و پەسەند کردنی، چەندین چالاکی کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوە و بەشداری لە چالاکیەکانی پێوەندیدار بە باشووری کوردستان کراوە و ھەوڵ دراوە دەستەی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان ببێتە ھێزێکی ئەرێنی شوێندانەر لە سەر کۆمەڵگای کورد لە وڵاتی فینلاند.


کۆبوونەوەی ئەمرۆمان، کۆنفرانسی دامەزراندنی "فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان" لە فینلاندە. فیدراسیۆنێک کە لە ساڵی ١٩٩٥ەوە تا ئەمرۆ چەندین جار لە ھەلومەرجە جۆراوجۆرەکاندا ھەوڵی دامەزراندنی دراوە. زۆر مرۆڤی نیشتیمانپەروەر، وڵات دۆست و دڵسۆزی کورد و کوردستان لە وڵاتی فینلاند ساڵانێکە بە شێوە جۆراوجۆرەکان ھەوڵیان داوە کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند لە دەوری یەکتر کۆ بکرێنەوە. ئەمرۆ زیاتر لە ٧٠ رێکخراوی تۆمارکراو و تۆمار نەکراوی کوردستانی لە فینلاند دەژین. ھەموو ئەو رێکخراوانە بەداخەوە بەھۆیە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەییەوە کورت خایەن بوون و دوای ماوەیەک چالاکی، یان بێدەنگ بوون و یان چالاکیەکانیان زۆر لاواز بووە.


لەو رووەوە دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت ١. ببێتە سەرچاوەی کاری بەکۆمەڵ بۆ بەھێز کردنی رێکخراو و کۆمەڵە کوردیەکان ٢. بتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی ھاوبەش بۆ خزمەتگوزاری بە کۆمەڵگای کورد لە وڵاتی فینلاند، ٣. ئاست و قورسایی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند بەرز بکاتەوە، ٤. ھاندەرێ مناڵان و لاوان بێت بۆ خوێندن و گەشەکردنی پەروەردەیی و زانستی، ٥. ناسنامەی کوردستانی منالان و نەوەکانی داھاتووی کورد لە وڵاتی فینلاند بپارێزی و گەشە پێبدات، ٦. ببێتە مەکۆیەکی ھاوبەش بۆ ھاوکاری و پێکەوە کارکردنی ھەموو رێکخراوە کوردستانیەکان لە وڵاتی فینلاند و ھەروەھا شوێنی پەروەردەی رێکخراوەیی کۆمەڵایەتی و سەرەنجام ببێتە ناوەندێک بۆ پێکھێنانی کۆمەلگایەکی ھاوگونج، زیندوو و سەرکەوتووی کورد لە فینلاند کە راستەوخۆ خزمەت بە دۆزی نیشتیمانی ھەموو بەشەکانی کوردستان دەکات.


ئێمە ھەموومان بە ھۆی ھەست بە بەرپرسایەتی بەرامبەر بە گەلەکەمان و کودستانیانی دانیشتووی فینلاند لێرە کۆبووینەتەوە. سروشتیە لە ناوکۆمەڵگادا جیاوازی بیرورا ھەبێت، سروشتیە لە یەک نەگەیشتن ھەبێت، بەڵام زۆر گرنگە کە ھێلی سووری ئێمە رێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤی و مافی مرۆڤی ھەموو ئینسانەکانمان ھەبێت. ئەو ھۆیانەی کە یەکگرتوویی لە ئێمەی دەوێ زۆر زیاترن لەو ھۆیانەی کە ھاندەرمان بن دژی یەکتر بین. بۆیە دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان وەک ئاوەدانکردنەوەی بنەماڵەی گەورەی کوردە کە لەودا ھەموو ئەندامانی بنەماڵە وێرای رێز لە یەکتر پێکەوە گەشە بکەن و بە ئامانج و خەونە ھاوبەشەکان بگەن.


ئێمە لە کاتێکدا کۆنفرانسی دامەزراندنی دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان دەگرین، کە کۆمەڵگای کورد لە وڵاتی فینلاند، خەڵکی کورد لە کوردستان چاوەڕوانی لە ئێمە ھەیە ببینە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە پێکەوە بوون، تۆلێرانس و یەکتر قبووڵ کردن و رێز لە کەڕامەتی مرۆڤ گرتن. ئێمە لەکاتێکدا کۆنفرانسی دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە فینلاند دەگرین، دەوڵەت، شارەوانیەکان و کۆمەڵگای فینلاند خەریکی ئاڵوگۆری ساختاری، قەوارەیی و ئیداری گرینگن کە لە سەر ژیانی تاکی کورد و کۆمەڵگای کورد لە وڵاتی فینلاند شوێندانەر دەبێت، بۆیە دەستەی بەرێوەبەری ھەڵبژێردراوی دوای دامەزراندنی فیدراسیۆن ئەرکێکی قورس و مێژوویی لە سەر شانە کە لە یەکەم ھەنگاودا ھەوڵ بدات، سەرچاوەی پێویستی ئابووری و ئیداری بۆ فیدراسیۆن تەرخان بکات، دەورەی پەروەردەی کاری کۆمەڵە و رێکخراو بە پێی نۆرمەکانی فینلاند بۆ کۆمەڵە ئەندامەکان پێک بێنێت و دەورەی خزمەتگوزاری بەتایبەت بۆ تەمەن بەسەرچووان، دایکانی مناڵدار و ئەو کەسانەی چاوەڕێی خزمەتگوزارین پێشکەش بکات و لە ھەمووی گرنگتر دەست بە پرۆژەیەک بکات بۆ ھاوکاری کردنی گەنجە کوردە کێشەدارەکان و ھێنانیان بۆ ناو کۆمەڵگا.


بە دەسپێکی کۆنفرانسی دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکانی فینلاند، ئەرکی دەستەی کاری دامەزراندنی فیدراسیۆن کۆتایی پێدێت و خۆمان ئەرکدار دەزانین سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە بکەین لەو ماوەیەدا ھاوکاریان کردووین، رەخنەیان لێگرتوون و رێنوێنیان کردووین. ھەر لەوکاتەدا رێگا دەخوازم لە ئێوە بەرێزان لە لایەن خۆمەوە سوپاسی تاکتاکی ئەندامانی دەستەی کاری دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە فینلاند بکەم. ھەرکام لەو بەرێزانە بەو پەری دڵسۆزی و فیداکاریەوە لە ئەنجامدانی ھیچ ئەرک و کارێک درێغیان نەکردووە و تەنیا ئامانجیان یەکگرتوویی و یەکریزی کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند بووە بەوەش شانازیەکی گەورە لە پێناو خزمەت بە خەڵکی کورد لە وڵاتی فینلاندیان تۆمار کردووە.


شەوی داھاتوو شەوی یەلدایە، لە نەریتی کۆنی کوردەواری دا شەوی یەڵدا وەک کۆتایی تاریکی و ھاتنی رووناکی جەژن گیراوە. با دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە لە ئێوارەی شەوی یەڵدا ببێتە رووناکی دەرێکی بەھیز بێت بۆ داھاتووی کۆمەڵگای کورد لە وڵاتی فینلاند.


بەو ھیوایە بە بەشداری زیندوومان، بە ھەست بە بەرپرسایەتی و بە تێگەیشتین بەوە کە تەنیا کاتێک ھەستەکانمان نرخیان ھەیە کە ھەستەکان شکڵی ماددی و دەستگر بەخۆیانەوە بگرن و ویست و ئاواتەکانمان چوارچێوەی یەکگرتوو، تۆلێرانس و بە بەرنامە بە خۆیانەوە بگرن.


ئێمە بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئینسانی تەنیا یەک رێگامان لە پێشە، یەکگرتوویی، ھاوکاری، قبووڵی یەکتر و بەھادان و بڕوا بە ھیزی خۆمان.


جارێکی دیکە بەخێرھاتنتان دەکەین و ھیوای کۆنفرانسێکی زیندوو و بەبەرھەم بە ئاوات دەخوازم.


مەجید حەقی

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک