Text Box:  

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

ڕاگەیەنراوى گروپى ''ڕاچەنین'' لەبارەى

پڕۆژەى یاساى کارى ڕۆژنامەگەرى کوردستان .

 

 

ئێمەى ڕۆژنامەنووسان ساڵانێکى زۆرە داواى دەرچواندنى یاسایەکى کارى ڕۆژنامەگەریى لە کوردستان دەکەین و خواستى ئەوەمان هەبووە کە لە ڕێی یاسایى و دەستوورییەوە ماف و ئازادییەکانمان فەراهەم بکەین ، لەم پێناوەشدا هەوڵمان داوە و لە گفتوگۆ سەرەتاییەکانى ئامادەکردنى پڕۆژەى یاسای کارى ڕۆژنامەگەریى کە لەلایەن سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانەوە کارى بۆ دەکرا بەشداربووین‌و هەر لە سەرەتاوە تێبینییەکانى خۆمان لەسەر ئەو پڕۆژەیە ڕاگەیاند ، بەڵام سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان هەموو ئەو تێبینیانەى بەهەند وەرنەگرت و وەک ئەوەى بڵێى هەموو ئەو کۆبوونەوانەى لە سلێمانى و هەولێر و دهۆک بۆ گفتوگۆ لەمەڕ پڕۆژەکە ئەنجامیاندا تەنها سیناریۆیەک بووە و هیچى دى ، ئاوا پڕۆژەکەی خۆیان ئاراستەى لیژنەى یاسایى پەرلەمانکرد ، هەربۆیە ئێستا ژمارەیەکى زۆرى ڕۆژنامەنووسانى کارا و ئەکتیڤ پاڵپشتى لەو پڕۆژەیە ناکەن و لەهەوڵى ئەوەدان بڕگە و مادەگەلێکى زۆرى تێدا هەموار بکەن .

ئێمە دووپاتى دەکەینەوە کە پاڵپشتى هەوڵەکانى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان دەکەین لە خواستى دەرچواندنى یاسای کارى ڕۆژنامەگەریى ، بەڵام هاوکات بانگەوازیان دەکەین کە گوێ لە خواستى سەرجەم ڕۆژنامەنووسان بگرن و کار بۆ ئامادەکردنى پڕۆژەیەک بکەن کە زۆرینەى ڕۆژنامەنووسان لە داڕشتنیدا بەشدارى بکەن و زامنى زەمینەیەکى ئازادى کارى ڕۆژنامەگەرى بۆ داهاتووى کوردستان بکەن ، داواش دەکەین کە سەندیکا هەر گفتوگۆیەک لەبارەى پڕۆژەیاساکە دەکات بە شێوەى ئاشکرا و شەفافیانە بێت و هیچ لە ڕۆژنامەنووسان نەشارێتەوە.

گەر سەرنجبدرێت بەئاشکرا هەست دەکەین کە پڕۆژە یاساکەدا نەک تەنها کەموکورتى بەڵکو تەنانەت هەڵەى یاسایشی تێدا هەیە و ناڕوونی لە دەستەواژە و بڕگەکانیدا هەیە بە جۆرێک کە لە پڕۆژەى یاسایەکى ئامادەکراو نەچێت ، هەروەها داوا دەکەین کە پەلەمانى کوردستانیش پەلە لە گفتوگۆکردن لەبارەى پڕۆژەکەوە نەکەن و بۆئەوەى باشترین یاساى کارى ڕۆژنامەگەریى بنوسرێتەوە و بڕیارى لێبدرێت جارێکى تر بگەڕێنرێتەوە بۆ سەندیکا و بخرێتەوە بەردەم گفتوگۆى زیاتر لەبارەیەوە .

ئێمەى لاى خۆمانەوە ئامادەیەن ئەوەندەى پێمان دەکرێت هاوکارى گەڵاڵەکردنى پڕۆژە یاسایەک بکەین کە لە کۆتایدا خزمەت بە ڕەوشى ڕۆژنامەگەرى و ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان بکات ، سەندیکاش ئەم ڕاگەیەنراوەمان بەهەند وەربگرێت و دەستبەردارى سیاسەتى خۆبەگەورەزانین و ڕەفزکردنى ئەوانى تربێت.

 

گروپى ڕاچەنین